ماڵپەڕی ڕەنگینی ‘’گیاڕەنگ’’ مۆمی تەمەنی بیست ساڵەی خۆی داگیرساند. ئەحمەد شێربەگی

ماڵپەڕی ڕەنگینی ‘’گیاڕەنگ’’ مۆمی تەمەنی بیست ساڵەی خۆی داگیرساند. ئەحمەد شێربەگی

‘’گیاڕەنگ’’ ناوێکی ئاشناو ئەزەلی ڕۆژهەڵات و بەتایبەتی دەوەری سەردەشتی سەرسەوزە، گیاڕەنگ ڕەوزولانی پلینگی چنگ بەگڕ و هەڵۆی بەرزەفڕەکانی نیشتمانە. کێوێکە کە خاوەنی  مێژوویەکی زێرینەو سەدان داستانی مێرخاسی وسەروەریی لە هەناوی خۆی دا تۆمار کراوە .

‘’گیاڕەنگ’’ لە کێوێکی سەربەرزی مەکۆی پێشمەرگەڕا بوو بە ئاگردانی پێشمەرگە، ئەویش  بەهیمەیەتی پێشمەرگەیەکی خاکەڕای خۆنەویست کە لەرێگای ئازادیی کوردو کوردستان داڕەنجی زۆری کێشا، زۆر شیودۆڵ وبەرازیی و زنارودەشتو کوێستان وگەرمێنی پێوا، لەزۆر شوێنی ئەم نیشتمانە بێ بەشە خوێنی گەشی تێکەل بە خاکی پیرۆزی کوردستان بوو، ئەو پێشمەرگەیە چەند بەشی لە جەستەی خۆشەویستیی لەم ڕێگایە دا بە کوردستان بەخشی، بەڵام نەتەنیا ئەم بەخشینو فیداکردنانە ئەم پێشمەرگە لێبڕاوە خاکی پۆشەیان لە ڕێبازیی پیرۆزیی پاشگەز نەکردەوە،  بەڵکوو هانیان دا لەم ڕێبازەدا کە ڕێبازی گەیشتن بە ڕووناکیە زیاتر لە خۆی مایە دانێ.

ئەمجار پێشمەرگەی ڕۆژە سەختەکانی شاخ کاک حەمەڕەسووڵی کەریمی لەسەنگەرێی دیکە داو بە هەموو گیروگرفتەکانی ژیانی تاراوگەیی بە هەزاران کیلومیتر دوور لە نیشتمانی دایک وەک شۆڕەسوارێک ئەسپی سەرکێشی کوردایەتی لە جەمسەری بەستەڵەکی باکوور دا تاو دا، بە کردنەوەی ماڵپەری ‘’گیارەنگ’’ دەرگایەکی دیکەی بە ڕووی جیهانی ڕۆژنامەگەریی کوردی دا کردەوەو ماڵپەری سەرسەوزی ئەلکترۆنی ‘’گیاڕەنگ’’ ی دامەزراند.

ئەم ماڵپەڕە لە ڕێکەوتی ٢٠٠٣ی زایینیەوە بوو بە زمانی هەمووچین وتوێژەکانی کۆمەڵگای کوردەواریی و بوو بە ئاڕشیوێکی دەوڵەمەنی خەباتی ڕزگاریخوازیی نەتەوەیمان…

’’گیاڕەنک” ئەگەرچی لەخاڵی سیفرەوە دەستی پێکرد بەڵام لەبەر ئەوەی پاشخانێکی مەزنی کوردایەتی لەپشت بوو توانی لە ماوەیەکی زۆر کەم دا جێگە وپێگەی خۆی لەنێو ماڵپەرەکانی دیکەدا بکاتەوە و ببێتە جێگای متمانەو باوەری هەموو لایەکی . تیڕێژی تیشکی خۆری ماڵپەڕی ‘’گیاڕەنگ’’ هەموو کوردستانی تەنییەوەو ڕووناکایی پێبەخشی.

لەناخی دڵمەوە ساڵوەگەری بیست ساڵەی دامەزرانی ‘’ماڵپەری گیاڕەنگ’’ لە بەرێزو خۆشەویست کاک حەمەڕەسووڵی کەریمی، لە هاوژینە سەربەرزەکەی خاتوو شلێری حەسەنپوور و هەروەها لە هەموو ئەو بەڕێزانەی لە پەلکەزێڕینەی ماڵپەڕی گیاڕەنگ دا کاریان کردوە و قەڵەمیان تاو داوە پیرۆزبایی دەڵێم و هیوای سەربەرزی وسەرکەوتنی هەرچی زیاتریان لەڕێگای گەشەئەستاندنی بیری کوردایەتی دا بۆ بەئاوات دەخوازم…

بەسپاسەوە.

شێربەگی ئەحمەد

٢٦ی خاکەلێوەی ٢٧٢٣ی کوردی

ئەحمەد شێربەگی