بە بەرزی باڵای گیاڕەنگ خۆشمدەوێی ماڵپەڕی گیاڕەنگ. ئەحمەد ڕەحمانی

بە بەرزی باڵای گیاڕەنگ خۆشمدەوێی ماڵپەڕی گیاڕەنگ. ئەحمەد ڕەحمانی

ھەژدە ساڵ لەوبەر کاتێ بەرەو غەریبی کەشکۆڵی یادگاریەکانی زێدەکەمم نایە کۆڵ و لە وڵاتی دانمارک گیرسامەوە، تازە ماڵپەڕی خۆشەویستی گیاڕەنگ کەوتبۆ دارە دارو سەر پێ، لە تەمەندا ساوا بوو، بەڵام لە ناوەرۆک دا زەنگین و دەوڵەمەندو گەورە، زۆر زوو لە گەڵی بووم بەھاوڕێ، ھاوڕێیەک کە ھەموو ھەستەکانی خۆم لەودا دەدیت و لەودا دەمخوێندەوە، منی تازە ھاتوو بۆ ئەو وڵاتە کە نامۆ بوو بە ھەموو ھەستەکانم زۆر بە زوویی خووم بە ھاوڕێیەتی گیاڕەنگەوە گرت و تا دەھات ھاوڕێیەتیمان بە تین تر دەبوو. ساڵ ھاتن و ساڵ تێپەڕین و گیاڕەنگ زیاتر وەکو ناوی بەرزی خۆی باڵای کێشاو تەژی بوو لە بابەتی جوان و وێنە و فیلم و دەکرێ بڵێم پەنجەرەیەکی جوان بوو، کاتێ دەتکردەوە جیھانێک لە جوانی خۆی دەکرد بە باوەشتا و ھەر کلیلێک لە سەر بەستەرەکانی تینوێتی مرۆڤ دەشکاند و مرۆڤ زیاتر خولیای ئەوە دەبوو کە ھەرگیز لە ھاوڕێیەتی گیاڕەنگ دانەبڕێ، نەوجەوانی و ھەڕەتی لاویەتی و تەنانەت بڕینی کەوشەنی تەمەنی بەرەو سەری گیاڕەنگ بۆ ساتێ لە ھاوڕێیەتیمان کاڵ نەبۆوە.

گیاڕەنگ ئێستا کە تەمەنی دەبێتە دوو دەیە و بیست ساڵ و بیستەمین مۆمی تەمەنی دادەگیرسێنێ، لە سەر ئەو باوەڕەم کە ئەمجار گیاڕەنگ دەچێتە تەمەنی کامڵ بوون و پێگەیشتووی خۆی و ڕێڕەوێکی تر لە خزمەتەکانی دەگرێتە بەرو لە جاران زیاتر بە ھەست بە بەرپرسیاریەتی ئەرکەکانی خۆی بەڕایی دەکات.

لە ماوەی ئەو ھەژدە ساڵەی کە لە گەڵ گیاڕەنگ ھاوڕێیەکی ڕووحسووک بووین و تەنیا بۆ جارێکیش لێک ھەنەبەزیوینەوە، ھەستم کردووە کانیەکی سەر ڕێژە و ھەمیشە زوڵاڵ و زوڵاڵ تر دێتە بەرچاو و زنوێر تر دەبێ، دەلاقەکانی فرە چەشن و ھەر گوڵێ لە ئینجانەیەک دا بە جوانی خۆی دەنوێنێ و پڕە لە خوونچەی جوان جوان و پەپوولەیان لە ئامێز گرتووە. گیاڕەنگ مامۆستایەکی باش و ھەگبەی تەژی لە فێرکردن و شکانی تینوێتی تاسەی خوێنەرەکانی بوو. جگە لەوەی گوڵی شۆڕش و خەبات بوو، لە جیھانی بیروھزریش دا ڕێنوێن و مامۆستا بوو. دڵنیام لەوەی لە داھاتوو دا گیاڕەنگ دەبێ بە سەرچاوەی گەلێ ماستەر و دکتۆرای ئەوانەی لە کەلێن و قوژبنی ڕاگەیاندن دەنۆڕن، وەک دەڵێن مانگی چواردە سەر لەنگۆرێ دیارە.

ھیوادارم لە گەڵ بەروپێشچوونی تەکنەلۆژی و ئافراندن و داھێنان گیاڕەنگی ھاوڕێشم دەوڵەمەندتر و زەنگین تر بێ ھەروەکو لە ڕابردووی دوو دەیەی تەمەنی دا تاقیکاری خۆی بە سەرکەوتنەوە داوە و سەکۆیەک بووە بۆ لێ فێربوون و زانیاری بەخشین.

بۆیە لە بەرەبەرەی تەمەنی بیست ساڵەی گیاڕەنگ و گەشانەوەی مۆمی تەمەنی خزمەتەکانی لە ناخی دڵەوە پیرۆزبایی لە ماڵپەڕی خۆشەویستی گیاڕەنگ دەکەم و لە ئاست خزمەتە بەرچاوەکانی کاکی ماندوو نەناسی خۆم کاک حەمە ڕەسوڵ کەریمی و خوشکی ھێژام خاتوو شلێر حەسەنپوور سەری ڕێز و نەوازش دادەنووێنم، وەکو چۆن نازی جگەرگۆشە ژیرەکانیان کێشا و گۆشیان کردن بە سەداقەت و ڕاستوێژی ئاواش ماڵپەڕی گیاڕەنگی جگەرگۆشەیان بە سەداقەت و ڕاستوێژی پەروەردەکرد و لە ئامێزی خۆشەویستی خۆیاندا بەو شەو شەونخوونی و ماندوونەناسی گیاڕەنگیان تاکو ئێرە ھێنا بێ وەستان و دابڕان ھەر ئاواش لە داھاتووی تەمەنی  گیاڕەنگ دا بەردەوام بن بێ وەستان و دابڕان.

ئەوەی ماوەتەوە بڵێم گیاڕەنگ سفرەو خوانێکی نەورۆزی و حەوت سینی بوو کە ھەمیشە بە بەرەکەتەوە بینیم و لە سەیرکردنی تێر نەبووم و سات لە گەڵ سات بە جوان تر دێتە بەر چاوم، سپاس بۆ ھەمووی ئەوانەی لە ماڵپەڕی زەنگینی گیاڕەنگ دا نووسیان و لێیانەوە فێر بووم و زانیارییان پێبەخشیم.

بەو ھیوایەی لە نەورۆزی داھاتوو دا لە ئامێزی نیشتمانی ئازادو سەربەست دا مۆمی تەمەنی گیاڕەنگ لە سەر بەرز لووتکەی گیاڕەنگی بێشکەی خەبات و شۆڕش بە داگیرساوی ببینین.

ئەحمەد ڕەحمانی