سیامەند ڕەحمان”کۆچی دوایی کرد

سیامەند ڕەحمان وەرزشکاری بە توانای خەڵکی شاری شنۆ بە هۆی نەخۆشی کۆچی دوایی کرد.
ئەمرۆ یەکشەممە، ١١ی ڕەشەمەی ١٣٩٨ی هەتاوی، “سیامەند ڕەحمان” پاڵەوانی وەزنەبەرداری کورد بەهۆی وەستانی دڵ لە نەخۆشخانەی “نبی اکرم” ی شاری شنۆ ماڵاوایی لە ژیان کرد.
سیامەند ڕەحمان، یەکێک لە نموونەکانی ئەو وەرزشوانە کوردانەیە کە تاوەکوو ئێستا توانیویەتی لە زۆربەی کێبەرکێ جیهانی و نێوخۆییەکان بەشداری بکات و ببێتە قارەمانی کێبەرکێیەکان و بە بەهێزترین پیاوی کەم ئەندامی جیهان بناسرێت .
ناوبراو براوەی دوو قارمانی لە کێبەرکێی پارالمپیک، پێنج قارەمانی جیهانی و سێ قارەمانی یارییەکانی پارا ئاسیایە و بە بەرز کردنەوەی وەزنی ۳۱۰ کیلۆگرامیش توانی ڕیکۆردی جیهانی بشکێنێ. هەروەها ساڵی ٢٠١٧ وەک باشترین وەرزشوانی جیهان هەڵبژێردرا.
شایانی باسە، سیامەند ڕەحمان، ساڵی ١٣٦٧ی هەتاوی لە شاری شنۆ لەدایک بووەو وەکوو وەرزشوانێکی کەم ئەندام لە ڕشتەی وەزنەبەرداریدا دەستی بە کار کردوە.