یادی بیست ساڵەی گیاڕەنگ. ئەبوبەکر سێوەتاڵی

یادی بیست ساڵەی گیاڕەنگ. ئەبوبەکر سێوەتاڵی

ڕۆژی ٢٤. ٤ . ٢٠٢٣ ماڵپەڕەی گیاڕەنگ ٢٠ ساڵ خەبات و تێکۆشانی ڕۆژنامەوانی کوردی پڕ دەکاتەوە!

بەو بۆنەوە پڕ بەدڵ پیرۆزبایی بیست ساڵ خەبات و تێکۆشانی ڕۆژنامەوانی کوردی سەربەرز و سەرکەوتوانە بە گیارەنگی دڵ و گوڵ دەڵێین، هیوا دەخوازین قەت لە خەبات و تێکۆشان و گەشەو نوێبوونەوە دانەبڕێت و هەموو کات بەردەوام پەراوی ڕۆژنامەوانی کوردی گەشاوە و پڕ ناوەڕۆک و درەوشاوەتر بێت. هەروەها سڵاوی گەرم و بە تین دەنێرین بۆ بەڕێوەبەرانی ماڵپەڕەی گیارەنگی سەر سەوزو سەربەرز، کاک حەمە ڕەسوڵی کەریمی و خوشکە شلێری حەسەن پور، دوو مرۆڤی بەهەست وماندوونەناس و شۆڕشگێڕ و تێکۆشەر، کە بێ وچان لە خۆ بوردوانە توانیویانە بیست ساڵ ماڵپەڕەی گیارەنگ سەرکەوتووانە زیندوو ڕابگرن و بەڕۆژ کەنەوە، دەستیان خۆش بێت، دەستیان دەگووشین و چاویان ماچ دەکەین.

هەموو کات کە ناوی گیاڕەنگ دەبیسم بۆنی بەهار و گوڵ لالە تێکەڵی هەستم دەبێ و وەک جاران  پێشمەرگانە لە دامێنی گیارەنگ سەردەکەوم! بە نێوی گیاڕەنگ هەیکەلی کێوێکی زەبەلاح و سەربەرز،  لە ئاست دوژمندا لەشکان نەهاتوو لە ناخمەوە هەست پێدەکەم، خۆشمان دەوێ و دەسەر سەری دەگەڕێن و لە دامێن و لوتکەی دا دەبینەوە پێشمەرگە.

ڕۆژنامەی گیارەنگ لە ماوەی بیست ساڵ تێکۆشانی بێ وچانی خۆیدا خزمەتێکی زۆری بە پەراوی ڕۆژنامەی کوردی کردووە و بۆتە هاوکارێکی باشی نووسەران و خوێنەرانی کورد و هی تر، هەروەها بۆ گەشە و پاراستنی زمان و وشە و ئەدبیاتی کوردی گرینگی تایبەتی خۆی هەبووە لەگەڵ بەرۆژکردنەوەی هەواڵ و بابەت و ڕوداوەکانی ڕۆژ.

بە پیجەوانەی بەشێک لە ماڵپەرە و ڕۆژنامەکانی تر، بە هێنانی ناوی گیارەنگ دوژمنانی گەلی کورد دڵیان دەلەرزێ و ئەژنۆیان شل دەبن، هەموو کات لە ئاست خۆیاندا وەک پێشمەرگە سەیریان کردووە بۆیە قینیان لێیدەبیتەوە! تا ئێستا چەند جارە بلوکیان کردووە و دێرەکانیان تێکداون، بەلام وەک گیارەنگ و پێشمەرگە پەتەو قایم لە شوێنی خۆیەتی.

بەردەوام و بەڕۆژ بیت گیارەنگی خۆشەویست

١٥. ٤. ٢٠٢٣

ئەبوبەکر سێوەتاڵی