کۆچی‌دوایی کاک حاجی قادر سووری کەسایەتییەکی دیار و خۆشناوی ناوچەی سەردەشت

کۆچی‌دوایی کاک حاجی قادر سووری کەسایەتییەکی دیار و خۆشناوی ناوچەی سەردەشت

کەسایەتییەکی خۆشناو و ئەندامی دێرینی حیزبی دێموکرات لە شاری سەردەشت ماڵاوایی لە ژیان کرد.

ڕۆژی ١٣ی خاکەلێوەی ١٤٠١ی هەتاوی کەسایەتی دیاری ناوچەی سەردەشت  “حاجی قادری سووری” ناسراو بە حاجی قادری چۆڵپەموو” لە شاری سەردەشت ماڵاوایی لە ژیان کرد.

حاجی قادر کەسایەتییەکی دیار، خۆشناو و نیشتمانپەروەر و حیزب خۆشەویست بوو؛ ناوبرا کەسێکی جێگای ڕێز و خۆشەویستی خەڵکی شاری سەردەشت و دەروەبەری بوو و هەروەها هاوکار و ئەندامێکی چالاکی جووڵانەوەی پڕشکۆی ساڵەکانی ٤٦ـ ٤٧ی هەتاوی حیزبی دێموکرات بوو.

بەهۆی چالاکی وهاوکاریی ناوبراو بۆ تێکۆشەرانی دێموکرات لە سەردەمی ڕێژیمی پاشایەتی دوو ساڵ وەک بەندکراوی سیاسی لە زیندانەکانی ساواک گیرا و سەرەڕای گرتن و زیندان و بێ‌ڕێزی پێکردن لەلایەن کاربەدەستانی ساواکەوە، لە ڕیگا و ڕیبازی حیزبەکەی پاشگەز نەبووە و وەک هاوکار و پشتیوانێکی بەهێزی پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکرات مایەوە و تا دواهەناسەی بە ڕێبازی دێموکرات وەفادار مایەوە.

لە دوای شۆڕش و ڕاپەرینی گەلانی ئێران کاک حاجی قادر وێرای بەشێکی بەرچاو لە خەڵکی گوندەکانی ناوچە ماڵ و حاڵ و مووچە و مەزرای بوونە شوێنی حاوانەوەی پێشمەرگە و بە هۆی خۆشەویستی پێشمەرگە، بەرێزیان هەمیشە هاوکار و یارمەتیدەری شۆڕش و پێشمەرگەکان بوو و باوەڕی قووڵی بە ڕێگای پڕ سەروەری شەهیدانی کوردستان و حیزبی دێموکراتی کوردستان هەبوو، ، لە ساڵەکانی ٦٠ی هەتاوی دا یەکێک لە کوڕەکانی بە ناوی کاک ئەیوب سووری دەبێتە پێشمەرگەی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان و وەک کادر و پێشمەرگەیەکی هەڵسوور و چالاک خزمەت بە گەل و نیشتمان دەکا و هەر بۆیەش کۆماری ئیسلامی چەندین جار بێ ڕێزی و بێ حورمەتی پێکردووە و بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعات و سوپا کراوە و ڕاپێچی گرتووخانە کراوە.

کاک حاجی قادر لە نێو خەڵکدا ڕێزی تایبەت بە خۆی هەبوو و هەر ئەوەش وایکرد بوو کە خەڵکانێکی زۆر ڕووی تێبکەن و داوای هاوکاری لێبکەن و بەرێزیان بە دڵخۆشی‌یەوە کارەکانی رادەپەڕاندن.

بە بۆنەی کۆچی دوایی کاک حاجی قادر سەرەخۆشی لە بنەماڵەی گەورەی سووری و شەڵماشی و بە تایبەت کاک ئەیوب شەڵماشی و کاک مستەفا شەڵماشی و گشت ئەندامانی بنەماڵەی بەرێزیان لە نێوخۆی وڵات و دەرەوەی وڵات دەکەم و خۆم بە شەریکی خەمیان دەزانم و هیوای تەمەن درێژیان بۆ بە ئاوات دەخوازم.

ڕووحی شاد و جێگای بەهەشت بێ و یاد و ناوی لە دڵان دا هەردەم زیندوو بێ.

حەمەڕەسووڵ کەریمی

ماڵپەری گیاڕەنگ

١٤ ـ ٠١ ـ ١٤٠١ی هەتاوی