کۆچی دوایی سەید عومەر حەسەنی ناسراو بە هێمن لە شاری سەردەشت
کۆچی دوایی سەید عومەر حەسەنی ناسراو بە هێمن لە شاری سەردەشت
بەداخ و پەژارەیەکی زۆرەوە ئەندازیاری بە توانا و خۆشەویست کاک سەید عومەر حەسەنی ناسراو بە هێمن، دوای ماوەیەک بەربەرەکانی لەگەڵ نەخۆشی لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری ورمێ لە تەمەنی ٥٧ ساڵی دا کۆچی دوایی کرد.
کاک هێمن لە ئامێزی بنەماڵەیەکی کوردپەروەری گوندی مەکڵاوێ لە دایک ببوو و کوڕی کاک سەید ساڵح حەسەنی بوو، لە مێژ ساڵ بوو ماڵیان هاتبوو بۆ شاری سەردەشت و لەم شارەدا فڕچکی گرت و بوو بە خۆشەویستی هەموو لایەک. کاک هێمن مرۆڤێکی خاکی، خۆشەویست، مێهرەبان و لە هەمان کاتدا نیشتمانپەروەر و کوردخۆشەویست بوو، هەر لە هەڕەتی مێرمنداڵیەوە لەگەڵ کاک عومەر لە قوتابخانە بە یەکەوە لە پۆلێک بووین و لەو کاتەوە تا کاتی کۆچی دوایی وەک مرۆڤێکی جێگەی متمانە ناسیاویمان بە یەکەوە هەبوو، لە ساڵانی دەیەی حەفتای هەتاوی دا یەکێک لە دڵسۆزانی حیزبی دێموکرات و جێی متمانەی کادرەکانی حیزب بوو و جیا لە کادرەکانی نێو شاری سەردەشت لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوو دا دووجار لە نزیکەوە بە دیداری یەکتر شاد بووین و لە هەر دوو دیدارەکەمان دا قسەی یەکەم و هەروەها ئاواتی بەرزی نەمر کاک هیمن ئازادی کوردستان بوو.
ژیانی کاک هێمن سەربەرزی و سەرکەوتنی زۆری تێدا بوو، مرۆڤێکی سەرکەوتوو بوو، وەک قوتابی و خوێندکاری زانکۆ و وەک کاسبکار و دواتر وەک ئەندازیاری بەشی عەمران لە شاری سەردەشت کاری دەکرد و لە زۆر بواریشدا یارمەتیدەری خەڵک و هاورێ و ناسیاوانی بوو و هاوکات لە کۆڕ و کۆبوونەوە کاری مەدەنی دا هەنگاوی زۆر باشی هەڵێناوەتەوە و ئەندامی ئەنجوومەنی ئەدەبی سەردەم بوو، لەگەڵ ئەنجوومەنی شیمیایی شاری سەردەشت هاوکاری زۆری هەبوو، جیا لە هاوکاری ئەنجوومەنەکان، هاوکات مامۆستا و وانەبێژی زمانی کوردی بوو و بە سەدان کەسی وەک قوتابی لە بواری زمانی کوردی دا پەروەردە کرد و زۆر کاری خۆبەخشانەی دیکەی بە دڵەوە بەڕێوە بردن.
لە ژیانی خۆیدا لە پێگەیاندنی دەوروبەری خۆی ڕۆڵێکی باشی گێڕا، کەسێکی جوان نووس و خوێنەرێکی باشی کتێب و نووسراوەکان بوو، بە گشتی هەوڵی دەدا کە کۆمەڵگەی کوردستان لە بوارەکانی خوێندن و کاری ئیداری و هەرەوەزی و ڕێکخراوە مەدەنییەکان و هەروەها مەسەلەی زمانی کوردی و نەتەوەیی بەرەو ئاقاری سەرەوەتر بەرێ، لە هەموو بوارەکان دا ڕۆڵێکی کاریگەری گێڕا و دەست و پەنجەی بە زۆربەی کارەکانەوە دیار بوو.
کارەکانی ئەندازیار کاک هێمن بە ڕادەیەک زۆرن کە ناکرێ لە نوسینێکی کورتدا ئاماژە بە هەموو کارەکانی بکەی، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا وەک لە سەرەوە ئاماژەم پێکردوون بەشێکیان بوونە هۆی ئەوە کە جێگەی و پێگەی نەمر کاک هیمن لە نێو خەڵکدا دیار و بەرز بکا و لە هەمان کاتدا ببێتە خۆشەویستی کۆمەڵانی خەڵک و ببێتە جێ متمانەی هەموو توێژەکانی کۆمەڵگەی سەردەشت و دەوروبەری.
بە بۆنەی کۆچی دوایی ئەندازیار کاک هێمن حەسەنی لە ناخی دڵمانەوە سەرەخۆشی لە هاوسەری ژیانی و منداڵەکانی و گشت بنەماڵەی بەرێزیانو گشت خزمانیان لە نێوخۆی وڵات و دەرەوەی وڵات دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەمی لە دەستدانی ئەو مرۆڤە دڵپاک و بە هەڵوێستە دەزانین.
ڕووحی شاد و یاد و ناوی لە دڵان دا هەردەم زیندوو بێ.
حەمەڕەسووڵ کەریمی
ماڵپەڕی گیاڕەنگ