“گیارەنگ” و ئیرادەیەکی چیایی. عەلی بداغی

“گیارەنگ” و ئیرادەیەکی چیایی. عەلی بداغی

“گیاڕەنگ” کە بە هیممەتی چیایی و پێشمەرگانەی کاک حەمەڕەسووڵ کەریمی و خاتوو شلێر حەسەن‌پوور بەڕێوە دەچێت، لە ڕیزی یەکەم ماڵپەڕ و بڵاوکراوە ئینتێرنێتییەکانی ڕاگەیاندنی کوردی‌دایە.

لە سەردەمی هات و نەهات و پڕ چەرمەسەرییەکانی ڕاگەیاندنی کوردیدا لەوانەیە خاڵی هەرە بەهێزی “گیاڕەنگ” لە نەوەستان و بەردەوامییەکەیدا بێت، بەڵام ئەمە گرینگترینی نییە، بەڵکوو ئەوە بەپێزی، دەوڵەمەندیی، بەڕۆژبوون و خۆبەڕۆژکردنەوەی لە ڕووی فۆڕم و نێوەرۆکە، ئەو ماڵپەڕەی لەلای سەردانکەرانی خۆشەویست کردووە. لە هەمووش گرینگتر ئەخڵاق، پڕەنسیپ و ئەتیکێتی ڕۆژنامەنووسی کە لە “گیاڕەنگ”دا هەمیشە بە پێوەری سەرەکی داندراوە.

ئەمن لە یەکەم ڕۆژەکانی دەرچوونی “گیاڕەنگ”ەوە ئەو ماڵپەڕە بەپێزە دەبینم. دەستپێکی چالاکی و وەشانی “گیاڕەنگ” وەک ماڵپەڕێکی سیاسی-کولتووری- ئەدەبی هاوکات بوو لەگەڵ ساڵەکانی سەرەتای پێشمەرگایەتیم و بەهۆی شانازیی ناسیاریی دواترم لەگەڵ کاک حەمەڕەسووڵ، ئیدی گیاڕەنگ ڕووپەڕێک بووە کە بەردەوام سەردانم کردووە.

بەدڵنیاییەوە دەتوانم بڵێم سینگی “گیاڕەنگ” پڕە لە حەماسەی پێشمەرگە، گێڕانەوەی شکۆ و شانازییەکانی شۆڕش، ئاوێنەی خاڵە لاواز و بەهێزەکانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی نەتەوەی کورد. لە “گیاڕەنگ”دا هەواڵ و ڕووداوە گرینگەکانی پێوەندیدار بە کوردستان ڕووماڵ دەکرێن، وتار و وتووێژ و شرۆڤەی سیاسیی پێشهاتەکان بەرچاو دەکەون، پرسی ژنان و لاوان لەبیر نەکراوە و لینکی تایبەتیان بۆ کراوەتەوە، ئەدەبی بەرگری وەک بەشێک لە خەباتی شوناسخوازی جێگەوپێگەی شیاوی خۆی هەیە و دەرفەت بە تێکۆشەرانی کورد دراوە بە گێڕانەوەی بیرەوەرییەکانی خۆیان بەشێک لە مێژووی خەبات و جووڵانەوە بەرحەقەکەیان تۆمار بکەن و بۆ نەوەی پاش خۆیانی بگوازنەوە. تازەترین کاری بەبایەخی “گیاڕەنگ” کردنەوەی لاپەڕەیەکی تایبەت بە شەهیدانی “شۆڕشی ژینا”یە کە لەودا زانیاریی زۆر بەسود لە ژیانی ئەو شەهیدانەی خستۆتە بەردەستی بەردەنگەکانیان. هەموو ئەو کارانەی “گیاڕەنگ”یش کە بەڕاستی کاری کارانن نەدەکران ئەگەر کاک حەمەڕەسووڵ کەریمیی لەپشت نەبووبا، ئەگەر خاتوو شلێر یار و یاوەر و هاوکاری نەبا.

لەم دەرفەتەدا وێڕای ئەوەی ئاواتی سەرکەوتن و بەردەوامی بۆ “گیاڕەنگ” دەخوازم، سەری ڕێز بۆ هیممەتی چیایی کاک حەمەڕەسووڵی پێشمەرگە دادەنەوێنم کە نەک قەت تەسلیمی دۆخە دژوارەکانی ژیان و خەبات نەبووە، بەڵکوو بە خۆنەویستی دۆخە هەرە سەختەکانیشی بۆ بەردەوامیی خزمەت و ئەرکە نەتەوەییەکان هەموار و کەوی کردووە.

هەر هەبن و بمێنن بۆ خزمەتی زیاتری خاک و نیشتمان، بۆ خەبات لەپێناو پاراستنی بەها و بایەخەکانی وێژە و ئەدەب و ڕۆژنامەنووسی کوردی.

عەلی بداغی