پیڕۆزە ٢٠ساڵەی وەشانی بەردەوامی ماڵپەڕی گیاڕەنگ . عارف باوەجانی 

پیڕۆزە ٢٠ساڵەی وەشانی بەردەوامی ماڵپەڕی گیاڕەنگ . عارف باوەجانی

لە تەمەنێکی مێرمنداڵیمدا لە ڕێگەی میدیاکانی حدکاوە ناوی گیاڕەنگ م بیستبوو.

 تا وای لێهات بۆ خۆم لە ساڵی ١٩٨٨ وەک پێشمەرگەی حدکا نێردرامە هێزی زمزیران، کە تایبەت بوو بە ناوچەکانی ڕەبەت. هێزی گیاڕەنگیش تایبەت بە ناوچەکانی سەردەشت بوو. لەو کاتەدا بنکەکانی ئەو ٢ هێزە زۆر لە یەکەوە نزیک بوون. ناوچەکانی ڕەبەت و سەردەشتیش ٢ ناوچەی جوانی موکریانی ڕازاوەن کە  لە تەنیشت یەکتردان، ئەگەر هەڵە نەبم وابزانم تەنیا  جۆمی کەڵوێ دەکەوێتە نێوانیان. ئیدی لە گەشتی پێشمەرگایەتیدا لە نزیکەوە بە جوانییەکەی گیاڕەنگیش چاوم ڕوونبووەوە .

لە سەردەمانی ئاوارەی ناچاریمان بۆ هەندەران، لە رێگەی هەمان فەرماندەی سەردەمانی پێشمەرگایەتم واتە کاک حەمەڕەسووڵ کەریمی، دیسانەوە بە ناوی گیاڕەنگ گەشامەوە.

ئەویش ئەو ماڵپەڕی گیاڕەنگ دۆتکۆم بوو. کە لەو سەردەمەدا کەم میدیایەکی ئیلیکترۆنی  کوردی هەبوو کە هەواڵەکان و زانیارییەکانی زیاتر ڕوو بە ڕۆژهەڵاتی نیشتیمان بێت. بەڵام گیاڕەنگ دیسانەوە ئەو بۆشاییەی پڕکردبووەوە و ڕەنگاوڕەنگی کردبوو.

بەردەوام نووسینی من و سەدان لاوی دیکەی کوردستانی بڵاودەکردەوە و ئێستاش لەو بوارەدا بەردەوامە.

بە بۆنەی ٢٠ ساڵ وەشانی بێوچانی ماڵپەڕ و سوسیالمیدیای گیاڕەنگ! پیڕۆزبایی گەرم  ئاراستەی هاوڕێی تێکۆشەرە ماندوو نەناسم کاک  حەمە رەسووڵ کەریمی و خێزانی براژنە شلێر،  دەکەم. هیواخوازم هەمیشە شاد و سەربەرز و سەرفرازبن. نموونەتان زۆر بێت.

براتان

عارف باوەجانی / سەرۆکی پارتی سەربەستیی کوردستان. ١٦ / ٤ / ٢٠٢٣