سایتی گیاڕەنگ، بیست ساڵ ئەستێرەیەکی گەشاوەی دنیای مجازی. برایم چوکەڵی

سایتی گیاڕەنگ، بیست ساڵ ئەستێرەیەکی گەشاوەی دنیای مجازی. برایم چوکەڵی
ئاوڕدانەوە لەمێژووی دروستبوونی سایتی گیاڕەنگ لەو چەند پاڕاگرافە ڕەنگ بێ نەتوانێ وڵامدەری ئەو زەحمەتانە بێ کە بەڕێوەبەری سایتەکە بەئەنجامیان گەیاندوە. بیست ساڵ ماوەیەکی کەم نیە کە لام‌ وایە بەسەدان وتاری جۆراوجۆری سیاسی و فەرهەنگی و کۆمەڵایەتی وکتێب وشێعری تێدا بڵاو بۆتەوە.
سایتی گیاڕەنگ لە هەلومەرجێک دا دامەزرا کە بە شێوەی ئێستا تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان پەرەی نەستاندبوو سایتی ناوبراو لەو هەلومەرجەدا پێویستیەکی ڕۆژ بووە. بۆچی پێویستی ڕۆژ بوو؟ لە سێ بارەوە دانانی ئەو سایتە ئەهمییەتی تایبەتی بوو. یەکەم: خەڵک بەگشتی بەکەمی دەستی بە ڕۆژنامە و گۆڤار دەگەیشت، ئەو سایتە هەواڵ و زانیاری و وتارەکانی ڕۆژی، زۆر بەخێرای بڵاو دەکردوە واتە کاتێک چاوت بەهەر وتارێکی ناو ئەو سایتە خنجیلانەیە دەکەوت نوێ و شتی تازەی تێدا بوو. دووهەم: ئەو سایتە بۆی گرینگ نەبوو کێ وتاری بۆ دەنێرێ گرینگ ئەوە بوو نیوەرۆکی نووسراوەکە چیە، ئەگەرچی بەشی زۆری سەبارەت بە جووڵانەوەی کورد و کێشەکانی کورد بوو بەڵام شەرت نەبوو ئەندامی حیزبی بێ گرینگ ئەوە بوو لەچوارچێوەی زمانێکی خاوێنی ئەدەبی و سیاسیی و کۆمەلایەتی دابی، ئەوەش بۆخۆی ئێعتباری سایتەکەی زیاتر بەرز کردبۆوە. سێهەم: ئەگەرچی بەڕێوەبەرانی سایت ئەندامی حیزبێکی دیاری کراو بوون، لەهەمانکاتدا لەهەر جێیەکی، یا ئەندامی هەر حیزبێکی دیکە نووسراوە و وتاری بۆ ڕەوانە کردبایەن بڵاوی دەکردەوە. تەنیا مەرجێکی من دەمدیت ئەوە بوو کە بە زمانێکی پاراو دوور لە وشەی “شنیع” نووسراوەکانی بڵاو دەکردەوە، بۆیەش ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ خوێنەری زیاتر دەبوو.
لەلایەکی دیکەوە دوو کەس مایە لەخۆیان دادەنێن دەست بۆ کارێکی گەورە دەبن ئەوەش خزمەتێکی دیکەیە کە بە زمان و ئەدەبی کوردی دەکرێ. لەگەڵ ئەوەدا دوو کەس هاوسەری ژیانی یەکتر لەگەل هەموو کوێرەوەرییەکانی ژیان و زەحمەتەکانی گەورەکردنی منداڵ، و لەهەمانکاتیش بتوانی ئەرکێکی گرینگی بەڕێوەبەری کە خزمەتێکی ئێگجار گەورەیە کە کاک حەمەڕەسوول کەریمی و خوشکە شلێری هاوسەری بەئەنجامیان گەیاندوە.
پێدا هەڵکوتن نەبێ بەتایبەتی حەمەڕەسووڵ لەمێژە دەیناسم، چونکە لە مەیدانی بەربەرەکانی بەیەکەوە، هاوسەنگەر، دۆست، رەفیق وبرا بووین ئەو لەومەیدانەش‌دا پێشمەرگەیەکی تاسەر ئێسقان خزمەتکاری گەڵ ونیشتمان بوو.
بۆیە لەڕێگای ئەو نووسراوەیە لە ٢٠ ساڵەی دامەزرانی سایتی گیاڕەنگ پڕبەدڵ پیرۆزباییتان لێ دەکەم دەستان خۆش بێ هەر لەڕۆژی یەکەمەوە تا ئێستا بەڕاستی بە کارێکی بەنرخی دەزانم و ماندوونەبوونیتان لێ دەکەم.
هەربژین و سەرکەوتوو بن
برایم چووكەڵی