بەبۆنەی هەڵکردنی مۆمی تەمەنی ٢٠ ساڵەی ماڵپەڕی ” گیاڕەنگ”. سەید عەلی هاشمی

بەبۆنەی هەڵکردنی مۆمی تەمەنی ٢٠ ساڵەی ماڵپەڕی ” گیاڕەنگ”. سەید عەلی هاشمی

لە مێژووی خەباتی گەلی کورد دا تێکۆشان و بیری ڕۆشەنبیری بە شێوەی جۆراوجۆر لە گەڕ نەوەستاوە، بەقەڵەم، بەقسە، بە نووسراوە، لەسەر مینبەرەکان، بەمەتەرێزی بەرگری لە کوردستان، لە لایەن دڵسۆزانی نەتەوەکەمان، بێوچان لە جموجۆڵدا بووە و وەک کاروانێکی نەپساوە  ڕێگەی چوونەپێشی پێواوە.

 لەو دوایانەشدا مێدیای پێشکەوتووی سەردەم ئەوەندە چۆتە پێشی کە سنوور نازانێ، ماڵپەڕی ڕەنگینی” گیاڕەنەگ” یەکێکە لەو چرا بەشۆقانەی ناو ئەو مێدیا سنوور نەناسانەیە، بیری نەتەوەیی، بابەتی کۆمەڵایەتی، گڕوگاڵی منداڵان، لاوانی نیشتمان، دەنگی مامۆستایانی ئایینی نیشتمان پەروەر، بابەتی سیاسی، یادی شەهیدانی سوور خەڵات و بگرە دەیان شتی تر، کە خزمەت بە فەرهەنگی ڕووناکبیری و پێشکەوتن و نیشتمانپەروەری کوردستان دەکەن.

ماڵپەڕی گیاڕەنگ و ئەو ماڵپەڕانەی وەک ئەون، ڕابوردووی پڕ لە کارەسات و تاڵ و سوێری ئەو نەتەوە دابەش کراوە، غەدر لێکراوە، خاک داگیر کراوە، بۆ لاوانی تازە پێگەیشتووی ئەو نیشتمانە بە زمانێکی سادە و ساکار، وەک سفرەخوانێکی ئامادەکراو، لە پێش خوێنەران دادەنێن.

ماڵپەڕی گیاڕەنگ لە ماوەی ئەو ٢٠ ساڵەی وەشانیدا، بۆ لەقاودانی کردەوە نامرۆڤیەکانی حکومەتی ئاخوندی خۆسەپێنی ئێران، وەک سەرچاوەیەکی جێگای باوەڕی خوێنەران بووە، بابەت لەسەر زیندانیانی سیاسی و شەهید کردنیان، ئێعدام و ئەشکەنجەی بەناهەق، شەهید کردن و ڕەش بگیری بەکۆمەڵی خەڵک بە تاوانی کورد بوون، شەهید کردنی کۆڵبەران، خنکاندنی دەنگی ئازادی، بێ ‌ماف کردنی نەتەوەکەمینەکانی ناو ئێران، دەستەوەستان نەوەستاوە و وەک خۆی ڕاستوێژانە ئەو بابەتانەی بۆ ڕای گشتی بڵاو کردوونەوە.

ماڵپەڕی گیاڕەنگ لە ڕاەپەڕینی شۆڕشی ژینا لە ماوەی زیاتر لەو ٢٠٠ ڕۆژەی ڕاپەڕیندا،  نیشاندانی خۆپێشاندانەکانی ناوخۆ و دەرەوەی وڵات، بێ ماندوو بوون وەک ئەرکێکی نیشتمانی خۆی بەجێی هێناوە، خۆڕاگری کەم وێنەی خەڵک لە بەرانبەر ستەمکار، نیشاندانی وێنەکان، دوکومێنتەکان، وەک بەڵگەیەکی حاشاهەڵنەگر لەو ماڵپەڕەدا بڵاو کراونەتەوە، لە هەمووی گرینگتر ئەوەیە کە بەڕێوەبەرانی ماڵپەڕی گیاڕەنگ وێنەی شەهیدانی ناو چاڵە ڕەشەکان و سەر شەقامی شۆڕشی ژینا” ژن، ژیان، ئازادی” وەک ماڵپەڕی شەهیدانیان کۆ کردۆتەوە و بۆ بیر و ڕای گشتی بڵاویانکردۆتەوە، کە ئەوە وەک مێژوویەکی سەلمێندراو بۆ شەهیدانی شۆڕشی ژینا، وەک پەڵەیەکی ڕەش بە نێوچاوانی تاوانبارانی دەسەڵاتدارانی رێژیمی ئێراندا دەمێنیتەوە.

لەو ٢٠ ساڵەی خزمەتی بەرچاوی ماڵپەڕی گیاڕەنگدا زۆر لەوە زیاتر هەڵدەگرێ کە من لەو چەند دێڕەدا کورتی بکەمەوە و باسی بکەم، چونکە ئەو خزمەتە کەم وێنەیە بە فەرهەنگ و ئاداب و رسوومی کوردەواری،  بە سەدان لاپەڕ و بگرە کتێب خانەیەکی دەوێ، ئەو هەوڵ و تێکۆشان و ماندوو بوونە بێ بەرانبەرە زۆر لەوە زیاتر هەڵدەگرێ، دەبێ بووترێ چاڵە خەزێنەیەکی پڕ بەهایە، من پێم وایە، ماڵپەڕی گیارەنگ و ئەو ماڵپەڕانەی شێوەی ئەون بۆ خزمەتی نیشتمان، دەبێ وەک پێشمەرگەیەکی ناوسەنگەر لە دوورە وڵات، ئەژمار بکرێن و ڕێز لە خەبات و ماندوو بوونیان بگیرێ.

چەپکە گوڵی خۆشەویستی بۆ بەڕێوەبەرانی ئەو ماڵپەڕە ڕەنگینە.

بەهیوای هەوڵ و تێکۆشانی زیاتر و تەمەن درێژی بۆ ماڵپەڕی گیاڕەنگ و کادرەکانی.

سەید عەلی هاشمی