خاکەلێوەی شەهید. نووسینیی؛ سەلیم حەقیقی

خاکەلێوەی شەهید. نووسینیی؛ سەلیم حەقیقی

خاکەلێوەیە و هەستی نیشتمان بە چرۆی گزینگی خۆر و خوشینی ڕووەک و چیمەن لەژێر بەفر، سەری کەسکی دەگاتە هەتاو و دڵۆپ دڵۆپ بەفراو دەڕژێتە هەناوی خاک، کوێستان و چیا بەڵەک سپی و خەنەیی، بەستەڵەک بەسۆزەوە باری کردووە و هەویای خۆشی و شایی بە شنەی سروەی بەهار و پەیامی نەورۆز ئاوایی و کۆڵانی شار ئاوپڕژێن دەکا و لەم نێوەدا لە سەرەمەرگی زستان غەمێکی قووڵ لە ناخەوە حەسرەتێکی شەیدا بەسەر ئاسمانی وڵات دائەبارێ کلوو کلوو نمەی مژ و دوومان…
ئۆغری ئەمجارەم ئەوەندە دوورە بە حیلەی هەسپ و خوڕەی گۆمەشین، شەقەی پەرکوور و هەڵۆ بڕ ناکا ئەوەندە تاڵە ئەو سەفەرە هیچ ڕووبارێک نایگاتێ گەشتێکە ئەوەندە دوور تاراندوویە حەز و ئاوات ئەو ڕۆژە ڕوونەی سەرکردەیەک، ڕێبەرێک لێم بووتە تاپۆ، سەفەرێک پڕ لە نەگەڕانەوەی، دەگۆڕنانی هەموو ئاواتەکان و ئەو یازدە بیرەوەرییەی دەمکردنە ڕەنگ و نیگاری حەسرەتی بێ تۆیی و کیانێکی سەربەستم پێ دەهۆنییەوە، دەمکردە وشە و شەوی ئەنگوستەچاوم دەدرەوشاندەوە. نە شەماڵ و نە ئەستێرە و مانگ هیچکامیان هەڵنایەن بەرچاوم تاریک و لێم بووتە تراویلکە، ئیتر هەرمان تاوی دایە بۆشایی و سپیدارەکان هێلانەی مەلیان شێواند، هەناسەم نایێ، دڵم گوشراوە، خەفەتێک بارتەقای ئاویلکەی ئاسکێکی هەڵدڕیو. دڵم گیراوە، ئەوەندە پڕم لە باران هەورێک دەمباتەوە، ئەوندە پڕم لە بێ تۆیی چیا دەمخواتەوە، ئەوەندە تەنیام ئاوزینگ دامدەگرێ و شەوەی بەختی چەمووشم دەمباتەوە، مۆتەکەی هەراسان وازم لێ ناهێنێ خۆزگە هەر خەونێک با ئەو بەربەیانەی سێ کۆچکەیەک بەڕیز گڕیان گرت و بوونە هەڵم گەیشتنە تەشقی ئاسمان چوونەوە لای نادیار…
سروەی کازێوەی بەیان وێڕای خۆر بە دارێکی هەڵبەستراوە بە کەزی و پرچی جوانێ دیمەنی بەهار و سروشتی ڕەنگاڵەی نەورۆز و شایی لاوان و “گڕوگاڵی مناڵان” و “نیشتمان” و “کوردستان” و ڕێبەندانی پیرۆز سڕ دەکاتە شەو و بریقەی تاسەی هیوا هەڵداوەسرێ، بەلایەلایەی “دایکی نیشتمان” دەلەرێتەوە برا و برا بەسەر ئەو دارانەی دڕکێک بوون بەچاوانی غەوارەی قیزەونی نەشیاو، ژانێک بوو بە تەوێڵی خونکارێکی دزێوی بەدفەڕ، سپای تەختێکی شکاوی وەیشوومە، قەلێکی ڕەشی باڵشکاو بە قیڕە و قاپێلکی بەتاڵ، مێرێکی کەسک و سوور و سپی ئاواتی ئەستێرە و مانگێک لە شەوەزەنگی ئەنگوستەچاو، گوڵێک لە سەحرایەکی ویشک و قاقڕ، ڕووبارێک لە زەوییەکی تیینوو، کانیاوێک لە پەنا مێرگێکی زەرد و سیس لەدار درابوو. جەستەی خەستی مێرێک دەیلەرازاندەوە قەدی ئەو دارەی شوورەیی بە گرێی پەتێکی بۆر توند ئەوکی فەرماندەرێکی ڕێککوشیببوو و هەڵدێرا بەسەر خاک وەخۆی نەگرت دار ترسا، ڕاسا، بە درووشمی “بژی کوردستان” ئەمجارە شلێرەیەکیی گەش شل بوو داچۆڕا مێژووی پەستیی سواری دهۆ و گزی…
ئەو ڕۆژە نگریسە تاڕماییەک بوو لە دیرۆکی گڕئاسای ئەو زەمەندەی لە هەناوی خۆی پاناوێکی بێ بنی لێ هەڵقوڵی و هەتاهەتا ڕێژگەیەک، ڕێچکەیەک، ڕەهەندێک دوور و درێژ بۆ ئەوەیندارانی ڕێبازی ڕێی هەتاو ئەو بلیمەتەی خاک کڕنۆشی بۆ دەبرد و گوڵ لەسۆیان بۆنی پێوەدەکرد و شۆفارە شەرمی لێدەکرد و گەل ڕاوەستاو دەست لەسەر سینگ، چەک بە شانی پێشمەرگەوە قەتیس لە مەزنی پێشەوای نیشتمان دەچۆڕا ئەو هەڵاڵانەی خۆیان بە بەژنی لاولاوەی چوارچرا داگەڕاندبوو، سەرمازەڵەی پەشۆکاو لە حەوزەی مزگەوت ئایەتی گڕ و ئاگریان خوێندبوو. ئەو لە مێژوو بەرخودان و خەباتی گەلێکی بێبەخت و هیوادارەوە هات، هەموو گابەردەکانی پاڵ پیوەنا، سەری گڕکانی ئاگری هەڵگرت و قەندیلی کردە کڕێوە و گێژەڵۆکەیەکی تووشی بەفراوی کێلەشین و شاهۆی وەک ڕەشەبا بەگژ دوژمن دادەدا.
ئەو مرۆڤێک بوو بیری قەڵغان و جەستەی لەمپەڕ و چەکی بەرگریکاری گەل، لە سەرما و زوخم و چلوورەی بەستەڵەکی ڕێبەندانەوە لەپەنا بەرد و ژێرحەرز دەستی کۆلکە و پێی ڕەقی بەستوو بەڵام سەری بەرز و دڵی گەرمیی پاناو، لە وەرزی گەرمیی ناوچە هەگبەی پڕ لە گێلاس و کتێب و وێنە و نامەی ئەوین بە دڵێکی ئۆقرەنەگرتوو ترپەی دەگاتە شار و بەرلە “ئەو” دەبێتە ترس بۆ دوژمنان و خەونێکی خۆش بۆ هەیاران.
ئەو، ئەو باوەڕە بەرزەی لە چوارچراوە بەیداخی شۆڕش و ئازادیی لەسەر هەموو دوند و سەرچیا و ترۆپک و کەڤری شەکاوە ڕاگرت و ڕوحی شیرنی خۆی فیدای ئاڵا و نیشتمان، گەل لە هەموو وەرزەکان هەموو مانگ و ڕۆژ و دەمژمێر و خولەک و چرکەیەک نەک هەر لە سەرماوەزی تووشی شیاوی پێشەوا وەک ڕووگەیەک دەست لەسەر سینگ سروودی “ئەی ڕەقیب” دەڵێنەوە. سامیی ناوی بەرگ و چەکی ئاڵبۆمی وێنەیەکی دوورە لە خەباتێکی سەختی بێ بەزە لە شەوە ئەنگوستەچاوەکاندا لە شەڕگەی خوێناوی بەکۆڵی شلکی شەهیدەوە بە بزەی سەرکەوتن و ئازاری برینێکی هەتا مەرگ ژان و ژان و ژان دەکولێتەوە ئەو بیرەوەرییانەی هاوڕێ و هاوسەنگەر کوڵی دڵی خۆیان بە گەل و نیشتمان دادەمرکێ و شەوقی شۆخی شەوارەی چاوەکانی لە شاردا ئەستێرە و لە ئاواییا ئاوێتەی خۆشەویستی و دلۆڤانی خەڵکێکی هەتاسەر جوان دەبێتەوە، ئەو دەمانەی ناوی بەرزت وەک سروودێک پەیام و درووشم و حەزی پڕ لە شانازی دێتە سەر لێوان جیهانی سڕ و کڕ و ماتی بەرژەوەندی دێتە گۆ دەچێتە سەر چۆک و ڕادەمێنیت لە غیرەت و شەهامەتی و گەورەیی ئەو ئاشنایەی ماچی ژیان دەکا و بۆ شایی گەل سەرچۆپی مەرگ دەگرێ هەتا بەختەوەر بێ ئەو کۆرپەیەی لەبێشکەی ساوای ڕاژاندن دا بە زانست و نیشتمان پەروەردە بێ هەتا سەنگەر ئاوەدان بێ.
ئەو، هێما و شوناسی نەتەوەییەیەک نە خامە باشاڕی دێ و نە وێنەیەک و قالبێک هەڵیدەگرێ هەتا لەسەر تاخچەی ژووری ماڵە شەهیدێک و خوشکێکی دڵ بەکوڵ ڕوندکی شانازی بۆ هەڵوەرێنێ و نە ڕۆمان و هەقایەت و چیرۆک ئەوەندە کەمە دەبێتە ئەفسانە و لەسەر شاباڵی تیژی باز پەیکەرێک لەسەر “زێئووس” ڕۆدەنێی و دەبێتە خواوەندی ئاسمان و لەسەر زەوی فەرماندەری بیر و هزری هەست و نەستی کۆمەڵگادا و لە دڵی هەموو تاکێک بە قەڵەمی کۆکەن داتاشراوە و ناوی بەرزت ڕووگەی ئارامی چڵکنان دەشێوێنێ و هەتا مەرگ هەیە ئەزموونی دەکا و قەت جارێک چۆک دانادا، نە ڕەنگەکان ئەوەندە هەن نیگارکێشێک دیمەنی سەختی شەڕ و بەرگریت وێنا بکا و نە مۆسیقایەک لەبەر گەورەیی ناوی ژێ دەپسێنێ.
لێرەوە لە شەقامە چۆل و بێکەسییەکانمدا لە ماڵێکی ئاماڵ وێرانی بێکەس و شەیدا، ئەوینی چەک و ناوی “پێشمەرگە” ئۆقرەم لێ هەڵدەگرێ و دەپەڕمەوە ئەوبەری نێوڕووبار و دادەگژێمەوە سەر پەڕەکان و خواوەندەکانی تاریکایی و دێوەزمەی شەوی پێ دەتۆقێنم، ناوت دەکەم بە چرا و شەوەزەنگ دەشکێنم و خەباتت دەکەم بە ڕێنوێن و ئازادیی پێ
دەستێنم ئەی پێشەوا…