پەیامی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان بەبۆنەی ۲٤ی ڕەشەمە

پەیامی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان بەبۆنەی ۲٤ی ڕەشەمە
دامەزرانی ڕێکخراوەی یەکیەتیی ژنان ٧٦ ساڵ بەر لە ئێستا بەرهەمی هەلومەرجێکی دێموکراتیک و سەرۆککۆمارێکی لێهاتووە، کە لە قۆناغێکدا دەرکی بە پێویست ‌بوونی ڕێکخراوێکی تایبەت بە ژنان کردووە. کە لەو کاتەدا کۆمەڵگەی کوردەواری تەواو فیۆداڵی و سوننەتی بووە و مافی ژنان تەنانەت لە وڵاتانی دەوروبەریش گرینگی پێ نەدەدرا. بەڵام لە حکوومەتە تازە بەدەسەڵات گەیشتووەکەی کۆماری کوردستان و بە دامەزراندنی ئەو رێکخراوەیە بایەخدان بەو پرسە بە ڕوونی دەردەکەوێ. ئەوە لە حاڵێکدایە کە دەبینین لە سایەی حکوومەتە دیکتاتۆرەکان چ لە سەردەمی پاشایەتی و چ لە سەردەمی کۆماری ئیسلامی دا ئەو ڕیکخراوە لە مافی چالاکیی خۆی بێبەش کراوە ولە زۆربەی قۆناغەکان تەنیا ئەو بەشە لە ژنان کە لە دەرەوەی ئێران بوون توانیویانە تێیدا چالاکی بکەن و کار و چالاکیی یەکیەتیی ژنان لە چوارچێوەی جوگرافیایەکی بەرتەسکدا بووە.
بەخۆشییەوە لە ئێستادا بەهۆی بوونی ئیمکاناتی زیاتر و هەروەها هەست بە بەرپرسایەتی کردنی زیاتری ژنان لەو پێوەندییەدا ژنانێکی زۆر زیاتر تەنانەت لە نێوخۆی وڵاتیش توانیویانە لە دەوری ئەو ڕیکخراوە پێکەوە تێبکۆشن وڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ خەتی کاری سیاسی ئەو یەکیەتییە دابڕێژن، ئەوەش گەرانەوە بۆ ئەو پاشخانەیە کە لە شوێنی لە دایک بوونی دا هەیەتی.
دوای ٧٦ساڵ لە دامەزرانی یەکیەتیی ژنان و هەوڵەکانی ژنان بۆ گەیشتن بە مافەکانیان، ئێستاش بەشی کەمی مافەکانیان دەستەبەر بووە، هۆکاری سەرەکیی ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی دەسەڵاتێکی دێموکراتیک و بوونی یاسایەکی دژە ژن. کۆماری ئیسلامیی ئێران هەر لەگەڵ هاتنەسەرکاری قۆڵی لە ئەستاندنەوەی مافەکانی ژنان هەڵماڵی و ژنانی ناچار بە پەیڕەوکردنی ئەویاسایانە کرد کە زۆر بەبێ بنەماو دژە ژن دایڕشتبوون.
هەر بەوەش نەوەستاو ئەو دەسکەوتانەی کە لە سەردەمی پاشایەتیش بەدەستیان هێنابوو لێیان بێبەش کران و ئەرکی ژنانیان لە چوارچێوەی ماڵ و بەخێوکردنی منداڵ پێناسە کرد. پاش چوار دەیە لە ستەم و چەوساندنەوەی ژنان، تا ئێستاش لە ئێران ژنان لەنێوان شەڕی سوننەت و مۆدێرنیتە دەبنە قوربانی و دەسەڵاتی ئایینیی شەرعییەت بەو پێشێلکارییانە دەدا.
لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ژنان وێڕای ئەوەی لەژێر باری ستەمی دەسەڵاتدارانی دیکتاتۆر دەناڵێنن، لەژێر تەوژمی پیاوسالاریشدان. سەڕەڕای ئەوەش ژنان هیچ کات لە تێکۆشان نەوەستاون و لە بەرامبەر ئەو زوڵم و زۆرانە ڕاوەستاون و چۆنی بۆیان لوابێ ئەو خەباتەیان بەرەو پێش بردووە. مەیدانداری و تێکۆشانی ژنان لە بوارە جیاوازەکاندا بزووتنەوەی ژنانی بردۆتە قۆناغیکی دیکە و لە ئێران هەر بزووتنەوەیەکی سیاسی-کۆمەڵایەتی لە ئارادابێ ناتوانێ ژنان پشتگوێ بخات و بەشداریان نەکا چون هێزی ژنان ئێستا چارەنوسسازە.
دیاربوون و زیندووبوونی بزووتنەوەی ژنان ئەرکی زیاتر دەخاتە سەر ڕێکخراوەکانی ژنان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و پێمان وایە پێویستە کە ناوەندی ژنانی ڕۆژهەڵات زیاتر لە پێشوو هاوئاهەنگ و لەسەر خەت بێ بۆ بابەتەکانی پێوەندیدار بە پرسی ژنان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان.
یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان لە ٢٤ی ڕەشەمە جارێکی دیکە پەیمان لەگەڵ ڕێبوارانی ئەو ڕێگایە بە تایبەت دوو سکرتێری ڕیکخراوەکە، شەهید سوهەیلا قادری و نەسرین حەداد تا گەیشتن بە ئامانجەکانیان نوێ دەکاتەوە.

دەستەی بەڕێوەبەریی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان
۲٤ی ڕشەمەی ۱٤۰۰ی هەتاوی