شانۆ، سەکۆی هزر و شارستانیەت. برایم فەڕشی

شانۆ، سەکۆی هزر و شارستانیەت. برایم فەڕشی
بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی شانۆ

‎ساڵی ۱۹۷۲ ئەو کاتەی یازدە ساڵ لە نۆهەمین کۆنگرەی جیهانی شانۆ(ITI) تێپەڕیبوو، ڕێک نیوسەدە لەوە پێش لە شارێکی خنجیلانەی پڕ ئاو و باخ و دارستان و کۆڵانی تەنگەبەر و دەوردراو بە شاخ و چیای قووچ و تەخت و تەڕوتووش. لە ناو خەڵکێکی دڵفراوانی سادە و ساکار لە گەڵ کوڕان و کچانی تامەزرۆ لە شاری بێ هۆڵی شانۆ و ناوەندی هونەری و بێ هەر شتێکی شانۆ، شانۆی سەردەمیانە دەستی پێکرا.

شارێک بە تەواوی دوور لە شانۆ بە بۆنەی جەژنەکانی کیانی شاهەنشاهی کە لە سەر خەکی داگیرکراوی کورد و تەرمی پێشەواو سەردارانی جێگیرکرابوو، سەیری نمایشی “میللی و میهەنی” دەکرا و بە شانۆ و تئاتر بە خەڵک دەفرۆشرا. نمایشی میللی و میهەنی بەو تێکستانە دەگوترا کە کوردەکان خۆیان بە دژی خۆیان دەینانووسی بۆ پارێزگاری لە “میهەن و میللەت”ێ، کە هی خۆیان نەبوو!

‎نیو سەدە لەو ڕۆژانە تێپەڕیوە کە لە پاییزێکی ساردی بەفرکەوتوو دانە دانە بەرد و زیخمان دەردەهاورد بۆ ئەوەی سەکۆی شانۆ کە ئەشکەوتێک بوو بڕازێندرێتەوە. شانۆنامەی “کونە ئەشکەوت” داستانی دوو سەربازی ڕاکردە لە شەڕ بوو کە پەنایان بۆ ئەشکەوت هێنابوو. ئەوانی تازە لاو لە ناو ئەشکەوت، تووشیان بە تووشی پیرەپیاوێکەوە دەبێ کە مێژوو دەگێڕێتەوە. مێژوو کە لە ئێمەی شانۆگێریش گووم ببوو. ئێمە وا فێرکرابوویان کە جووچکەی(کلکی) پارسەکانین و مێژوو بە باڵای ئەوان بڕاوە و شانازی ئەوەیە مێژووی ئەوان فێربین و بە زمانی ئەوان بدوێین و حەول بدین لە فارسی تەقاندن بەوان بگەین و لە شانۆشدا لاسایی ئەوان بکەینەوە.

‎ئێمە خۆمان نەبووین، ئەوانیش خۆیان نەبوون.
‎ئەوان خۆیان لە کەسایەتییەکی درۆیینی کارتۆنیدا دیتبووە و خەیاڵ و ئەفسانەی ئێرە و ئەوێیان بە هەموو چەشنە سرێشێک سرێشڕێژ دەکرد و بە ناوی مێژووی ۲٥٠٠ ساڵە لە فێرگەکان دەیانتەپاندە ناو مێشکی ئێمەوە و ئێمەش بۆ نووسینی چەند ڕستە لە سەر شار و زێدی خۆمان دوور لە هەر چەشنە بەڵگە و زانیاریی, دەستەووەستان و داماو دەماینەوە. ئەوان خاوەن شارستانیەت بوون و ئێمەش شانازیمان بە سێبەری ئەوانەوە بە سەر سەری خۆمانەوە دەکرد و ڕۆژانە ببووینە سەماکەری سەر سەکۆی ئەوان.

‎٦٠ ساڵ لە تەمەنی ڕۆژی جیهانی شانۆ و سێ هەزار ساڵ لە تەمەنی شانۆ و فەلسەفە تێپەڕیوە و شانۆ وێرانکراوەکەی سەردەمی ئەلکساندر لە کەنگاوەر هێشتا نوێ نەکراوەتەوە. ئێمەی شانۆکار و شانۆگێڕی کورد هێشتا عەوداڵی ئازادی بیر و هزر و سەکۆی ئازاد و کەسایەتی خۆمان و کەسایەتی شانۆی میللەتێکین کە خۆی نەدیتۆتەوە و ژێر پێی هەڵۆڵە و وەک قەرەج ڕۆژێک لە سەر سەکۆی سیاسی ئەم کیان و ڕۆژێکی تر لە سەر سەکۆی ئەو حکوومەت بە دڵی ئەوان دەلێزین و شانۆش لەواندا دەبینین و خوو و خدەی ئەوانمان گرتووە و نازاندرێ ئەوەی بە ناوی کورد و بە ناوی شانۆ بازاڕی پێ پڕکراوە، چییە و بەری بە کوێوەیە!

‎لە ڕۆژێکی وەک ئەم ڕۆژەدا گەر پشت لە ڕاستییەکانی نەتەوەیەکی پەنجا میلیۆنی بێ کیان و شانۆی بێناسنامەی بکرێ، یەک پرسیار بەرەوڕوومان دەبێتەوە، کە کەی لە ژێر ئاڵای کیانی نەتەوەیەکی یەکگرتوو، شانۆی پشتئەستوور بە ۱۲ هەزار ساڵ فەرهەنگ و شارستانیەتی گووم بوو و نەناسراو، شانۆ بە تێگەیشتنی ئەمڕۆیی لە زێدی کوردان و سەکۆی شانۆی جیهان دەژێتەوە و دەبووژێتەوە!

‎بەم هزرەوە، ڕۆژی شانۆ لە شانۆکاران بە تایبەت لە شانۆکارانی وڵاتی ڕۆژ و ڕەز و ئاگر و سەما پیرۆز بێ.

‎برایم فەڕشی
‎شەش و حەوتی خاکەلێوەی ئەمساڵ