کاڵای بەقەد باڵا بۆ ژنی ڕووسووری کورد(*) . قادر وریا

ئەی جوانترین نیگاری تابڵۆی نیگارکێشانی هەموو دەورێکی مێژووم!
شیرینترین هەوێنی هەڵبەست ‌و شێعری

هەموو هۆزانوانانی گەلم!
خۆش‌بەرامەترین گوڵی باغچەی پەخشانی دەستی هەموو ئەدیبانی کورد!
قارەمانی ناوداری چیرۆکی بەرزی کوردی!
ئەی پەیکەری بێ‌وێنەی خوڵقاوی هەست ‌و بیری پەیکەرتاشانی گەورەی ئەم نیشتمانە کۆنە!
بەدیمەنترین کەسی نێو بەیت‌ و لاوکەکانمان!
گیاندارترین سەربەندی گۆرانی دەنگخۆشانمان!
جیلوەی سیحراویی هەموو شانۆ و فیلمێکی کوردان!
بە ڕەنجی بێ ئەژمار و زەجری هەزار هەزارت، کۆرپەت بەرهەم دەهێنی، لای‌لایەی بۆ دەخوێنی، هەزار ڕێوشوێنی ژیانی بە گوێ‌دا دەچپێنی. لە گیانی خۆشەویست‌ و ژیانی پڕ تاڵ‌ و سوێریت مایە دەنێیە لاوە، هەتا جگەرگۆشەکەت بگاتە دارەدارە. شەونخوونی دەبینی، ڕۆلەی خۆت ڕادەهێنی. خۆت برسی، ئەو تێر دەکەی، ئینسانەتیی فێر دەکەی. گشت ڕۆژ و مانگی ساڵت دەکەی بە پردەبازی سەرکەوتنی منداڵت. دەینێریە مەیدانی ژین، بە دەرس ‌و وانەکانی “ئێمە چین، بۆچی دەژین، ژین بێ هەستان، ڕاپەڕین، یەک مانای هەیە: بەزین”، دەیکەی بە لاوی جوامێر، دەیکەی بە گەنجی پڕخێر. لێی حەرام دەکەی شیرت، گەر بۆ گەل و نیشتمان، قوسووری بکا لە ژیان، درێغی بکا لە گیان.
دایک ‌و یەکەم ڕێنوێنی مەزنانی نیشتمانی، تۆی یەکەمین مامۆستای بارهێنانی هەزاران گیانبازی کوردستانی.
پایەو بناغەی ماڵی، قەڵاو پەناگەی پیاوی، کابانی خۆش دەستاوی. ماڵداری، بە‌ مشووری، هاواڵی ڕێگای دووری. لە مەزرا و کێڵگەکانمان، بژارێ هەڵدەکێشی. تووتنەوانی، ئاودێری، نازانی خۆ ببوێری. پاڵەی داس لەنێو دەستی، بناوان هەڵدەبەستی. توندوتۆڵی، تەڕدەستی. خۆش‌فەڕی، دەست بەخێری، جارێک ساوای دەنوێنی، تاوێک مەشکەی دەژێنی. پڕ نەخش‌ و نیگارترین، پڕ نرخ ‌و بەهاترین قالی‌و بەڕەو مافوورن، لە سایەی ڕەنجی تۆیە، لە دنیادا مەشهوورن.
لە مەیدانی هەوڵدان بۆ ئازادیی گەلت‌دا فیداکاری دەنوێنی، چەشنی برای پێشمەرگەت زەبری بەهێزو کاری لە دوژمن دەوەشێنی. ئەویان لە شاخ ‌و چیا، نەیاران ڕادەماڵێ، لە نێو ئاواییەکانیش، هەر لەبەر دەرکی ماڵێ، لە کۆڵانی گوندەکان، لەسەر شەقامی شاران، دوژمنی خوێنخۆری گەل، بەدەست تۆوە دەناڵێ، لە کۆڕی تێکۆشان‌و خەباتی نهێنی‌دا، لە مەیدانی نەبەرد و ڕەزم ‌و حەق‌ستێنی‌دا، لە ئاخێزی بەهێزی زۆرداری بەزێنی‌دا، سەروگەردن بەرز دیاری، ئەی شێرەژنە ئازاکەی کۆمەڵی کوردەواری!
ئەتۆ شایانی ئەوەی گشت مافێکی ئینسانی، کە بۆ ژن دابین بووە لەسەر ڕادەی جیهانی، خەڵاتت بێ، بەشت بێ، دوایی ڕۆژی ڕەشت بێ، نۆبەی ژینی گەشت بێ، ئازادی پێشکەشت بێ.
ئەم حەڤدەی ڕەشەمەیە، تێکەڵ بە خێر و خۆشی، بە دوور لە دڵپەرۆشی، لەتۆ پیرۆز بێ، پیرۆز! ڕووناکتر بێ لە نەورۆز. ژینت پڕ بەختیاری، دوور لە کزی‌و هەژاری.
(*) لە سەرەتای نەوەدەکانی زایینی(ساڵەکەیم بە ڕوونی لە بیر نیە) ئەم بابەتەم بە بۆنەی ٨ی مارس(١٧ی ڕەشەمە) و وەک ڕێزگرتنێک لە ژنی کورد نووسی. لە مەراسمی ١٧ی ڕەشەمە دا کە لە “ئێندزە” (بناری قەندیل)بەڕێوە چوو، کوێستان فتوحیی هاوسەرم خوێندیەوە. بەو هۆیەوە کە تا ئێستا لە چاپەمەنیی حیزب دا بڵاوم نەکردبۆوە، وەک پێشوازییەک لەو ٨ی مارسەی بەڕێوەیە بۆ ڕۆژنامەی “کوردستان” ژمارە ٧٦٩م نارد.