ڕاگەیەندراوی “ناوەندی ژنانی کوردستانی رۆژهەڵات” بە بۆنەی ٨ی مارس ڕۆژی جیهانی ژن

هەشتی مارس تا ئێستا بۆ ئێمە ژنانی کورد وەبیرهێنەرەوەی شادی و ئازادی نەبووە، ئەم ڕۆژە جارێکی دیکە وەبیرمان دێنێتەوە چەندە لەم ڕێبازە، داری

ئاواتی یەکسانیخوازی و مرۆڤ‌ تەوەریمان بە خوێن و ئازاری سەدان کچ و ژنی وڵاتەکەمان تا ئێستاش ئاو دەدرێ و ئێمە دڵ پڕ لە هیوا لە ئاسۆیی ڕوون دەڕوانین.

هاونیشتمانیانی خۆڕاگر !

ئەمساڵ لە حاڵێکدا دەمانهەوێ یادی رۆژی جیهانی ژنان، ٨ی مارس بەرزڕابگرین کە شەقامەکانی کوردستان و ئێران، خوێنیان لێ دەچۆڕێ و سەدان کوڕ وکچی گەنجی خەزەڵوەر لە بەندیخانەکانی خوێنمژان لە ژێر ئەشکەنجەدان و بەشێکیان تا ئێستاش بێ سەروشوێنن. دەیان پەپووڵەی کوردستانمان بە هۆی سەرەڕۆییەکانی جەلادانی تاران لە یەک ساتدا لە ئاسمانی ڕەشی تاران و لە بەرەبەیانیەکدا لە شەقەی باڵیان داو تا ئێستاش رژیمی ئێران، پاساو بۆ ئەو جەنایەتەی دێنێتەوە و وڵامدەر نیە!!

لە بەرەبەرەی مانگی ڕەشەممە، مانگی گوڵەگەزیزە و وەنەوشە، ژنان سەڕەڕای هەموو ئەو ئازارانەی تەنیا لە ماوەی چەند مانگدا بە سەر خەڵکی ڕۆژهەڵاتدا سەپێندرا، ئێستاش هەر بە بۆنەی سەرەڕۆیی ئەو ڕژێمەوە، هاونیشتمانیانمان لەگەڵ پەتا و دڵەڕاوکێی تووشبوون بە نەخۆشی کۆڤیدی ١٩ بەڕەوڕوون، خەسارەکانی دوای بوومەلەرزە، سێڵاو و وشکەساڵی و … بەشێک لە ئازارە بەردەوامەکانی گەلی کوردن کە بە شێوەی سیستماتیک و لە سەدەی ٢١دا، بە سەرماندا دەسەپێندرێن. ئێران بە مانای تەواوی وشە، ئەشکەنجەگای مرۆڤەکانە، لە سەرووی هەموو هاووڵاتیان، ژنان و منداڵان یەکەم و بێ‌ دەرەتانترین قوربانیەکانی دەسەڵاتی نگریس و چڵ ساڵەی ئەم ڕژیمەن.

٨ی مارسی ئەمساڵ لە بارودۆخێکی هەستیاردا بەرزڕادەگرین، بڵاوبوونەوەی نەخۆشی کۆڤیدی ١٩ و ڤایرۆسی کۆڕۆنا، بووەتە هۆی دروستبوونی دڵەڕاوکێ و کاروباری رۆژانەی خەڵکی بە تەواوەتی خستووەتە ژێر کاریگەری نێگەتیڤ، هەر بەم بۆنەوە دەرفەتی کۆبوونەوە و ناڕەزایەتی دەربڕینی بە کۆمەڵمان بۆ ناڕەخسێت، بەڵام داوامان لە هەموو یەکسانیخوازان و خەباتکاران ئەوەیە هەر لە ماڵەکانی خۆیانەوە بە داهێنانێکی بچوکیش بووە، یادی ئەم ڕۆژە مەزنە بەرز ڕابگرن و بیسەلمێنین ئێمە لە هەر بارۆدۆخێکدا دەست‌هەڵگری مافە ڕەواکانی خۆمان نابین و بە تایبەت لە ڕۆژی ٨ی مارس ڕێز لە خەبات و تێکۆشانی پڕ لەسەروەری ژنان دەگرین.

سەڕەڕایی جیاوازی و تایبەتی باروودۆخی ئەمساڵی ٨ی مارس کە هەمووان بۆ خۆپاراستن لە پەتای کۆرۆنا، ناچارین خۆمان لە دابڕگەدا بھێڵینەوە، وەکوو هەمیشە چۆن ژنان دەسپێشخەر و بەشداری هەر خەباتێکی مەدەنی بوون، خۆپاراستن و وشیارکردنی هاونیشتمانیان لە ڕوبەڕوبوونەوە لەگەڵ ڤایرۆسی کۆرۆنا بکەینە ڕێگایەکی خەباتکارانە و هەموو چینەکانی کۆمەڵگا هان بدەین بۆ شکست هێنان بە هەوڵێکی دیکەی ڕژیمی ئێران لە ڕاستای سڕینەی گەلی کورد، لە ماڵەکانیان نەچنە دەرەوە و پەیوەست بە کەمپەینی چالاکانی مەدەنی بۆ خۆپاراستن و هێلینی خۆشەویستانمان بین.

خەباتکاران و یەکسانیخوازانی گەلی کورد

بە لەبەرچاوگرتنی بارودۆخی ژنانی کورد و هەروەها مێژووی پڕشنگداری خەباتی ژنی کورد کە تا ئێستا سەرەڕایی هەبوونی هەزاران کەند و کۆسپ، دەستبەرداری تێکۆشانی لە پرسەکانی خۆی و نەتەوەکەی نابێت، دەسەلمێت کە هەنتەشی ژنی کورد لە بارودۆخی ناوچەیی و جیهانیدا لە هەموو ئاڵۆگۆرەکان کاریگەرە و دەبێت لە خوڵقانیشیاندا بەشدار بێت.

ئێمە دەبێت لە جاران سوورتر و بە یەکگرتوویەکی پتەوتر، بێینە مەیدان و پێداگرتر بین لە ڕۆڵ و ڕەوایی خەباتمان و وەکوو هەمیشە لە هەر هەل و مەرجێکدا کە بۆمان دەڕەخسێت نوێنەرانی ڕاستەقینەی خەباتی دژ بە پیاو سالاری و تاکڕەوانەی ژنانی کورد بین و ناوەندی ژنانی کوردستانی ڕۆژهەڵاتیش وەکوو نوێنەری ژنانی ڕۆژهەڵات بەردەوام هەوڵی بۆ جێبەجێ کردنی ئەم ئەرکە داوە و دەدات.

وەرن با هەموو ژنان، شان بە شانی یەک، واز لە کۆت و زنجیری کۆیلایەتی بێنین و بەرگی ژێردەستە بوون، فرێ بدەین و بە هەموو هەوڵمانەوە بۆ نەوەی دوا ڕۆژ، بۆ پاشەڕۆژێکی گەش، بۆ کۆمەڵگایەک بە بێ ژن کوشتن، بە بێ خۆکوشتن و دوور لە توندوتیژی، هاواری سکاڵامان تێکەڵ بە یەکدی بکەین و یەکڕەنگ و یەکدەست لە ژێر ئاڵای یەکسانیخوازیدا، هێز و وزەمان کاناڵیزە بکەین.

سەنگەری خەباتمان هەر ئاوەدان…

ناوەندی ژنانی کوردستانی رۆژهەڵات
٧ی مارسی ٢٠٢٠ زایینی
١٧ی رەشەممەی ١٣٩٨ هەتاوی

رێکخراوەکانی سەر بەناوەندی ژنانی رۆژهەڵات :
یەکیەتیی ژنانی دیموکراتی کوردستانی ئێران
یەکیەتیی ژنانی دیموکراتی کوردستان
کۆمەڵەی ژنانی رۆژهەڵات
ئاسۆی ژنی کورد
رێکخراوی ئافرەتانی خەباتی کوردستانی ئێران