ماڵپەڕی گیاڕەنگ و دوو دەیە لە تەمەنی. حەسەن مینایی
ماڵپەڕی گیاڕەنگ و دوو دەیە لە تەمەنی. حەسەن مینایی
بیست ساڵە هەم،
نەک هەر گیاو پنچک و لانزارم سەوزە ، بەڵکوو تنۆکی وشەم بەهاریش نەبێ چوار وەرز دادەبارمە سەر ڕوخساری نیشتمان و لەناخەوە ڕەگم ڕۆچوونە ناو پیرەخاکی کوردستانم .
من بیست ساڵە غەم لەکۆڵی نیشتمان و دۆستی بەکردەوی کاکە حەمەو ھاوڕێی شلێرێکی سەوداسەری کوردستانم .
من بیست ساڵە ھەموو نزارێکی پڕ چخووردو کوێستانێکی سەربەرزو خاوەنی ھەزاران ناسکە ڕێواسی ئاوخۆرەوی کانیاوی کوردستانم .
من پێشمەرگەم ، پاسەوانی وەڵاتم و هزرم بیری پێشەوایە ، سەرکردەشم قاسملوویەو خەباتم بۆ ڕۆژهەڵات و مەودای ھەڵسووڕانم ھەر لە ئەوێ و ڕاست لە ناو ئەو تەوەر دایە .
بیست ساڵە شەرەفم شەرەفی شەرەفکەندییەو ئەدەبیاتم کوردایەتی و مێژووشم بەرابەرە لە گەڵ هەنگاوی شەوڕەوی پێشمەرگە دایە .
ئەی نابینن ، نەسێدارە، نەئەشکەنجە نە نەھی و نە نەفی نەیتوانیوە زمانی ئەسیل و کلتووری ڕەسەنم بشێوێنن .
بیست ساڵە ڕەنگم بەهارە و
خاکەلێوە وەرزی تاڵ و ڕەمزی تۆڵەو ھاندەری گوورج ڕۆیشتنی روو وە قیبلەی ئاواتمە .
بیست ساڵە، لەگەڵ هەر چوار وەرزی ساڵ و دوازدە مانگی ڕەبەق هەر ڕێ دەکەم، هەر بەپێوەم و قوورس قایم ڕوو وە نەیار ڕاوەستاوم .
درۆن ، ھەڕەشە، مووشەک و چەکی ناوەکی نام بەزێنن ، نام ترسێنن .
من پێشمەرگەی جەربەزەی کوردستانی ڕۆژھەڵاتم .
من ماڵپەڕی گیاڕەنگی ئازادی و سەربەخۆییم ، هەردەجەنگم قەت ناسرەوم ، تا ئازادی بە دەست دێنم بۆ کوردستانم .
بە ڕێزەوە،
براتان مینایی