مامۆستا عەبدوڵڵا حەسەنزادە: پێوەندیی حیزبی دێموکرات لەگەڵ دەوڵەتی عێڕاق پێوەندییەکی سەربەرزانە بوو
مامۆستا عەبدوڵڵا حەسەنزادە: پێوەندیی حیزبی دێموکرات لەگەڵ دەوڵەتی عێڕاق پێوەندییەکی سەربەرزانە بوو
دیمانە: عەلی بداغی
[ئاماژە: ئەم وتووێژەم ١٠ مانگ لەوەپێش لەگەڵ بەڕێز مامۆستا بەبۆنەی ساڵڕۆژی بۆمبارانی زیندانی “دۆڵەتوو”ی حیزب لەلایەن ڕێژیمی بەعسەوە کردوە و لە ژمارەی ٧٩٧ی ڕۆژنامەی “کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە. لەو وتووێژەدا چوومەتە نێو پێوەندییەکانی حیزبی دێموکرات و ڕێژیمی بەعس. هەروەها هۆکاری شاڵاوی هێرشەکان بۆ سەر شەهید د. قاسملوو. ڕەنگبێ ئەوکات بەشێکی زۆر لە هاوڕێیانم نەیاندیبێ. ئەوەی دامناوە پوختەکەیەتی، هەموویەکەی لە بەستەرەکە وەربگرن.]
***
پرسیار: مامۆستا بێینە سەر ئەسڵی بابەتەکەمان کە باس لە بۆمبارانی زیندانی دۆڵەتووە. دۆڵەتوو بۆ بۆمباران کرا؟ ئایا نیزیکایەتیی بەشێک لە حیزبە سیاسییەکانی باشووری کوردستان لە مەقەڕەکانی حیزبی دێموکرات هۆکار بوو؟ یان هۆکاری دیکەی هەبوو.
وەڵام: ئەمن بە هیچ جۆرێک وای بۆ ناچم کە هۆکارەکە هەر ئەوە بووبێ. چونکی جاری وا هەبووە لەوانیان داوە و دەکرا لە زیندان نەدەن، لەحاڵێکدا لە زیندانیان دا و لەوانیان نەدا. بەڵام بتەوێ و نەتەوێ دەورانی شەڕ بوو و شەڕیش لە نێوان دوو دەوڵەتدا بوو کە هیچیان ئەرزەشیان بۆ قانوونی نێونەتەوەیی دانەدەنا. ئامانجەکە ئەوە بوو کە چەندی بکرێ پتر زەربە لە لایەنی بەرامبەر بدەن و زیاتری لێ بکوژن. باشە ئەوە دامان نا کە زیندانی دۆڵەتوو هێزەکانی ڕێژیمی تێدا بووە، ئەدی سەردەشت چی کە بۆمبارانی شیمیایی کرا. بانە و مەهاباد و ناوچەکانی دیکەی کوردستان چی کە بۆمباران کران، زەردەی داڵاهۆ چی کە بە بۆمبی شیمیایی لێی درا. باسەکە ئەوەیە کە دوو لایەنی شەڕ دەیانەوێ زەبر لە یەکتری بدەن. لە عەینی حاڵدا ڕەنگە پێت سەیر بێ کە دەڵێم دەوڵەتی عێراق، -نایشارمەوە و شاراوەش نەبوو کە ئێمە پێوەندییمان لەگەڵی هەبوو؛ بەڵام -هێندەش چارەی ئێمەی نەدەویست. هیچ بۆی موهیم نەبوو زیندانیی ئێمە، یان پێشمەرگەی ئێمە دەکوژرێ. هەربۆیەش ئەوکات ئەو کردەوەیە، یانی ئەو بۆمبارانەمان بە شێوەیەکی زۆر توند و بە کەلیماتی زۆر توند مەحکووم کرد.
پرسیار: بە هێنانی وشەی فاشیست لە بەیاننامەکەدا؟
وەڵام بەڵێ بە عەمەلیاتێکی فاشیستیمان ناو برد.
پرسیار: مامۆستا باسی ئەو خەلەبانەی کە حیزب بە دیلی گرتبوو، چۆن بوو؟
وەڵام: ئەمن بۆخۆم چاوم لێ بوو دوو تەیارە لە ئاسمانی ناوچەی مەنگوڕایەتیی مەهاباد دەرکەوتن. بە چاو دەمدین، بەڵام نەمدەزانی کامیان ئی کام وڵاتن. یەکێکیان مووشەکێکی هاویشت کە وە ئەوی دیکە کەوت. یانی هەمووییم دیت. بەڵام ناوچەکە شاخاوییە و بە کەمتر لە ٥ سانیە یان ١٠ سانیە هەر دووکیان ون بوون. دوایە دەرکەوت لە دەوروبەری چوار پێنج کیلۆمیتر ئەولاتر ئەو تەیارەیەی لێی دراوە بەر بۆتەوە و تەیارەی ئێرانیش بووە. ئەو تەیارەیە بەر بۆوە و خەلەبانەکەی بە برینداری کەوتە دەستی پێشمەرگە. دەوڵەتی عێراقیش بەمەی زانی. هەرچی لە توانایدا بوو هەوڵ و تەقەلای دا بۆ ئەوەی ئێمە ئەو زیندانییەی ڕادەست بکەین، حیزبی دێموکرات نەچووە ژێر بار. حیزب گوتی ئەوە خەلەبانی ئێرانییە و لە خاکی ئێران و لە ناوچەی ئێمەدا کەوتۆتە ژێردەستی ئێمە و، ئێمەش خەڵکی ئێرانین و دەیدەینەوە بە دەوڵەتی ئێران. ئەوەندی کرا دەرمان کرا و دوایە بە حورمەتەوە تەسلیمیان کرایەوە.
پرسیار: مامۆستا بێینە سەر کاردانەوەکانی حیزبی دێموکرات بە بۆمبارانی زیندانی دۆڵەتوو، دیارە جەنابت بە کورتی باست لە بەیاننامەکە کرد؟
وەڵام: بەیاننامەکەمان وەکوو عەرزم کردی و بۆخۆشت خوێندووتەتەوە، بەیاننامەیەکی توند بوو. بەسەرهاتێکیش هەیە وابزانم جارێکی دیکەش هەر لە وتووێژێکی دیکە لەگەڵ خۆت باسم کردووە. لەبیرمە ماوەیەک پاش بەیاننامەکە بوو، دوکتور قاسملوو سەفەری دەرەوەی دەکرد و بە بەغدادا دەڕۆیشت. ئەمنیش لەگەڵی بووم هەتا بەغدا، لەوێ بەڕێم کرد و جا گەڕامەوە. لە کەرکووک لامان دا. لە مەرکەزێکی کە وابەستە بە موخابەراتی عێراق بوو. ئەوان بەشێکیان هەبوو تایبەت بە کاروباری ئێرانییەکان. شەهید دوکتور قاسملوو پێشتر چووبوو، بەڵام من نەچووبووم. لەو وەختەدا ئەمن بەرپرسی تەبلیغاتی حیزب بووم. کە چووینە ژوورێ بەخێرهاتنیان کردین دوکتور گوتی ئەوەش وەزیری ئیعلام (تەبلیغات)ـی ئێمەیە. هێشتا دانەنیشتبووین، مەسئوولەکە گوتی یانی بەیاننامەی دۆڵەتوو ئەوە نووسیویەتی! ئەمنیش بێ ڕاوەستان گوتم یانی عەمەلیاتی دۆڵەتوو جەنابت دەستوورت دابوو!؟ ئەوەمان گوت و دانیشتین. چایان هێنا. دوکتور قاسملوو هەڵیدایە گوتی: “بەیاننامەی دۆڵەتوو ئەمن نووسیومە، [ئێستا نازانم ئەو نووسیبووی یان نا، بەڵام ئەمن نەمنووسیبوو] ئەتۆ حەق بە خۆت دەدی زیندانم بۆمباران بکەی، زیندانیم بکوژی، پێشمەرگەم لێ شەهید بکەی، بەڵام حەق بە من نادەی مەحکوومی بکەم! حیزبی دێموکرات پێوەندیی ئاوا نازانێ.
کابرا بە ڕاستی کەوتە پتە پت و زۆر بە تەنگاوی عوزری هێنایەوە و گوتی قسەیەک بوو کردمان. ڕووداوەکەش هەڵەیەک بوو کرا، دەنا ئێمە چۆن زیندانی ئێوە بۆمباران دەکەین، هەڵەی خەلەبان بووە و لەو قسانە و پاساوی بۆ هێنایەوە.
پرسیار: مامۆستا هەموو هەوڵی ڕێژیم ئەوەیە کە بڵێ حیزبی دێموکرات گوێلەمستی حیزبی بەعس بووە و، لەو بەستراوەییەدا هیچ سنوورێکی نەپاراستووە. پێم خۆشە لێرەوە بچینە نێو پێوەندییەکانی حیزب دێموکرات و حیزبی بەعسەوە.
وەڵام: پێموابێ جارێکی دیکەش ئیشارەم پێ کردووە، پاش ڕووخانی دەوڵەتی عێراق [دەوڵەتی پێشوو] ساڵێک دوو ساڵ دواتر لێرە دوکتور مەحموود عوسمانمان میوان بوو. لە کۆبوونەوەیەکدا قسەی بۆ خەڵک کرد. شاهیدییەکی زۆر جوانی دا. باسی ئەوەی کرد کە پێوەندیی حیزبی دێموکرات لەگەڵ دەوڵەتی عێڕاق پێوەندییەکی سەربەرزانەیە، ئەو هەموو مەدرەکە، بە سەدان تۆن ئەوراقی دەوڵەتی وەدەست هێزەکانی دژی بەعس کەوت لاپەڕەیەکی تێدا نەبوو کە نیشانەی ئەوە بێ حیزبی دێموکرات خزمەتی دەوڵەتی عێراقی کردبێ. عەکسی ئەوەش شتی موسبەتی تێدا بووە.
پرسیار: باشە مامۆستا دەوڵەتی بەعس داواکاریی لەوچەشنەی لە حیزبی دێموکرات نەبووە؟
وەڵام: بەڵێ بوویەتی، بەڵام وەڵامی نەدراوەتەوە. ئەمن لەبیرمە و بۆخۆم شایەت بووم کە دەوڵەتی عێراق داوایان لە ئێمە کرد کەسێکی دژی ئەوان تێرۆر بکەین، جوابی حیزبی دێموکرات ئەوە بووە کە ئێمە تێرۆر بۆخۆمان ناکەین چۆن بۆ ئێوەی دەکەین.
بەهەرحاڵ بتەوێ و نەتەوێ کاتێک دوو هێز بەرامبەر بە هێزێکی دیکە شەڕ دەکەن لە باری گشتییەوە لە یەک سەنگەردان. چوونکی هەردووکیان بەرابەر بە هێزێک شەڕ دەکەن، کەواتە دەتوانین بڵێین ئێمە و دەوڵەتی عێراق بەو مانایە لە یەک سەنگەردا بووین بەرامبەر بە کۆماری ئیسلامی. هەردووکمان لە دژی ئەو شەڕمان دەکرد. بەڵام ئەوە هەم بە عەمەل و هەم بە قسە بەوان گوتراوە کە شەڕی ئێمە دژی دەوڵەتی ئێران هەم لە باری سروشتەوە و هەم لە باری ئامانجەوە فەرقی هەیە لەگەڵ شەڕی دەوڵەتی عێراقێ دژی دەوڵەتی ئێران. ئەوەی ئێمە شەڕی پارتیزانییە لەباری تیکنیکییەوە و هی ئێوە شەڕێکی جەبهەیی بە تانک و تۆپ و فڕۆکە و کاتیوشا و ئەوانە. لە باری ئامانجیشەوە ئێمە دەمانەوێ ئەو دەوڵەتە ناچار بکەین دان بە حقووقی ئێمە دابنێ لە چوارچێوی وڵاتەکەماندا، لە حاڵێکدا ئێوە دەتانەوێ بە قەولی فارس “کشور گشایی” بکەن. ئەوەتا ناوچەیەکی زۆری خوزستانتان داگیر کردووە و پێتان بکرێ پتریش داگیر دەکەن. کەوابێ شەڕی ئێمە بە جودایە و شەڕی ئێوەش بە جودا. تەنانەت جارێکی داوایان کرد پێشمەرگەی ئێمە بچێ لەگەڵ هێزەکانی ئەوان لە ناوچەی ئالانی سەردەشت عەمەلیاتێکی هاوبەش لەسەرهێندێک پایەگای ڕێژیم بکەن. ئێمە جوابمان دانەوە و گوتمان پێشمەرگەی ئێمە ئەگەر شەو داهات هەر هێزێکی چەکدار ببینێ، دەنگی دەدا و ئەگەر ناوی شەوی پێ نەبوو لێی دەدا. کەوابێ ئەگەر ئێوەش بێن پێشمەرگەی ئێمە لێتان دەدا. نەک عەمەلیاتی هاوبەشتان لەگەڵ ناکەین لێشتان دەدین.
پرسیار: کەواتە نەبووە کە مەسەلەن هێزێکی عێراقی بە هاوکاریی ئێمە هاتبێتە کوردستان بۆ شناسایی، یان بۆ زەربە لێدان لە هێزەکانی کۆماری ئیسلامی؟
وەڵام: بەهیچ جۆرێک هیچ هاوکارییەکی عەمەلەیاتی لە نێوان پێشمەرگە و ئەواندا نەبووە، دیارە ئەوان لە کوردستانیش عەمەلیات و تەنانەت جینایەتیشیان کردووە، هەم دەوڵەتی عێراق لە ئێران و دەوڵەتی ئێران لە عێراق. ئەوە شتێکی دیکەیە. بەڵام وەکوو بڵێین ئێمە پێکەوە عەمەلیاتی هاوبەشمان کردبێ، قەت نەبووە.
پرسیار: مامۆستا بۆ وەبیرهێنانەوە خراپ نییە باس لەوە بکەین کە لەو هەڵوێستە مێژووییانەدا تەنانەت حیزب بەیاننامەی ڕەسمیی هەیە ڕوو بە حکوومەتی مەرکەزی، کە ئەگەر حکوومەتی مەرکەزی مل بۆ داخوازەکانی کورد ڕاکێشێ ئێمە ئامادەین کە پێشمەرگەکانمان لەگەڵ هێزەکانی حکوومەتی تاران لە دژی حکوومەتی عێراق بچنە بەرەی شەڕەوە؟
وەڵام: ئەوە ئەو وەختە بوو کە شەڕەکە هەڵایسا و حیزبی دێموکرات بەیاننامەیەکی دەرکرد و ڕایگەیاند کە دەوڵەتی کۆماری ئیسلامی تەنیا لە قسەدا ئیعلان بکا کە ئێمە مافی خودموختاری بۆ میللەتی کورد بە ڕەسمی دەناسین، ئێمە هەموو هێزەکانمان لە جەبهەی شەڕ لەگەڵ هێزەکانی ئێران دەگێڕینەوە و شان بە شانی ئەوان لەدژی هێزەکانی عێڕاق دەکەوینە شەڕ. بەڵام لە جیاتیی ئەوەی ئەوە قەبووڵ بکەن ئەوەندی بۆیان کرا هێرشەکانیان بۆ سەر کوردستان بەرینتر کردەوە.
پرسیار: مامۆستا نووکە ڕمبی تەوبلیغاتە ژاراوییەی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر دوکتور قاسملوویە. بەڵام جەنابت پێشتر باسی ئەوەت کردبوو کە ڕێژیمی بەعس زۆر پیس لە دوکتور قاسملوو وەڕەز و بێزار بوو؟
وەڵام: زۆر تەبیعی بوو، چونکی دوکتور قاسملوو شەخسییەتێکی نێونەتەوەیی بوو و خەڵک قسەی لێ دەبیست. ئەو دواییانە لە ئەدەبیات و لە ئەسناد و با بڵێین فایلەکانی وڵاتانی خاریجیدا زۆر شت دەرکەوتن کە دوکتور قاسملوو ئەو وەختی لە دژی دەوڵەتی عێراق کردوونی و دەوڵەتی عێراق بەوانەی دەزانی. ڕەنگە جارێکی دیکە ئەوەشم باس کردبێ وختێکی کە خەبەری تێرۆری دوکتور قاسملوو هات ئەمن یەکسەر گوتم کاری عێڕاقە. شەهید دوکتور سەعید گوتی: “شتێک هەیە ئەتۆ ئاگات لێی نییە”. گوتم چی. گوتی: “دانوستانێک هەبووە لە نێوان ئێمە و کۆماری ئیسلامیدا”. گوتم جا ئەوجار مەعلوومە، چونکی ئەوان نەهاتوون دانوستان بکەن و هاتوون دوکتور قاسملوو تێرۆر بکەن. یانی بەو ئەندازەیە شکم لە حکوومەتی بەعس بوو. دیارە دوکتور قاسملوو بۆ خۆی کەسایەتییەکی گەورە و دیپلۆماتێکی پایەبەرز بوو، لە عەینی حاڵدا مەسئوول و ڕێبەڕی حیزبێکی گەورەی ئۆپۆزیسیۆنی ئێران بوو کە شەڕی لە دژی دوژمنەکەی ئەوان دەکرد. کەوابێ هەم لەگەڵ حیزبەکەی مودارایان دەکرد و هەم لەگەڵ دوکتور قاسملوو. دیارە ئەگەرچی زۆر بەحورمەتەوە هەڵسوکەوتیان دەکرد، بەڵام ڕوونە کە چۆن لە دوکتور قاسملوویان دەڕوانی.
پرسیار: لەبەر ئەوە کە دوکتور قاسملوو بە قسەی نەدەکردن و بە دڵی نەدەکردن؟
وەڵام: ئەی خۆ لە جێیەکی دیکە لە قسە بۆ ڕادیۆدا باسم کردووە، وتووێژێک هەبوو لەبیریشم نەمابوو بەڵام ئەو ماوەیە کاک محەممەدڕەزا ئەسکەندری داینابوو، لە بارەی مەرگی هێمنی شاعیرەوە. دوکتور قاسملوو زۆر جار کە دادەنیشتین دەیگوت ئەوانە [بەعس] فاشیستن. جا مامۆستا هێمنی ڕەحمەتی جارێکی سناریۆیەکی دروست کردبوو بە شۆخی لەسەر سوڵحی ئێران و عێڕاق [دوای ڕێککەوتنی ١٩٧٥ی ئەلجەزایر] کە ئێمە گیراوین و هەموومان ئێعدام دەکەن و بردوویانین و ڕیزیان کردووین بۆ ئێعدام. هەرکەس لەو وەختەدا قسەیەک دەکا یان عەمەلێک دەکا. قسەکەی دوکتور قاسملوو ئەوە بوو کە دەیگوت ها برادەران پێم نەگوتن ئەوانە فاشیستن. جا شتی ناخۆش وەبیر پیاو دێتەوە. هەر ئەو مامۆستا هێمنەی کە ئەو سیناریۆیەی ساز کردبوو و باوەڕی پێی هەبوو، کەچی وەختی خۆی کە جەماعەتی حەوت کەسی پەیدا بوون ئەویش دوکتور قاسملووی بە بەعسی ناو برد، بەداخەوە.
پرسیار: مامۆستا لە بارەی دوکتور قاسملووە ماوەیەک لەوە پێش بەڵگەنامەیەک بڵاو بۆوە کە دوکتور قاسملوو نامەیەکی بۆ سەدام حوسین نووسیوە و لەوێدا مام جەلال تاڵەبانی بە “برای بەڕێزم” ناو دەبا، یانی لەو نامەیەدا کە دەکرا کەسیش قەت پێی نەزانێ ڕوو بە سەرکۆمار و دیکتاتۆڕێکی وەک سەدام یەکێک لە دژبەرە هەرە سەرسەختەکانی ئەو بە برای خۆی ناو دەبا کە ئەوە دەگمەن و هەر لە کەسێکی وەک د. قاسملوو دەوەشێتەوە. هەر ئەوە بەشێک نەبوو لەو ڕق و قینەی بەعس لە د. قاسملووی هەبوو؟
وەڵام: ئەو ئازادمەنیشییەی حیزبی دێموکرات کە دەتوانین بڵێین بەشێکی بۆ دوکتور قاسملوو دەگەڕێتەوە، چونکی ئەو ڕێبەر و ئولگوو بوو بۆ هەموومان، زۆری دڵی دەوڵەتی عێراق دەئێشاند. مەسەلەن دانوستانی ساڵی ١٩٨٣ کە لە نێوان دەوڵەتی عێراق و یەکیەتیی نیشتمانی پەیدا بوو، لە ڕێگای حیزبی دێموکراتەوە بوو. هەوەڵین ئەڵقەی ئەمن لەوێ بووم لەگەڵ دوکتور قاسملوو. براکەی سەدام، بەرزان تکریتی کە ئێعدام کرا، خوا هەڵناگرێ زۆر بە ئەدەبەوە ڕوو بە د. قاسملوو گوتی: دوکتور ئەگەر ئێمە پەیامێکمان هەبێ بۆ کاکە جەلال، ئێوە لەو سنوورانە هیچ ئیمکانتان هەیە پێی بگەیەنن؟ دوکتور گوتی: ئەو قسەیە یانی چی؟ ئێمە ئەگەر هاتووین شەوێ میوانی مام جەلال بووین. بەڵێ ڕوونە کە پێی دەگەیەنین. یانی هیچکات ئێمە ئەوەمان نەدەشاردەوە. تەنانەت بێ ئەدەبییە ئەوەی دەگێڕمەوە. جارێکی لەسەر هێندێک لە کێشەکانمان کە لە قەندیلی هاتبووە پێشێ، لەگەڵ بەرپرسانی بەعس لە سلێمانی دانیشتبووین. مەرحووم کاک غەفوور هەمزەیی مەسئوولی پێوەندییەکانمان بوو. چووبووین لەگەڵ قائید فەیلەقی ئەوێ و نوێنەرێک کە لە بەغداڕا هاتبوو دانیشتبووین. هەروا کە قسەمان دەکرد ئەمن گوتم ئێمە خێری وانمان دەوێ، یانی کوردی عێراق. چونکی داوایان لێ دەکردین ئێمە لە قەندیل ڕێگە نەدەین ئەوان بەوێدا بێن و بچن. گوتم شتی وا چۆن دەبێ، ئەگەر ئەوە مافێک بێ مافەکە بەوانە هەتا ئێمە. ڕەنگە حەق بەوان بێ بە ئێمە بڵێن لێرە مەبن، چونکی ئێرە خاکی ئەوانە، نەک ئێمە داوایەکی ئاوامان لەوان هەبێ.
دوایە کە هاتین بچینە ڕانیە و لەوێ شتەکان تەتبیق بدەین، کاک غەفوور هەمزەیی گوتی: ئەرێ ئەتۆ دەزانی دەڵێی چی، ئاگات لە زمانی خۆت هەیە؟ گوتم ئا خۆ دەزانی ئەمن مەشڕووب ناخۆمەوە و مەست نەبووم. بەڵێ، زۆر چاک دەزانم دەڵێم چی. با ئەوان بزانن کە ئێمە دوژمنی کوردی عێراق نیین، بەڵکوو خێری وانمان دەوێ.