گیاڕەنگی سەنگەر. کاووس عەزیزی

گیاڕەنگی سەنگەر. کاووس عەزیزی
ناوی گیاڕەنگ کە تا بەهاری ساڵی ١٣٦٥ی هەتاوی تەنیا ناوی شاخێکی نیشتیمان بوو لە ناوچەی سەردەشتی سەرسەوز و دەوروبەری. بەڵام بە ڕێکخستنەوەی سەرلەنوێی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بە بڕیاری کۆنگرەی ٧ی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، گیاڕەنگ نەک لە سەردەشت و دەوروبەر، بگرە هەموو سنوورە دەستکردەکانی سەر جەستەی نیشتیمانی کوردانی بڕی و بوو بە ناوێکی ئاشنا و تێکەڵ بە پێناسەی پێشمەرگەش بوو . کاتێک هێزی شەهید موعینی گۆڕدرا بە هێزی گیاڕەنگ، ئیدی بوو بە ناوی تۆمارکەری داستانە مێرخاسییەکانی پێشمەرگەی کوردستان. بوو بە بیرەوەریی پێشمەرگە، بوو بە باسی ماڵان و بوو بە یادگاری شەهیدان.
جارێ جیلی خەباتی پێشمەرگەی گیاڕەنگ هەر لەگەڵ داستانەکانی هێزی پێشمەرگە دا دەژیا، گیاڕەنگ لە ئیسکاندیناویی بەفر و بەستەڵەکەوە سەری هەڵدا و سەنگەری خەباتی گواستەوە نێو ڵاپەڕەکانی ئینتەرنێت و دونیای سۆسیال میدیا و تێکۆنۆلۆژیای سەردەم و کاروانی خەباتی درێژتر کردەوە.
پێشمەرگەی ماندووی نەناس، خەباتکاری قاڵبووی ڕۆژە سەختەکان کاک محمدڕەسووڵ کەریمی کە بە ناچاری تازە ژیانی غەریبایەتی و دوورە وڵاتیی هەڵبژرادبوو ، هەر زوو کەوتە بیری زیندوو کردنەوەی ناوی هێزی گیاڕەنگ و ژیاندنەوەی بیرەوەرییەکانی ئەو هەموو داستانەی کە لە ژێر ئەو ناوە ناسراوەدا تۆمار کرابوون. بۆیە لە ساڵی ٢٠٠٣ ماڵپەری گیاڕەنگ لە سەر تۆڕی ئینتەرنێت کرایەوە و هەر زۆر زوو توانی ئەویندارانی ڕێبازی دێموکرات و خەباتی نەتەوایەتی لە دەوری خۆی کۆبکاتەوە و دەست بکا بە ئاوەدانکردنەەی سەنگەرێکی نوێ. بەتایبەتی کە ئەوکات تۆڕی ئینتەرنێت بۆ کورد و باقی نەتەوەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست هیندە ئاشنا نەبوو.
کاک حەمەڕەسووڵ و شلێر خانمی هاوژینی دوو بەدوو شانیان دایە بەر کاری میدیایی لەو سەنگەرە و دەبا وێڕای مناڵەکانیان گیاڕەنگیشیان گەورە کردباوە. ئەوان هیندە لە مێژ نەبوو لە ئیسکاندیناوی گیرسابوونەوە، کۆمەڵێک ئەرک و گرفتی ڕۆژانەیان لە سیستەمی وڵاتە نوێکەیان دا هەبوو و دەبا وڵامدەری هەموو ئەو گیروگرفتانەش ببوونایەوە. دەبا کاری حیزبیشیان کردبا و کاریان بۆ داهاتی ژیانی خۆشیان کردباوە، دەرسیان خوێندبا و مناڵیان پەروەردە کردبا و گیاڕەنگیش وەک کۆرپەڵەیەک پێگەیاندبا و بە حەق هەر هەمووشیان پێکەوە دەبردە پێش کە ئەوەش ئەوپەڕێ باوەڕ بە خۆبوون و ئیڕادەی خەباتگێڕانەی ئەو دوو مرۆڤە زەحمەتکێش و تێکۆشەرەی دێموکرات بوو.
گیاڕەنگ لە ماوەیەکی کورت دا بوو بە سەکۆی نووسەران، شاعیران، هونەرمەندان، پێشمەرگەکان، ژنان، سیاسەتوانان، خوێندکاران و لاوان و بەگشتی هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگای کوردەواری. بە هەزاران بابەتی جۆراوجۆری بڵاو کردەوە و کردنی بە ئارشیوێکی دەوڵەمەندی میدیای سەردەمی کوردی.
گیاڕەنگ سەرچاوەیەک بووە بۆ هەواڵ و بابەتی نوێ، کتێبخانەیەک بووە بۆ ئارشیو کردنی کتێبە کوردییەکان، ئارشیوی میدیای حیزبی دێموکرات و بگرە ئەحزابی تری کوردستان بووە. بەگشتی گیاڕەنگ سەربازێک بووە لە خزمەت پاراستنی زمان و ئەدەبیاتی کوردی، هەنبانە بۆرینەیەک بووە بۆ بیرەوەریی پێشمەرگە، ژیان و بەسەرهاتی شەهیدان و بڵاو کراوە کوردییەکان.
بۆیە من وەک خوێنەرێکی هەمیشەیی ماڵپەڕێ گیاڕەنگ ، لە ٢٠ ساڵەی دەست بەکار بوونی ماڵپەڕی خۆشەویستی گیاڕەنگ دا وێڕای پیرۆزبایی و دەستخۆشی لە هەردوو هاوڕێی بەڕێزی بەڕێوەبەری ماڵپەڕ، پیرۆزبایی لە خوێنەران، نووسەران و ئۆگرانی گیاڕەنگ دەکەم و هیوادارم ئەو پەنجەرەیە هەمیشە ڕووناکی بەخشی هەموو شار و دێهاتێکی نیشتیمان بێ و جیلێکی دیکەش ئەرکی ئیدامەکاری و ڕەساڵەتی گیاڕەنگ بگرێتە ئەستۆ و بەرەوپێشی بەرێ.
سوپاس بۆ بوونتان ،.هەر بمێنن کاک حەمە ڕەسووڵ و دادە شلێر
کاووس عەزیزی