ئاگاداری خاتوونێکی کورد لە هەڵبژاردنەکانی شارەوانی تۆرکۆ لە وڵاتی فینلاند

ئاگاداری خاتوونێکی کورد لە هەڵبژاردنەکانی شارەوانی تۆرکۆ لە وڵاتی فینلاند

سەرەتا وەک بەڕێوەبەرانی ماڵپەڕی گیاڕەنگ خۆشحاڵین کە گەنجانی کورد، کوڕ و کچانی پێگەیشتووی کورد لە تاراوگە لە هەموو بوارەکان دا شان وەبەر قورسایی بەرپرسایەتی گەورە و مەزن دەدەن و هیوای سەرکەوتن و سەرفەرزایان بۆ بە ئاوات دەخوازین، بە هیوای ئەوە گەنجانی کورد بتوانن لە هەموو بوارەکان دا سەربەرز و سەرکەوتوو بن.

کورتەیەک لە ژیاننامەی خاتوو تەوار سالاری دانیشتووی تۆرکۆ لە وڵاتی فینلاند و بەربژێری شارەوانی شاری تۆرکۆ بە قەڵەمی خاتوو تەوار.


بۆ ناساندنی تەوار سالاری

من تەوار سالاری گەنجێکی کوردی تەمەن ٢٩ ساڵ و خەڵکی شاری تۆرکۆی فینلاندم. من مامان-پەرستارم و هەروەها ماستەر لە زانستە تەندروستییەکان لە زانکۆی تۆرکۆ دەخوێنم. من وەک مامان لە نەخۆشخانەی ناوەندی زانکۆ لە بەشی ئافرەتان و هەروەها لە سەنتەری پشتیوانی بۆ قوربانیانی تووندوتیژی بەرانبەر بە ژنان کار دەکەم. من لە شاری کۆیە لە هەرێمی کوردستان لە دایک بووم. لە تەمەنی ٢ ساڵیدا بە هۆی تێکۆشان و کار و خەباتی سیاسی باوکمەوە، لە دژی کۆماری ئیسلامی ئێران، وەک پەنابەری لەگەڵ دایک و باوکم گەیشتینە وڵاتی فینلاند.

من ڕاهێنانم بە پیشەگەرە جۆراوجۆرەکان کردووە، لەسەر پرسەکانی نێو کۆمەڵگا وەک پرسی یەکسانی، وەک دۆخی کەمینەکان، تەندروستی دەروونی کۆچبەران، توندوتیژیی شەڕەف و خەتەنەکردنی مێینە. جیا لەوانە له فینلاندەوه به شێوەیەکی چالاک و کارا، پاڵپشتی بزووتنەوەی “ژن ژیان ئازادی” و پرسی نەتەوایەتی کورد و ژنانی کوردستان و ئێران بووم و پەیامەکەیان بۆ پەرلەمانی یەکیەتیی ئورووپا بردۆته کۆمیسیۆنی یەکیەتیی ئوروپا. یەکسانی و دادپەروەری هەمیشە بەهای ناوەندی بووە لە هەموو هەڵبژاردنەکانمدا.

من پۆستی جۆراوجۆری جێی متمانەم لە چالاکییەکاندا هەبووە و تا ئێستاش هەندێکیانم بەدەستەوەیە:

  • لە ساڵەکانی٢٠١٩-٢٠٢١ لە پرۆژەی ڤیگۆر، کە تێیدا بابەتەکانی تەندروستیمان بۆ کۆچبەران بەرەو گروپی ئامانج و پیشەگەرەکان بەرزکردەوە. لە ڕێگەی پڕۆژەی ڤیگۆرەوە، لە نزیکەوە لەگەڵ THL کارم کردوە
  • لە ساڵی ٢٠٢٠ەوە لە دەستەی کارگێڕی کۆمەڵەی مامانەکانی ” Varsinais- Suomi” دا هەم.
  • لە ساڵەکانی٢٠٢١-٢٠٢٣ ئەندامی گرووپی هەماهەنگی گەنجان و ئاشتی و ئاسایش.
  • لە ساڵی ٢٠٢٣ لە گرووپی سیاسەتی نێودەوڵەتی ڕێکخراوی کەرتی لاوانی فینلاند، بەرەو پێشبردنی یەکسانی لە گەشتە نێودەوڵەتییە جیاوازەکاندا.
  • لە ساڵی٢٠٢٤ سەرۆکی گرووپی لاوانی یەکسانی نەوەکان (Generation Equality Youth) و جێگری سەرۆک لە ساڵی ٢٠٢٣. گەنجانی یەکسانی نەوەکان گرووپێکی هاوپەیمانییە کە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکان ژنانی فینلاند (UN Women finland) و پلانی نێودەوڵەتی فینلاندەوە (Plan International finland)  هەماهەنگ دەکرێن، کە هەڵمەتی یەکسانی نەوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بەرەوپێش دەبەن. ئێمە بە توندی کار دەکەین بۆ بنبڕکردنی توندوتیژی ئۆنلاین.

دوای چالاکیی درێژخایەن، بە چڕی و بە شارەزاییەوە چوومەتە ناو سیاسەت و لە ساڵی ٢٠٢٣ پەیوەندیم بە ڕیزەکانی پارتی سۆسیال دیموکراتی فینلاندەوە کرد، تەوەرەکانم لە سیاسەتدا بە هەست کردن بە بەرپرسایەتی لە بواری مافی مرۆڤ و باشترکردنی پێگەی کۆچبەران و پاراستنی خۆشگوزەرانی خەڵک و بابەتی جۆراوجۆری پەیوەست بە ئاسایش بووە. بێگومان سیاسەتی دەرەوەش بابەتیکی گرینگە لە چالاکیەکانی من دا، بەتایبەتی دۆخی کورد و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

لە ئێستادا ئەم پۆستە سیاسیانەم بەدەستەوەیە:

  • یەکەم جێگری سەرۆکی ژنانی سۆسیال دێموکرات لە ساڵی ٢٠٢٥-٢٠٢٨.
  • لە ساڵی ٢٠٢٤ ئەندامی دەستەی کارگێڕی خوێندکارانی سۆسیال دێموکرات بووم و هەروەها بۆ ساڵی ٢٠٢٥ هەڵبژێراومەوە.
  • لە دەستەی کارگێڕی ژنانی دێموکراتی قەزای ڤارسینایس- سومێن لە ساڵی ٢٠٢٤-٢٠٢٥
  • لە دەستەی کارگێڕی ژنانی سۆسیال دێموکراتی تۆرکۆ لە ساڵی ٢٠٢٤-٢٠٢٥.
  • لە لیژنەی بەرەو پێشبردنی تەندروستی شاری تۆرکۆ.
  • لە گرووپی کاری یەکسانی و مافی مرۆڤی حیزبی سوسیال دێموکراتی فینلاندم.
  • لە گرووپی کاری ئاسایشی حیزبی سوسیال دێموکراتی فینلاندم.
  • لە گرووپی کاری گەنجانی حیزبی سوسیال دێموکراتی فینلاندم.

ئێستا من کاندیدم بۆ هەڵبژاردنی شارەوانی تۆرکۆ و هەڵبژاردنی ناوچەی ڤارسینا- سوومی.

سایتی تایبەت بە خۆمم هەیە، کە چەندین بابەتی جیاواز دەربارەی من و دەقە نووسراوەکانی خۆمی لێ بدۆزیتەوە. هەروەها دەتوانن زۆر شت لەبارەی کاریگەرییە سیاسییەکەمەوە لە ئینستاگرام و فەیسبووکەکەمدا بدۆزنەوە.

www.tawarsalari.fi

ئینستاگرام و فەیسبووک@TawarSalari