سەردانی خاتوو کوبرا عەزیمی یەکێک لە ژنە چالاک و هەڵسووڕەکانی سەردەمی کۆمار

ڕۆژی شەممە ۳ی ڕەشەممە بەرانبەر بە ۲۲ی فێبرەوەری، هەیئەتێکی یەکیەتی ژنان کومیتەی سوئێد، سەردانی خاتوو کوبرا عەزیمی یەکێک لە ژنە چالاک و هەڵسووڕەکانی سەردەمی کۆماری کوردستانیان لە شاری ستۆکهۆڵم کرد و لە لایەن خاتوو سیمین ئێفتیخاری کچی خاتوو کوبرا میوانداری کران.
یای کوبرا ساڵی ۱۳۰٤ی هەتاوی بەرانبەر بە ۱۹۲٥ی زایینی، لە شاری مهاباد و لە گەڕەکی حاجی حەسەنیان لە دایک بووە.
لە تەمەنی ۷ ساڵیدا دەنێردرێتە قوتابخانە و تا ساڵی ۱۳۱٤ کە ڕەزا شا فەرمانی کەشفی حیجابی دا، درێژەی بە خوێندن دا و تا پۆلی ٤ی سەرەتایی خوێند. دوای بڕیاری ڕەزا شا، یای کوبرا وەک زۆربەی کچان و ژنانی ئەو کات، هەرچەند لە تەمەنێکی مێرمنداڵی دا بوو، ڕێگەی چوونە دەرەوە و هەروەها قوتابخانەیشی لێ گیرا. بەڵام کوبرای تینووی فێر بوون، وازی لە خوێندن نەهێنا و بە هاوکاری برای گەورەی کە ئەوکات قوتابی بوو، لە ماڵەوە درێژەی بە خوێندن دا.
پاش ماوەیێک، کاتێک دایک و بابی دەبینن کە یای کوبرا خوێندنی چەند پێخۆشە و چەندە تامەزرۆی فێربوونە، سەرەڕای دژایەتی کردنی دەور و بەر، بریاری گەڕانەوەی بۆ قۆتابخانە دەدەن و پاش تاقیکردنەوە، لە پۆلی شەشی سەرەتایی دادەنرێ.
b_300_220_16777215_00_images_ZHINAN_kobra_azimi.jpgپاش تەواو کردنی دەورەی سەرەتایی خوێندن و نەبوونی قوتابخانەی ناوەندی بۆ کچان لە مهاباد، هاوڕێ لەگەڵ ٦ کچی هاو پۆلی، داواکاریێک سەبارەت بە دانانی قوتابخانەی ناوەندی کچان، دەنێرنە وەزارەتی پەروەردە لە تاران کە بەداخەوە بێ وەڵام دەمێنێتەوەو و دەبێتە هۆی ئەوە کە کوبرای تازە لاو بۆ جارێکی دیکە لە خوێندن دابڕێ.
لە تەمەنی ۱٦ ساڵاندا، داۆوای لێ دەکەن کە ببێتە مامۆستا و تا تەمەنی ۱۸ ساڵی وەک خۆبەخش ئەو ئەرکەی گرتە ئەستۆ و تا تەمەنی ٤۹ ساڵی و تا ساڵی ۱۳٥۳ی هەتاوی وەک مامۆستا لە قوتابخانەکانی شاری مهاباد خزمەتی کرد.
لە سەردەمی کۆماری کوردستاندا، کە خوێندن و نووسین دەبێتە زمانی کوردی، یای کوبرا کە بە هەوڵ و تێکۆشانی خۆی فێری خوێندن و نووسینی کوردی ببوو، درێژە بە ئەرکی خۆی وەک مامۆستای کوردی دەدا.
یای کوبرا لە بواری فەرهەنگی و کۆمەڵایەتی لە سەردەمی کۆماردا نەخشی بەرچاوی هەبووە و لە هەموو دەرفەتێک بۆ هاندانی ژنان و پێگەیاندنیان کەڵکی وەرگرتووە. لە زۆربەی کۆڕ و کۆمەڵەکاندا کە بۆ ژنان و کچان گیراوە وتاربێژ بووە و باوەڕێکی قووڵی بە یەکسانی نێوان ژن و پیاو هەبووە و هەوڵیشی بۆ داوە. لە دامەزراندنی قوتابخانەی گەورەساڵان بۆ ژنان لە بەهاری ۱۳۲٥دا (کە ئەوکات پێیان دەوت ئەکابیر) کە خۆی ئەرکی مامۆستایەتیەکەی لە ئەستۆ بوو، نەخشی بەرچاوی هەبووە و هەوڵی داوە بە نووسینی داواکاری و بڵاو کردنەوەی لە ڕۆژنامەی کوردستان دا ئەو هەواڵە بە گوێی ژنان بگەیێنێ و بۆ خوێندن هانیان بدات.
b_300_220_16777215_00_images_ZHINAN_kobra_azimi2.jpgیای کوبرا خاوەن قەڵەمێکی جوان و زمانێکی پاراو بووە و هەوڵی داوە لە ڕێگەی نووسینەکانی و بڵاو کردنەوەیان لە ڕۆژنامەی کوردستان دا، پەرە بە بیری ئازادیخوازی و یەکسانیخوازی لە کۆمەڵگای ئەوکات و لە نێو ژنان و کچان دا بدات. ئەو لەسەر ئەو باوەڕە بووە کە پێشکەوتنی وڵات، پێوەندی ڕاستەوخۆی بە ژنانەوە هەیە و بەم شێوە باسی لێ کردووە:
” تەربیەتی کوڕ و کچ وەک یەک پێویستە، ئەمما تەربیەتی کچ لازمتر و باسەواد کردنی وی واجبترە، بەڵکوو لە تەمەدون و تەرەقی زۆرتر نیزیک بین.”
“هیوادارم کە چی دی ژن و کچی ئێمەش لە حقوقی ئیجتماعی بێبەش نەبن”
وتاری تەربیەت لە باوەش دایکدا.
ڕۆژنامەی کوردستان ژمارە ۳٦٫ دووشەممە ۲۸ی خاکەلێوەی ۱۳۲٥ی هەتاوی.