منیش یەکێکم لەو کیژە کوژراوانە. سوهەیلا قەوی‌پەنجە (بێوار)

نووسینی: بێوار. بەشی یەک و دوو
بەڵام لە جەهەندەمی دووهەم جێنەمابوو
هەربۆیە گەڕامەوە لاتان ئەوان نەیاندەزانی زەرەری زۆرە؛ کردیان و دواتر زۆر پەشیمان بوونەوە؛ تکایە ئێوە مەیکەن.
دوای شۆڕشی گەلانی ئێران و ھاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامیی، سێ چوار مانگ بوو، بەهۆی سیاسیی بوونی بابمەوەو ئەندام بوونی لە حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانی ئێراندا، شاری مھابادمان جێھێشتبوو و لە دێیەکی ڕۆژھەڵاتی کوردستان نیشتەجێ بووین.
تەمەنم نۆ بەرەو، دە ساڵ بوو. ڕۆژێک لەگەڵ هاوڕێکانم تازە لە خواردنی فەریکە گوێزی دارگوێزە گەورەکەی نزیک کانیی ژنان ببوینەوە؛ لێو و دەست و پەلمان بەتایبەت سەرپەنجەکانمان بە توێکڵی سەوزی گوێزەکان ڕەش ببوون؛ دیتمان کۆمەڵە خەڵکێک بەجلی سەیروسەمەرەو ڕەنگاوڕەنگەوە بەسواری گوێدرێژو ئەسپ، وردە وردە، دێن بەرەو ئاوایی.
هاوڕێکانم کە ماوەیەک بەرلە من لەشار ھاتبوونە دەرەوەو زیادتر شارەزاببوون، گوتیان: ئەوانە قەرەجن. پرسیم: قەرەج چییە؟ کێن؟ گوتیان: قەرەج و دۆم. نەتبیستووە؟ ئەوانە ئیدی؛ ئەو خەڵکەی دەیانبینی پێیان دەڵێن قەرەج. ماڵیان نییە گەڕۆکن.
منیش کە یەکەم جارمبوو بیانبینم و ئەو وشانە ببیستم وەک ئەوەکە لە قسەکانیان تێگەیشتبێتم و دەبوو ھەوڵمدابا، بەرلە ھەموو کەس، ئەو خەبەرە گەرم و تازەیە بۆ دایکم بەرمەوە، بەپەلە ڕامکردە کانیی ژنان و بێبەزەییانە خەریکی سوونەوەی دەستم و سەرپەنجەکانم، بە چیمەنتۆی زبری لێواری حەوزیی کانی بووم؛ تاوەکوو مەیلەوقاوەیی کاڵ چوونەوەو ڕازیی و شادمان بەھەڵبەزدابەزو ڕاکردن و گۆرانی گوتنەوە، بەرەوماڵی خۆمان چوومەوە.
گەیشتمە ناو داڵانەکەو زۆر بەخۆشحاڵی و بەدەنگێکی بەرز بانگی دایکم کرد: دایە! دایە! خەڵکێکی زۆر سەیر هاتوون. پێیان دەڵێن قەرەج و دۆم. لیباسەکانیان زۆر سەیرە. ماڵیشیان نییە.
لەگەڵ تەواو بوونی ئاخر وشەم، لەپڕ، کەسێک بەتوندی دەستی گرتم و ڕایکێشامە ناو پێشخانەکە. دایکم بوو. سێ ژنی قەڵەوی دیکەش لەولاوە ڕاوەستابوون؛ واپێدەچوو ئەو زاتانە چاوەڕوانی هاتنەوەی من بووبن.
چوار پاڵەوان ئازایانە، وەک ئەوەکە ئاژەڵێکی بەستەزمان و بێدەسەڵاتیان دەسکەوتبێ و بییانەوێ سەری ببڕن، چوارپەلیان گرتم؛ پشتیان لە عەرزدام؛ کەوتنە سەرم و لەناو چریکەو هاوارو ترس و دڵەکوتەو پەلەقاژەمدا، گورجێک، شاڵواریان لەبەر داماڵیم.
دایکم و دەستە خوشکەکەی بە گوتنی: بیسمیللا بیسمیللا، لەملاو ئەولا ھەردوو دەست و شانەکانمیان بەزەوییەوە چەسبکردو یەکێک لە قەرەجەکان ھەموو ھێزی خستە سەر لاقەکانم و ئەویتر بەدەم گوتنی: موبارەکە موبارەکەوە لە چاوترووکانێکدا، بە موس، خەتەنەی کردم و خۆڵەمێشی بەسەر برینەکەمدا کردو ھەرچواریان، ڕازی و دڵخۆش ھەستانە سەرپێ.
ئەیھاوار! ئەوانە چییان لێکردم؟!!!!!!!
ژیانیان کوشتم! شێواندیانم! عەیبدارو سەقەتیان کردم!
دنیای خۆشیی و شادیم داڕما؛ منداڵێم ھەڵپڕووکاو و ھەڵوەری و کۆتایی پێھات. ژاکام و بۆ ھەمیشە، پەڕپەڕ بووم.
ڕۆژم لێبووبە شەو. بەرچاوم ڕەش و تاریک، و چەند دەقەیەک وڕو کاس و لاڵ بووم. مێشکم تەزیبوو.
دەتگوت لە ھەڵدێرێکەوە کەوتوومەتە خوارەوەو ھەناو و ھەموو گیانم ھەڵتەکاوەو تێکشکاوە؛ یاخود، لە خەودابووم، بۆمب باران کراوین، بریندار بووم و توانای ھەستانەوەم نییە. ھەموو لەشم، بەھۆی فشارو قوورسایی ئەو چوار ژنەوە کوترابوو و ئێش و ئازار گەیشتبووە ئێسکەکانم.
سەرسووڕماو چاوی ھەراسان و پڕپرسیارم بە چڕوچاو و قەڵافەتی سەرکەوتووانەی ھەرچواریاندا گێڕاو وەک گۆمی خوێن لەدیدەی دایکم گیرسانەوە؛ قەت پێموانەبوو دایکم تاوانی وابکا.
سەرمای ئەو عەرزە رەقوڕووت و بێڕایەخە کاری لە جەرگم کردبوو؛ ناو زگم سڕببوو؛ ھەڵدەلەرزیم؛ لەشەرمان دەستم بەخۆمەوە گرت و برینی بەسوێ و بەژانم حەشارداو بەدەنگی بەرز دەستمکرد بەگریان.
دایکم دامەنێکی (تەنوورەیەکی) درێژی بۆ هێنام و گوتی: ھەستە، ئەوە لەبەرکە باشترە؛ دروومانی ناو نێفەکی شاڵوارەکەت، برینەکەت دەکولێنێتەوە. ویستی یارمەتیمدا ھەستمە سەرپێ، پاڵم بە دەستییەوەنا. دەتگوت بەعەرزەوە دووراوم. وەک ژنەزاو بەزەحمەت، جەستەم لە عەرز جیا کردەوەو بەڕقەوە چاوم لە چاوی بڕی و دامەنەکەم لێوەرگرت و ھەتا ھێزم تێدابوو لە پەنجەرەکەوە فڕێمدا دەرەوە.
تووڕەبوو؛ دەستی گرتم و ھەروا بەڕووتی، بەدوای خۆیدا ڕایکێشام و دەستی خستمە ناو سەتڵی برنج، شەکر، فەردەی ئاردو …….هەموو خواردەمەنییە وشکەکانی ناوماڵ.
بە هەنیسکدانەوە گوتم: لێمگەڕێ؛ دەستم بەردە؛ بۆوا دەکەی؟ گوتی: بۆ ئەوەی بەرەکەت بکەوێتە خواردنی ناو ماڵەکەت و ھەرچی دەیخۆی و سازی دەکەی حەڵاڵ و خاوێنبێ. لە قسەکانی حاڵی نەبووم.
دەستم شتەوەو………….
…………………….
لە قسەکانی حاڵی نەبووم.
دەستم شتەوەو چوومە ھۆدەی دانیشتنەکەو مەلافەیەکم لەخۆمەوە وەرپێچاو لەناو بەرپەنجەرە، کە، میترێک پانایی و میترو نیوێک درێژایی بوو و نزیک بە بیست سانتێک لە عەرزی ژوورەکە بەرزتربوو دانیشتم؛ مات و مەلوول، ئەژنۆم لە ئامێزگرتن و چەناگەم لەسەر دەستم داناو چاوم بڕیە دەرەوە.
چ دەبوو خەڵکیش وەک ئەو سروشتە جوانبان؟
ھەزاران جار ئەو کارەساتە قێزەونە، موسی پیس، بڕین، خوێن، ترس و زریکە، بەزەینمدا تێپەڕی و موچووڕکی ڕق و تووڕەیی، پووچیی و بێزاریم بەدڵداھات و تا توانیم بەکووڵ گریام.
ھەستم بە بێکەسی دەکرد. متمانەو باوەڕم بەخۆم و ھەموو کەس لەدەستدابوو. ماڵەوە بۆ من، ئەمن نەمابوو. لەوێ پارێزراو نەبووم.
وەک ڕابردوو، بیرم لەوە دەکردەوە: بەڕاستی، بڵێی منیان ھەڵنەگرتبێتەوە؟ بۆوا خراپن لەگەڵم؟
ئەو ھەستە کە ڕەنگە من منداڵی خۆیان نەبم، بێبایەخ، ھیچ و زیادیم لەو ماڵە، خۆشیان ناوێم بۆیە ئاوام لێدەکەن و سەدخۆزگە کچ نەبوایەم، خەریکبوو دەیخنکاندم.
لە جەھەندەمی خەیاڵمدا دەسووتام؛ کە، دایکم خواردنی بۆ هێنام.
گوتی: جا ئیدی ئابقۆرەگرتن بەسە. (واتە گریان بەسە). سەروچاوت ھەڵمساوە. خۆت دیتووە چت لێھاتووە؟ بۆوا لەخۆت دەکەی؟ وەک چەوەندەر سوور ھەڵگەڕاوی. بەسە ئیدی، دەڵێی کەشتییەکانت غەڕق بوون. نانەکەت بخۆ و؛ بڕۆ درێژبەو شتێکیش بەخۆتدادە؛ ئێستا بابت و کاک ع دێنەوە بۆ نان خواردن.
بەدڵپڕییەوە پرسیم: ئەوە چ بوو؟ بۆ واتان لێکردم خۆ من ھیچم نەکردبوو؟
گوتی: ڕۆڵە گیان، هەموو کچێک دەبێ خەتەنە بکرێ دەنا دەستاوی حەرام و پیسە.
گوتم: کێ وادەڵێ؟
گوتی: دینەکەی مە وادەڵێ. ئەمە موسوڵمانین. دایکیشم هەمیشە وادەڵێ.
باسی دینی شافەعی و حەنەفی بۆ دەکردم؛ مێشکم وزە وزی دەھات.
بە هاوارو گریانەوە پەڕیمە ناو قسەکانی، گوتم: خۆ دایە فاتم (واتە دایکی دایکم) شێتە؛ ئەتۆ چۆن بەقسەی ئەو دەکەی؟ من نامهەوێ موسوڵمانبم.
گوتی: بێدەنگبە جا بەسە، با لەبەر دمت نەدەم؛ بێتامت کردووە. نانەکەت بخۆ ڕق ئەستووری چەقەدرێژ.
گوتم: ناخۆم.
گوتی: دەمری لەبرسان کچەتیو نەبی. وەک کێ دەچی ئەوەندە لاساری؟
گوتم: بابم بێتەوە پێیدەڵێم چت لێکردووم. دڵێکم بەو خۆشبوو.
گوتی: دەزانێ. کچی بابت!
سینی خواردنەکەم وەلاناو گوتم: با بمرم.
گوتی: کچم گیان! بۆ ئایەندەو باشیی خۆت وامانکرد. بەقسەی دایکی خۆتبکە. ئێستا زۆر لێمان قەڵسی، ئەمما دوایە دەزانی کاری چاکمان کردووە؛ بۆخۆشت چوویە ماڵە مێردو کچت بوو خەتەنەی دەکەی. گەورە بووی؛ عاقڵبە! ماوەیەکی دیکە دەبێ نوێژکردنیش دەستپێبکەی؛ ئەوساڵ دەبێ بەڕۆژووبی. گەورەتر بووی حاڵی دەبی دەڵێم چی و مەمنوون دەبی.
گوتم: قەت وا لە کچەکەم ناکەم. من وەک ئێوە ڕقم لە منداڵەکەم نابێ. نە نوێژ دەکەم و نە ڕۆژووش دەگرم.
پێکەنی. گوتی: کەرە گیان! دەبێ بیکەی؛ بە قسەی خۆت نییە. ئەگەر نەیکەی گوناھەکەی لەسەر من دەنووسرێ و خودا لەو دنیا، لەسەر بێعاقڵێکی وەکوو تۆ، من عەزاب دەدا.
گوتم: بە خودا بڵێ پێت گوتووم. بۆخۆت ناڵێی خودا گەورەیەو ئاگای لە ھەموو شتێکە؟ ئێستا گوێی لێ بووە.
گوتی: ئەستەغفیڕەڵڵا خودایە گیان؛ گوی زیادی خوارد؛ بەگەورەیی خۆت بیبەخشە. منداڵە نافامێ، عاقڵی پێناشکێ دەڵێ چی.
بریندار نەبوایەم حەتمەن تێھەڵدانم ھەبوو. خاتری دەگرتم و نازی دەکێشام.
کاتێک ھیچی پێنەدەما یا وڵامی پێنەبوو یا باسەکەی بەدڵ نەدەبوو ھەمیشە دەیگوت: چە قلطها! (چە غلط‌ها)و باسەکە دەبڕایەوە.
نانەکەم نەخوارد.
پێش ھاتنەوەی بابم و کاک ع، لەبەر ئاوێنە چاوێکم لەخۆم کرد. سەروپرچم تێک ئاڵاو و ئاڵۆزو پەرێشان بوو، لە سەروقژی شێت دەچوو، شانە باریکەکانم داکەوتبوون؛ دەتگوت خەم و باری دنیا لەسەر شانی منە. چاوەکانم دەبرژانەوەو وەک قوونە مریشک سوور ھەڵگەڕابوون. لە ئێشی برینەکەشم ھەر مەپرسن. پێمخۆشبوو خۆم کووڕ کووڕ کەمەوە، خۆم گڵۆڵەکەم بتوانم بچمەوە ناوخۆم. بەڵام نە، گەڵاوگەڵ دەڕۆیشم.
دیسان فرمێسکەکانم دابارینە سەر ڕوومەتم.
چووم لەلای سەرووی ھۆدەکە پاڵکەوتم و مەلافەیەکم بەخۆمدادا. ئەوەندە تووڕەو ناڕەحەت بووم، کاتێک بابم و ھاوڕێکەی ھاتنە ژوورو سڵاویان کرد، نە لەجێی خۆم جووڵامەوە نە وڵامم دانەوە.
بابم گوتی: سۆھێل قەڵسە لێمان؛ ئەوڕۆ خەتەنە کراوە.
زۆر خەجاڵەت بوومەوە. پێمخۆشبوو بمرم بەڵام بەکەس نەڵێن چییان لێکردووم. پێم شەرم و عەیب بوو خەتەنە کرابووم.
وادانیشتن، میوانەکە…
دڕێژەی هەیە