کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەبێ کۆماری ئیسلامیی ئێران بوەستێنی
ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران شەوی ٢١ لەسەر ٢٢ی ڕەشەمەی ١٤٠٠ی هەتاوی (بەرانبەر بە ١٢ لەسەر ١٣ی مارسی ٢٠٢٢ی زایینی) بە مووشەکی بالستیکی خاڵ‌پێک هێرشی کردە سەر هەولێر، پێتەختی هەرێمی کوردستان و چەند شوێنێکی لەو شارە بەئامانج گرت کە لەم سۆ نگەیەوە زەرەر و زیانێکی زۆری ماددی بەر ئەو شوێنانە کەوتوون.
ئەمە یەکەم‌جار نییە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران هێرشی مووشەکی دەکاتە سەر ئامانجەکانی لە خاکی هەرێمی کوردستان و ناوچەکانی دیکە لە عێڕاق. هێرشی مووشەکی بۆ سەر بنکەکانی حیزبی دێموکرات لە خەرمانانی ساڵی ١٣٩٧ یەک لەو هێرشانەیە کە بووە هۆی شەهیدبوونی ١٦ پێشمەرگەی حیزبی دێموکرات و بریندار بوونی دەیان کەس و؛ هەروەها کاولکاری و زەرەر و زیانێکی ماددی زۆری لێ‌کەوتەوە. سپای پاسداران ئەوکات ڕایگەیاند کە ناوەندی پیلانگێڕی لە دژی ئەمنییەتی کۆماری ئیسلامیی کردۆتە ئامانج و ئێستاش وێڕای وەئەستۆگرتنی بەڕەسمیی ئەم پەلامارە مووشەکییەی سەر هەولێر، لە بەیاننامەیەکدا بوونی ناوەندێکی هەواڵگریی دەوڵەتی ئیسڕائیل لە خاکی هەرێمی کوردستانی بۆ ئەو پەلامارە بە پاساو هێناوەتەوە. سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستانیش وێڕای مەحکووم‌کردنی ئەم هێرشە دوژمنکارییەی کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕایگەیاندوە کە پێچەوانەی پاساو و ئیدیعاکانی کۆماری ئیسلامی “شوێنی بەئامانج‌گیراو، شوێنێکی مەدەنی بووە و ئەم پاساوە، تەنیا بۆ شاردنەوەی ئەم تاوانە قێزەونەیە”. ئەنجوومەنی وەزیرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەروەها ڕایگەیاندوە کە: “ئەمە چەندین جارە ئێران ئەم دەستدرێژییانە دووبارە دەکاتەوە و بێدەنگیی کومەڵگەی نێودەوڵەتیش بەرامبەر بەم هێرشە ترسنۆکانە، ڕێگەخۆشکەر دەبێ بۆ بەردەوامیی ئەم جۆرە تاوانانە”.
ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران چەندین ساڵە بێ‌ڕەچاوکردنی یاسا و ڕێسا نێودەوڵەتییەکان و بایەخ‌دانان بۆ سەروەریی سیاسیی وڵاتی عێڕاق، نەک هەر بەئاشکرا دەستێوەردان لە کاروباری نێوخۆیی ئەم وڵاتەدا دەکا، بەڵکوو لە هەر هەلێک بۆ دروست‌کردنی قەیران و ئاژاوەنانەوە لەو وڵاتە کەلکی وەرگرتوە. دەستێوەردان و گێرەشێوێنیەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە عێڕاق گەیوەتە جێگایەک کە خەڵکی عێڕاق لە خۆپیشاندان و نارەزایەتییانەکی چەند ساڵی ڕابردوودا بە ئاشکرا دەریان بڕیوە کە سیاسەتەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بە هۆکاری سەرەکیی نەهامەتی و قەیرانەکانی وڵاتەکەیان دەزانن.
دەستێوەردانی ڕێژیم لە کاروباری نێوخۆیی هەرێمی کوردستان لە چەند دەیەی ڕابردوودا سەرەتا بە تێرۆری تێکۆشەرانی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و دژبەرانی کۆماری ئیسلامی لەو هەرێمە دەستی پێ کرد و لەو ماوەیەدا سەدان تێکۆشەری سیاسیی کوردی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی لە عیراق و هەرێمی کوردستان تێرۆر کرد. بەڵام مووشەک‌بارانی پلینۆمی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان و بنکە و بارەگاکانی حیزبی دێموکرات سەرەتای ئەم هێڕشە مووشەکییانە بوو کە ئێستاکە دەبینین بە بەرچاوی هەموو دنیاوە بۆ سەر پێتەختی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کردوویەتی. هەرئەوکات و لە کاتی پەلامارە مووشەکییەکانی ١٧ی خەرمانان بۆ سەر حیزبی دێموکرات، حیزب و لایەنە سیاسییەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامی داوایان لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان و لایەنە پیوەندیدارەکان کرد کە سنوورێک بۆ دەسدرێژییەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی دابنێن و ئەم کردەوە جینایەتکارانەیە و بەزاندنی سنووری ئەو وڵاتە مەحکووم بکەن؛ بەڵام مخابن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و لایەنە پێوەندیدار ئەم دەستدرێژییانەی بەئاشکرای کۆماری ئیسلامییان بە هەند وەرنەگرت و ئاکامەکەی بوو بە ئەمە کە ئێستا بەئاشكرا و بە وەئەستۆگرتنی بەڕەسمیی بەرپرسایەتیی کردەوە تێرۆریستییەکانیشی لەم دەستدرێژییانەی بەردەوام بێت.
ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران وێڕای مەحکووم‌کردنی پەلاماری مووشەکیی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سەر هەولێر، داوا وڵاتان، شوڕای ئەمنییەتی نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆڕ و کۆمەڵە نێودەوڵەتی و هەموو لایەنە پیوەندیدارەکان دەکا کە چیتر لەهەمبەر ئەم دەستدرێژییانەی کۆماری ئیسلامیدا بێدەنگ نەبن. ئێمە داوا دەکەین بە هەڵوێستی بەکردەوە و لێبڕاوانە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بوەستێنن و ڕێگە نەدەن کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ژیان و ئاسایشی عێراق و هەرێمی کوردستان و چارەنووسی ئەم وڵاتە، بە دەردی چارەنووسی وڵاتانی سووریە، لوبنان و یەمەن ببات.

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران
٢٢ی ڕەشەمەی ١٤٠٠ی هەتاوی
١٣ی مارسی ٢٠٢٢ی زایینی