بە بۆنەی ٢٠ ساڵ چالاکی ماڵپەڕی گیاڕەنگەوە. ئێقباڵ سەفەری

بە بۆنەی ٢٠ ساڵ چالاکی ماڵپەڕی گیاڕەنگەوە. ئێقباڵ سەفەری

بە دەستپێکی یەکەمین مانگی بەهاری ساڵی ٢٧٢٣ کوردی، ماڵپەڕی گیاڕەنگ پێ دەنێتە بیستەمین ساڵی وەشاندنی چالاکیەکانی.

گیاڕەنگ تەنیا ناوێکی ساکار، ماڵپەڕێکی دەنگ و رەنگ، شاخێکی کوردستان،  هێزێکی پێشمەرگەی دێموکرات نییە، بەڵکو مەکۆی بەرخۆدان و خۆڕاگریشە لە بەانبەر دەسەڵاتی کۆنەپەرست‌ترین رێژیمی سەردەم.

شاخی گیاڕەنگ بەده‌یان گوند و ئاوایی بچوک و گه‌وره وه‌ک ملوانکه‌یه‌ک له ده‌وری ئاڵاون، کە وینەیکی جوانی سرۆشتی رۆژهەڵاتی کوردستانە. هەروەک چۆن ماڵپەڕی گیاڕەنگ بەدرێژایی بیست ساڵ تەمەنی دەیان بەرهەم و کۆمەڵێک بابەتی رۆشنبیری رەنگاوڕەنگی وەک: بابەت، هەواڵ، کلیپی جۆراوجۆری نووسراوەی چالاکوانانی بوارەکانی سیاسەت، لەقاودانی جنایەتەکانی رێژمی کۆنەپەرستی کۆماری ئیسلامی ئێران لە رۆژهەڵاتی کوردستان، هۆنەر، مۆسیقاو… ، خستۆتە بەر دیدە و گوێی خوێنەران و لایەنگرانی و بە گشتی کۆمەڵێکی بەرینی خەڵکی کوردستان بە هەموو بەشەکانیەوە.

ماڵپەڕی گیاڕەنگ جگە لەوانەش کە لەسەرەوە باسکران، وینەێکی جوانیشی لە رەچاوکردنی پرینسیپەکانی رێزگرتن، لەبەرچاو گرتنی رێنووس، رێزمان و ئەدەبیاتی کوردی پێشانی خوینەران و لایەنگرانی داوە.

ماڵپەڕی گیاڕەنگ وەک شاخی گیاڕەنگ و بەهاری گیاڕەنگ، کە پڕن لە گوڵ و سەوزە، لێرەوار و دەوەن، گشت رەنگەکانی سرووشتەکەشی پێوە دیارن. ئێستا ئیدی گیاڕەنگ چەندین ناوی هەیە کە هەر هەموویان لە سرووشتی جوغرافی- سیاسی، ژینگەیی و کۆمەڵایەتی، بەرخۆدان و خۆڕاگریەوە سەرچاوەیان گرتوە. لەخۆڕا نییە لەژێر سێبەری یەکێک لە دڕندەترین سیستمی دەسەڵاتداری سەردەمدا، بە دەیان بنەماڵە کورد ناوی گیاڕنگ لەسەر مناڵەکانیان دادەنێن.

ئەزیش بە نۆرەی خۆم دەستخۆشی لە دامەزرێنەران و بەڕێوەبەرانی ماڵپەڕی گیاڕەنگ دەکەم و هیوای لەشساغی و تەمەندرێژییان بۆ دەخوازم. هەروەها ئارزوی بەردەوامی چالاکیەکان، تۆخکردنەوەی هزر و بیری نەتەوەیی نیشتمانی بۆ بنیاتنانی سازەیەکی نەتەوەیی، کە سەربەستی گەل و نیشتمانی لی بەرهەم بێ.

لەگەڵ رێز و حورمەت

ئێقباڵ سەفەری