بۆ گیاڕەنگی ڕەنگین. مستەفا شەڵماشی

بۆ گیاڕەنگی ڕەنگین. مستەفا شەڵماشی

ئەوا بوو بە بیست ساڵ کە بە هیممەت و ماندوو بوونی کەسێکی دڵسۆز بە نەتەوە و نیشتمان، و بە هاوکاری هاوژینە بە ڕێزەکەی و دۆستانی بە وەفای ئەو مێدیا ڕەسەنە سایتی پڕ نێوەرۆکی “گیاڕەنگ” وەشانی خۆی دەست پێکردووە. بەڕێز کاک حەمەڕەسوڵی کەریمی و شلێرخانمی خێزانی، ماندوویی نەناسانە، سەرەڕای گرفتی زۆر و کار بۆ ژیان و کاری نەتەوەیی لە چوارچێوەی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران دا، شە و ڕۆژیان خستوەتە سەریەک و بە هاوکاری دۆستانی نێشتمان پەروەری دیکە و ژمارەیەکی بەرچاو لە قەڵەمی بە پێز ونیشتمان پەروەر ناوەندێکی خنجیلانەیان خستوەتە سەر مێدیای کوردی بە ناوی”گیاڕەنگ”

بە بۆنەی ساڵڕۆژی بیست ساڵەی وەشانی سایتی “گیاڕەنگ”ەوە پڕ بە دڵ پیرۆزبایی لە بەرپرس و هەڵسوڕێنەرانی سایتی گیاڕەنگ دەکەم و داوای سەرکەوتنی هەرچی زیاتریان بۆ دەکەم. هیوادارم ساڵانێکی زۆری دیکە گەلەکەمان لەو سایتە پڕنێوەرۆکە و لە بەرهەمی ڕەنگینی نوسەرانی بەهرەمەند بێ. سایتی “گیاڕەنگ” یەکێک لە مێدیا هەرە باش و ئەمانەتدارەکانە. تا ئێستا لە ماوەی بیست ساڵ دا بۆ یەک جاریش مەتڵەبێکی بڵاو نەکردوەتەوە کە دژی بەرژەوەندیە باڵاکانی نەتەوەکەمان بێ. بە پێچەوانەوە لە تام وچێژێکی کوردانەوە زۆر بابەتی پڕنێوەرۆکی بڵاو کردوەتەوە کە سەرتاپایان بەرگری لە دۆزی ڕەوای نەتەوەکەمان بووە.

ئەو مێدیا بە خزمەتە بە بێ گوێدانە بیر وبۆچوونی نوسەرەکان و بە شێوەیەکی بێ لایەنانە و بێ سانسۆر نوسراوەی گەلێک نووسەری کوردی بڵاو کردوەتەوە وبە ئەمانەتەوە بیر وبۆچوونەکانی ئەوانی بە خوێنەرانی خۆی ناساندووە. هەر ئەو ڕێکارە باشە کارێکی کردووە کە زۆر نوسەری بە توانای گەلەکەمان بابەت و لێکۆڵینەوەی پڕنێوەرۆک و گرنگی لە هەموو بوارەکان دا بۆ بنێرن. بۆیە بە ڕاستی هەڵدەگرێ بڵێین سایتی “گیاڕەنگ” زۆر ڕەنگینە. باسەکانی ئەدەبی، هونەری، کۆمەڵایەتی، سیاسی و تەنانەت زانستیش لە خۆ دەکرێ.

هەروەها ووتووێژ لەگەڵ کەسایەتیە سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئەدەبی وهونەریەکان ڕەنگدانەوەیەکی باشی لەو سایتە دا هەبووە. بەجۆرێک کە دەکرێ وەک ئارشیڤێکی دەوڵەمەند لە تۆمارکردنی ڕووداوەکان وپۆلێنکردن و هەڵسەنگاندنی بەسەرهاتەکانیش چاو لێ بکرێ. گومانم لەوەدا نییە کە ئاڕشیڤی “گیاڕەنگ” دەتوانێ خزمەتێکی زۆر بە نرخ بە لێکۆڵەرەوەو پسپۆڕیە جۆراوجۆرەکان لە هەموو بوارەکان دا لە داهاتوو دا بکا.

جگە لە هەمووی ئەوانە “گیاڕەنگ” سایتی خۆشەویستترین توێژەکانی نێو جووڵانەوەی ڕزگاریخوازیی نەتەوەکەمانە، کە “پێشمەرگە” یە. هەڵسووڕێنەری ئەو مێدیایە بۆ خۆی یەکێک لە پێشمەرگە ئازا و بەجەرگەکانی گۆڕەپانی کوردایەتی بووە. لە مەیدانی بەربەرەکانی قارەمانانە دا ئەندامی جەستەی خۆی لە دەست داوە. ئەو پیشمەرگەی هەموو مەیدانەکانە. پێشمەرگایەتی، ڕێکخستن، ڕاگەیاندن و کاری سیاسی، لە هەموان دا پێشقەدەم و لێهاتوویە. بە هەڵسووڕانی بەردەوامی خۆی لە هەمو ڕێچکەکانی خزمەت بە نەتەوە دا تاقیکردنەوەی خۆی داوە و متمانەی هاوڕێیان وناسیاوانی خۆی بەدەست هێناوە. هەربۆیەش متمانە بە “گیاڕەنگ”یش یەکێک لە کلیلەکانی سەرکەوتنی ئەو سایتەیە.

لە کۆتایی دا داوای سەرکەوتن بۆ گیاڕەنگ و لەشساغی و بەختەوەری وسەرکەوتن بۆ هەڵسووڕێنەرانی  و بۆ نوسەرانی دەکەم.

مستەفا شڵماشی