بۆ گیاڕەنگ، گیاڕەنگی هەموو کوردستان! ئالان خاس

بۆ گیاڕەنگ، گیاڕەنگی هەموو کوردستان! ئالان خاس

لە خەباتی ڕزگارییخوازانەی نەتەوەکەماندا مێدیا بە هەموو جۆرەکانیەوە ڕۆڵ و ئەرکی یەکجار گرینگی بەجێهێناوە، لەبیرمە کە زوو ڕوو بە ڕۆژهەڵاتی کوردستان تاکە مێدیایەک کورد هەیبوو ڕادیۆ دەنگی کوردستان بوو کە لەلایەن حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەڕێوەدەدەبرا. خەباتی ڕادیۆ دەنگی کوردستان دەکرێ دەیان کتێبی لەسەر بنووسرێن، بەڕاستی شوێندانەریی و گرینگیی ڕۆڵی ئەو ڕادیۆیە تا ئاستێکی وا بەهێز بوو کە ئێستا و ئێستاش ناوی بۆتە ڕەمزێکی شوێندانەر لە زەینی خەباتگێڕاندا.

٢٠ ساڵ لەمەوبەر لە وڵاتی سوێد دەنگێکی دی، سەکۆیەکی دی بۆ گەیاندن و بڵاوکردنەوەی خەباتی ڕەوای گەلەکەمان بەنێوی ماڵپەڕی گیاڕەنگ لەدایک بوو، سەکۆیەک کە بە شێوازی خۆی خەباتێکی تایبەتی دەست دایە و تا ئێستاش بەردەوامە. گیاڕەنگ بە زەحمەت و تێکۆشانی پێشمەرگەیەکی حەماسە خوڵقێن لە مەیدانی بەرەنگاریی دژی داگیرکەر چاوی هەڵێنا.

گیاڕەنگ لە ماوەی ئەو ٢٠ ساڵەدا بەبێ جیاوازیی پەیامی هەمووانی گەیاندوە، ڕەنگبێ هێندێک جار بۆنی حیزبی بوون لە ناوەرۆکی پەیامەکانی هاتبێ، بەڵام کوردستانیی بوون و ڕۆژهەڵاتی کوردستانیی بوونەکەی دەیان بەرانبەر بەهێزتر بووە.

بەبۆنەی یادی ٢٠ ساڵەی دامەزرانی ماڵپەڕی گیاڕەنگ، وەک خوێنەرێکی بەردەوامیی ئەو ماڵپەڕە نەتەوەییە، پیرۆزبایی بە بەڕێوەبەرانی دەڵێم، هەروەها پیرۆزبایی لە خوێنەران و بینەرانی دەکەم، گیاڕەنگ پەنجەرەیەکی جیاواز و شوێندانەر بووە و تێکۆشانی گیاڕەنگ لاپەڕەیەکی ڕازاوەی خەباتیی مێدیاییمانە، هەر بۆیە داوا و هیوای بەردەوامی گیاڕەنگ دەخوازم و بەڕێوەبەرانی لە تێکۆشان ماندوو نەبن.

ئالان خاس