زۆر بەڕێز بەرێوەبەرانی ماڵپەری گیاڕەنگی سەربەرز! هاشم ڕۆستەمی

زۆر بەڕێز بەرێوەبەرانی ماڵپەری گیاڕەنگی سەربەرز! هاشم ڕۆستەمی

تێکۆشەرانی دڵسۆز و فیداکاری رێگەی گەل و نیشتمان و ڕەوشەنگەری، کاک حەمەرەسوڵ کەریمی و خاتوو شلێر حەسەنپوور!

سەرەتا ئیزن دەخوازم کە  بە بۆنەی بیستەمین ساڵی بەردەوام بوونی ماڵپەڕی گیارەنگ لە ناخی دڵەوە پیرۆزباییتان پێ بڵێم و هیوای بەردەوامیتان بۆ بخوازم.

بەرێزان! بەر لەوەی باسی هەوڵ و تێکۆشان و زەحمەتەکانی بەرێزتان بکەم کە بێ گومان  قورسایی خزمەتەکانتان شان لە شانی قوڕسایی گیاڕەنگ دەدات، دەمهەوێ بۆ بەشێک لەو بەڕێزانەی کە ناسیاویی پێویستیان لە سەر گیاڕەنگ نیە، کەمێک لەم بوارەدا روون کردنەوە بدەم تا خوێنەرانی دڵسۆزی گیاڕەنگ باشتر بۆیان دەربکەوێ کە ناوی ماڵپەڕی گیاڕەنگ، هەڵگری کام پاشخانی جوگرافی و مێژووییە. گیاڕەنگ چۆنە بۆتە رەمز و سیمبوول؟ گیاڕەنگ چ ناوێکە و لە کوێ هەڵکەوتووە؟ گیاڕەنگ دەستە خوشکی کام چیای سەرکەشی دیکەی کوردستانە؟ گیاڕەنگ لە کەیەوە بە سەربەرزیەوە مەڵبەندی پاڕاستن و سەنگەری پێشمەرگەکانی کوردستان بووە؟ هەر ئەو گیاڕەنگەی کە ئێستا بۆتە سەنگەری پێشمەرگە قەڵەم بە دەستەکانی خاوەن هزر و ئەندێشە.

لە ناوچەی سوێسنایەتی مەڵبەندی سەردەشتی سەرسەوز، لە نێوان گوندەکانی دیواڵان و بەردەسوور و بوبانەدا، دوو چێای بڵند و سەرکەش لە پێدەشتەکانی دیواڵان ڕا بەرەو ئاسمان باڵایان کردوە و سەری بەرزیان بە سەر گوندەکانی نارستێ، دیواڵان، بوبانە، خێلە، بەردەسوور، و دۆڵێ داوداوێ و مامکاوێ و مەزرایەدا داییم لە روانین دایە. ئەم دوو کێوە سەربەرزە یەکیان لانک و ئەوەتریشیان گیاڕەنگە. ئەگەر چی ئەم دوو کێوە تەنیا دؤڵێک و ئاودڕێک لێکیان جوودا دەکاتەوە، بەڵام هەڵکەوتەی گیاڕەنگ جۆرێکە کە مەیدانی زیاتر و حەشارگەی پتری هەیە، هەر ئەوەش وای کردوە کە گیاڕەنگ ببێتە برا گەورە و ناو و ناوبانگی لە لانک زیاتر بڵاو ببێتەوە. گیاڕەنگ لە جووڵانەوەی ٤٦ ،٤٧ ی تێکۆشەرانی دێموکڕاتدا رۆل و نەقشی باشی گێراوە. زۆر جار شوێنی حەسانەوەو و حەوانەوەی مەلا ئاوارەی شەهید و هاوڕێیانی بووە. بە داخەوە سەرئەنجام هەر لە نزیک ئەم چیایەش، لە گوندی دیواڵان لە داوی ساواکی حکومەتی پاشایەتی کەوت و دوای دەرمانخوارد کردن، ئەسیر کرا و دواتریش ئێعدام کرا.

ساڵ هاتن رۆیشتن، حکومەتی پاشایەتی بە محمد رەزاشا وە گۆڕ بە گۆر بوو، بەڵام گیاڕەنگ هەر لە جێگەی خۆی قورس و قاییم مایەوە و بۆ جارێکی دیکەش، بەڵام ئەمجارە لە دژی لشکری سوپاسی جەهل و نەزانی کۆنەپەرستانی کۆماری ئیسلامی ئیڕان، بۆوە بە شوێنی حەسانەوە و پشت و پەنای پێشمەرگەکانی ڕێگەی ڕزگاری کورد و کوردستان. لە بناری ئەم چیایە خێوەت و سەنگەری پێشمەرگە لێدرایەوە. زۆری نەخایاند کە ناوی گیاڕەنگ نەک هەروەک رەمز و پەناگایەکی پێشمەرگانە، بەڵکو تێکەڵ بە رەمز و وشە تەشکیلاتیەکانیش بوو. گیاڕەنگ بوو بە ناوی کۆمیتە ناوچەیەکی حیزب لە ناوچەی سەردەشت کە بەشێکی بەرچاو لە گوندەکانی ناوچەی سوێسنایەتی لە خۆ دەگرت.

ئەگەر چی کێوی بە هەیبەتی گیارەنگ لە قەبارە و بارستاییدا، بەژن و باڵای زیادی نەدەکرد بەڵام لە خۆشەویستی و نێوبانگ دەرکردندا داییم لە هەڵکشاندا بوو. ئەوەندە هەڵکشا تا سەرئەنجام ناوی هێزی بە هەیبەتی پێشمەرگەکانی دێموکڕات لە ناوچەی سەردەشتی بۆ خۆی بڕا. لەوە بە دواوە ناوی گیاڕەنگ لە گەڵ تەقەی هەر پێشمەرگەیەکی حیزب لە ناوچەی سەردەشت چ لە ئاڵان بایە و چ لە میراوێ، لە رادیۆ دەنگی کوردستانەوە دەبیسترا. قارەمانەتی پێشمەرگەکانی حیزب لە ناوچەی سەردەشت و ناوی بە هەیبەت و سەربەرزی گیاڕەنگ ببوونە دوانەیەکی لێک دانەبڕاو. گیاڕەنگ ببوو بەو کێوە لە گیران نەهاتووەی هێزی گەل کە هەر ناوەکەشی دوژمنی دەخستە لەرزە. سەدان چالاکی و عەملیاتی گرینگی دوژمن شکێن، چەندین پلانی جاش تەزین، بە ناوی گیاڕەنگەوە ئەنجام دراون. هەزاران تێکۆشەری کورد گیان لە سەردەست لە سەنگەری پێشمەرگەیاتیدا  لە ژێر ناوی گیاڕەنگدا ئامادەی فیداکاری بوون، کە مخابن سەدان کەس لەو ئازیزانە گیانی خۆشیان هەر لەم رێگەدا فیدای خاک و نیشتمان کرد و سەری گیاڕەنگیان هێندەی تر بەرز کرد.

ئەمجارەش ساڵ هاتن رۆیشتن، وا دیارە گیاڕەنگ هەر بەوە دڵی تێر ئاو نەببوو کە تەنیا وەک رەمزی تەشکیلاتی و هێزی نیزامی وەمێنێ، هەر بۆیە بوو بە سەرێک لە نێو سەرانی دونیای ئەدەب و هونەر و سیاسەت و ڕەوشەنگەریدا. ئەمجارە هاتە نێو دونیای پان و بەرینی ئینتەرنێت و بوو بە ماڵپەڕێکی ئەلکترۆنیکی و ئەوە ماوەی بیست ساڵی ڕەبەقە ئەم ماڵپەڕە بە ناوی گیاڕەنگ، وەک کێوی گیاڕەنگ، بە ئیلهام وەرگرتن لە تەشکیلاتی گیاڕەنگ و بە وەزە وەرگرتن لە هێزی بە هێزی گیاڕەنگ مەیدانداری ئەم گۆڕەپانەیە.

کاک حەمەرەسوڵ کەریمی کە بەر لەوەی بێت بۆ دەرەوەی وڵات، یەکێک لە پێشمەرگە و فەرماندە هەر قارەمانەکانی دێموکڕات بوو و لەم ڕێگەیدا بەشێک لە جەستەشی فیدای خاک و خەڵکەکەی کردوە، لە کۆڵەپشتیەکەی خۆیدا ناوی گیاڕەنگیشی هێنا بۆ سوئێد. لە سوێێدیش ڕا لە رێگەی تۆڕی ئینتەرنێتەوە و بە وەڕی خستنی ماڵپەڕێک ناوی گیارەنگی بە هەموو جیهاندا بڵاو کردەوە.

ئەگەر لە چل و شەش و چل و حەوت دا گیاڕەنگ شوێنی حەسانەوەی مەلا ئاوارە و هاوڕێێانی بوو، ئەگەر لە سەردەمی رێکخستن و شانەبەندیدا گیاڕەنگ ناوی کۆمیتە ناوچە و سیمبولی تەشکیلاتیی بوو، ئەگەر لە شەری دژی پاسدارانی کۆماری ئیسلامیدا گیاڕەنگ رەمزی خۆراگری و بەرخودان و ناوی هێزی بە هەیبەتی پێشمەرگەی مەڵبەندی سەردەشت بوو، ئێستاش بە خۆشیەوە لە سایەی زەحمەتەکانی کاک حەمەرەسوڵ کەریمی و خاتوو شلێری حەسەنپوور( شەریکە ژیانی کاک حەمەرەسوڵ) گیاڕەنگ هەر بە پێوەیە و بۆتە سەنگەرێکی قاییم بۆ ئەوکەسانەی بە چەکی پێنووس، لە دژی جەهل و نەزانی و دوژمنانی گەل و نیشتمان خەبات دەکەن.

کاک حەمەرەسوڵ و خاتوو شلێر! سوپاس بۆ زەحمەتەکانتان! دەستتان خۆش بێت و ماندوو نەبن. ئەوەی ئێوە کردوتانەو دەیکەن، کارێکی تاقەت پروکێنە و تەنیا ورەی بەرزی پێشمەرگانەتانە کە توانای خۆراگری زیاتری بە ئێوە بەخشیوە و خۆراگرانە بەرگەی سەختیەکانتان گرتووە. من بۆ ماوەیەک بەرپرسی ماڵپەری رۆژهەڵات تایمز بووم، لەوە را دەزانم کە کارەکەی ئێوە چەند سەختە. ئەو کات کە بەرپرسی رۆژهەلات تایمز بووم، نزیک دە هاوڕێی بە توانا لە هەموو بوارەکاندا هاوکارییان دەکردم، بەو حاڵەش دوای چەند ساڵێک ناچار بە دا خستنی بووین. ئەوەم بۆیە نووسی تا سەرجەم هاوڕێێان زیاتر لەم بوارەدا بەرچا روونیان هەبێت کە بە ڕاستی ئیدارە کردنی ماڵپەریکی لەم چەشنە چەند قورس و گرانە. جا ئەویش ئەو دوو کەسە کاک حەمەرەسوڵ و خاتوو شڵێر بن کە شەو رۆژیش خەریکی کاری حیزبی و نیشتمانین.

هەر بژین بە سەربەرزی و بمێنن بۆ گەل و نیشتیمان

هاوڕێتان هاشم رۆستەمی