پێشمەرگە، دڵدارێکی جوانە.! جەلال حەسەنزادە
پێشمەرگە، دڵدارێکی جوانە.! جەلال حەسەنزادە
حەوت تەمەن ڕۆیی و خەیاڵم هەروا لە سەر بستووی سەر ئاسۆ لە چاوەڕوانیدا بەجێماوە، هەنیسک و فرمێسک و هەناسەی بە تاسەی گڕگرتووی ئاواتەکانم کە لە جێژوان بەجێماون، پەلە پڕوزەیانە بۆ ئاوێتە بوونەوەیەکی دیکە. بۆ مەگەر نازانی بە قەولی شاعیر دەفەرموێ “کوڵی گریانی شێعرێکم لە سەرشانت بەجێماوە”. هەر ئەو کاتەش کە ڕۆیشتم و بەلاَم لەبیرم چوو پێت بڵێم خولیا و خەیاڵی سەد حەز و خۆزگە و بریام لە داوێنت بەجێهێشت. ئێستاش پاش ئەو ماوە تاڵ و کەکرە ئاسایە لەسەر خەونەکانم بەدەم خەوی سەر ڕانتەوە و بە بالۆرەی ئاوازتەوە، دەچمەوە یادی ڕابردوو و بە هێمنی چاوەکانم لێک دەنێم.
شاعیر دەڵەی هاتۆتە ناخی منەوە و ڕازی دڵم دەدرکێنێ و پەیامم دەگەێنێ ” هەواری سەوزی ئاوات و گوڵی سادەی ئەوینم تۆی
هەتا هەست و هەناسەم بێ، پەریزادەی ئەوینم تۆی “.
لەم ڕێبەندانە بە شکۆیەی پشکوتنی هیواکان، پەیامم ئەدەم بەدەم بای شەماڵەوە هەتا بەرەو کوێستانی نوێنگەی ئەوین و دڵدارمی بەرێ. ڕاستەوخۆ وەک چۆن لاولاو بە پەرژینی گوڵ و داری وشک و چیلکە و چەوێڵدا هەڵدەزنێ، ئاوا من دەمەوێ بە ڕابردووا، بە سێبەرەکەتدا و بەو ڕۆژانەیا هەڵزنێم و چنگ لە ڕۆژگار گیرکەم، یان ڕاستتر بڵێم سەرم بخەمە نێو هەگبەی بیرەوەرییەکان و بۆت بدوێم. خەیاڵم نوقمی گەڕانە و چاوم مەستی تۆ بینین، هەودای بێ مەودای خەیاڵم پەلکێشم دەکات و دەڵێم: ئازیزەکەم ئەوە کە ئێستا، سەرکەوتنێکیترت دەبیسم و خەونی گڵاوی نەیار لە گڵ دەنێی، لە بەرزترین شوێنی کوردستان، لە شوێنێکی ئارام و مەند و خۆش، بەرزتر لە هەورەکان لەنگەرت گرتەوە، یان لە بن تاشەبەرد و ڕەوەزەکانی ژوانگەمان دانیشتوویی و گوێت لە زایەڵەی دەنگی منە کە لە ناخی دڵی گڕ گرتووم دێتەدەر.
هەر لەو شوێنەوە بۆت ئەڕوانم کە ڕۆژانێک پێکەوە لەسەر شەقامەکان پیاسەمان دەکرد، هەورازی کوڕ و ڕژد و هەڵەمووتمان بەیەکەوە دەبڕی، بێ ئەوەی هەناسەمان ببڕێ لە سەر لوتکە وچانمان دەدا. بزە لەسەر لێوانمان بوو، ئەوین لە دڵماندا رەگاژۆی کرد بوو، پێدەکەنین، هەودای بێ مەودای خەیاڵمان، رایەڵ و پۆی ئارەزووەکانمانی دەهۆنیەوە،
خەمەکانمان لەگەڵ یەکتردا بەشدەکرد و هیوای مەزنمان هەبوو، ئەو هیوایەی سەر لە نوێ چاوی بڕیوەتە کڵاوڕۆژنەی ماڵەکەت. ئەو شەوەت لەبیرە، شەوێکی ئەنگوستەچاو، لە ترسی شوومی شەوە، پەناگەمان بردە ئەوبەر پردە بە نەردە تەندراوەکەی تەنیشت ماڵی پیاوە چرچ و لۆچە بە هیمەت مەزنەکەی شوێنی حەوانەوەی سوارەکانی ڕێگەی پەیامهێنەرە هێورخوازەکەی کوردستان.
ئیتر ئێستا باش دەزانم ئێمە مرۆڤەکان، لە هەر بارودۆخێکدا بین، قۆناغێکە و تێدەپەڕێت، تەنیا شتێک کە بۆمان دەمێنێتەوە، بیرەوەرییەکانمانن.
بەڵام تۆ پێت وانەبێت کە هەر لەگەڵ بیرەوەرییەکانت دەژیم. هێشتاش، تۆ لە دڵمدا زیندوویی و هەرمانی، بگرە زیاتریش لە رابردوو.
دەزانی ئەم مانگە، چ مانگێکە؟
وادەی مانگی ڕێبەندانە مانگی ڕەنێو هاتنی بەروبووی ئەو هەژارە پڕکارەیە کە بێجگە لە خەمی توێشووی ژیانی، ئەویندارتر لە من و تۆ پەلەی پەڵەی ژیانی ئێمە بوو، کە هەرچی زووتر خونچەی ئەوینمان بپشکوێ. بێگومان لە یادتامە! ئەو رۆژەیکە لە پێناو ئاوێتەبوونی ئەوینی لەبن نەهاتووی داهاتوومان، جەژنمان گرت.
ئێستاش بۆمن هیچ جیاوازییەکی نیە کە تۆ لەکوێی، لە بوون و نەبوونتدا، هەتا ئەوکاتەی من لە ژیاندام، تۆ هەر لەلامی.
باش بزانە هەر لەخۆوە نیە دڵەکوتەمە، ترپەکانی دڵم لە ئەوینی تۆوە، ئیلهامی وەرگرتووە. بەڵێ، ئەوینی تۆ، سەرچاوەی هێز و وزەی منە. بەو هەواڵە فێنکایی کەوتەوە دڵم، لێرە، من و تەنیایی، رۆژ و رۆژگارمان پێکەوە تێپەڕ دەکەین. ئەزانم و لێم ڕوونە، تەنیاییش و ئەو دارە کە هەموو ڕۆژانی پشوو جێژوانگەی منی بێ یارە و بە دەم سەمای گەڵاکانیەوە گوێ بۆ وڕێنەکانم دەگرێ، هۆگر بە تۆ بووە و لە منەوە ئەوەندە گوێگری شێعر و پەخشان پێداهەڵگوتنەکانی من بەتۆ بووە، خۆشی دەوێی و دڵنەواییم دەداتەوە. بڕیارە ئەمڕۆ سەردانی بکەمەوە و باسی تۆی بۆ بکەم، پێکەوە ڕێڕەوی ژیان ببڕین و بەهێز بین.
ئەوە بزانە کە تۆم هەر لەبیرە و هەرگیز لە یادت ناکەم.
١٨ی ڕێبەندانی ٢٧٢٥
٦ی فێورییەی ٢٠٢٥
هولەند