“گیاڕه‌نگ” هه‌ر گیاڕه‌نگه. ڕەحمان حەسەن‌زادە‌

“گیاڕه‌نگ” هه‌ر گیاڕه‌نگه. ڕەحمان حەسەن‌زادە‌

 ئینترنێت و فەزای ئەلیکترۆنی بە درێژایی مێژوویەکەی یەکێک لە دیارترین داهێنانەکانی مرۆڤ بووە لە بواری درووستکردنی پەیوەندی و زانیاریدا. بەو پێیەی به‌ زه‌حمه‌تی زۆر و خۆبه‌خشانه‌تان بە دامەزراندنی سایتی “گیاڕه‌نگ” و پلاندانانی بنەڕەتی دەستڕاگەیشتن بە زانیاری سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووریتان بە ئاسانی و ئازادانە دابین کرد. هه‌ر بۆبه‌ بەڕاستی بەشدارییەکی گەورەتان هەیە لە بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری گشتی و دروستکردنی پەیوەندی و بڵاوکردنەوەی هەواڵی بەڵگەنامەیی.

من لەو بڕوایە دام کە هەڵبژاردنی ناوی گیاڕەنگ بەشێک لەو پڕۆسە پڕناوەرۆک و تۆکمانەیە به‌ قه‌د به‌رزی گیاڕه‌نگ که‌ بۆ ئەو سایتە ڕەنگینە هەڵبژێردراوە. گیاڕەنگ ڕەنگاڕەنگی گیا و سرووشتی ناوازەی چیایەک باس دەکا کە لە درێژایی زەمەن دا سەری هەر بەرز بووە و سەقامیگر بوون و خۆڕاگری بۆتە هه‌وێنی ژیان و به‌رخوودانی سەدان و بگرە هەزاران پێشمەرگەی دڵسۆز و گیانفیدای نیشتمان.

ئەگەر ئاوڕێک لە باروودۆخی بیست ساڵ لەمەوپێش و کەمبوونی پێوەندییەکان ئه‌وده‌م بێنینە بەرچاو و بەراوردی پێشکەوتنە تەکنۆلۆژیاییەکانی ئەوڕۆ بکەین، ڕادەی گرینگی بوونی وەها ئامرازی پێوەندی لە لامان سەدقات دەبێ.

ئەگەر لەسەرەتای به‌رخوودانی لاوانی کورد، ڕادیوێ کوردستان دەوری سەرەکی لە گواستنەوەی هەواڵ و زانیارییەکان دەگێڕا، بەپێی پێویست و هاوتەریب لەگەڵ ڕەوتی چوونه‌پێش لە گلۆبالیسمی زانستی، ئینتڕنێت بە هەموو قوورسایی هاتە ئەو بەستێنە و سینگی هێنایە پێش بۆ گواستنەوەی چرکەیی هەواڵ و زانیارییە سیاسی و ئەدەبی و فەرهەنگییەکان.

لە دایک بوونی سایتی گیاڕەنگ لەو کاتە و ئێستاشی لەگەڵ بێ، ئاخێزێک بوو، بۆ گشتگیر کردنی ڕەوتی داخوازی و ویستی مافی ڕەوای کورد لە چوار سووچی کوردستانێکی داگیرکراو کە بێگومان حەقی تەواوی داوە بە بەڕەو پێش‌چوونی ئەو بیرۆکە مەزنە کە جیهانی ئینترنێت کۆمان دەکاتەوە بەهەر چەشنە پێکهاتە فیکری و نەزەرییەکان. جا بە باوەڕی ئەز، سایتی گیاڕەنگ تەواو ئەو ئەرکە پیرۆز و نیشتیمانییەی پێکاوە و یەکێک لە خاڵە ئەرێنییەکانیشی بەردەوام بوونی ئەو سایتەیە لە کاتە خۆش و ناخۆشییەکانی جیهان بە گشتی و کوردستان بە تایبەتی.

هەنووکە بەدواداچوونی هەواڵ و زانیاری لەسەر شۆڕشە مەزنەکەی ژینا لە ماوەی شەش مانگی پێشوو، خۆی میداڵێکی شانازییە کە بە سینگی سایتی گیاڕه‌نگه‌وه‌ خۆی دەنوێنێ.

بێگومان کاروانی سەقافەت و ڕۆشنبیری کورد کاتێک لە وەستان نایە کە، هەموو تاکێکی کورد هاوڕا و هاوڕێ و هاودڵی یەکتر بن و شوێن پەنجەی ئەو سایتە سەنگینە لەو بزاڤە دا بە جوانی دیارە.

به‌ بۆنه‌ی بیسته‌مین ساڵی دامه‌زراندنی سایتی گیاڕه‌نگ و وه‌شانی بێ‌وچان، خوازیاری سەربەرزی و سه‌رفه‌رازیم بۆ ستافە دڵسۆز و ماندوونەناسەکانی ئەو سایتە بە تایبەت کاکە حه‌مه‌ڕه‌سووڵ کەریمی کە بەهۆی قارەمانەتی له‌ شه‌ڕی چەکداری دیفاع له‌ خاک و نیشتمان بریندار و که‌مئه‌ندام بووه‌ و هەرگیز زامه‌کانی جه‌سته‌ی نه‌یانتوانیوه‌ لە ڕادەی چالاکییەکانی کەم کاتەوە و دادە شلێر حەسەنپوور وه‌ک ژن و هه‌روه‌ها هاوژیانی کاک حه‌مه‌ڕه‌سووڵ توانیویه‌تی ئه‌رکی ماندووبوون و زه‌حمه‌ته‌کانی سایتی گیاڕه‌نگ وه‌کوو پێویست له‌سه‌ر شانی کاک حه‌مه‌ڕه‌سووڵ که‌م کاته‌وه‌ و یارمه‌تیده‌ری به‌کرده‌وه‌ی بێت. بۆیه‌ ساغی، سڵامه‌تی و به‌رده‌وامیان له‌ کاره‌کانیان دا بۆ خوازیارم.

ڕەحمان حەسەن‌زادە