دوایین بەشی کتێبی ئەزموونی من. مستەفا شەڵماشی
دوایین بەشی کتێبی ئەزموونی من. پێمخۆشە لە ئێستاوە ئەو ئەنجامانەی وەرم گرتوون ببینڕێن. بۆیە لێرەوە بڵاوی دەکەمەوە.
ئهنجام وهرگرتنێكی گشتی له تاقیكردنهوهكانم
بە هەمو ئەو ئەزمونانەی کە لە بەرگی یەکەم و دووەمی ئەزموونی من دا باسم کردوون وبە زۆر ئەزموونی دیکەی کە لەو دوو بەرگەدا هەر ناوم نەهێناون بە هۆی جۆراو جۆرەوە، سەبارەت بە خەباتی کورد، قوربانی دانەکانی ودەسکەوتەکانی تا ئێستای چەند ئەنجامێکم وەرگرتوەو چەند تێبینی یەکم هەیە کە پێمخۆشە بە کورتی باسیان بکەم تا لاوەکانی ئێستا ونەوەکانی داهاتو ئەگەر پێیان باش بون کەڵکیان لێ وەرگرن.
ئەنجامەکان:
یەک: هەر لەسەرەتای دەستپێکردنی خەباتی ڕزگاریخوازیەوە تا ئێستا، کورد ستڕاتیژیەکی نەتەوەیی جێگیری نەبووە. خەباتەکەی و ویستەکانی زۆرتر بە پێی هەل ومەرجی جیهانی و ناوچەیی و کوردستانی دیاری کردوون. تازە زۆرجار لەو ویستە سنووردار کراوانەش، دیسان بە پێی هەل ومەرج وتامی زاری بەرامبەرەکانی دابەزیوە و بە لانی کەمی گەیاندووە. ئەوە لە کاتێک دایە کە ویستی نەتەوەیەک بۆ ڕزگاری نابێ لە ئاستی دامەزراندنی دەوڵەتی نەتەوەیی کەمتر بێ و لانی کەم پێویستە کیانێکی ئیداریی سەربەخۆ بێ. دیارە ئەگەر ئەو نەتەوەیە بیهەوێ بە ڕزگاری وشکۆی نەتەوەیی بگا. هەر ئامانجێکی بچووکتر لەوە دەچێتە خانەی داوای ماف بە پێی هەل ومەرج و توانای جووڵانەوە. ئەوکات پێویست ناکا قوربانی زۆری بۆ بدرێ. دەکرێ خەباتی مەدەنی وجەماوەری بۆ بکرێ. هەڵبەت کورد هیچکات بە ویستی خۆی دەستی نەداوەتە چەک. شتێکی کە کوردی پاڵپێوەناوە بۆ خەباتی پێشمەرگانە وچەکداری، دڕندەیی، دواکەوتویی و فاشیست بوونی بەرامبەرەکانی بووە لە هەر چوار پارچەی کوردستان. لە هیچ کام لە بەشەکانی کوردستان، تا ئێستاشی لەگەڵ بێ، بەڕاستی دانیان بە بوونی کورد وەک نەتەوەیەک دا نەهێناوە. زۆرتر وەک هاو وڵاتیی پلە دوو چاویان لێ کردوەو هەر جۆرە مافێکی شارۆوەندیشیان وەک مافی دیاریکردنی چارەنوس و مافی سەربەخۆیی چاو لێکردوەو تەنیا ڕێگایان بۆ چارەسەری مەسەلەکە، هێرشی سەربازی وسەرکوتی بێ بەزەییانە بووە. کوردیش چاری نەماوە بۆ مانەوەی خۆی و بەرگری لە خۆی دەستی داوەتە چەک و بە خەباتی پێشمەرگانە خۆی پاراستووە. لە ڕاستی دا هۆی مانەوەی نەتەوەی کورد و ئاسیمیلە نەبونیشی تا ئێستا هەر هەمان خەباتی پێشمەرگانەیە. بەڵام لە و خەباتەش دا بە تێچوویەکی زۆر تەنیا دەسکەوتی، پاراستنی خۆی لە توانەوە لە نێو نەتەوە فەرمانڕەواکان دا بووە. ئەنجامی گشتی ئەوەیە کە نەتەوەی کورد پێویستە ستڕاتیژیی خۆی بگۆڕێ. ئامانج پێویستە مافی دیاریکردنی چارەنوس بێ. ڕێگای مامەڵە کردن بەو مافەوە دەبێ دابخرێ. کورد وەک یەک نەتەوە لە ڕاددەی نێونەتەوەیی دا دەرکەوێ وخەباتێکی یەکگرتوانە بەڕێوەبەرێ. پێشمەرگەی هەبێ بۆ خۆپاراستن، بەڵام گرنگی سەرەکی بدا بە خەباتی جەماوەری وکۆمەڵانی خەڵکی کوردستان وێکڕا لەسەر شەقام بە خۆ پیشاندانی میلیۆنی، داوای مافی دیاریکردنی چارەنوسی خۆیان بکەن. لەوەش نەیەنە خوارێ، داوا بکرێ لە ڕێفڕاندۆمێکی نەتەوەیی دا لە هەریەک لە بەشەکانی کوردستان، نەتەوەی کورد بتوانێ دیاری بکا چی دەوێ. حیزبەکان خۆ ئامادەبکەن بۆ بەشداری لە هەڵبژاردن دا و بۆ وەدەستگرتنی بەڕێوەبردنی کوردستان. کادری شیاو لە هەمو بوارەکان دا پەروەردە بکەن ولە سپەینێی دەسەڵات دا وێنەیەکی جوان لە بەڕێوەبردن پیشانی جیهانیان بدەن.
دووەم: کورد تا ئێستا نەیتوانیوە یەکگرتوو بێ. هۆی یەکنەگرتنەکەی ئەوەیە کە کەس کەسی قەبوڵ نییە. ئێمە هەموومان منین و ئەو منەش ئامادە نییە منێکی دیکە وەک بەرپرسی خۆی قەبوڵ بکا، یا لە گەڵ جیابیرێک هاوکاری بکا. شتێكی ئاسایی یە کە بیر وبۆچوونی جیاواز لە نێو هەمو ئینسانەکان دا هەیە. بۆ ئەوەی کاری تیمی دروست بێ و یەکتر قەبوڵکردن هەبێ پێویستە مرۆڤەکان لە گەڵ یەکتر لیبڕاڵ بن وگوێ بۆ یەکتر بگرن و بۆ یەکتر داشکێنن. کەس نابێ پێی وابێ کە هەموو ڕاستییەکە لای ئەوە. پێویستە بە شێوەیەکی ڕێژەیی ئیمتیاز بدەن بە یەکتر تا بتوانن بەیەک بگەن. لە کاری سیاسی دا سازان لە گەڵ یەکتر و لێک قەبوڵ كردن کلیلی یەکگرتنن. بەداخەوە کورد لە گەڵ خۆی سازانی نییە و ئەوەندەی گوێ بۆ بێگانە شل دەکا، گوێ ناداتە هاوخەباتەکەی خۆی.
سێهەم: ئێمە لە گەڵ یەکتر لێبوردەیی مان هەر نییە. تا دڵگرانیەک لە نێومان دا پەیدا بو، گومانت نەبێ دەڕوا بەرەو ناخۆشی وهەروا دێ کەلێنەکەی بەینمان فراوانتر دەبێتەوە تا دەگەینە دوژمنایەتی کردن لە گەڵ یەکتر. کاتێک دووبەرەکی پەیدا دەبێ، سەهۆڵبەندانی پەیوەندی دەست پێ دەکا وزۆری پێ دەچێ تا سەهۆڵەکان دەتوێنەوە. ئێمە بۆ بێگانە دڵساف وبە بەزەیین، بەڵام بۆ یەکتر دڵڕەق وقین لە دڵین. دوژمنەکانمان هەزارجارمان تیڕۆڕ کەن، بە یەک فیتوی درۆزنانە بە ناوی ووت و وێژ بە غار دەڕۆین، بەڵام هەزار بانگەوازی دۆستانە لە لایەن خۆمانەوە هەر نابینین و تا بەو ئاکامە دەگەین کە چارەمان نییە، دەبێ یەکتر قەبوڵ کەین، زۆری پێ دەچێ وزۆر زیان بە ڕێباز وئامانجەکانمان دەگەیەنین.
چوارەم: دوژمنەکانمان باش ناناسین. هەر ئەو لایەنەی کە دەیان جار کۆمەڵکوژی کوردوین، ئیعدام وئەنفالی کردووین، وڵاتی لێ تاڵان کردوین وسەرچاوەکانی ژیانی لێ سووتاندوین، ڕوویەکی خۆشمان نیشان بدا، هەموومان لە بیر دەچێتەوە. تەنانەت پشت لە هاوڕێ وهاو سەنگەری خۆمان دەکەین تا سەرنجی دوژمنەکە بۆلای خۆمان ڕاکێشین.
پێنجەم: لە سیاسەت دا ساویلکە بوین، هەرچەند لە خەبات دا قورس و قایم و تێکۆشەر بوین وقوربانی زۆرمان داوە. ئێمە بە هەڵە پێمان وایە دەتوانین بە سیاسەتی پاڕانەوەو نەرم ونیان بۆچوونی دوژمنەکانمان سەبارەت بە ماف وئازادیمان بگۆڕین. هەموو جارێ لە دانیشتنەکان دا بۆ لایەنی بەرامبەری دادەشکێنین بە هیوای ئەوەی کە ئەو بە لانی کەمی داخوازییەکانمان ڕازی بێ. ئێمە پێمانوایە دەبێ لایەنی بەرامبەرمان مافمان بداتێ. لە کاتێک دا کە ئەو مافی ئێمەی زەوت کردوە، دەبێ دەست لەو داگیرکاریە هەڵگرێ و چیدی دەست بەسەر ماف وئازادیمان دا نەگرێ. لە هەموو بەشەکانی کوردستان ئێمە تا ئێستا هەر ڕوومان لە ناوەندی دەسەڵاتە ئاوڕمان لێ بداتەوە. ئەوە لە کاتێک دایە کە پێویستە کار لەسەر جەماوەری نەتەوەکەمان بکەین تا بە تێکڕایی بێتە سەر شەقام و مافی زەوتکراوی وەرگرێتەوە. تاران، بەغدا، ئانکارا و دیمەشق قەت بە ئێمە ناگۆڕدرێن و ھەر کەسیش لە نەتەوەکانی فەرمانڕەوا لەوێ حاکم بێ، ھیچ فەرق ناکا، هەر هەمان سیاسەتی دەبێ. ئەوان بە گوێرەی ھێزی ئێمە و یەکگرتوویی ئێمە بڕیار دەدەن. بە ھێز بین حیسابمان بۆ دەکەن و ھەوڵ دەدەن ڕازیمان بکەن جا بە ھەرچی کەمتر ڕازی بین، باشتر. لاواز و نایەکگرتوو بین، ئەوەی بە دەستیشمان ھێنابێ لێمان وەردەگرنەوە. جا با چیدی خۆمان فریو نەدەین و موزایەدە لەسەر یەکتر نەکەین. یەکبگرین و خۆ بە ھێز کەین. بڕوا بکەن ھەمومان لە یەک کەشتی داین. ئەگەر ژێر ئاو بکەوێ، ھەموومان وێکڕا دەخنکێین. ئەوانەش کە دەستی خوشک و براکانی خۆیان بەردەدەن و لە لای دەوڵەتی داگیر کەری مافی نەتەوەکەیان خۆ شیرن دەکەن، لە ھەموان زووتر دەخنکێن. چونکە ئەگەر پێشمەرگە و شۆڕشگێر نەمێنێ، دوژمنیش پێویستی بە جاش نابێ.
شەشەم: هەمو ناڵەمانە، کە لە لۆزان ساڵی ١٩٢٣ وڵاتەکەمان دابەشکراوە، کەچی لە کاری سیاسیی ڕۆژانەمان دا بۆخۆشمان هەمو ڕۆژێ دابەشی دەکەینەوە. بەتایبەت ڕووناکبیرانمان لە جیاتی ئەوەی کار بکەن بۆ بێڕەنگ کردنەوەی ئەو دابەشکارییە، کار دەکەن بۆ قەبوڵاندنی دابەشکاریەکە و تا دێ زیاتر بانگەشەی ئەوە دەکەن کە چ بکەین، دابەش بون بوەتە ئەمری واقیع و دەبێ قەبوڵی بکەین و چارەنوسی هەر بەشە لە کوردستان جیاوازە. ئەوە لە کاتێک دایە کە دوژمنەکان هیچ جیاوازیمان بۆ دانانێن. ئەگەر لە ڕۆژهەڵات کورد سەر هەڵێنێ، تورکیە و سوریە وعێڕاق هەر وەک ئێران دژی دەوەستنەوە. لە باشوور دەسەڵاتێک هەیە هەمو دوژمنەکان بە تێکڕایی خەریکی پیلانن بۆ تێکدانی. ڕژیمی ئێران لە هەمو بەشەکان دا خەریکی تێکدان و دژایەتی کوردە. ڕیفڕاندۆم لە بەشێکی دەکرێ، هەموو دوژمنەکان وەدەنگ دێن.
دوایین ووتە:
کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستان دا پێویستی بە کاری بەرەیی و جووڵانەوەی شەقام هەیە. دێپڵۆماسی و لۆبیگەری پێویستە بەناوی کوردستان و نەتەوەی کوردەوە بە گشتی بکرێ و لەسەرو کاری حیزبیەوە بێ.
سەرچاوە لاپەرەی فەیسبووکی مستەفا شەڵماشی