بە بیانووی بیست ساڵەی کاری بەردەوامی ماڵپەڕی گیاڕەنگ. کەماڵ حەسەن‌پوور

بە بیانووی بیست ساڵەی کاری بەردەوامی ماڵپەڕی گیاڕەنگ. کەماڵ حەسەن‌پوور

لە دنیای دیجیتاڵی ئەوڕۆدا، کە لافاوی هەواڵ و زانیاریی بەردەوام مێشک و دیدەمان پڕ دەکات، بوونی سەرچاوەی باوەڕ پێکراو گەلێک گرینگن. وەک پێشداش چەند جار ئاماژەم پێکردووە، ئەگەر لە سەدەی بیستەمدا باو بوو بڵێین زانیاریی دەسەڵاتە، لە سەردەمی ئینتەرنێت، سۆشیال مێدیا و تەڕاتێنی “کاریگەر” (influencer) دا، خۆلادان لە هەواڵ و زانیاریی ساختە و هەڵە، بە مانای خاوەن دەسەڵات بوونە.

گیاڕەنگ کاتێک هاتە مەیدانی دنیای دیجیتاڵەوە کە هێشتا کورد بە تەواوی خۆی لەو دنیا تازە و نامۆیەدا نەدیتبۆوە و ژمارەی ماڵپەڕەکانی لەو شیوەیە زۆر نەبوون. بێجگە لەوە، ئەوکات ئینتەرنێت وەک ئێستا بە تایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە شیوەی پێویست تەشەنەی نەکردبوو. ئەگەرچی دەسەڵاتدارانی کۆماری سێدارە ئێستاش هەموو هەوڵیان ئەوەیە خەڵکی ئێران بە گشتی لە ئینتەرنێتی ئازاد بێبەش بکەن، بەڵام دیسانیش لە بەراورد لەگەڵ بیست ساڵ لەوەپێشەوە، بەرەوپێشچوونێکی زۆر دەبیندرێ.

دروستە هێشتا زۆر کەس کاتیان بە گرتە ڤیدیۆی بێچوە پشیلەی جوان و شتی وەها تێپەڕ دەکەن کە بەگشتی بێجگە لە بەفیڕۆدانی کات، هیچ یارمەتییەک بە چوونە سەری ئاستی زانیارییان ناکات، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بوونی ماڵپەڕی وەک گیاڕەنگ دەتوانێ تا ڕادەیەک یارمەتیدەر بێ تا کەسانی تینووی زانیاریی دروست لە بوارە جۆراجۆرەکاندا، ڕوو بکەنە سەرچاوەی باوەڕ پێکراو.

بیست ساڵ تەنیا بە قسە خۆشە، لە ڕاستیدا کەسێکی سەوداسەری نیشتمانەکەی و بڵاو کردنەوەی هەواڵ و بابەتی نیشتمانیی نەبێ، ناتوانێ بە بێ ئەوەی دامودەزگایەکی دەوڵەتی یارمەتی بکات، خۆبەخشانە ئەو شاکارە جێبەجێ بکات. بۆ ئێمە کە ماڵپەڕی گیاڕەنگ بەردەوام یەکێک لە سەرچاوەکانی زانیاریی بووە، جێگای شانازیی و دەستخۆشییە (لە بەڕێوەبەرانی ئەو ماڵپەڕە)، کە لەگەڵ تێپەڕ بوونی کات، ماڵپەڕی گیاڕەنگ خۆی لەگەڵ تەکنیکی نوێ گونجاندووە و ماڵپەڕەکە، نە تەنیا لە ڕواڵەتدا، بەڵکو لە تەکنیکی داڕشتنی ماڵپەڕیشدا پێ بە پێی بەرەوپێشچوونەکانی تەکنەلۆژیا لەو بوارەدا، چۆتە پێش و کەڵکی لە تەکنیکی نوێ وەرگرتووە. بۆیە کاتێک سەردانی ماڵپەڕی گیاڕەنگ دەکەی هەست دەکەی ماڵپەڕیکی مودێرن و بەڕۆژکراوە، کە ئەو تایبەتمەندییە لە زۆر ماڵپەڕی کوردی لەو چەشنەدا نابینرێ.

لێرەدا پێمخۆشە پێشنیارێک بخەمە بەر دەم بەڕێوەبەرانی بەڕێزی ماڵپەڕی گیاڕەنگ. وەک دەزانین لە کۆنەوە گوتوویانە وێنەیەک هەزار وشە دێنێ. تەشەنە کردنی ئاپی وەک تیک تۆک و ماڵپەڕی وەک یوتیوب، ئەو ڕاستییە دەسەلمێنن. بۆیە پێشنیار دەکەم ماڵپەڕی گیاڕەنگ گرینگیی زۆرتر بە دەنگ و ڕەنگ بدات. لە هەوڵی کۆ کردنەوە و بڵاو کردنەوەی ناوەرۆکی بەکڵک لە شێوەی دەنگ و ڕەنگ دابێ. ئەزموونی تاکەکەسیی من پێم دەڵێ کە ڕێژەی ئەو کەسانەی کات بۆ خوێندنەوەی بابەتی دوورودرێژ تەرخان دەکەن، هەر دێتوو کەمتر دەبێ، بە تایبەتی لەناو جیلی تازە پێگەیشتوودا.

لە کۆتاییدا وێڕای دەستخۆشی و ماندوو نەبوونی لە بەڕێوەبەرانی ماڵپەڕی گیاڕەنگ، هیوادارم لە کارە بەپێزەکەتان بەردەوام بن و ئاواتەخوازم هەر وەک چۆن لە بیست ساڵی ڕابردوودا نیشانتان داوە بێ وچان هەوڵ بۆ بڵاو کردنەوەی بابەت و زانیاریی دەدەن، لەمەو بەدواش درێژە بەو ڕێچکەیە بدەن.

سەرکەوتوو بن!

کەماڵ حەسەن‌پوور