پەیامی یەکیەتیی ژنانی دێموکڕاتی کوردستان بەبۆنەی ٨ی مارس،ڕۆژی نێونەتەوەیی ژنان لە جیهاندا

هۆکاری دیاری کردنی ڕۆژی هەشتەمی مارس وەک ڕۆژی جیهانی ژن، ڕێزگرتن بوو لە بیرەوەری خەباتی ژنانی کرێکاری کارگەی ڕستنی شاری نیۆیۆرکی

ئامریکا لە ساڵی١٨٥٧.

لەم رۆژەدا کرێکارانی ژن لە کارگەیەکی چنین و ڕستن، دەستیان دایە مانگرتن بۆ نیشاندانی ناڕەزایەتی بەرانبەر بە هەلومەرجی سەختی کار و خراپی هەقدەستیان. بیرەوەری ئەم مانگرتنە لە لای کرێکارانی ئەم بەشە مایەوە و ناڕەزایەتی گشتی لەم بارودۆخە لای ژنانی کرێکار بەردەوام بوو.

٨ی مارسی ١٩٠٨ دوای نیو سەدە، ژنانی کرێکاری کارگەی ڕستنی کەتان لە شاری نیۆیۆرک لە ساڵیادی ئەو مانگرتنانە، بە هۆی هەڵاواردن و هەژاری و گوشاری زۆری کار و هەقدەستی کەم دەستیاندایە مانگرتن.

لە ئورووپا، دووەمین کۆنفڕانسی سوسیالیستی نێونەتەوەیی ژنان کە بە بەشداری سەد ژن لە ١٧ وڵاتی جیهانەوە هاتبوون، بە پێشنیازی کلارا زێتکین ژنە سوسیالیستی ئاڵمانی لە ٢٧ی ئاگۆستی ١٩١٠لە کۆپێنهاک ڕۆژی ٨ی مارس دەستنیشان کرا وەک ڕۆژی ژن بۆ بەرگری لە مافەکانیان بە گشتی لە بەرانبەر هەڵاواردنی جنسی.

پرسی ژن ئەمڕۆ یەكێك لە پرسە سەرەكییەكانی جیهانە ‌و بەردەوام چالاكانی ژن ‌و چالاكانی مافی مرۆڤ بۆ كەمكردنەوەی جیاوازییە ڕەگەزییەكان ‌و كەلێنی نێوان ژن‌ و پیاو هەوڵ دەدەن، بەڵام بەداخەوە لە ئێران بە هۆی بوونی ڕێژیمێكی دژە ژن نەک تەنیا ڕێگە بە چالاكانی ئەم بوارە نادات، بەڵكوو بەردەوام مافەكانی ژنان لە لایەن دەسەڵاتدارانەوە پێشێل دەكرێت.

کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە سەرەتای هاتنە سەر کارییەوە و گەیشتنی بە دەسەڵات، فرەژنی، سەپاندنی حیجابی زۆرەملێ، دانی مافی تەڵاق بە پیاوان، دانی پاداشت بە پیاوان لە کاتی جێبەجێکردنی حوکمە پیاوسالارییە دینییەکان، هێنانە خوارەوەی تەمەنی هاوسەرگیریی، ڕێگەدان بە هاوسەرگیریی کاتی و بێبەش کردنی ژنان لە خوێندنی هەندێک بەشی فەننی لە زانکۆکاندا، دیاریی کۆماری ئیسلامیی ئێران بوو بۆ ژنان .

بارودۆخی ئێستای ژنانی ڕۆژهەڵات ، بە هۆی ڕوون بوونەوەی بیری ژن لە سەر مافەکانی خۆی و وشیاربوونەوەیان لە کۆمەڵگەدا تاڕادەیەکی باش گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە و لە ساڵانی پێشوو باشترە و هەوڵ دەدەن بۆ وەدیهێنانی مافەکانیان چالاکتر بن . بەڵام بە هۆی ئایینی‌ بوون و سووننەتی‌ بوونی کۆمەڵگەوە ، ڕەوشی ژنان لە حاڵەتی تایبەت دایە. هەر بۆیە ژنان کەمتر توانیویانە مافەکانیان دەستەبەر بکەن و ئەو هەوڵانەی کە داویانە قوربانییەکی یەکجار زۆری لێ کەوتووەتەوە . بۆ نموونە ژنان بەو باوەڕە گەیشتوون کە یەکێک لە ڕێگاکانی ڕزگار بوون لە ژێر دەستەیی سەربەخۆیی ئابووریە! هەر بۆیە هەوڵی زۆریان داوە کە لەم بوارەدا سەربەخۆ بن، بەڵام کە دێنە نێو کۆمەڵگە بۆ ئەوەی بواریی ئابووریان چارەسەربکەن، لەگەڵ کۆمەڵگەیەکی پیاوسالاری ئایینی توندڕەوی سووننەتی بەرەوڕوو دەبن کە کێشەگەلێکی تاقەت پڕووکێنیان بۆ ساز دەبێ.

لە ماوەی ٤ دەیەی ڕابردوودا، ژنان بە دژی سیاسەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران کاردانەوەیان هەبووە و هەوڵی دروست کردنی گۆڕانکاریان داوە، بەڵام بەداخەوە تا ئێستاشی لەگەڵ دابێ نەگەیشتوون بە ئامانجەکانیان.

ژنان لە کوردستانی ئێراندا، سەرەڕای پێشێلکارییە جنسییەکان لەگەڵ پێشێلکاریی مافی نەتەوەیی بەرەوڕوون، کە لە مەیدانی خەباتدا و لە سەرەتای سەرهەڵدانی شۆڕشی گەلانی ئێراندا ڕۆڵی دیار و بەرچاویان هەبووە و هەیە،ژنی کورد لە کوردستانی ئێراندا لە پرسی نەتەوەییدا جیاوازە لە ژن بەگشتی لە ئێران دا. تێچووی سیاسی بۆ ژنی کورد زۆرە و دەبێ باجی قورسی بۆ بدات هەربۆیە ژنان زیاتر خۆیان لە چالاکی مەدەنی دا دەبیننەوە و گرنگی زیاتر بە چالاکی فەرهەنگی،ئەدەبی ،ژینگەپارێزی و چالاکییە کۆمەڵایەتییەکان دەدەن.

ژنی کورد لە ئێراندا سەرەڕای هەموو بەربەستەکان کە کۆماری ئیسلامی بە سیستمی سیاسی و یاسا و دابونەریتی زاڵ و دەسکردی خۆی بەسەریدا سەپاندوون بەڵام ئەوان هەرگیز سەریان بۆ کۆماری ئیسلامی دانەنەواندووە، بەشێکیان لە نێوخۆی وڵات خەریکی خەبات و تێکۆشانن و بوێرانە دژی ئەو دەوڵەتە زاڵمە دەجەنگن و خۆیان دەکەنە قوربانی و بەشێکی تریان لە ڕێزەکانی شۆرشدا خەریکی خەباتن بۆ وەدیهێنانی مافەنەتەوەیی و ڕەگەزیەکان. بەخۆشحاڵیەوە مێژووی ژنی کورد دەوڵەمەندە بە ژنی خەباتگێر و سیاسەتمەدار کە جێگای شانازین،ئەگەر جیهان شانازی بە کلارا زیتکنەوە بکا دەبێ ئێمەی کورد شانازی بەژنانی تێکۆشەر و خۆڕاگری خۆمانەوە بکەین کە قوربانییەکی یەکجار زۆریان داوە لەو خەباتە دا..

ژنان لە سەرانسەری جیهاندا هەتاکوو ئەمڕۆ، لە خەبات بۆ پێکهێنانی کۆمەڵگەیەکی مرۆڤسالارانە بەردەوامن و ساڵانە لە ڕۆژی ٨ی مارسدا چەندین چالاکیی بەڕێوە دەبەن..

زیاتر لە سەد ساڵ بە سەر مێژووی دەستنیشانکردنی ئەم ڕۆژە وەک ڕۆژی جیهانی ژن تێدەپەڕێت، بەڵام هێشتا هۆکار زۆرن بۆ ژنان و پارێزەرانی مافەکانی ژنان، لەم ڕۆژەدا لە سەرتاسەری جیهان بێنە مەیدان بۆ بەرگری لە مافە سەرەتاییەکانی ژنان و خەباتی ڕەوای ژنان بە هاوکاری و پاڵپشتی پیاوانی یەکسانی خواز سەردەکەوێ.

پیرۆز بێت ڕۆژی جیهانی ٨ی مارس لە ژنانی جیهان بەگشتی و ژنانی کورد بەتایبەتی و پیاوانی یەکسانیخواز

سەرکەوێ خەباتی ڕەوای ژنانی خەباتگێڕ
یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان
۷ی مارسی ۲۰۲۰ی زایینی