حەیران مێژووگێڕەوەیەکی بێ فرت و فێڵە. نووسینی ئازاد عەبباسیان
حەیران مێژووگێڕەوەیەکی بێ فرت و فێڵە. نووسینی ئازاد عەبباسیان
بۆ گێڕانەوەی مێژوو دەبێ سفرەی دڵت وا ڕابخەی کە لە هیچ قوژبنێک دا جیا لە ئەوین،جێگەیەک بۆ دانیشتن نەبێ. جا مێژوویەک گەر بۆ سەروەر و سالاری کوردان پێشەوای هەمیشە زیندوو بێ،پێشەوایەک کە بە گیان و دڵ ڕۆحی دانا بۆ گەلەکەی،ئەوینێکە کەتا ئێستاش ساڵ بە ساڵ و سات بە سات هەر چرۆ دەکات.
لە حەیران بێ غەل و غەشتر و پاکتر مەگەر هەر حەیران خۆی بێت بۆ هێانەوە بیری مێژوویەکی بێگەرد،جا کە بێیت و حەیران بلاوێنییەوە وەک شیری دایک پاک
وەک سۆزی خۆشک بۆ برای شەهید بەگڕ
وەک ڕۆڵەی غەریب و دوورە وڵات و ناخ پڕ لە ئاوات
وەک هەزاران ئەڤینداری بستە خاکێک
بۆ زێد و خاک.
ئەم حەیرانە پێدا دێت لەو یازدە خولەکەدا وەک ئەوەی ئەو یازدە مانگەی تەمەنی کۆمار ،چرکە بە چرکە و هەنگاو بە هەنگاو یاری پێشەوا بووبێ،یازدە خولەکە و ئەوینی یازدە ئەستێرەکە و ژنێڕاڵەکان و ژنانی کۆمار لە دەشتی موکریان دەنەخشێنێ و تیشکهاوێژی ئاویەر و زێدەکەی موسا و ئیلامی دەکات و بە گۆزەڵەیەک ئاوی زمزیران لەگەڵ شۆڕەسوارانی قەڵاکەی سەردار بە بابۆس دا تێپەڕ دەبن بۆ لای دەشتکەی کۆیە و هەڵگورد وقەندیل.
ئەم حەیرانە بە دڵ و ئەسرینی چاو،پێشەوا وەک کۆرپەیەک دەلاوێنێتەوە لە چرکەساتەکانی هەڵمژینی هەناسەکانی لەدوا ساتەکانی هەڵفڕینی ڕۆح دا. ئەم حەیرانە نیشتمانی کردۆتە ماڵی گشت ئەوینداران کە شەیدای ئاڵای گوڵەگەنمەکن کە شنە بای سابڵاغی هەمیشە لانکەی شۆڕش دەیلاواندەوە،مەگەر نەسرین و سۆهەیلا ئاوا نیشتمانیان بلاواندایەوە.
منیش وەک سۆزی ئەو حەیرانە تێر نابم لە وشە پێک نان،گوێی بۆ ڕادەدێرمەوە دەیان جاری دیکە و دەگەڵ خۆم دا دەیڵێمەوە..
جوانت ڕازاندەوە کاک حەمە ڕەسوڵی پێشمەرگە.