گیاڕەنگ ئەستێرەێ ناو میدیای کوردی. رەحمان ئیبراهیم زادە

گیاڕەنگ ئەستێرەێ ناو میدیای کوردی. رەحمان ئیبراهیم زادە

من ڕۆژنامەنووس و میدیاکار و هەواڵدەر نیم، بەڵام زۆر شانازی دەکەم  لە ٢٠ ساڵەی داگیرسانی مۆمی گیاڕەنگ دا منیش وەکوو لایەنگرو خوێنەری گیاڕەنگ بەردێکی سووکەڵە دەخەمە دەناو دەریای مەندی گیاڕەنگەوە و سووکە ئاورێک لە خزمەتەکانی رائێڵکەی گیاڕەنگ دەدەمەوە، کە بە مودیریەتی پێشمەرگە و کادرو فەرماندە، برای خۆشەویستم کاک حەمەرەسوڵ و خوشکە شلێری هاوژینی خۆشەویستی دامەزراوەو بەرێوە دەچێ.

هەر وەکوو هەموو لایەک ئاگادارن گیاڕەنگ ٢٠ دانە ساڵە بۆتە بە چاو و گوێی بە هەزاران شاعیرو نووسەرو ئەدیب و هەر وەها بۆتە بە سەکۆی پێک هەڵپرژانێکی ئازادی بۆ هەموو ئەوانەی کە  جارێک شتێکیان بۆ نووسێبێ یان سەردانیان کردبێ.

زۆرم نە گوتووە کە بەڵام گیاڕەنگ بە هەزاران شێعر و سروودی شۆرشگێری و پەخشان و لاوک و حەیرانی کۆنی لە مردن و لە ناوچوون ڕزگار کردوون و زیندووی کردوونە، ئەوەش سەرمایەیێکی گەورەیە بۆ فەرهەنگ و ئەدەب و کوولتووری نەتەوەی کورد.

لەو لاشەو نەزاکەت و ئەمانەت و راستگۆێی سەرمەشقی کارەکانی گیاڕەنگ بوون، باوەر ناکەم لە ماوەێ ئەو ٢٠ ساڵە دا و تا ئێستاش رازێکی کەسێک بڵاوکرابێتەوە کە خودی نووسەری بابەت خۆی ڕازی نەبووبێ، هەر چەندی گیاڕەنگ سەکۆیەکی ئازادە و هیچ سانسۆری لە سەر نەبووە و نیە.

با سووکە ئاورێک لە رابردوو بەدەمەوە، و لە ناوشاری سەردەشت و مەکۆی ئازادیخوازانی رۆژهەڵات را بروانمە شاکارەکانی کاک حەمەرەسوڵ و لاپەرە هاڵۆزەکانی ژیانی هەڵدەمەوە و  بگەرێمەوە بۆ سەردەمی منداڵی و لاوەتی حەمەرەسوڵ.

بۆ لە بەرچی؟ لە بەر ئەوەی کە لە گیاڕەنگ دەروانی پێت وایە چەند ئەندازیارو کارشناس و دیزاێنێری خەبیرو شارەزا کاری تێدا دەکەن و بەرێوەێ دەبن.

لە ناو شاری سەردەشت، لە رۆژهەلاتی کوردستان منداڵێکی خوێن شیرین و ڕەزاسووک پێ دەنێتە دە دوونیا رووناک و ناوی دەنێن حەمە رەسوڵ، لەو مەڵبەندە سەرسەوز و خۆشە گاگۆڵە دەکات و گەورە دەبێ و دەچێتە قوتابخانە و دەرس دەخوێنێ، لە سەرەتای شۆرشی گەلانی ئێران لە ساڵی ١٣٥٧دا بە دژی ڕژیمی پاشایەتی ناوبراو هەر لەو سەردەمدا و لە قوتابخانە فێری ئەلف و بێی شۆرش و خەبات کردن بۆ ئازادی دەبێ و پاشان گڕی بیری ئازادی هەڵی دەگرێ و پەیوەست بە ریزەکانی شۆرش بە رێبەرایەتی حیزبی دێمۆکراتی کوردستان دەبێ.

ئەو جار لە ناو حیزب و سەنگەری پێشمەرگایەتی را دەست دەکات بە کارو چاڵاکی سیاسی و بە ناوی پیرۆزی پێشمەرگە دەستەملانی شاخ و شارو تفنگ دەبێت.  کاک حەمەرەسوڵی کونجکاو ئاشقی ئازادی و ئەدەب و هونەر، لەو سەنگەرە دا فێری فیلم برداری دەبێ و دەگەڵ کۆڵەپشتیە پەرلە فیشەکەو نارنجۆک و کەلاسینکۆفەکەی شانی دووربنی فیلم بەرداریش دەبێت دۆست و هەواڵ و برێکی دیکەش کۆڵی گران دەکات، بەڵام ناوبراو بەو بایانە نالەرزێ و رۆژ بە رۆژ زیاتر ئاشقی  کارەکەی دەبێ و بە دەیان فیلم لە بەرەکانی شەر تۆمار دەکات و زۆر جار بۆ ئەوەی حەلقە فیلمێک لە دەست نەدات بە برینداری و لەش و لاری خوێناوییەوە، سەنگەر بە سەنگەر دەگەرا بۆ هەڵگرتنی  فیلم، زۆرجار لە مەرگ گەراوەتەوە بەڵام کۆڵی نەداوە و دووبارە دووربین لە سەرشان چۆتە سەنگەری پێشەوەێ شەرو فیلمی هەڵگرتووە. هەر ئەوە نا کاک حەمەرەسوڵ چەندین فیلمی لە جێژن و بۆنەکانی حیزب هەڵگرتوون و ئێستا لە ئارشیوی حیزب دا وەک دیاری بەنرخی مێژوویی ماونەوە.

کاک حەمەرەسوڵ جێ پەنجەێ بە زۆر شتەوە دیارن، کەسێکی بە ئیستعداد و دەنگ خۆش و هونەر دۆست شارەزا لە زۆر بوار دا. زۆر جار بە دەنگە خۆشەکەی کۆڕی هاورێیانی گەرم دەکردو زەوق و شەوقێکی خۆشی دەدا بە کۆرو مەجلیس و بۆنەکان. لە سەنگەر بەرگری دا وەکوو شێرو لە مەیدانی  سیاسی و نووسین و نواندن و لێخورینی ترومبیل دا کەسی یەکەم بوو.

هەموو هەوڵی ئەو سەربازە خۆشناوەی گەلەکەمان بۆ ئەوە بوو کە سەربووردە و بەسەرهاتی فیداکاری پێشمەرگە و گەلی کورد لە رۆژهەلاتی کوردستان وەکوو پێشوو بێ سەروشوێن نەبێ و بە دێکۆمێنتاری بەکرێت ، بۆ دوارۆژی نەوەکانی خۆمان.

با بزانین ئەو هەموو فیداکاریەی  کاک حەمەرەسوڵ لانی کەم بۆ خۆی بێ ئارەق و بێ زەرنەبووە، ناوبراو چەند جار بە تووندی بریندار بووە و ئەندامێکی لەشیشی لە دەست داوە، بەڵام  هیچ یەک لەوانە ئەو ئینسانە شۆرشگێرەیان لە خەبات سارد نەکردۆتەوە.

سەرنجام دوای چەند جار بریندار بوون و سارێژبوونەوەێ برینەکانی و هاتنە خواری بنکەی  شۆرشگێرانی دێمۆکرات لە چیا سەرکەشەکانی کوردستانەوە بۆ قوڵایی خاکی کوردستانی عێراق  هاورێم کاک حەمەرەسوڵ لە گەڵ خوشکە شلێر ژیانی هاوبەش پێک دێنن و بنەماڵەیەکی کۆچەری پێکەوە دەنین. خوشکە شلێر کچی پێشمەرگەو شۆرەشگێر دێمۆکرات باش کاک حەمەرەسوڵی دەناسی و هەستی بەو هەموو هونەرو زیرەک و دڵسۆزیەی کاک حەمەرەسوڵی کردبوو هەر بۆیە لە رۆژەکانی سەرەتای پێکهێنای ژیانی هاوبەشیانەوە بوو بە کۆڵەکەو پشتیوانی کاک حەمەرەسووڵ و لە هەموو قۆناغەکان دا بەوپەری توانایەوە هاوکاری کرد.

لەوێ لەو مەڵبندە رۆژبەرۆژ مەیدانی خەبات تەنگتر و تەنگتر دەبووە، هەربۆیە کاک حەمەرەسوڵ و خوشکە شلێر دەستی یەکتریان گرت و پەرەوازەێ هەندەران بوون و لە وڵاتی سوئید گیرسانەوە.

کورد گووتەنی خەنجەری جەوهەردار خۆی لە کالان دا راناگرێ.

حەمە رەسوڵ زۆر دەمێک بوو، هەستی بە بۆشایی راگەیاندن و بە میدیای کردنی دەنگ و باسەکانی کورد و کوردستان و بەتایبەتی حیزبەکەی کردەبوو، ئەو کات و ٢٠ ساڵ لەمەوەبەر رائیڵکە کۆمەڵایەتیەکانی  وەکوو فەیسبووک، تەڤیتێرو ئینستاگرام و مەسنجێر هەرنەبوون یان زۆر کەمبوون کەم کەس دەیتوانی کەڵکیان لێوەرگرێ. هەر بۆیە بیرکردنەوە لە دیزاین و دامەزراندنی راگەیاندنێکی ئینترنێتی وەکوو گیاڕەنگ کارێکی زۆر ئەستم بوو، بەڵام پاڵەوانی هەموو داستانەکان کاک حەمەرەسوڵ بە هاوکاری و پشتیوانی خوشکە شلێر نەترسانەو لێبراوانە شانیان دایە بەر و یەکەم مۆمی گیاڕەنگیان دەگریساند، تا ٢٠ ساڵ لەوەبەر و دامەزراندنی تۆری کۆمەلایەتی ئینترنێتی گیاڕەنگ بە سەدان شاعیرو نووسەرو هونەرمەند، نووسراوکانیان لە ئارشیوەکانیان دا مابوونەوە و تۆزیان لێدەنیشت و کەس ئەو شتانەی نەدەدین و سەرئەنجام ئیکس پاێر دەبوون و بەنەزۆکی دەمردن.

بەڵام بە دامەزراندنی تۆری گیاڕەنگ بەلێزانی و سەروەستایی کاک حەمەرەسوڵ هیواکان گەشانەوە و دەریچەیەک کرایەوە بۆ بلاوکردنەوەێ هەموو ئەوشتانەی کە نەکەوتبوونە بەر باو سەروگوێیان تۆزاوی ببوون. کاک حەمەرەسوڵ دەرگایەکی ئاوەڵای بەڕووی شاعیران و نوسەران و هونەرمەندان داکردەوە، بەبێ بەرانبەرو جیاوازی ئەو جار ئەوانیش توانیان لەو رێگایەوە  بابەتەکانی خۆیان بڵاوبکەنەوە و بە هەزاران کەس بیخوێنەوە و لایەنگیر بۆخۆیان پێدابکەن ئەوە شانازیێکی گەورەیە بۆ گیاڕەنگ کە بۆتە بە چاوساغ و چرای رووناکی هەموو ماڵەکان.

گیاڕەنگ زۆر هەڵەو پەڵەێ بۆ خەڵک راست کردۆتەوە.  لەو رێگایەوە کۆمەڵێک خەڵک  فێری نووسین و شێوەی دارەشتن بوون ، هەر بۆیە دەبێ ئیمە سەپاسگوزاربین.

ئێستا ئیدی گیاڕەنگ بۆتە بە سەرچاوەێ راگرتن و بە دێکۆمێت کردن و هەزاران بابەتی بە پێزو فیلم و شێعرو سروودی شۆرشگێری ئەوەش کارامەی و لێزانی و وردبینی دەوێت، زۆر کەس پێش گیاڕەنگ و دوای گیاڕەنگیش دەستیان بەو کارەکرد بەڵام سەرکەوتوو نەبوون.

خزمەتەکانی گیاڕەنگ زۆرن کەس ناتوانێ لە کورتە نوسراویەک دا باسیان بکات. من ڵێرە دا دەڵێم  جێگای شانازیە بۆ ئێمە کە پێشمەرگەو فەرماندەو کادرێکی تێکۆشەرو ماندوویینەناس بەبێ  ئەوەی رۆژێک بۆ ئەوکارە دەرسی ئاکادەمی خوێندەبێ و ١٠ ساڵ یان ١٥ ساڵ دەورەی بۆ دیت بێت   کارێکی ئاوا جوان و بەکەڵک بۆ نوسەران و شاعیران و قەڵەم بە دەستان ئەنجام بەدات.

ئێستا ئیدی گیاڕەنگ سەکۆی یەکگرتنەوەێ سیاسیەکان و رووناکبیران و هەتا حیزبەکانیشە، گیاڕەنگ سانسۆری لە سەر هیچ بابەت و نوسراوەیەک دانەناوە و هەموویان وەکوو خۆیان بڵاوکرانەوە. گیاڕەنگ نە بەنووسینی من گەورە دەبێ  نە بە نەنووسین من بچووک دەبێتە، ئەو لە هەموو مێدانەکان دا تاقیکاری خۆی داوەو سەرکەوتوو بووە.

هەموومان دەزانین کە سەردەمی ئێستا سەردەمی تەکنۆڵۆژی و پێشکەوتنی دەزگاکانی راگەیاندنە بە شێوەیەکی پرۆفیشناڵ، دونیای ئەمرۆ بەو هۆیەوە زۆر بچووک بۆتەوە، دەنگەوباسەکان و هەواڵی ڕووداوەکان زۆر بەخێرایی بڵاو دەبنەوە. سورعەتی ئینترنێت و راگەیاندنە مەجازیەکان هێندە زوو بڵاو دەبنەوە کە ئینسانی ئەوە سەردەمە وێرا ناگا بیان خوێنێتەوە، هەر بۆیە رەقابەت کرن دەگەڵ  ئەو سەردەمە  لێزانی و مودیریەتی باشی دەوێ، خۆ ئێستا کتێب خوێندنەوەش نەماوە و فەیسبووک و خەتە ئۆنلایەنەکانی‌تر ئەو بۆشایەشان پرکردۆتەوە.

بەڵام گیاڕەنگ ئێستاش هەر ئەسپی خۆی بە ناو تەم‌وتوومانی ئەو گیژاوە دا لینگ دەداو بە جێ نەماوە.

دەست خۆشی لە بەرێوەبەرانی گیاڕەنگ دەکەم و هیوادارم هەمیشە سەرکەوتووبن.

بەرێزەوە

برای خۆتان رەحمان ئیبراهیم زادە. شؤکە

سویس