“گیاڕەنگ” وەک چیای “گیاڕەنگ”، هەردەم سەوز و گەش. جەعفەر شەریعەتی

“گیاڕەنگ” وەک چیای “گیاڕەنگ”، هەردەم سەوز و گەش. جەعفەر شەریعەتی

“بیست ساڵ” رەنگە بۆ لاوێک کە دەگاتە ئەم تەمەنە، تازە سەرەتای ژیانێکی سەربەخۆ و بە کوردییەکەی لەسەر پێ‌ڕاوەستانێک بێ، بەبێ دایەو بابەو کەسانی نزیک، بەڵام بۆ کاری مێدیایی و لە هەمووشی گرینگتر کار لە دنیای بێ‌سنوورەی “مەجاز”ی کە بە دەیان جار دژوارترە لە نووسین لەسەر لاپەرەیەک و بڵاو کردنەوەی، بۆ دەڵێم دژوارترە، چونکە لە دنیای تێکنۆڵۆژیی سەردەمدا نەتەنیا دەبێ لەکاری ڕۆژنانەنووسی دا کەسێکی شارەزا بی، بەڵکوو دەبێ لە هەمانکاتدا مرۆڤێکی کارامەو لێزان لە بواری بەکارهێنانی تێکنۆڵۆژیش دا بی. لەم دنیا بێسنوورەی ئێستادا دۆژمنەکانیش بێسنوورن و بەچاو خافڵ کردنێک دەتوانن تەواوی ڕەنج و ماندووبوونی چەند ساڵەت لێبکەنەوە بە خوری و لە خوێنەران و ئۆگرانی بابەتەکانت داتببڕن.

بەم پێشەکییەوە دەێمە سەر ئەوەی مەبەستمە دەربارەی ماڵپەڕی “گیاڕەنگ” بینووسم، “گیاڕەنگ” لەسەردەمێک دا لەدایکبوو کە خوێنەری کوردو ڕۆژهەڵاتی تازە وردە وردە دەستیان بە تۆڕی ئینترنێت ڕادەگەیشت و دەیانتوانی بۆ کەڵک وەرگرتن لە زانیاری و تەواوی ئەو بابەتانەی بۆیان پێویست بوو، سەردانی ماڵپەرەکان بکەن، “گیاڕەنگ” ڕێک لەم سەردەمەدا وەشانی خۆی لە دنیای ئازادو بێسنووردا بە ڕووی ماڵ، شوێنی کارو…ی کوردان دا دەست پێکرد.

“گیاڕەنگ” بوو بە ماڵی کۆمەڵە کەسانێک کە سەرەتای دەستپێکردنی کاری نووسین و بابەت بڵاوکردنەوەیان بوو، لەپاڵ ئەمەشدا بە بەردەوامیی هەوڵ و بابەتە ڕەسمییەکانی حیزبی دێموکرات کە کاک حەمەڕەسووڵ تەمەنی گەنجی و تەنانەت بەشێک لە لەشیشی لەپێناو ئامانجەکانیدا فیدا کردووە بووە.

“گیاڕەنگ” بوو بە سەرچاوەیەکی جێی متمانە بۆ سەرجەم ئەو کەسانەی وێڵی هەواڵ و زانیاریی حیزبەکەیان بوون و هەن. “گیاڕەنگ” بە ئەمانەتەوە بابەتی نووسەرانی بڵاو کردۆتەوەو بۆ گەشەپێدانی زمان، کولتوورو چاندی کوردی بیست ساڵ تەمەن ڕەنگە بە ژمارە کەم بێتە بەرچاو، بەڵام بە کاری بێوچان و هەدانەدانی شەو ڕۆژی، وەک چەند بیست ساڵی دەبێ، بۆیە تەنیا وشەیەک دەتوانم لە ناخی دڵەوە بیلێم و پێشکەشی کاک حەمەڕەسووڵ و هاوکارانی بکەم ئەوەیە: تەمەنتان درێژ، خامەو بیرتان هەروا بەرفراوان و “گیاڕەنگ”یش وەک چیای سەربەرزی گیاڕەنگ هەردەم سەوز و گەش بێ.

پێمخۆشە لە بیستەمین ساڵی وەشانی “گیاڕەنگ”دا پێشنیارێک ئاراستەی بەرێوەبەرانی بەریزی “گیاڕەنگ”  بکەم کە ئەگەر ئیمکانی هەیە و بۆیان دەگونجێ – بۆ دەستپێک- مانگنامەیەک لە هەڵبژاردەی ئەو بابەت و ڕووداوانەی لە “گیاڕەنگ”دا بڵاو دەکرێنەوە بە شێوەی PDF بڵاو بکەنەوە کە ئەمە لە چەند ڕووەوە بەکەڵک دەبێ، یەکەم خوێنەر بە سانایی دەستی بە بەشێکی زۆری بابەتەکان ڕادەگا. دووهەم بۆ هەڵگرتن و ئارشیو کردنی بابەتەکانیش دەکرێ بەکار بهێنرێ.

سپاس و رێز

جەعفەر شەریعەتی