گیاڕەنگ ئەو شوێنەی من بە ماڵەخۆمم زانیوە. برایم جەهابگیری

گیاڕەنگ ئەو شوێنەی من بە ماڵەخۆمم زانیوە. برایم جەهابگیری

 لە ساڵی ٢٠٠٣ وە کە هاتمە تورکیا لە قاوەخانەیەک کە هی دوو برا بوو و کە یەکیان ناوی نووری بوو و ئینترنێتان هەبوو و بەسەعات بە مەمانانیان دەفرۆشت دەستم کردەوە بە نووسین، سەرەتاییترین بابەتەکانم کە بە تایبەتی یەکیان بە هاوکاری کاک جەعفەری شەریعەتی تایپ و دوایی لە گیاڕەنگ بڵاو بوویەوە بابەتێک بوو بە نێوی” فارووقی کەیخوسرەوەی خەباتی مەدەنی یان خەیانەتی بەکردەوە” کە وڵامێک بوو لە دووبەش دا بۆ قسەکانی فارووقی کەیخوسرەوی ئەندامی پێشووی ڕێبەری حیزب و دوایی هی کۆنگرەی چوار کە لە گۆڤاری “چشم انداز” دا بڵاو ببۆوە و هەمووی هێرش و چەواشەکاری بوو دژی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران.

 کە ئەو بابەتەم لەسەر لاپەڕەی ماڵپەڕی گیاڕەنگ دیت ئۆخژنێک دەدەروونم گەڕا و هەناسەیەکی قووڵم هەڵکێشا کە ئۆخەی ئەوە پێگەیەکم دیتەوە بۆ دەربڕینی ڕاوبۆچووونەکانی خۆم، بۆ بڵاوبوونەوەی بابەتەکانم.

 لەبیرمە یەکێکی دیکە لەو بابەتانەی ئەوکاتی لە گیاڕەنگ دا بڵاو بۆوە “تیرۆریست لە هەرجلوبەرگێک دابێ هەر تیرۆریستە” کە ئاماژەیەک بوو بە تیرۆری شەهیدانی دەروازەی کۆیە، “پەنابەرانی بێپەنا” یەکی دیکە لەو بابەتانە بوو کە لە سەرەتاوە لە مالپەڕی گیاڕەنگ دا بڵاو بۆوە. ئیدی ماڵپەڕی گیاڕەنگ هەم ماڵی خۆم بوو هەم هاندەرم بوو بۆ ئەوەی بابەت بنووسم و لە ڕاستیدا درێژە بە نووسین بدەم.

 هۆگری من بە نووسین لە ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوی و هەر دەگەڵ سەرهەڵدانی خەڵکی کورد و ئاشکرابوونی کارو تێکۆشانی حیزب لە مەهاباد دەستی پێکردبوو کە بە یەکەم نامە وڵامێکی کۆمەڵەم لەسەر بابەتێک دابۆوە و بە ناوی نامەی پێشمەرگەیەکی حیزبی دێمۆکڕات به کۆمەڵە دەستی پێکرد، ئەوە یەکەم نووسینی من بوو کە لە راگەیاندنی لاوان دا بە یەک لاپەڕە بڵاو بۆوە و لە شاری مەهاباد بە دەست خەڵکەوە ئەو دەستاو دەستی دەکرد.

 هەر خۆم دەزانم ئەودەمی بە بڵاو بوونەوەی ئەو نامەیە چەندە شاگەشکە بووم و چەندەم شایی بە خۆم بوو. دەمهەوێ لێرەوە بڵێم کە گیاڕەنگ رێک وەک ئەودەمی بوو بۆ من و ببوو بە پێگەی دەربڕینی خۆزگەو خۆلیاکانم. کە بابەتەکانی خۆم لەسەر ئەو ماڵپەڕە دەدیت گەز گەز باڵام دەکرد. راستە من بە شێوەی رەسمی لە ڕاگەیاندنی حیزب دا و لە بەشی ڕۆژنامەی کوردستان دا لە تەجرەبە و زانستی ڕۆژنامەنووسی کاک حەسەنی شەڕەفی و کاک قادر وریا کەڵکم وەرگرتبوو و زیاتر فێرببوم بەڵام لە حیزب دا نووسینەکان سنووردار بوون و دەبوو لە چوارچێوەی سیاسەت و بۆچوونەکانی حیزب دا نووسرابان، ئەگینا بۆ بڵاوکردنەوە نەدەشیا و ئەوەش مافی حیزب بوو و هەموو حیزبێکیش هەر وایە. بەڵام گیاڕەنگ وانەبوو، ئەو سەکۆیەکی ئازاد بوو بۆ من و تەنانەت بابەتە ڕەخنەییەکانم لە حیزبیش بێ دەسکاری و بێ ئەوەی یەکجاریش بەڕێز حەمەڕەسووڵ کەریمی نامەیەکم بۆ بنێرێ یان تەلەیفوونێک بکا و بڵێ فڵانەکەس ئەو بابەتە ئەو بەشە بۆ بڵاوکردنەوە نابێ یان بیگۆڕە یان خۆیان دەسکاری نووسینەکانی منیان کردبا بڵاو دەبۆوە.

 کە هاتمە دەرەوەی وڵات بۆ ماوەیەکی دیکەش من بابەتەکانی خۆم لە گیاڕەنگ و جاروباریش لە کورستان نێت بڵاو دەکردەوە، بەڵام کە لە٢٠٠٧ – ٢٠٠٨ هاتمە سەر فەیس بووک ئیتر وای لێهات بابەتەکانم زیاتر لە فەیسبووک بڵاو دەکردەوە لەو کاتەوە کەمتر بابەتم بۆ هیچ ماڵپەڕێک ناردووە.

ئەو ڕۆ ٢٠ ساڵ بەسەر چالاکیەکانی ماڵپەڕی گیاڕەنگ دا تێدەپەڕێ، ماڵپەڕێک کە دڵنیام زۆر نووسەر و چالاکی سیاسیی و کۆمەڵایەتی لەوێ دا دارەدارەی نووسینیان کردووە و پێیان هەڵگرتووە، زۆر نووسەر و چالاکی سیاسیی یەک لەوان خودی من زەمانێک تاکە ڕۆچنەی هیواو هومێدمان بۆ دەربڕینی بابەتەکانی خۆمان هەر گیاڕەنگ بووە کە ئەوڕۆ ئەوەندەی ئاگادار بم کاک حەمەڕەسووڵ کەریمی و هاوسەرە زەحمەتکێشەکەی دوو بەدوو شانیان داوەتە بەر پاراستن وڕاگرتنی ماڵپەڕی گیاڕەنگ و لە حاڵێکدا لەو ماوەیە دا کە من ئاماژەم پێ داوە زۆر ماڵپەڕ و سایتی هاوشێوە هاتنە کایەوە، ئەوان زۆر زوو پێ هەڵچوون و هەر بەو خێراییەش شۆڕبوونەوە و وێڕای ئەمە کە ئەوانیش زۆربەیان بەکەڵک بوون بەڵام تاقەتی درێژەدان بە کار وچالاکیەکانیان نەما و بەداخەوە لەبیرچوونەوە کەچی گیاڕەنگ بە هیممەتی ئەو دوو پشمەرگەی ڕاگەیاندنە کاک حەمەڕەسووڵی کەریمی و خاتوو شلێر حەسەن‌پوورهەر وا بە گوڕ وتین لە سەر پێیە.

 لێرەوە وەک کەسێک کە دەزانم بەڕێوەبردن و ڕاگرتنی ماڵپەڕێک چەندە کارێکی قورس و دژوارە و گرینگی ماڵپەڕی گیاڕەنگیش لە ناو ڕاگەیاندنی ئەلکترۆنی کوردی دا هەست پێ دەکەم، وەک کەسێک کە دەزانم هیممەتی ئەو دوو ئینسانە نەبا ماڵپەڕی گیاڕەنگیش لەمێژ بوو بەدەردی ماڵپەڕەکانی دیکە دەچوو، دەستخۆشی لە کاک حەمەڕەسووڵی کەریمی و خاتوو شلیر حەسەن‌پوور دەکەم و هیوادارم گیاڕەنگ کە ئیتر مێژوویەکی بۆخۆی دروست کردووە لە کوردستانێکی ئازاد دا بە ستاف و هاوکارانی تازەوە بەڕۆژ بکرێتەوە و وەک کوێستانەکانی گیاڕەنگی دەلال بۆن و بەرامەی گوڵ و گیا ڕەنگاوڕەنگەکانی دەگەڵ شنەی بلاوێنی بەهاری ئازادی دا بە سەرتاسەری کوردستان دا بڵاو بێتەوە.

با لە کۆتایی دا ئاماژە بە یەک خاڵی یەکجار گرینگ بکەم کە گیاڕەنگ یەک لەو دەگمەن ماڵپەرانەیە کە هەرگیز سنووری ئەدەب و ئەخلاقی ئینسانی نەبەزاند و کەسایەتی تایبەت بە خۆی وەرگرت و لە ناو خەڵکی کورد دا و لە ناو نووسەرو چالاکی بواری ئەدەب و سیاسەت دا پلەیەکی بەرزی بۆ دادەندرێ و بە دڵنیایەوە ڕۆژێک دادێ میداڵی شانازی لە بەرۆکی دەدرێ.

برایم جەهانگیری