پەیامی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستان بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی ژن

پەیامی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستان بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی ژن
بەبۆنەی ٨ی مارس ڕۆژی جیهانیی ژن گەیشتن بە ئامانجەکانی هەموو ژنانی کوردستان، بەتایبەت ژنانی تێکۆشەر و مافخواز بە ئاوات دەخوازین و وەدیهێنانی ئامانج و تێکۆشانی ئەوان، کە هاوکات بەشێک لە بەرنامە و ئامانجی سیاسی و کۆمەڵایەتیی حیزبی دێموکراتیشە، هیوامانە. هەر لەم بۆنەیەدا سڵاوی تایبەت دەنێرین بۆ ئەو کچ و ژنە دەروەست و تێکۆشەرانەی کورد، کە لەپێناو بیروباوەڕی یەکسانیخوازی و نەتەوایەتییەکانیاندا ئێستا لە بەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامیدا بەند کراون، بەڵام بە ورەی بەرزەوە لەسەر بیروبڕواکانیان قورس و قایم ڕاوەستاون.

ژنان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەگەر لە دەیان ساڵی ڕابردووی مێژووی هاوچەرخدا هەمیشە بەشێک لە هێزی خەبات و مافخوازی بەدژی ڕێژیمە ماف‌زەوتکەرەکانی ناوەندگەرا لە ئێران بوون، بەڵام لە ئێستادا و لە مەیدانە جۆراوجۆرەکانی خەبات بۆ ئازادی و مافە سیاسی و مەدەنییەکاندا تەنانەت ڕۆڵی پێشەنگیش دەگێڕن. بەشداریی ژنان لە جووڵانەوە مەدەنی، ئەدەبی، کۆمەڵایەتی، ژینگەپارێزی و هەروەها هاوبەشییان لە ناڕەزایەتییە مەدەنی و سینفییە جۆراوجۆرییەکان ئەگەر لەلایەک هیوابەخش و جێی سپاس و پێزانینە، هاوکات دەرخەری ئەم ڕاستییەشە کە ژنانی کورد چ لەنێوخۆی وڵات و چ لە ڕیزی پێشمەرگەکانی هێزە تێکۆشەرەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا بە شێلگیرییەوە خەبات بۆ مافە نەتەوایەتی و یەکسانیخوازانەکانی خۆیان دەکەن و لەدژی کۆماری ئیسلامی وەک لایەنی هەرە سەرەکیی پێشێلکردنی مافەکانیان ئازایانە و بوێرانە لە مەیداندا بوون.

بەبۆنەی هاتنەوەی ٨ی مارس پێ لەسەر ئەوە دادەگرینەوە کە حیزبی دێموکراتی کوردستان لە بەردی بناغەی دامەزرانییەوە نەک هەر باوەڕی قووڵی بە مافە مرۆیی و جیهانداگرەکانی ژنان هەبووە و ئەو مافانەی لە بەرنامەی خۆیدا گونجاندوە، بەڵکوو بەکردەوەش هەوڵی جێبەجێکردنیانی داوە. بۆیە لە ئێستا و لە داهاتووشدا هەتا وەدیهاتنی سەرجەم ماف و ئازادییەکانی ژنان، خۆی بە پشتیوانی هەمیشەیی خەباتی یەکسانیخوازانەی ئەوان دەزانێ.

وێڕای بەرزنرخاندنی خەبات و تێکۆشانی ژنان و ئەو تێچووە قورسەش کە لەو مەیدانەدا دەیدەن، پێ لەسەر ئەوە دادەگرینەوە کە بەرەوپێش‌چوونی پرسی مافەکانی ژنان لە ئێران لەگرەوی گۆڕینی نۆڕم و کەلتوور و ئەو قانوونە داسەپاوانە دایە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران داژدارییان لێ دەکا و مانەوەیان بە مانەوەی ئەو ڕێژیمە ماف‌زەوتکەرەوە گرێ دراوە. بۆیە خەبات دژی ئەم ڕێژیمە دەبێ هەروا بەشێک لە خەبات و تێکۆشانی سەرەکیی ژنان بێ و هاوکات پیاوانیش شانبەشانی ژنان بۆ وەدیهاتنی ئامانجە بەرزە ئینسانییەکانی خەباتی ژنان پاڵپشت و هاوخەباتیان بن.

بەم بۆنەوە لەلایەن دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە گەرمترین پیرۆزبایی لە هەموو ژنانی تێکوشەر و ئازادیخواز و بە تایبەت ژنانی کوردستان دەکەین.

حیزبی دێموکراتی کوردستان

دەفتەری سیاسی

٧ی مارسی ٢٠٢٢

١٦ی ڕەشەمەی ١٤٠٠