گیاڕەنگ بوو بە بیست ساڵ. کەماڵ گروێسی

گیاڕەنگ بوو بە بیست ساڵ. کەماڵ گروێسی
ئەوانەی سەرقاڵی کاری راگەیاندن و نووسینن دەزانن بەڕێوەبردنی رۆژنامە، مانگنامە، ماڵپەڕ و ئامرازی دیکەی ڕاگەیاندن چەندە دژوارە. بەتایبەت ئەگەر ئەمکارە بە شێوەی دڵخواز بێت و هیچ داهاتێکی ماڵیی بۆ بەڕێوەبەرانی نەبێ.
ماڵپەڕی گیاڕەنگ یەکێک لەو ماڵپەڕانەیە بە حەوڵ و تێکۆشانی بەڕێزان کاک حەمەرەسوڵی کەریمی و خاتوو شللێر حەسەن پوور، لەو دوو دەیەدا بێ وەستان و راگرتن بابەتی هەموجۆری تێدا بڵاوکراوەتەوە و بابەتەکانی بوونەتە میوانی خوێنەران و ئۆگرانی ئەدەب و زمان و دەنگ و باس و بابەتی کەلەپووریی دیکە.
گیارەنگ هەروەک هاوەڵناوەکەی واتە کێوی گیارەنگ دڵ ئاوەڵا و دەست کراوە بووە بۆ هەموو ئەو کەسانەی سەردانیان کردووە و دەست بەتاڵ بەڕیی نەکردووەنەوە و خەرمانلۆغەی خۆی داونێ.
ئەم ئەرکە گرینگە بەبێ هاوپشتی و لەخۆبووردوویی ئەو دوو هاوژینە رەزا سووک و کۆڵنەدەرە کردنی نەدەبوو، ئەوان گیاڕەنگیان هەروەک دوو کۆرپەکەی خۆیان گەورە کرد، شەو وشەونخوونییان بۆ کێشا و دەستیان گرت و لە گاگۆڵکە و دارەدارە را گەیاندیانە تەمەنی بیست ساڵی و هیوادارم دەیان ساڵی تریش ئەو بەڕێزانە دەستیان بە بەژنی گیارەنگەوە بێ و ئێمەمانانیش لە بەروبوومی بێ بەش نەبین و چاومان بە بابەتەکانی روون بێتەوە.
کەماڵ گروێسی