ڤایروسی کۆرۆنا دەتوانی کۆمەڵگای ئێران لێک هەڵتەکینێ

ئاتلانتیک – گرەیام وود.
وەرگێرانی: کەماڵ حەسەن‌پوور
بیر لەو شانۆ پیرۆزە بەڵام پیسە بکەوە:

زیارەتکەر لە دەرزەنێک وڵاتەوە لە شارێکی بچووک کۆ ببنەوە. ئەوان لە هوتێلی بەرتەسکدا دەمێننەوە، کەڵک لە ئاودەستی هاوبەش وەردەگرن و ژەمەکانیان بە یەکەوە دەخۆن. بۆ ڕێوڕەسمی فەرمیی، لە سەر گڵکۆی ژنێک، خوشکی پیاوێکی پیرۆز، کۆ دەبنەوە و لە کاتێکدا کە لە یەکتر نزیکتر دەبنەوە، هەست بە بەرزبوونەوەی پەژارەی مەرگی ناوبراو و کەس و کاری دەکەن. پەژارەکە بڕیارێکی ئایینی لە پشتە: بە گوێرەی نەرێتێک، هەر فرمێسکێک لە دوای مردن دەبێتە مروارید و کاتێک کە خاوەنەکەی دەگاتە دەروازەی بەهەشت، فریشتەیەک وەک بەڵگەی خۆ بەخت کردنی ناوبراو سەتڵێک مرواریدی پێدەدا. بەڵام ئێستا شلەمەنی دەڕژێ و جاروبار بە دەستی ڕووت دەیانسڕنەوە و حەشیمەتەکە زۆرتر و لێک نزیکتر دەبنەوە. گۆڕەکە لەناو قەفەزەیەکی ئاسندایە و زیارەتکەرەکان لەکاتی گریاندا دەستی پێوە دەگرن و قامکان لە چوارچێوەکەی قایم دەکەن و زۆربەیان ڕوخساری لێ دەخشێنن و بە هەناسەیان ئاسنەکە هەڵماویی دەکەن. هەندێک لەوان چەند خولەکیان پێ دەچێ و هەندێکیش چەند چرکە. لە تاکە ڕؤژێکدا بە هەزاران کەس بەو شوێنە بەرتەسکەدا تێپەڕ دەبن، هەمان هەوا هەڵدەمژن و دەست لەهەمان شوێن دەخشێنن، و بەو شێوەیە نەخۆشیی نوێ و نامۆ بۆ یەکتر دەگوێزنەوە.
شارەکە ناوی قومە و لە ئێران هەڵکەوتووە، و دوو ڕۆژ لەوەپێش کاربەدەستێکی تەندروستی لە تەلەفزیۆنی ئێران ڕایگەیاند کە ڤایروسی کۆرۆنا لەوێ بڵاو بۆتەوە. لە ٢٤٥ کەس کە گیرۆدە بوون، ٢٦ کەسیان بە نەخۆشی ڤایروسی کۆرۆنا (کۆڤید-١٩) مردوون. هەموو زانیارییەکان دەیسەلمێنن کە قوم ناوەندی بڵاو بوونەوەی پەتایەکەیە، بەڵام زۆر کەس گومانیان لە درووستیی ڕێژەی گیرۆدەبووانە. کاربەدەستێکی دیکە، ئەندام پارلمانێکی شاری قوم، حەوتووی ڕابردوو گوتی کە ٥٠ کەس لە شاری ناوبراو بە کۆڤید-١٩ مردوون. ئەو ڕێژەیە، ئەگەر ڕاست بێ، ئەوە دەسەلمێنێ کە ئەگەر کۆڤید-١٩ لە ئێرانیش وەک شوێنی دیکە ٢ تا ٣ لەسەدی تووشبووەکان دەکوژێ، دەبێ تەنیا لە شاری قوم نزیکەی ٢٠٠٠ کەسی دیکە گیرۆدەی ئەو پەتایە بووبن.
زێدەڕۆیی لە ئاستی کارەساتباری ئەو ژمارانە شتێکی دژوارە، نە تەنیا بۆ ئێران بەڵکو بۆ گشت شوێنێک. قوم پێگەی فێرکاریی شیعەیە، ناوەندی ئایینی ئێرانە، و بۆیە دینداران لە چوار گۆشەی دونیا ڕووی تێدەکەن. من لە ٢٠٠٩ بابەتێکم لەسەر مەلایەکی شیعەی لوبنانی لە پاراگوا لە گۆڤاری ئاتلانتیکدا نووسی کە [پێش هاتن بۆ پاراگوا] لە ناوەندێکی زانستی ئایینی لە قوم ببوو. لە شەقامەکانی قوم تۆ گوێت لە فارسی قسە کردن بە گەلێک زاراوە دەبێ، لە ناویاندا تاجیکی و ئەفغانستانی. لە هەندێک لە رێستورانەکان، خزمەتکارەکان بە عەڕەبی دەتدوێنن و پۆستەری موحەممەد ئەلسەدر، ئایەتوڵڵایەکی بەناوبانگی عێراقی دەبینی کە لە کاتێکدا کە تۆ کەباب دەخۆی چاوت لێدەکا.
قوم وەک دیسنی لەندی شیعە وایە، پڕە لە شوێنی سەرنجڕاکێشی شیعی (بە خواردەمەنی هەرزانبایی لە گشت کەلێن و قوژبنێک)، و ڕەنگبێ ئەو شوبهاندنە باشترین شت بێ تا ئەمریکاییەکان لە گرنگیی بڵاو بوونەوەی ئەو پەتایە تێبگەن. ئاخۆ هەستی ئێمە چۆن دەبێ ئەگەر بۆمان ئاشکرا بێ کە هەزاران کەس لە دیسنی وۆرڵد هەموویان تووشی نەخۆشییەک بن کە زۆر بە ئاسانی بڵاو دەبێتەوە و کە ئەو نەخۆشییە هەندێک جار کوشندەیە، و بۆمان ئاشکرا بێ کە ئەو خەڵکە چەندین حەوتوو هاتوون و ڕۆیشتوون، گەڕاونەوە شارەکانیان و لە گەڵ خەڵکی دیکە تێکەڵ بوون؟
زەینەب توفکەچی بابەتێکی لەبارەی باشی و خراپی سیستەمی دیکتاتۆر لە هەڵسوکەوت لەگەڵ کارەساتی ئەوتۆدا نووسیوە. چین دەتوانێ شارێک داخا، دەیان میلیۆن کەس بخاتە قەرەنتینەوە، و لێهاتووترین پسپۆڕەکانی ڕێکخا، ڕێگایان پێ بدا کە هەڵمەتێک دژی ئەو نەخۆشییە بە دەسەڵاتی ڕەهای قەیسەرێکەوە دەست پێ بکەن. بەڵام ناتوانێ کەڵک لە سوودەکانی متمانەی جەماوەر وەرگرێ، لەناویاندا لە ڕێگای ڕاگەیاندنی شەفاف و ڕاستگۆیانەی ئاستی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە و ڕێژەی قوربانیانی. لە ئێران، وێدەچێ کە دەوڵەت هەموو کەمایەسییەکانی کۆمەڵگایەکی نائازادی هەبێ و هیچکام لە لایەنە باشەکانی [سیستەمێکی ئەوتۆ]. چاو لەو ڤیدیۆیە سەرسوڕهێنەرە بکەن، کە لە لایەک کۆمێدییە و لە لایەکی دیکەوە ترسناک، کە لەویدا کاربەدەستێکی وەزارەتی تەندروستی ئێران، ئیرەج حەریرچی، جەماوەر دڵنیا دەکاتەوە کە دۆخەکە لە ژیر کۆنترۆڵ دایە، لە کاتێکدا کە ئارەقەی کردووە و بەسەر هاوکارەکانی و گوێگرانیدا دەکۆخێ، چونکە بۆخۆی تووشی ڤایروسی کۆرۆنا بووە.
ئەو تەنیا بەرپرسی پلەباڵا نییە کە تووش بووبێ: ئەوڕۆ، مەعسومە ئیبتیکار، جێگری سەرۆک کۆماری ئێران و ئەندامی بێ بەبەزەیی ئەو تاقمە ئێرانییەی کە لە ١٩٧٩ دیپلۆماتەکانی وڵاتە یەکگرتووەکانیان بە بارمتە گرت، ڕایگەیاند کە ئەویش تووشی نەخۆشی بووە. بە گوێرەی هەواڵەکان ئەو دوێنێ چاوی بە سەرۆک کۆماری ئێران حەسەن ڕوحانی و کابینەکەی کەوتووە، و ئەگەری ئەوە هەیە کە سەرجەم بەڕێوەبەریی پلەبەرزی ئێرانی تووشی نەخۆشییەکە کردبێ.
حەریرچی گوتی کە دەوڵەت لە سەپاندنی قەرەنتینە خۆ دەبوێرێ، چونکە ئەوە شتێکی ناکاریگەر و دواکەوتووانەیە. موحەممەد سەعیدی، بەرپرسی زیارەتگای قوم و نوێنەری ڕێبەری گەورە لەوێ، نە تەنیا دژی قەرەنتینە کردنی قومە بەڵکو داوای لە خەڵک کرد کە زیارەتی ئەوێ بکەن و گوتی “ئەوێ شوێنی شیفا بەخشینە.”
لە ئاستێکدا، ناکارامەیی و بەدخوازیی لێک جیا ناکرێنەوە. هەست پێ دەکەم لە چەند ساڵی ڕابردوودا چەند جار لەو ئاستە تێپەڕ بووین، و بە تایبەتی ڕێبەریی ئێران جار لە دوای جار لەو ئاستە تێپەڕ دەبن، وەک چۆن ئوتۆمبێکی فۆرمولا ١ خولەکان تێپەڕ دەکا. بە هەڵە خستنە خوارەوەی فڕۆکەیەکی سیڤیل لە مانگی ڕابردوودا و هەوڵەکانیان بۆ شاردنەوەی، یەکێک لە لایەنەکانی ناکارامەیی کوشندەی ئەوانی نیشاندا. ئێرانییەکان حەقیانە کە بیر بکەنەوە ئاخۆ ئەو کارەساتە بە هەمان چەشنە، تراژێدیایەکی ناکارامەیی بەدخوازانە کە لە توانایی دەوڵەتدا نییە کە کۆنترۆڵی بکا.
ڕێکارەکانی قەرەنتینە کردن کە ئێران ڕەتیان دەکاتەوە بێ خەوش نین، و دەتوانن شاری قوم بە شێوەیەکی ناداپەروەرانە بەدنێو بکەن. بەڵام دۆخی هەنووکەیی کە وێدەچێ بڵاو بوونەوەی بێ کۆنتڕؤڵی نەخۆشییەکە بگاتە ئاستی پەتایەکی بەربڵاو، و ئێستا بەنرخترین شت کاتە، کات بۆ کۆ کردنەوەی دەرمان، باشتر کردنی دۆخی دیاریکردنی نەخۆشی و پێڕاگەیشتن، و جیهان فێر بکرێ کە چۆن بەرپەرچی پەتایەک بدرێتەوە کە لەوانەیە بە میلیۆن خەڵک بکوژێ. قەرەنتینەی چین وێدەچێ کە کات بۆ ئێمە بە دیاری بێنێ. ئەو شتەی کە لە ئێران بە فیڕۆ دەدرێ.
قەرەنتینە وشەیەکی لاتینە و بە مانای ٤٠ ــە، چونکە لە کاتی پەرە ئەستاندنی پەتای تاعونی ڕەش، ئەو پاپۆڕانەی کە دەگەیشتنە ڤێنیز دەبوو چل ڕۆژ ڕاوەستن پێش ئەوەی کە مەلەوانەکان و کاڵاکان ڕێگایان پێدرابا کە لە پاپۆڕەکە دابەزن. (ئەوەی جێگای سەرنجە ئەوەیە کە پەتای تاعونی ڕەشیش کە بووە هۆی مردنی یەک لەسەر سێی دانیشتووانی ئوروپا، وەک نەخۆشی کۆڤید-١٩ بۆ یەکەمجار لە پارێزگای هووبەی چین سەری هەڵدا.) چل ڕۆژ ماوەیەکی دوورودرێژە، دوورودرێژتر لە هەر قەرەنتینەیەک کە ئێستا بەسەر ئەو کەسانەدا دەسەپێندرێ کە لە شوێنی سەرهەڵدانی پەتایەک ڕا
هاتبن.
بەڵام چاوەڕوانی هەر ئەندازەیەک بێ دەبێتە هۆی دڵەڕاوکێ، تەنانەت لە شوێنی ئەوتۆ کە گەلێک لە ئێران لێهاتووتر بن. لە سەرەتای ئەو مانگە، سەردانی هۆنگ کۆنگم کرد. هەموو کەس دەمامکی بە ڕوخسارییەوە بوو. لە ناو جەماوەر، هیچ کەس زۆر لێم نزیک نەدەبۆوە، لە ناو ئوتوبوس یا لە پیادەڕۆیە بەرتەسکەکان. دووکاندارەکان هەر چارەگەی جارێک لە دووکانەکانیان دەهاتنە دەر تا دەستگیرە و زەنگی دەرگاکان خاوێن بکەنەوە، نەبادا مشتەرییەکان ڤایروسیان لەوەی جێ هێشتبێ. لەوێ خەڵک بە گشتی هەستیان دەکرد کە ئەرکی کۆنتڕۆڵ کردنی ڤایروسی کۆرۆنایان لەسەر شانییە. لە هۆنگ کۆنگ هەستی شوناسی جەماوەریی و بەرپرسایەتی بەهێزە، ئەوە تا ئێستا بۆتە هۆی پاراستنی تەندروستی گشتی. من تەنیا چەند ڕۆژێک توانیم دەمامکەکەم لێ بکەمەوە. تەنیا لە نیوەشەو، کاتێک کە کەس لێم نزیک نەبوو، هەستم بە دڵنیایی دەکرد، کە وەک دەعبایەکی پێشێلکاری نەریتی گشتی نیم و بێ دەمامک پیاسەم دەکرد.
ئێرانییەکان هەر ئێستا لە دڵە ڕاوکەیەکی زۆر بەرچاودان، بە هۆی زەختی ئابووری، سیاسی و سەربازیی. ئەوان متمانە بە دەوڵەت ناکەن. دڵەڕاوکە و نیگەرانیی ڕۆژانە هەرچەند خولەک جارێک بەرۆکیان دەگرێ، چ لەبەر ئەوە بێ کە بە هەڵکەوت دەست بۆ لووتیان دەبەن یا دەرگایەک دەکەنەوە، سەرەڕای هەموو شتێکی دیکە، ئەوە دەبێتە بارێکی زۆر قورس بۆ کۆمەڵگا. داوای زیارەتی قوم، بە بۆچوونی من، کاردانەوەی دەوڵەتێکە کە لە کۆتاییدا ددانی بە کوموکوڕییەکانی خۆی داناوە و باوەشی بۆ ڤایروسەکە کردۆتەوە. ئەو کاردانەوە سەرشێتانە ئەگەری ئەوەی زیاد کردووە کە تۆش بەو زووانە لەباوەشی بگری