گیارەنگ نموونەیەک لە ڕۆژنامەگەریی بیرمەندیی. ئازاد مستۆفی

گیارەنگ نموونەیەک لە ڕۆژنامەگەریی بیرمەندیی. ئازاد مستۆفی

ڕۆڵی میدیا لە بڵاوکردنەوەی هەواڵ و زانیاریی

سەبارەت بە ڕۆڵی ڕاگەیاندن پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە لەڕاستیدا نیگەرانییەکانمان لە جیهان ئەوەندە پەیوەندی بەوەوە نییە کە ڕوودەدات، بەڵکو زیاتر پەیوەندی بەوەوە هەیە کە ڕۆژنامەنووسان و میدیاکان پێمان دەڵێن ڕوویداوە و بە چ شێوەیەک ڕووماڵی دەکەن. بێگومان جۆری ڕووماڵکردنەکە کاریگەریی بەهێز لە کۆمەڵگە دادەنێت و ڕەنگدانەوە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکەی حاشاهەڵنەگرە. ڕۆڵی ماسمیدیا و بەتایبەت ڕۆژنامەگەریی لە قووڵکردنەوە و پەرەپێدانی ڕۆشنبیری و گەشەسەندنی سیاسی لە هەموو کۆمەڵگەکاندا کاریگەر بووە. ڕۆژنامەگەری دەتوانێت لە ڕێگەی درووستکردنی کەشوهەوای زانیاری سیاسی تەندروست و ڕەخنەگرانە و سووڕانەوەی ئازادانەی زانیاریی و پەرەپێدانی کولتوورێکی سیاسی و کۆمەڵایەتیی ئاشتیخوازانە لە گەشەسەندنی سیاسی و بەهێزکردنی دەسەڵاتی نەرم بەشداری بکات. ڕۆژنامەگەریی بە دروستکردنی کەشێکی ڕەخنەگرانە و زانیاری تەندروست دەتوانێت لە هەڵوێستی گشتگیرانەی خەڵک بەشداری بکات و ببێتە هۆی بەهێزبوونی پەرەسەندنی چەمکە دیموکراسییەکان لە کۆمەڵگەدا. چاپەمەنی سەربەخۆ و گەشەسەندنی سیاسی و کولتووری و کۆمەڵایەتی پەیوەندییەکی بەیەکەوە گرێدراویان هەیە. میدیا دەسەڵات و تواناییەکی دیاریکراوی هەیە لە ڕازیکردنی ڕای گشتیی و بڵاوکردنەوەی گوتارە خوازراوەکان، ئەمەش حاشا هەڵنەگرە و هەر بۆیەش هەر گرووپێکی حکوومەت، حیزبێکی سیاسی، دامەزراوەیەکی مەدەنی و کۆمەڵایەتی و هتد میدیایەکیان بۆ خۆیان دامەزراندووە.

لەم نێوەندەدا خراپ نییە باس لە بۆچوونی بیرمەندانی قوتابخانەی فرانکفۆرت بکەین کە میدیا بە گرنگترین ئامرازی پیشەسازی ڕۆشنبیری دەزانن، ڕەنگە باوەڕی “ئەدۆرنۆ” و “هۆرکهایمەر” کە ڕاگەیاندن هەوڵی تێکەڵکردنی بۆچوونی خەڵک دەدات هۆشیاری لە ڕێگەی پەیوەندی ڕێنمایی کراوەوە و ئەم دووانە پێیان وابوو کە میدیا مەیلێکی هەیە بۆ درووستکردنی یەکێتی فیکریی مرۆڤەکان لە نێو کۆمەڵگەدا بۆ پرسە ڕووکەشەکان و ئەمەش وەبیرهێنانەوەیەک بێ بۆ هەمان ڕۆڵی میدیا لە کاریگەریی جددی لەسەر شێوازی ژیان و جیهانبینی بینەر.

سۆشیالیمیدیا و شۆڕشێک لە خێرایی

٣٠ی ئەپڕیلی ١٩٩٣ ئەو ڕۆژە بوو کە Sir Timothy John Berners-Lee توانی پەردە لەسەر وێب لابدات و بەخۆڕایی بیخاتە بەردەستی خەڵک. بە وتەی ئەو، “ئینتەرنێت بە هەموو ناشرینی و جوانییەکەیەوە ڕەنگدانەوەیەکە لە مرۆڤایەتی و گرنگییەکەی ئەوەندە گەورەیە کە پێویستە بە یەکێک لە دۆسیەکانی مافی مرۆڤ هەژمار بکرێت”. لە هەمان ساڵیشدا بوو کە ئێران پەیوەست بوو بە هێڵی ئینتەرنێتەوە و دوای ئەوە توانی ڕۆڵێکی گرنگ بگێڕێت لە بڵاوکردنەوەی هەواڵ و بیرۆکە و چەمکە مۆدێرنەکانی دیموکراسی و مافی ژنان و.. و ئەم ڕەنگدانەوەیە لە “مرۆڤایەتی” بووە ڕەنگدانەوەی ڕێسا و ڕەفتاری نامرۆڤانەی حکوومەت و جوانییەکانی دیموکراسی و ناشرینییەکانی بناژۆخوازیی زیاتر بۆ خەڵک و جیهانیان دەرکەوتن.

بە پێی ڕاپۆرتێکی ئیسنا (یەکێک لە ئاژانسەکانی هەواڵی دەوڵەتی ئێران)، ٨٦٪ خەڵکی ئێران ئینتەرنێت بەکاردەهێنن. لەلایەکی دیکەوە ڕێکخراوی پەیامنێرانی بێ سنوور ڕایگەیاندووە کە ئێران لە خوارەوەی ڕیزبەندییەکەدایە و لە نێوان ١٨٠ وڵاتدا، ئێران لە ڕیزبەندی ١٧٦ی ڕاپرسییەکەدایە لە ڕووی ئازادیی ڕۆژنامەگەرییەوە.

لە دونیای ئەمڕۆدا لەگەڵ پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا فۆرمی هەواڵ گۆڕاوە و کەم کەس هەواڵ لە ڕۆژنامە و گۆڤارەکانەوە وەردەگرێت. بە مۆبایلە زیرەکەکان و تابلێتەکان و ئاسانکارییە مۆدێرنەکانی دیکەی ئەمڕۆ، ڕۆژنامە و گۆڤارەکان پێویستیان بە بەکارهێنانی ماڵپەڕی هەواڵ هەیە بۆ ئاگەدارکردنەوەی خەڵک، بۆ ئەوەی لە جیهانی دیجیتاڵی ئەمڕۆدا لە پێش تەکنەلۆژیاوە بمێننەوە و بەرهەمەکانیان بەزووترین کات بگەیەننە بەردیدەی هەمووان. مەبەست لە دانانی سایتی هەواڵ بڵاوکردنەوەی خێرای نوێترین هەواڵە و یارمەتی بردنەسەری ئاستی زانیاری خەڵکە.

گیاڕەنگ کوردستانێک لە ئەورووپا

خاکی کوردستان کە بەسەر وڵاتانی ئێران، عێراق، سووریا، تورکیا و هەروەها قەفقاز بەشکراوە، لە “بریتانیکا” خاکی کوردستان بە درێژی ٦٠٠ میل (٩٦٠ کم) و پانییەکەی ١٥٠ میل (٢٤٠ کم) مەزەندە دەکرێت. دوای شکستی سەفەوییەکان لە شەڕی چاڵدوران لەگەڵ عوسمانییەکان لە ساڵی ١٥١٤ی زایینی، بەشێکی زۆری کوردستان لکێنرا بە عوسمانییەکان. بەشێکی گەورەی بیست میرنشینی کوردستان کە دوو لەسەر سێی کۆی ڕووبەرەکانی لەخۆگرتبوو، بەتایبەتی پارێزگاری “بێتلیس”، کە لە خاکی عوسمانیدا دانرابوو.

بەپێی لێکۆڵینەوەی نووسەری ئەڵمانی فێردیناند هێنەربیچلەر لە کتێبی die kurden، ژمارەی دانیشتووانی کورد لە کوردستان تا ساڵی ٢٠٥٠ دەگاتە ٨٧.٣ ملیۆن کەس. لەو ژمارەیە ٥٢٪ لە تورکیا، ٢٥٪ لە ئێران، ١٦٪ لە عێراق، ٥٪ لە سووریا و ١.٥٪ لە قەفقاز دەژین. لە ئێستادا بەپێی ئاماری ڕێکخراوە ناحکوومییە کوردییەکانی ئەورووپا، پتر لە چوار ملیۆن کورد لە وڵاتانی ئەورووپی دەژین.

بەپێی تیۆرییە دەروونییەکان، مرۆڤەکان زۆرترین کاردانەوەیان دەبێت بەرامبەر بەو وشە و ڕێنماییانەی کە بە زمانی زگماکی خۆیان پێیان دەدرێن و خێراتر وەڵام دەدەنەوە. هەر لەبەر ئەم هۆکارەش ​​لەو وڵاتانەی کە هەوڵی ڕاکێشانی کۆمەڵگە جیاوازەکان دەدەن، میدیای جۆراوجۆر بەرنامەی ڕۆژانە بە زمانی ئەو کۆمەڵگەیانە پێشکەش دەکەن. بۆ نموونە لە بینای ڕادیۆ و تەلەفزیۆنی تاران کە خۆی شارۆچکەیەکە، بینایەکی جیاواز هەیە بە ناوی بینای “برونمرزی” کە لە ساڵی ١٩٨٤-ەوە وەزارەتی دەرەوەی ئێران بە هەموو توانایەوە هەوڵ دەدا کاریگەریی لەسەر ناوچە عەرەبی، ئەفریقی و ئەورووپیەکاندا هەبێت. لەو بینای برونمرزی-یەدا ڕۆژانە بە ٣٠ زمان بەرنامەی ڕادیۆیی بۆ ئەو وڵاتانەی دەیانەوێ کاریگەریی سیاسیان هەبێ، هەواڵ و بەرنامەی جۆراوجۆر پەخش دەکرێ.

هێشتا لە ماڵی کوردانی دانیشتووی ئەورووپا، کاتێک تەماشای تەلەفزیۆن دەکەیت و دەتەوێت سەیری کاناڵێکی تیڤی بکەیت، تیڤی کوردی لە سەرووی لیستەکەدایە. لەوەش زۆرتر تەماشای میدیای کوردی دەکەن بۆ بینین یان بیستن و ئاگەداربوون لە ڕووداوەکانی ئەو وڵاتەی کە تێیدا دەژین چونکە پتر باوەڕیان بەهاوزمان و هاونەتەوەی خۆیانە. لە وەها کەشوهەوایەکدا ٢٠ ساڵ لەمەوپێش کاتێک لە ڕێی کۆمپیۆتەرەکەمەوە کۆنێکتی هێڵی ئەنتەرنێت دەبووم بۆ دیتنی هەواڵ و زانیاریی سەبارەت بە کوردستان، تەنها چەند ماڵپەڕێک بوون کە دەبینران و یەک لەوان کە ئێستەش بەخۆشییەوە هەر گەشاوە دەدرەوشێتەوە؛ ماڵپەڕی گیاڕەنگە. جیاوازیی ئەم ماڵپەڕە لەگەڵ ئەوانیتر لەوەدا کە لە شێوازەکانی کاری ڕۆژنامەگەریی “ڕۆژنامەگەریی بیرمەند”ی هەڵبژاردووە.

ڕۆژنامەگەری بیرمەندیی ئەو بەشە لە ڕۆژنامەگەرییە کە ڕۆژنامەنووس بەفیکر و ئایدیایەکەوە ڕوو لە کاری ڕاگەیاندنی پرۆفێشناڵ دەکات و دەزانێ چی دەوێ و چۆن دەبێ بنووسێت و هەوڵ دەدات بەڕەچاوکردنی پڕەنسیبەکانی ڕۆژنامەنووسی لە جیهانی ئازاد و دیموکراتدا، ئەو چەمکەی باوەڕی پێیەتی بیناسێنێت. گیاڕەنگ خۆبەخشانە و خۆشبەختانە ٢٠ ساڵە پەنجەرەیەکی کراوەیە بەڕووی ئازادیی، دیموکراسی و کوردایەتییەوە کە جێی شانازییە. بێگومان ئەگەر خاوەنی وڵاتی خۆمان بوایەتین دەبوایە لەئاستێکی بەرزدا خەڵاتی شلێر خانمی حەسەنپوور و کاک حەمەڕەسووڵ کەریمی بکرابایە. بنەماڵەیەک پڕ لە دڵسۆزیی بۆ خاک و نیشتمان و دێموکراسی و وڵاتپارێزیی. بەوئاواتەوە کە لە کوردستانی ڕۆژهەڵات ڕێز لەم پێشەنگانەی ڕۆژنامەگەریی ئازاد و کوردپەروەری دیاسپۆرا واتە بنەماڵەی ئازیزی “کەریمی” بگیرێت و بەهەوڵدان بۆ بەردەوامیی ماڵپەڕی گیاڕەنگ، پیرۆزبایی خۆم ئاراستەی ئێوەی ئازیز دەکەم. ئومێدوارم ڕۆژێک رادیۆ و تەلەفزیۆنی گیاڕەنگ لە کوردستانی ڕۆژهەڵات دابمەزرێنین و هەروا مەکۆی کوردایەتی بێت.

ئازاد مستۆفی