پەیامێکی پێوەندیدار بە دۆخی ئێستای کوردستان

ئێستا کە قسە و باسی بڵاوبوونەوەی ویرووسی کڕۆنا لە ئێران گەرمە، لە کوردستانەوە هێندێک هەواڵ و زانیاریی تێکەڵ بە دەمگۆ بڵاو دەبنەوە کە جیا لەوەیکە

جێی نیگەرانین، تێایاندا هەست بە پیلانگێڕیی ناوەندە ئەمنیەتییەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیشی لێ دەکرێ!!. بە پێی ئەو هەواڵ و زانیاریانەی بە دەزگاکانی ناوەندی ڕاگەیاندن و کۆمیسیۆنی تەشکیلاتی حیزب دەگەن و هێندێکیشیان لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان‌دا بڵاو دەبنەوە، ماوەی چەند ڕۆژێکە لە چەند شارێکی وەک سنە، مەریوان، مهاباد ، شنو و سەردەشت کۆمەڵێک کەسی مەزهەبی بە ڕوخسار و جل و بەرگی ئاخوندییەوە دەبیندرێن کە بۆ خەڵکی ئەم شارانە ناسراو نین. وەک باس دەکرێ ئەم مەلایەنە کە ژمارەیان لە هەرکام لەم شارانە زیاتر لە پەنجا کەسە، لە هوتێل و یانە کلتوورییەکاندا جێگیر کراون و وەک دەوترێ دەبێ لە شاری قومەوە هاتبێتن کە ئێستا زۆرترین تووشبووی ئەم ویرووسەی لێیە.
هاوکات لە گەڵ ئەم هەواڵە، حاڵەتێکی گوماناویی دیکەی پێوەندیدار بە بڵاوبوونەوەی ویرووسی کرۆنا لە چەند شارێکی دیکەی کوردستان بە تایبەت شارەکانی سەر بە پارێزگای ورمێ بینراوە کە هیچ گومانی تێدا نیە دەستی پیلانگێڕیی لە پشتە. ئەم حاڵەتە کە تا ئێستا چەند ویدئۆیەکیشی لێ بڵاوبۆتەوە بریتییە لە کەوتن و دیتنی کەسانی نیوەگیان لە شەقامەکان کە وا دەردەکەوێ بە ویرووسی کرۆنا تووش بوون و توانای هەستانەوە و ڕۆیشتنیان نیە. ئەم کەسانە کە تا ئێستا وا دەرکەوتووە زۆربەیان خەڵکی شوێنەکانی دیکەی ئێرانن و کورد نین، هەموویان ڕوخساریان داپێچراوە و کەس ناوێرێ لێیان نزیک بێتەوە!!
لە گەڵ هەموو ئەمانەدا بازاری شایعە و بڵاوکردنەوەی ناڕاستی پێوەندیدار لە کوردستان گەرمە و دیسان بە پێی جۆری بڵاوبوونەوەی ئەم دەمگۆیانە هەست دەکرێ کە ڕێژیم دەیهەوێ بە هەر شێوەیەک بۆ دەلوێ لەم پرسە کەڵک وەربگرێت و بە جێی مودیریەتێکی درووست و بەرپرسانە، بێ‌متمانەیی و دڕدونگی لە نێو خەڵک دا بڵاو دەکاتەوە. هەر چەند تا ئێستا ئەم باسانە و گومان خستنە سەر ڕەفتار و سیاسەتەکانی ڕێژیم لەم پێوەندییە لە نێو خەڵک دا بڵاوە و بەحەق ڕێژیم لەم بوارەش‌دا بە هیچ شێوەیەک جێی متمانەی خەڵک نیە، بەڵام دیسان پێویستە خەڵک لە پێوەندی لە گەڵ بڵاوبوونەوەی کرۆنا و هەڵمەتی پێشگیرییان لە تووشبوون بەم ویرووسە وریا بن.
پێش هەموو شتێک هەر وەک زۆرێک لە پزیشکە ڕاستوێژ و خەمخۆرەکان باسی لێوە دەکەن، پێویستە خەڵک بڵاوبوونەوەی ئەم ویرووسە بە جدی بگرن و تا بۆیان دەکرێ لە تووشبوون بە کرۆنا خۆ بپارێزن و سفارش و ئامۆژگارییەکانی شارەزایانی ئەم بوارە جێبەجێ بکەن. لە وەها دۆخێک دا پێویستە هەوڵ بدەن بە خۆ دوورخستنەوە لە باورکردن بە درۆ و دەلەسەکانی ڕێژیم ، دەستیان بە زانیارییە باوەڕپێکراوەکان ڕابگا. بە بێ ئەوەی تووشی ترس و دڵەڕاوکێی نابەجێ بن، هەوڵ بدەن بە هاوکاریکردنی یەکتر و یەکگرتووانە هاوکات لە گەڵ هەوڵدان بۆ خۆپاراستن لە تووشبوون بە کرۆنا، دژ بە پیلانگێرییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بوەستنەوە و ئیزن نەدەن کە بە کەڵک وەرگرتن لەم دۆخە پیلانە دژی‌گەلییەکانی خۆی جێبەجێ بکات. لە پێوەندی لەگەڵ هاتنی خەڵکی غەریبە و نەناسیاوی گوماناوی بۆ شارو ناوچەکانی کوردستان لە سەر هەست بن و لە ڕێگای توڕەکۆمەڵایەتییەکانەوە هەموو لایەک لە هەر کردەوە و جموجۆڵێکی گوماناوی ئاگادار بکەنەوە. ئەوانەی هەست دەکەن نیشانەکانی تووشبوون بە کرۆنایان تێدا بە دی دەکرێ بە بێ دوودڵی و دڵەڕاوکێ، خۆیان بە بیمارستانەکان و ناوەندە تەندرووستییەکان بناسێنن و بەرانبەر بە چارەسەری و تەنانەت قەرەنتینەکردنیان هیچ بەربەرەکانییەک لە خۆیان نیشان نەدەن.
ئێستا کە بە هۆی بڵاوبوونەوەی ئەم ویرووسەوە دۆخێکی تایبەت بە سەر جموجۆڵی خەڵک و بازارەکاندا زاڵە و خەڵک بە گشتی دەرفەت و دەرەتانی کارو کاسبیی زیاتری نیە، چینی دەستڕۆیشتووی کۆمەڵگەی کوردستان لەم هەلومەرجەدا با بە ئەرکی سەرشانی خۆیانی بزانن کە دەستی خوشک و برا دەست‌تەنگەکانی خۆیان بگرن و لەم پێوەندییەدا حەق وایە هەموو لایەک ئەرکی ئینسانی، ئەخلاقی و نەتەوەیی و ئایینی خۆیان بە جێ بگەیەنن. ئێستا کە بەداخەوە ڕیژیمەکە بە جێی بیرکرنەوەیەکی بەرپرسیارانە بە مەبەستی پاراستنی گیانی خەڵکی کوردستان و هاووڵاتیانی دیکەی ئێرانی، بە هەموو شێوەیەک خەریکی بڵاوکردنەوەی درۆ و سازکردنی فەزای پڕ لە گۆمان و پیلانگێڕییە، پێویستە خەڵک خۆیان بە هەر شێوەیەک بۆیان دەکرێ بۆ دەربازبوون لەم ڕۆژە ناخۆشانە، یەکگرتووانە بەهانای یەکترەوە بچن. بێگومان لە وەها شەرایەتێک دا ئەرکی دوکتور و پەرەستارە خۆشەویست و ئەرک وەخۆگرەکان لە هەمووان دژوارتر و گرینگترە. بۆیە پێویستە وێڕای ڕێزگرتن لە هەوڵەکانیان، گوێڕایەڵی ئامۆژگارییەکانیان بین.
کۆمیسیۆنی تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتی کوردستان
١٣ی ڕەشەممەی ١٣٩٨