لەمپەرەکانی ئەوکات و دەرفەتەکانی ئێستا!

لەمپەرەکانی ئەوکات و دەرفەتەکانی ئێستا!
لە یادی ٧٩ ساڵەی دامەزراندنی کۆماری کوردستان لە دووی ڕێبەندانی ساڵێ ١٣٢٤ی هەتاویدا، وێرای پیرۆزبایی لە سەرجەم کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان، دەمهەوێ لە گۆشەنیگایەکی دیکەوە کە کەمتر سەرنجی خراوەتە سەر، ئەم وتارە بنووسم. ئەم وتارە زۆرتر لایەنی شڕۆڤە کردنی هەیە نەک گێرانەوەی ڕووداوە مێژویەکان. بۆ ئەوەی باسەکەشم پوختتر بێ، نووسینەکەم بە دوو قۆناغ دابەش کردوە کە هیوادارم جێگەی سەرنجتان بێ.
قۆناغی یەکەم: دەورانی دامەزراندنی کۆماری دێموکڕاتی کوردستان و لەمپەرەکان
زۆر جاری دیکەش لە سەر کۆمار و دەستکەوتە نەتەوەیەکانی باس کراوە و دەیان و سەدان وتاری لە سەر بڵاو کراوەتەوە. بەڵام من ئەمجارە لە ڕوانگەیەکی دیکەوە دێمە نێو ئەم باسە. لەم قۆناغەدا باسی لەمپەرەکان و بەربەستەکانی ئەوکاتی سەر ڕێگەی کۆمار دەکەم.
خاڵی بنچینەیی کە وەک لەمپەر لەو کاتدا دەکرێ ئاماژەی پێ بکەین، بارودۆخی نێو نەتەوەیی بوو. حیزبیدێموكڕات و کۆماری کوردستان کە لە کۆتایەکانی شەری دووهەمی جیهانیدا دامەزران و تا ئەو کات لە نێو کۆمەڵگای نێونەتەوەیدا پێگەیەکی ئەوتۆیان نەبوو و تەنیا هێزێکی نێونەتەوەیی کە بۆ ماوەیەک پشتی گرتن، یەکیەتی سۆڤیەت بوو کە ئەویش دواتر لە بەرامبەر نەوتی باکوری ئێراندا، پشتی تێ کردن و بەو شێوەیە حیزب و کۆمار بێ پشتیوانەی نێونەتەوەیی مانەوە. جگە لەوەش، پەیماننامەی سایکس پیکۆ کە لە جەنگەی شەڕی یەکەمی جیهانیدا بەسترابوو، وە بە پێی ئەو پەیماننامەیە کوردستانی بن دەستەڵاتی ئیمپڕاتۆری عوسمانی بە سەر تورکیە و عێراق و سوریەدا دابەش کرا بوو، نەک هەر خاکی کوردستانی دابەش کردبوو، بەڵکو هێز و توانی خەڵکی کوردستانیشی دابەش کردبوو. بەشی زۆری شۆڕش و ڕاپەڕینەکانی کورد لە نێوان شەڕەکانی یەکەم و دووهەمی جیهانی، لە لایان ئەو وڵاتانە کە کوردستانیان بە سەردا دابەش کرابوو، بە هاوکاری و پشتیوانی ڕاستەوخۆی زلهێزەکانی وەک فەڕانسە و بریتانیا و … سەرکوت کرابوون. ئەوەش ترس و نیگەرانی زۆری لە سەرجەم کوردستاندا بڵاو کردبۆوە. هەر لە سەردەمای دامەزراندنی کۆماردا بوو کە حکومەتی عێراق بە پشتیوانی زلهێزەکان، توانیان شۆڕشی باشووری کوردستان بە سەرکردایەتی مەلامستەفا بارزانی تێک بشکێنن و ئەویش بە خۆی و بە هێزێکی زۆرەوە ڕووی لە رۆژهەڵاتی کوردستان کرد و تێکەڵ بە هێزەکانی کۆماری کوردستان بوو. هاتنی بارزانیەکان ئەگەر لە لایە وەک هێزێکی کارامە و بە ئەزموون، مایەی دڵگەرمی بوون بۆ کۆماری کوردستان، لە لایەکیش نیشانەی تێکشکانی شۆڕشی کورد بوو لە پارچەیەکی دیکەی نیشتیمان.
ئەوکات نە لە باکوور و نە لە ڕۆژ ئاوای کوردستان، هیچ جموجۆڵ و بزوتنەوەیەکی دیار و بەرچاو نەبوو.
کەوابوو بارودۆخی نێو نەتەوەیی و ناوچەیی، نەک لەگەڵ کورد کۆک و تەبا نەبوو، بەڵکو بە پێچەوانە لە دژیشمان بوو.
لە نێوخۆی ئێرانێشدا جگە لە گەلی ئازەری، کە ئەوانیش حکومەتێکی نەتەوەییان دامەزراندبوو، هیچ کام لە گەلانی دیکەی ئێران، نە بەلوچ و نە عەرەب و نە تورکمان، بەو شێوەیە داوای مافی نەتەوەییان نەکردوە. دەستەڵاتدارانی فارسیش هەر وەک ئێستا بە هەموو توانایانەوە لە دژی بزوتنەوە ناسیونالیستیەکان وەستاەنەتەوە و بە پشتیوانی هێزە نێو نەتەوەیەکان سەرکوتیان کردون و سەروەت و سامانی ئەو گەلانەیان بە تالان بردوە.
لە نێوخۆی کوردستانیشدا کۆمار لە گەڵ چەندین گرفتی نێوخۆیی ڕووبەڕوو بوو. کوردستان لە بواری کۆمەڵایەتیەوە خاوەنی بافتێکی عەشیرەیی بوو، کۆمەڵانی خەڵک لە بێ سەوادیدا ڕاگیردرابوون، کۆمەڵگا هەژار و سوننەتی و بێ دەرەتان بوو. بەشێکیشی هەر لە بن دەستی هێزەکانی هاوپەیماناندا بوو. کۆمار دەرفەتی ئەوەی بۆ نەڕەخسا کە بەرەو سنە، کرماشان و ئیلام بڕوات. بۆیە مەیدانی کار و چالاکیەکانی چوارچێەوەدار بوو.
باسی ئەوەم کرد کە حیزبی دێموكڕات تازە دامەزرابوو، هێشتا ساڵێک لە تەمەنی تێنەپەڕی بوو کە کۆماری دامەزراند. هەر بۆیە کۆماریش دەرفەتی ئەوەی بۆ نەرەخسابوو کە لە بواری دیپڵۆماسیەوە هەنگاوی پێویست باوێژێ. تەنیا دەروویەک کە هەیبوو، سۆڤیەت بوو، ئەویش گوشاری دەخستە سەر کۆماری کوردستان تا سەر بە خۆ نەبێت و ببێتە بەشێک لە حکومەتی میللی ئازەربایجان. هەر چەند دۆستایەتی کۆمار و حکومەتی ئازەربایجان باش بوو، بەڵام ئەو گوشارەشی لە سەر بوو.
لە کۆتایەکانیشدا سۆڤیەت (ڕوسیە) پشتی لە هەردوو حکومەتە میللیەکە کرد. ڕێبەرانی ئازەربایجان بەرەو سۆڤیەت ڕۆشتن. کۆمار بە تەنیا مایەوە، بەڵام پێشەوا قازی محمد بە فیدا کردنی گیانی خۆی، هەم خۆی جاویدانە کرد و هەم کۆماریشی کردە دەستکەوتێکی مەزنی نەتەویی.
قۆناغی دووهەم:

بارودۆخی ئێستا و دەرفەتەکان
لەم وتارەدا دەرەتانی ئەوە نیە کە باسی سەرجەم ئەو ڕووداوانە بکەین کە لە دوای کۆمار تا روخانی ڕێژیمی پاشایەتی ڕوویان داوە، تەنانەت دەرفەتی ئەوەش نیە کە باسی ئەو خەبات و بەربەرەکانیە بکەین کە زیاتر لە ٤٥ ساڵە لە دژی ڕێژیمی کۆنەپەرستی کۆماری ئیسلامی ئێران بەڕێوە دەچێ و تێچوویەکی مرۆیی یەکجار زۆریشی هەبووە. بەڵام جێی خۆیەتی ئاماژە بەوە بکەین کە راپەڕێنی سالەکانی ٤٦ و ٤٧ و خەباتی خوێناوی دەیان ساڵەی حیزب و گەل لە پێناو ئامانجە نەتەوەیەکان، هەم حیزبی دێموكڕاتی پوختە و کارامەتر کردوە، هەم بزوتنەوەی کوردستانیشی زیاتر بە دونیا ناساندوە. ئێستا بەو پاشخانەوە حیزبی دێموکڕات و بزوتنەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە قۆناغێکی هەستیار و لەهەمان کاتدا پڕ لە دەرفەت، تێدەپەڕێ.
دەرفەتەکان هەم لە بەستێنی نێونەتەوەیدا بەرچاون هەم لە هەر چوار پارچەی کوردستان. جگە لەوەش بە خۆشیەوە ئەو ڕێژیمە کە ئێمەش لە گەڵی ڕووبەڕوین، بە هۆی ڕابردووی پڕ لە جەنایەت و ئاژاوەگێریەکەی لە جیهان و ناوچە و نێوخۆی ئێراندا، لە هەموو لایەک ڕا کەوتۆتە بەر گوشارێکی کەمەر شکێن و وێناچی بۆ ماوەیەکی درێژخایەن بەرگەی ئەم گوشارانە بگرێت.
لە بەستێنی نێونەتەوەیدا،وەک دەرفەت دەبێ ئاماژە بە پرۆژەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گەورە بکەین کە چەند ساڵێکە لە لایان زلهێزەکانەوە باسی لێوەدەکرێ. ئەم پرۆژەیە بێ ڕەبت نیە بە پەیمانی سایکس پیکۆوە. ئێستا زیاتر لە سەد ساڵ بەسەر ئەو پەیمانەدا تێ دەپەڕی. لەو پەیمانەدا بە شێوەی ڕەسمی، حکومەتی ئەمریکا هیچ ناوچەیەکی دیاریکراوی وەک ناوچەی ژێر دەستەڵاتی خۆی بۆ دیاری نەکرابوو. بەڵام ئێستا ئەمریکا گەورەترین زلهێزی جیهانە و ناتوانێ چاوپۆشی لەو سەروەت و سامانە زۆرەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکات. هەر بۆیە ئەوە چەند ساڵێکە هێزێکی زۆری هێناوەتە ناوچەکە و بە دوای بەرژەوەندیەکانی خۆی دایە.
لەم سەد ساڵەدا هەم ڕادەی حەشیمەت و هەم زۆر لە هەواڵبەندی و بەرژەوەندیەکان و تەنانەت شێوەی ئیدارەکردنی حکومەتەکانی ناوچەش ئاڵ و گۆڕیان بەسەردا هاتووە. هەر بۆیە نەخشەی ئەم ناوچەیە بەرەوە داڕشتنەوە دەچێت. ئەوە چەند ساڵێکە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست لە ژانی لە دایک بوونەوەیەکی نوێدایە. ئەوەی لەم پێوەندیەدا بە قازانجی کورد و بزوتنەوەکەی دەشکێتەوە ئەوەیە کە بە خۆشییەوە، بە پێچەوانەی سەردەمای کۆمار، زلهێزەکانی ڕۆژئاوا کە سێ دانەیان ئەندامی شورای ئەمنیەتی رێکخراوی نەتەوەیەک گرتوەکانن، نەک هەر لە ناکۆکیەکی قوڵ دان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی، بەڵکو لەگەڵ دەستەڵادارانی ئەو سێ دەوڵەتی دیکەش کە کوردستانیان بەسەردا دابەش کراوە، ناتەبان.
لێرەدایە کە دەبێ ڕێبەرانی بزووتنەوەی کورد بە لێزانیەوە لە مەیداندا بن و دەرفەتەکان لە دەست نەدەن.
خاڵێکی دیکەی گرینگ کە بۆ ئێستای بزوتنوەی کورد دەرفەتە، بەرز بوونەوەی هەستی ناسیونالیستی و پەرە گرتنی خەباتی ڕزگاریخوازانەی کوردە لە هەموو “پارچەکانی” کوردستان. نموونەی هەرە بەرچاوی ئەم بەرەو لوتکە چوونەی بیری ناسیونالیستی خەڵکی کوردستان، لە ڕیفراندۆمی باشووری کوردستاندا خۆی نواند. لە گەڵ ئەوەیدا کە ئەم ڕیفراندۆمە لە باشووری کوردستان بوو، بەڵام لە هەمان کاتدا بە شێویەکی ناڕاستەوخۆ رۆژهەڵاتی کوردستانیشی گرتەوە. هەر ئەوە کە لە کاتی ڕیفراندۆمدا سەرجەم شارو گوندەکانی “رۆژهەڵات” هاتنە سەر شەقامەکان و شاییان کرد و خۆشحاڵییان دەربڕی، خۆی لە خۆیدا ئەوەش ڕیفراندۆمی سەربخۆیی خوازی بوو. ئەو ڕیفراندۆمە بە گوێی دونیایدا چرپاند کە کورد چیتر ژێر دەستەیی قبوڵ ناکات و هەر لایەنێک بێ هەوێت لەم ناوچەیەدا جێ پێیەکی هەبێت دەبێ حیساب بۆ خاک و خەڵکی کوردستان بکات.
لە پێوەندی لەگەڵ ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا جگە لەو خەباتە پڕ تێچووەی کە بۆتە پشتیوانەیەکی بەهێز بۆ بزووتنەوەکەمان، شۆڕشی ژیناش بۆتە بەستێن و دەرفەتێکی یەکلایی کەرەوە. ئەو شۆڕشە لە کوردستان ڕا سەری هەڵدا و هەموو ئێرانی گرتەوە. ئەگەرچی ئەو کات لە ژێر شوێندانەری تەبلیغاتی شۆڤێنیزمی دەستەڵاتداردا قشری خۆڵەمێشی لە شارە گەورەکان لەگەڵ شۆڕشەکە نەکەوتن، بەڵام ئەو گوشارە ئابووریە کە ئێستا شارە گەورەکانیشی گرتۆتەوە و ئەو شکستە یەک لە دوای یەکانی کە ڕێژیم لە ناوچەکەدا توشی دێت، وێناچی چیتر درۆ و دەلەسەکانیان بوردئیان هەبێ و سەرئەنجام سەرجەم چین وتوێژەکانی کۆمەڵگای ئێران لە دژی ئەو نیزامە ڕادەپەڕن و ڕای دەماڵن.
کاتێک باسی دەرفەت دەکەین، ناکرێ لە ڕێژەی حەشیمەتیش خافڵ بین. لە سەردەمای سایکس پیکۆدا کورد بە شیوەی گشتی هەر چەند ملیۆنێک دەبوو کە ئەوەیش بە سەر چوار دەولەتدا دابەش کرابوو. بەڵام ئێستا حەشیمەتی کورد لە سەرووی چل ملیۆن دەبێ. ئەگەر کورد کۆدەنگی هەبێت و حیزب و ڕیكخراوەکانی هاوپەیمان بن، هیچ ‌هێز و دەستەڵات و ناوەندێکی نێو نەتەوەیی ناتوانی نادیدەی بگرێت بە تایبەتیش دوای ئەوەی کە هێزی کورد و پێشمەرگەی کوردستان لە شەری دژ بە داعشدا، نێو و نێوبانگی بە جیهاندا بڵاو بۆوە.
ئەوە دەرفەتێکی گەوریە کە زیاتر لە دوو دەیەیە، وڵاتانی غەربی بە کردار پشتی هەرێمی کوردستان و ڕۆژئاوای کوردستانیان گرتووە. ڕەنگە ئەو پشت گرتنە لە قەدەر چاوەڕوانی خەڵکی کوردستان نەبێت، بەڵام دەبێ ئەوەشمان لەبەر چاو بێت کە هێزە ناوچەیەکانیش رۆڵ و نەقشیان هەیە و هەموو شتێک بابەتی تەبعی زلهێزەکانیش ناچێتە پێش. بەڵام ئەوەی گرینگە بەردەوام بوونی ئەو پشتیوانیە.
بێ جێمان نەگووتوە کە بڵێین ئەو دوو قەوارە سیاسیە ئیداریەی لە باشوور و لە ڕۆژ ئاوا هەمانە، لە سایەی ئەو پشتیوانیە نێونەتەوەیەدایە. هەر لێرەدا جێ خۆیەتی کە بڵێم، بوونی حیزب ورێکخراوی سیاسی بە ئەزموون و خاوەن پێگەی بەرینی تەشکیلاتی و جەماوەری لە هەموو پارچەکانی کوردستان، دەرفەتی ئەوەی رەخساندووە تا کۆمەڵانی خەڵکیش باشتر مافە نەتەوەیاکانی خۆیان بناسن و لە کاتە پێویست و چارەنووس سازەکاندا بە بەربڵاوی لە سەر خەت بن و بە مانگرتن و خۆپێشاندانی جەماوەری دەنگی ماف خوازانەی خۆیان تێکەڵ بە دەنگی حیزب و رێکخراوەکانیان بکەن.
ڕەنگە زۆر خاڵی دیکەی گرینگ هەبن کە بکرێ وەک بەستێنی دەرفەت باسیان بکەین، بەڵام بێ گومان هەموو شتێک لە وتارێکدا جێی نابێتەوە.
با لە کۆتایی ئەم وتارەدا ئەو دووبارە بکەوە کە بە پێی هەموو لێکدانەوە و بۆچونێک، کۆماری ئیسلامیش لە داهاتوویەکی نە زۆر دووردا دەردی حکومەتی سەددام و بەشار ئەسەدی بەسەر دێت، هەر بۆیە لە ئێستاوە لازمە حیزب ورێکخراوەکانی ڕۆهەڵاتی کوردستان، خۆیان بۆ ئەو قۆناغە ئامادە بکەن و
هەموو لایەکمان بە لێبڕاوی و بە ڕاشکاوی بۆ دامەزراندنەوەی کۆماری کوردستان تێبکۆشین و لە مۆرکی تەجزیە تەڵەبی نەترسین. بائەمجارە کۆمارێک بونیاد بنێنەوە کەهەم خۆی و هەم یادەکەی لە دڵی مێژوودا تۆمار بکرێن و …
ئەوە ئێمە نین کە جودایی خوازین، بەڵکو ئەوانن کە داگیرکەرن.
هاشم ڕۆستەمی ٢٣،١،٢٠٢٥