حیزبی دیموکرات لە سەر دووڕێیانی لە دەستدان و بەدەستهێنانەوەی مەزنایەتی دا

نووسینی: قادر وریا
١١ی رەشەمەی ١٣٩٧(٢/٣/٢٠١٩)
تێپەڕینی ٤٠ ساڵ بە سەرمتینگی مێژوویی ١١ی رەشەمەی مەهاباد و دەستپێکردنەوەی تێکۆشانی ئاشکرای حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، دەرفەتێکە بۆ ئەوەی قسەیەکی جیددی لە چارەنووسی ئێستای میراتگرانی ئەم مێژوویە بکرێ.
لەم وتارەدا بە سەر گرنگیی ئەو متینگە و بە تایبەتیی گرنگیی نێوەرۆکی ڕوانگە و بۆچوونەکانی حیزبی دیموکرات کە ڕێبەری شەهید د.قاسملوو لە ڕۆژی ١١ی ڕەشەمەدا پێشکەشی کردن، خێرا تێ دەپەڕم. هەر ئەوەندە دەڵێم وتارەکە بەرامبەرهەموو جۆرە بەردەنگەکانی خۆی(دەسەڵاتی تازە، گەلانی ئێران و هێزە سیاسییەکانی ئەو وڵاتە، خەڵکی کوردستان و هێزە سیاسییەکانی ئەو بەشە و خودی ئەندامانی حیزب) بە ڕاستی مێژوویی، سیاسی ، بەرپرسانە، بوێرانە، پڕاوپڕ لە نیازپاکی، دووربینی و ڕێنیشاندان بوو. دیتیشمان چونکە ڕوانین و ڕێنیشاندانەکان عەقڵانی، دروست و لە جێی خۆیان‌دا بوون، بە کردەوەش بوون بە نەخشەڕێگای خەباتی لەوکات بە دواوەی بزووتنەوەی شۆڕشگێرانە و مافخوازانەی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان.
حاشای لێ ناکرێ تا شۆڕشی ١٣٥٧، حیزبی دیموکرات تاکە هێزی دیار و ناسراوی رۆژهەڵاتی کوردستان بوو کە خاوەنی شانازیی گەورەی وەک پێکهێنانی کۆماری کوردستان بوو و، سەرەڕای هەموو هەوراز و لێژەکانی تێکۆشانی، هەم لە مەیدانی خەباتی نهێنی، هەم لە گۆڕەپانی بەرگریی چەکدارانەدا، هەر وەها لە باشووری کوردستان و لە دەرەوەی وڵات، خاوەن کارنامە و ئیعتیبار و ئەزموونی تێکۆشانی جۆراوجۆر و سامان و هێزی ئینسانی بوو. ئەم ڕابردووە پڕ لە قوربانیدان و شانازییەشی ، شانبەشانی هەڵگرتنی گرنگترین پرسی کوردستان کە پرسی نەتەوەیی بوو، وای لێکرد کە دەستبەجێ بە دوای سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران‌دا، ببێتەوە بە هێزی سیاسیی یەکەمی ڕۆژهەڵاتی کوردستان.
b_300_220_16777215_00_images_SIASI_mtigi_mehabad1.jpgلەدوای هاتنە سەرکاری ڕێژیمی تازەشەوە، حاشا هەڵنەگرە کە حیزبی دیموکڕات خاوەنی چ جێگە و پێگە و ڕۆڵێک بووە لە خەبات و بەربەرەکانی بە دژی کۆماری ئیسلامی‌ و، لە شوێندانان لە سەر ڕوانین وهەڵوێستی خەڵکی کوردستان و لەمەیداندابوونیان بۆ بەرگری لە شوناس و مانەوەی خۆیان، هەر وەها لە ناساندنی داخوازەکانی خەڵکی کوردستان بە دنیای دەرەوە دا.
بەڵام ئەگەر بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستان لە تەواوەتی خۆی دا، بە زۆر هۆ و لە هەموان گرنگتر نابەرامبەر بوونی هێز و توانای ڕاوەستان بەرامبەر ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی، تووشی کزی و پاشەکشە بۆ ئەو دیوی سنوورەکان بوو، هێزە سیاسییەکان و حیزبی دیموکرات کە لێرەدا مەبەستی ئەم وتارەیە، بە هۆی ناکۆکی و کێشە و ململانێی نیوخۆییش ئەوەندەی دیکە، کز و لاواز بوون و ساڵانێکە کاریگەرییان لە سەر ڕووداوەکان گەیشتووەتە لانیکەمی خۆیان. دیارە حیزبی دیموکرات، شانبەشانی درێژەکێشانی کێشە و ململانێیە نێوخۆییەکان، خەبات دژی کۆماری ئیسلامی و تێکۆشان بۆ ئامانجەکانی خۆی درێژە داوە. ئەو کاتانەش کە حیزبەکە ، تووشی لێکدابران بووە، هەر کام لە لایەنە لێک جیابۆوەکانی، هەم بە جیا لە خەبات و قوربانیدان بەردەوام بوون، هەم خاوەندارەتیان لە شانازییەکان و مێژووی پڕ لەقوربانیدانی حیزبی دیموکرات کردوە. بەڵام ئەم راستیانە نەبوون بە هۆی ئەوە جێگە و رۆڵی حیزبی دیموکرات لەبزووتنەوەی نەتەوایەتیی کورد و لە پانتایی سیاسیی کوردستان و ئێران‌دا، پتر دانەکشێ و دانەبەزێ.
١٣ ساڵ بەسەر دوا لێکدابرانی نێو حیزبی دیموکڕات دا تێپەڕیوە. هەم ئاڵوگۆرە سیاسییە چاوەڕوانکراوەکان لە ئاستی ئێران‌دا، هەم ئەزموونی١٣ ساڵ بە جیا تیکۆشانی دوو لای دیموکرات، مایەی ئەوەیان تێدایە خۆمان بەرەوڕووی کۆمەڵێک پرسیاری جیددی بکەینەوە و لە پێناوی داهاتوودا، چاوێک بە رابردوو و ئێستای خۆمان دا بخشێنینیەوە و ئەنجامێکی باشیان بە قازانجی حیزبی دیموکرات و خەڵکی کوردستان لێ وەدەست بێنین.
دەکرێ لە دەلاقەی ئەو پرسیارە سەرەکییەوە پرسیارەکانی دیکەش ڕیز بکەین:حیزبی دیموکرات چۆن دەتوانێ هەم ئەو رابردووەی خۆی بەرباد نەدا و هەم داهاتووی شایانی ئەو ڕابردووە پڕ کاریگەری و پڕ قوربانیدانەی هەبێ؟ ئایا هیچ کام لە دوو حیزبی دیموکراتی ئێستا، دەتوانن بە تەنیا مەزنایەتیی ڕابردوو بۆ خۆیان بگێڕنەوە و ببنەوە بەو حیزبە دیموکراتەی ڕۆڵی یەکەم لە ئاڵوگۆڕەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان‌دا بگرێتە ئەستۆ؟ هیچ کامیان ئامادەن دەست لەو مێژووە و شانازییەکانی و ئامانجە مێژووییەکانی حیزبی دیموکرات هەڵ بگرن و مەیدانەکە بۆ بەرامبەرەکەیان چۆل بکەن و بۆ خۆیان بە شوناس و پێناسە و بەرنامەیەکی تەواو جیاوازەوە خۆ ڕێک بخەنەوە؟ ئەگەر لایەنێکیان ئەمەی کرد، ئەوی دیکە دەتوانێ بە تەنیا ببێتەوە بەو حیزبی دیموکراتەی خەڵکی کوردستان بە ئاواتی دەخوازێ؟ ئایا سەرئەنجامی لێک دوور کەوتنەوەی ڕۆژبە ڕۆژ زیاتر و، خۆبواردن لە یەکگرتنەوە و هەوڵنەدان بۆ دیتنەوەی بناغەیەکی باشتری پێکەوەبوون، شتێکی دیکەی جگە لە فەوتاندنی ڕابردوو و دۆراندنی داهاتوو، لێ دەکەوێتەوە؟ وەڵامی ئەو پرسیارانە ڕوونن.
لە ١٣ ساڵ تێکۆشانی بە جیادا، سەڵماندمان کە هیچ کاممان نەک هەر ناتوانین بە تەنیا جێگای حیزبی دیموکراتە یەکگرتووەکە بگرینەوە، تەنانەت ناشتوانین ئەو “مدینە فاضلە”یەش دروست بکەین کە پێمان وابوو بەرامبەرەکەمان ناهێڵی لە حیزبێکی یەکگرتوو دا دروستی بکەین. ئەگەرخاڵێکی پۆزەتیڤ لەو بە جیا کارکردنە‌دا هەبووبێ، ڕزگاربوونی کاتیی تاکەکانی هەر لایەک لە دەمبەدمە و گرژی و تێکهەڵپێچانی لایەنی بەرامبەر – کە لە حیزبی پێش لەتبوون دا گەیشتبووە چڵە پۆپە- ، هەر وەها هەوڵدان بۆ پێکهێنانی لانیکەمی گۆڕان لە حیزبەکەی خۆمان دا بە مەبەستی وەپێشکەوتنەوەی ڕەقیبەکەمان لە راکێشانی لایەنگران و خەڵک دابووە. بۆیەش دەڵێم “ڕزگار بوونی کاتیی تاکەکان”، و ” پێکهێنانی لانیکەمی گٶران”، چونکە هەر کام لەو دوو لایەنە، بەو هۆیەوە کە نەمانتوانیوە ماڵاوایی لە کولتوور و میتۆدەکانی پێشووی حیزبایەتی و بەڕێوەبەرێتی و خەباتی نێوخۆیی بکەین، سەرلەنوێ ناچار بە بەرهەمهێنانەوەی کێشە و گرفتەکانی ڕابردووی خۆمان بووینەوە (ئەم باسە شیکردنەوەی زیاتر دەخوازێ کە لێرە دا لێی دەگەڕێم).
لە بەرامبەر ئەو دوو خاڵە پۆزەتیڤەدا، نەبوونی حیزبی دیموکراتێکی یەکگرتوو و لە ململانێ دابوونی دوو لای دیموکرات، کاریگەریی گەورەی هەبووە لە سەر پێک نەهاتنی هاوپەیمانی و هاوخەباتی لە نێوان هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵات. هەر وەها غەیبەت و دیارنەبوونی حیزبی دیموکراتێکی یەکگرتوو و کارا بووە بە هۆی ئەوە زۆر فورسەت کە لە نێوخۆی ڕۆژهەڵات و ناوچە و دنیا لەو ماوەیە دا هاتوونە پێش و دەکرا بە قازانجی پرسی کورد لە ئێران بقۆزرێنەوە، کەمترین سوودیان لێ وەربگیرێ. لە هەمووی ئەمانەش خراپتر راهاتنی ڕێژەیەکی زۆر لە ڕێبەری و کادرەکان و ئەندامانی هەر دوو لای دیموکراتە بەم دۆخەی ئێستا و هەوڵدانیانە بۆ بە ئەبەدی کردنی، بێ ئەوەی نیگەرانی لە دەستدانی هاوکاتی رابردوو و داهاتوو لە درێژەی ئەم وەزعەدا بن.
چار چیە؟
راستە کە زۆر لە تێکۆشەرانی هەر دوو لا، لە حیزبی بە جیا دا، ئاسوودەتر و بێ کێشە ترن و پتر خۆیان دەبیننەوە و مەیدانیان هەیە. ئەوەش راستە کە هێندێک سیما و دەم وچاو لە حیزبی بە جیا دا باشتردەتوانن مەیدانداری بکەن و حیزبەکەیان، بەو جۆرەی حەزیان لێیە، بەڕێوە بەرن. گومان لەوەش دانیە کە هەر یەکگرتنەوەیەکی ڕەمەکی وبە دوور لە خۆنەقدکردنەوە و بێ رەخنەگرتن و ماڵاوایی لە دەستەبەندی و ناوچەگەرێتی و، بە بێ گۆڕینی میتۆد و شێوازەکانی حیزبایەتی و بەڕێوەبەرێتی و پێکەوە بوون، ئاکامێکی سەرکەوتووی نابێ. بەڵام لەمەش دا هیچ گۆمانێک نیە کە هەڵپەساردن و لە بیرخۆبردنەوەی یەکگرتنەوە و بەم وەزعەی ئێستاوە ڕووبەڕووبوونەوە لە گەڵ ئاڵوگۆڕە گەورەکانی داهاتوو، حیزبی دیموکڕات بە هەر دوو بەشە لێکدابڕاوەکەیەوە، لە لێواری بەفیڕۆدانی رابردوو هەتا هەڵدێری دۆراندنی داهاتوو دەبا.
لە نێو هەر دوولای دیموکرات و لە نێو ئەو کەسانەش دا کە بە هۆی ئەم لێکدابرانە بە شێوەی تەشکیلاتی لەو دوو دیموکراتە دوور کەوتوونەوە، کەسانێکی زۆر هەن کە دەتوانن هێزی گوشار بن. هاندەر بن بۆ ئەوەی هەموانمان لە هەموو ئاستێک دا، بە چاوی رەخنەگرتن و دەرسوەرگرتن لە ململانێ و ناکۆکییەکانی رابردوو، بە دەنگ ئەو پێویستییەوە بچین. پێویستە ئەو ڕاشکاوییەمان هەبێ کە بڵێین داهاتووی مێژوویەک و پرسی کورد لە ڕۆژهەڵات لە مانەوە و نەمانەوەی ئەم یا ئەو لە پۆست یا پۆستەکانی یەکەمی حیزبێک گرنگترە. بە دڵنیایەوە ئەگەر بە قووڵی تێ‌بگەین کە بەردەوامیی ئەو لێکدابرانە، دەتوانێ حیزبی دیموکرات لە تەواوەتیی خۆی دا بەرەو هەڵدێڕ بەرێ، دەتوانین بەرامبەر یەکتر نەرمی بنوێنین و گرێ کوێرەکان بکەینەوە.
با ئیرادە بکەین، لەم دۆخەی ئێستا بیدەنگ نەبین و توانای خۆمان وەگەڕ بخەین بۆ ئەوەی تەرح و پلان و پێشنیاری وا بخەینە ڕوو کە ئاکامەکەی حیزبێکی یەکگرتووی وەها بێ کە هەموو تێکۆشەران و هۆگرانی دیموکرات لە خۆی دا جێ بکاتەوە. با ئەو دیموکراتە پێک بێنینەوە کە ڕۆژهەڵاتی کوردستان چاوەروانیەتی.
تێبینی:
(ئەم وتارە دەربڕی بیروڕای شەخسیی خۆمە. ئەگەر ژمارەیەکی هەر چی زیاتر لە تێکۆشەران و ئەندامان و هۆگرانی هەر دوو لای دیموکراتیش بە ڕوانگە و قسەی دڵی خۆیانی بزانن، مایەی خۆشحاڵی و شانازیمە.)

لە فەیسبووکی کاک قادر وریا وەرگیراوە