“گیاڕەنگ” لووتکەی بەرزی تێکۆشان. پێشەوا عەلیپوور

“گیاڕەنگ” لووتکەی بەرزی تێکۆشان. پێشەوا عەلیپوور
لە دەورانی سەرەتایی مەدرەسەوە کە زانیومە قەزیەی کوردی هەیە و حیزبی دێموکرات خەبات بۆ کورد دەکات، لەگەڵ زۆر ناوی جۆراوجۆر ئاشنا بووم، یەکێک لەو ناوانە گیاڕەنگ بوو کە پێش ئەوەی بزانم ناوی کێوێکە لە ناوچەی خۆم، بیستبووم ناوی هێزێکی پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتە.
ئیتر لەوکاتەوە ناوی گیاڕەنگ بۆ من بوو بە ڕەمز، دواتر کە دنیای مەجازی بەرەوپێش چوو و بوومه خاوەن کامپیوتێر و ئینتێرنێتمان وەسڵ کرد، یەکەمین سایتەکان کە سەردانیم کرد گیاڕەنگ بوو.
گیاڕەنگ لەسەر سایتیش هەر هێزی حیزبی دێموکڕات بوو، پڕ لە وتار و بابەتی سیاسی و کۆمەڵایەتی کە تا هاتمە ناو ڕیزی پێشمەرگەش هەر وامدەزانی سایتی حیزبە و لەتەنیشت سایتە فەرمییەکانی حیزب سەردانی گیاڕەنگ ببوو بە خوویەکی ڕۆژانەی من و چەند هاوڕێی ترم.
ئەمڕۆژانە کە ساڵیادی دامەزرانی گیاڕەنگە، لەکاروانی ڕاگەیاندنی کوردیدا گیاڕەنگ هەر لوتکە ئەستەمەکەی کوردستان و هێزە لەشکان نەهاتووەکەیە بۆ حیزب و بۆ نەتەوەکەمان.
بەتایبەت کە زانیم ئەم ماڵپەڕە بە ئەوین و خۆشەویستی دوو ئازیزی وەک کاکە حەمەڕەسووڵ و شلێر خانمی خێزانی بەڕێوە دەچێ.
گیاڕەنگ ئێستاکە خەرمانێک لە وتار و بابەتی جۆراوجۆری وەسەریەک ناوە کە دەکرێ ئارشیڤەکەشی وەک ڕێفرێنس بەکار بهێنرێت.
لێرەوە پیرۆزبایی یادی دامەزرانی گیاڕەنگ لە ستافی بەڕێز و خوێنەرانی ئازیزی دەکەم، هەر چەند من تا ئێستا هیچم بۆ ئەم سایتە نەنووسیوە، بەڵام خۆیان قەت لێم خافڵ نەبوون و زۆر بابەتی تایبەت بە خۆمیان تێدا ڕووماڵ کردوە کە سپاسیان دەکەم و ئەم تۆمارە بۆ من سەنەدێکی هەمیشەییە.
بەهیوای بەردەوامی گیاڕەنگ و بەڕێوەبەرانی
پێشەوا عەلی‌پوور