پێشەکی بۆ کتێبی” شادمانترین پیاوی سەر زەوی”

پێشەکی بۆ کتێبی” شادمانترین پیاوی سەر زەوی”
نووسینی بەسەرهات و بیرەوەری، لەم سەردەمەدا بە شێوەیەکی بەرچاو پەرەی ئەستاندوە. بەشێکی زۆر لەم بەسەرهات و بیرەوەرییانە بە چەشنێک ورد و دەقیق دادەڕیژرێن و دەکرێن بە کتێب، کە هەم زۆر بە قوڵی کار لە ناخی خوێنەر دەکەن، هەم دەکرێ ببن بە سەرچاوە بۆ کەسانی لێکۆڵەرەوە و مێژوو نووس. کاتێک لە کتێبخانەکانی وڵاتانی جۆراوجۆردا بەدوای ئەم جۆرە پەڕتوکانەدا دەگەڕێی، بێ گومان بە هەزاران جۆر بیرەوەری و بەسەرهاتت دێنە بەرچاو کە هەر کامەیان باس لە لایەنێکی ژیان و، باس لە کەسایەتییەک لە بارودۆخێکی تایبەتدا دەکات. بەڵام زۆر سروشتییە کە لە هەلومەرجێکی ئەوتۆدا، کوردێکی خاوەن بیر و هزری نیشتیمانی، بە پاشخانی دەیان ساڵ خەبات و تێکۆشان بۆ ڕزگاری نەتەوەکەی و تەحەممول کردنی تاڵی و سوێرییەکی یەکجار زۆر لەو رێگەیەدا، لە کتیىخانەکانی وڵاتانی جیهاندا زۆرتر ئەم پەڕتوک و بیرەوەرییانە سەرنجی ڕادەکیشن کە ئازار و خەمەکان، بە سەرهات و نەهامەتیەکان و بە گشتی کۆی بەسەرهاتی نێو کتێبەکە، هەم لەگەڵ خەم و ئازارەکانی خۆی لێک نزیک بێ و هەم لە گؤڕەپانێکی بەربەرینتردا، وڵات و نەتەوەی خۆی لە نێو بەسەرهاتەکاندا ببینێتەوە. یەکێک لەو کەسە بە مشوور و کونجکۆڵانە کە سەرەڕای دەربەدەری و هەزاران کیلۆمیتردوور بوون لە زێد و نیشتیمانی خۆی، دڵی هەر بۆ نەتەوەکەی خۆی لێدەدا و لە هەر شوێنێک بێت دەی هەوێ بە گوێرەی توانا و ئیمکانی خۆی، خزمەتی گەلەکەی بکات، کاک عەلی شەخسی-یە.
کاک عەلی شەخسی و من، ئەگەر چی ئێستا قەدەر هەر کام لە ئێمەی بۆ گۆشەیەکی ئەم جیهانە هەڵداوە، بەڵام سەردەمایەک و لە “ڕۆژە سەختەکانی ” خەباتدا، وەک دوو هاوڕێ بە یەکەوە، چەک لە شان و قەڵەم بە دەست، وەک کادری سیاسی لە کۆمیتە ناوچەی باژار، لە مەنتیقەی سەردەشت، خەریکی تێکۆشان بۆ ڕزگاری نەتەوەکەمان بووین. بەڵام ئێستا ناوبراو لە وڵاتی ئوسترالیایە و منیش لە نۆڕوێژم. لە بواری جوگرافیاییەوە هێندە لێک دوورین بە چەشنێک کە نەک هەر کاتەکانی شەو و ڕۆژمان یەک نین، تەنانەت وەرزەکانی ساڵێشمان لێک دوورن و شەش مانگ جیاوازی وەرزییمان هەیە. لەگەڵ ئەم جیاوازیانەش، بە خۆشیەوە لە سایەی تێکنۆلۆژیای سەردەمەوە، بە بەردەوامی ئاگامان لێکتری هەیە و پێوەندیمان بەردەوامە.
ماوەیەک لەوە پێش زەنگی بۆ لێدام، دوای ئەحواڵپرسی، وتی دەستم بۆ کارێکی سەخت بردووە. یەکەم جاریشمە کە خۆم لە قەرەی کارێکی ئاوا گرینگ دەدەم. وتی بەسەرهاتێکم خوێندەوە و زۆر سەرنجی ڕاکێشام و پێم حەیف بوو کە خوێنەری کورد لە خوێندنەوەی ئەم بەسەرهاتە بێ بەش بێت، بۆیە لە ئینگلیزی ڕا کردومەتە کوردی. وتی داوات لێ دەکەم یارمەتیم بدە و پێشەکییەکم بۆ بنووسە.
پێشتر لە تؤڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک، زۆر بابەتی جوانی کاک عەلی-م دیتبوون. لە جوان نووسین و ڕەوان نووسیەکەی دڵنیا بووم. بەڵام ئەوەش دەزانم کە وەرگێڕان لە زمانێکی دیکەوە کە هەم شێوەی بیرکردنەوەکەی جوودایە و هەم لە بواری رێزمانەوە لە گەڵ ڕێنووسی زمانی کوردی جیاوازی بەرچاوی هەیە، کارێکی سەختەو و دیققەت و سەرنجی تایبەتی دەوێ. لەگەڵ ئەوەشدا زۆرم پێ خۆش بوو کە کاک عەلی هەر وەک سەردەمای پێشمەرگایەتی، نەترسانە دەستی داوەتە قەڵەم و دەی هەوێ بە وەرگێڕانی کتێبی بەسەرهات و بیرەوەری، کتێبخانەی کوردی دەوڵەمەندتر بکات. جا بە تایبەتیش کە ئەم بە سەرهات و بیرەوەریە هی کەسێک بوو کە لە هۆلاکۆست نەجاتی ببوو. ئەو هۆلاکۆستەی کە زۆربەمان کەم تا زۆر شتمان لە سەر بیستووە. ئەم هۆلاکۆستەی کە تا ئێستاش سەردەمدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران حاشا لە روودانی دەکەن.
هەر کە باسەکەم بیست وتم بە سەر چاو، بۆم بنێرە، چیم لە دەست بێت لە خزمەت دام. وەرگێڕدراوی کتێبەکەی بۆ ناردم. هەر چەند لەو سەردەمدا بە هۆی عەمەلیاتێک کە بۆ شانم کرابوو، بواری تەندروستیم زۆر باش نەبوو، لەگەڵ ئەوەشدا دەستم کرد بە خوێندنەوە و پێدا هاتنەوەی نووسراوەکە. هەر لە سەرەتاوە هێزێکی ڕاکێشەر، منی لەگەڵ خۆی برد و دێڕ بە دێڕ و پاراگراف لە گەڵ پاڕاگراف و لاپەڕە بە لاپەڕە کە دەچوومە پێشتر، دەمدیت کە زیاتر دەچمە نێو قوڵایی ئەو تڕاژیدیایەی کە لە سەردەمای هۆلاکۆستدا بە سەر جولەکەکان هاتووە. لێتان نایشارمەوە لە زۆر شوێندا دڵۆپ دڵۆپ فرمێسک لە چاوم هاتوونەتە خوار. فرمێسک بۆ ئەوەی کە کۆمەڵە خەڵکێک بێ سوچ و بێ تاوان، لە لایان گروپێک لە خەڵکێکی دیکەوە، بێ هیچ هۆکارێکی لۆژیکی، ئاوا دڕندانە قەتل و عام کراون. فرمێسکی غەم و خەفەت لە ئاست دڕندەیی کەسانێک کە بۆ بەرژەوەندی خۆیان، ژن و منداڵ و گەنج و پیر و ورد و درشت دەکەنە قوربانی. فرمێسک بۆ ئەو تراژیدیایانەی کە لە نێو دڵی ئوروپا دا ڕوویان داوە و ئێستاش بە شێوەیەکی دیکە و بە بیانوویەکی دیکە لە خۆرهەڵاتی نێوەڕاستدا روو دەدەن و گەلی بەش مەینەتی ئیـمەش چارەنووسێکی لەم چەشنەی هەیە.
ئەم بەسەرهاتە کە کاک عەلی شەخسی زۆر جوان و دەقیق چۆتە قوڵایی ناخی نووسەر و بە هەمان هەست و سۆزەوە کە نووسەر نووسیویەتی، ئەویش کردوویەتی کوردی، هی کەسێکە بە ناوی “ئێدی جاکوو”. ناوبراو لە وڵاتی ئاڵمان لە دایک بووە و تا بەر لە هۆلاکۆست نەک هەر خۆی بە ئاڵمانی زانیوە، بەڵکو شانازیشی بە ئاڵمانیی بوونی خۆی کردوە. بەڵام دواتر کە نازیەکان پەیدا دەبن و دواتریش دەستەڵات دەگرنە دەست، بارودۆخەکە تەواو دەگۆڕدرێت و تراژیدیای هۆلاکۆست دەست پێ دەکات و دەبێتە “ڕاوە جوولەکە. کارەساتی هۆلاکۆست کە تێیدا زیاتر لە شەش ملیۆن مرۆڤ بە تاوانی جوولکە بوون بوونە قوربانی و زۆربەیان لە کورە مرۆڤ سووتێنەرەکانی ئاڵمانیە نازیەکاندا سوتێندران، تا ئێستاش وەک پەڵەیەکی ڕەش بە نێو چاوانی مێژووی مرۆڤایەتیەوە ماوەتەوە.
“ئێدی جاکوو” نووسەری ئەم بەسەرهاتە، بۆ خۆی یەکێک لەودەگمەن کەسانەیە کە بە هەزار دەردی سەری، لە هۆلاکۆست نەجاتی ببوو و لە گەڵ بنەماڵە و نەوەکانی، هەر وەک کاک عەلی شەخسی خۆمان، لە وڵاتی ئوسترالیا گریسابۆوە، تا سەرئەنجام ساڵی ٢٠٢١ لە تەمەی سەد ساڵیدا کۆچی دوایی کرد. ئەو بە گێڕانەوەی بەسەرهاتەکانی و، نووسین و بڵاو کردنەوەیان، هەوڵی دەدا کە بۆ بەرگری لە دووبارە بوونەوەی ئەو تڕاژیدیایە، بەسەرهاتەکانی ئەودەم، بۆ ویژدانی زیندووی مرۆڤی ئەم سەردەمە باس بکات.
کاتێک کە ئەم پەرتووکەم خوێندەوە، لە زۆر شوێندا وام دەزانی کە بەسەرهاتی پڕ لە نەهامەتیی مرۆڤێکی کورد دەخوێنمەوە. دڵنیام کاک عەلی شەخسی-ش هەروای دیتووە، بۆیە بۆتە جێگەی سەرنجی و دەستی بە وەرگێڕانی کردوە. “ئێدی جاکوو” باس لە دوو هۆیەت بوونیی خۆی دەکات. ئەو هەم ئاڵمانی بووە هەم جوولەکە. کەچی لە ئاڵمان بە هۆی جوولکە بوون دەست گیر دەکرێت، دەربەدەر دەکرێت، دەخرێتە ئۆردوگای بێگاری و تەنانەت بەرەو کورەی مەرگیش دەنێردرێت. بەڵام لە هەمان کاتدا، لە کاتی ڕاکردنی بۆ وڵاتانی دەوروبەر، وەک ئاڵمانیەک کە بە قاچاغ چۆتە وڵاتی دیکە دەستگیری دەکەن و ڕەوانەی ئاڵمانی دەکەنەوە. ئەمەش ئەو تراژیدیایەیە کە هەزاران مرۆڤی کورد بە سەریان هاتووە. کوردیش لە تورکیە، ئێران، عێراق و سوریە بە تاوانی کورد بوون دەگیردرێ، دوکوژرێ، ئیعدام دەکرێ، لە کاتی ڕاکردن لەو وڵاتانەش، هەر بە پێناسەی ئەوانەوە ناچارە خۆی بناسێنی و …
لە بەشێکی دیکەدا “ئێدی جاکوو” بۆمان باسی ئەوە دەکات کە لە ئاڵمانیا بۆ درێژەدان بە خوێندن ناچار بووە ناوی خۆی (ناوی خۆی وەک جولەکەیەک) بگۆڕێت بۆ ناوێکی ئاڵمانی تا وەک جوولەکە نە ناسرێت و بتوانێ درێژە بە خوێندن بدات. لێرەشدا دەردی “ئێدی جاکوو” و زۆر تاکی کورد هاوبەشە. لە کوردستانیش بە هەزاران کەس هەن کە دوو ناویان هەن. ناوێکی کوردی و ناوێکی ئیدرای و دەوڵەتی. بە هەزاران کوڕ و کچی کورد هەن کە بنەماڵەکانیان ناوێکی خۆشی کوردییان بۆ داناون، بەڵام چوونکە لە لای ئەو دەوڵەتانە کە کوردستانیان داگیر کردوە، ناوە کوردیەکان ئیزن پێدراو نین، بە ناچاری ناوێکی دیکەشیان بەسەردا بڕاوە.
” ئیدی جاکوو” بۆ خۆی کەسێکی خوێندەوار و ئاکادێمیک بووە، هەر ئەوەش هۆکارێک بووە بۆ بەردەوام مانەوە لە ژیاندا. بەڵام جێگەی سەرنجە کە شانبەشانی ئەو زانست و “تێکۆنۆلۆژیایەی” کە ئەو لە کاتی خوێندندا فێری بووە و دواتر لە ڕەوتی ژیانە سەختەکەیدا فریای کەوتووە، ئامۆژگاری و نەسیحەتەکانی باوکی “ئێدی” جێگەی لێ ورد بوونەوە و لێ فێر بوونن کە بێ گومان بەرهەمی تەمەنێک ئەزموون و تاقی کارین. “ئێدی” زۆر جوان ئەو دوو بەشەی تێکهەڵکێشێ یەک کردوون و وەک دوانەیەک بۆ هۆکاری مانەوە لە ژیاندا ئاماژەیان پێ دەکات. لێرەدا جێگەی خۆیەتی ئاماژە بەوە بکەم کە لێرەشدا کەسایەتی ئێدی وکاک عەلی زۆر لێک دەچن. ئەگەرچی کاک عەلی لە سەردەمی لاویەتیدا بە هۆی بارودۆخی ئەو سەردەم و تێکەڵ بوونی لەگەڵ شۆڕشی ڕزگاریخوازنەی گەلەکەمان، دەرفەتی ئەوەی نەبوو کە درێژە بە خوێندن بدات و ببێتە کەسێکی ئاکادێمیک، بەڵام ئەو کوڕی پیاوێک بوو کە هەر وەک باوکی “ئێدی”، خاوەن ئەزموون و کەرامەتی بەرزی ئینسانیی بوو. باوکی کاک عەلی بۆ خۆشی یەکێک لە ڕێبوارانی ڕێگەی ڕزگاری نەتەوەکەمان بوو. ماوەیەکی زۆر بە خۆیی و بە سێ چوار کوڕەوە پێشمەرگەی حیزب و گەل بوو. ئێستاش لە زۆر مەجلیس و کۆڕ و کۆبوونەواندا، کاک عەلی نموونە بە ئامۆژگاریەکانی باوکی دێنێتەوە.
خاڵێکی دیکەی جێگەی سەرنج ئەوەیە کە “ئێدی جاکوو” بە هۆی جوولەکە بوونیەوە دەربەدەر بووە لە ئوسترالیا جێگر بووە، کاک عەلی شەخسی-ش بە هۆی کورد بوونیەوە هەمان چارەنووسی هەبووە. جگە لەوەش هەر وەک چۆن “ئێدی” دوای ئەو هەموو نەهامەتی و مەرگەساتەی بەسەری هاتووە، خۆی وەک شادمانترین پیاوی سەر گۆی زەوی پێناسە دەکات، کاک عەلی شەخسی-ش نایهەوێ کە خەمی ڕۆژگار لە پێی بخات و بەردەوام هەوڵ دەدات کە زیاتر پێ بگات و زیاتر شوێنی ئەرێنی لە سەر دەور و بەری دابنێت و هەوڵ دەدات تا خۆی و دەوروبەری خۆشتر و شادتر بژین.
کاک عەلی بە وەرگێڕانی ئەو کتێبە بۆ سەر زمانی کوردی، مەبەستیەتی کە هەم لە زمان کەسێكەوە کە بۆ خۆی هۆلاکۆستی دیتوە، لەگەڵ هۆلاکۆست و تراژیدیای ژیانی جوولەکەکانی ئوروپا ئاشنامان بکات، هەم پێمان دەڵێت کە رۆژە سەختەکان ئەبەدی نین و سەرئەنجام تێدەپەڕن. بۆیە دەبێ خۆڕاگر بین و “لە تاریکترین سەردەمەکانیشاد دەکرێ بە دوای ژیانی بەختەوەرانەدا بەگەڕێین”.
لە کۆتایی ئەم پێشەکیەدا، وێڕای دەست خۆشی گووتن بە کاک عەلی شەخسی، هیوای کاری زۆرتر و بەردەوامیی بۆ دەخوازم. هیواداریشم ئەم بەسەرهاتە کە لەم کتێبەدا ئاماژەی پێکراوە، هۆ کارێک بێ بۆ ئەوانەی کە تا ئێستاش بە دەمار گرژیی ئایینییەوە لە جوولەکەکان دەڕوانن، بە خۆیاندا بێنەوە و دوور لە دەمار گرژی ئایینی، هەموومان وەک مرۆڤ یەکتر ببینین و رێز لە روانگەکانی یەکتر بگرین.
ناکرێ بەر لە کۆتایی ئاماژە بەوەش نەکەم کە کۆماری ئیسلامی ئێرانیش ئەوە ماوەی زیاتر لە چل ساڵە، هەر وەک نازیەکانی ئەوکاتی ئاڵـمان، لە هەوڵی ئەوەدایە کە تۆوی ڕق و نەفرەت لە نێو خەڵکی وڵاتانی خۆر هەڵاتی ناوەڕاستدا لە دژی جوولەکەکانی ئیسرائیل بچێنی. ئەوەش ئێستا بۆتە مەترسییەکی گەورە بۆ هەڵگیرساندنی شەڕێکی گەورە.
هاشم ڕۆستەمی
نۆڕوێژ ١٨،٠٦،٢٠٢٤