گیاڕەنگ. برایم فەڕشی

گیاڕەنگ. برایم فەڕشی
سەردەمێک کورد کۆمەڵێک ماڵپەڕی باش و پڕ لە هزری هەبوو کە لە دەرەوەی کوردستانەوە بەڕێوەدەبردران، زۆربەیان نەماون، هەروەک چۆن گەلێک گۆڤاری بە قیمەت لە سوئێد، ئاڵمان، بریتانیا و ئامریکا دەردەچوون و نەماون، ئەوە بە گشتی مێدیای کورد و کۆڕ و کۆمەڵ و دەزگای کورد لە هەندەران دەگرێتەوە و مێژووەکەی بۆ سەد ساڵ بەر لە ئێستا دەگەڕێتەوە کە بە ڕۆژنامە و ڕادیۆ و دەزگای خوێندکاریی دەستی پێکرد و دەزگای هونەریی، پیشەیی، زانستی و سیاسی لێکەوتەوە و لە دەزگای نەتەوەییەوە ئەمڕۆ گەیشتۆتە دەزگای حزبی، گرووپی (ئیدئۆلۆژی، سیاسی) و تاکە کەسی.
ئەمە بۆ وایە و بۆچی نەتەوەیەک کە زیاتر لە نەتەوەکانی تر پێویستی بە کۆدەنگی و دەزگا هەیە، پێچەوانەکەی دەکات کە بابی مەیلی نەیارانی ئەو نەتەوەیە بووە و هەیە؟ دەبێ هۆیەکانی هەمە لایەنی لە کەسایەتی، تێگەیشتن و مێژووی ئەم نەتەوەیە و کۆمەڵگادا بدۆزرێتەوە.
یەکێک لەو ماڵپەڕانەی سەرەڕای هەموو کۆسپەکان و ئەم مێژووە، پێچەوانە جوڵاوەتەوە، ماڵپەڕی گیاڕەنگ بووە، کە بنەماڵەیەکی بە ئەمەگی لە پشتە.
نووسەری ئەم دێڕانە بە درێژایی دەیان ساڵ ئاگاداری کاری کەسانی لەخۆبووردوو لە دەرەوەی وڵات لە بواری مێدیا، کاری فەرهەنگی، هونەری، کۆمەڵایەتی، زانستی و سیاسی و هەروەها فێرکاریی و پێڕاگەیشتن بە منداڵ و لاوی کورد بووە و دەزانم ئەو کەسانەی کات و ماڵیان بۆ ئەو کارانە تەرخان کردووە، دەیانتوانی وانەکەن و ئەو ڕێگایانە بگرنە بەر کە بە هەزارانی تر گرتوویانەتە بەر، بەڵام ئەم کەسانە خەم و هیوای گەورەی نەتەوەیەک هانی داون و هانیان دەدات، بەردەوام بن، ئەمان سات و کاتیان نەفرۆشتووە، سات و کاتیان بۆ مەبەست بەکارهێناوە و گەلێک جێگای ڕێزن.
کۆمەڵێک لەو ئینسانە بەرز و لەخۆبردووانە سەریان ناوەتەوە و زۆربەشیان بێ ناو چوون، ئەو کەسانەی لە ئامریکا و ئورووپا شەو و شەونخونیان دەکێشا بۆ ئەوەی بەشکم کورد، هەنگاو بەرەو پێش بنێت و ڕۆژێک لە ڕۆژان ڕزگاری بێت.
گەلێک مرۆڤی تاک کاری گەورەیان کرد و بەرهەمی زەحمەتیان نەگەیشتە جێ. بەڵام بەرپرسانی ماڵپەڕی گیاڕەنگ لە بیست ساڵی ڕابووردوو سەرەڕای هەموو گرفتەکان بەردەوام بوون و هیوای بەردەوامی و ساخی و سڵامەتیان بۆ دەخوازم. هیوادارم کورد بە گشتی و توێژی خوێنەر نڕخی کاری ئەو کەسانە بزانن و ماڵپەڕی خۆشناوی گیاڕەنگ بەتەنیا مەهێڵن.
بیست ساڵەی تەمنتان گەشاوە بێت و خۆتان شاد و بێ وەی بن
برایم فەڕشی
١٣/٤/٢٠٢٣
ئاڵمان