بەیاننامەی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بەبۆنەی هەشتی مارس

بەیاننامەی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بەبۆنەی هەشتی مارس
هەشتی مارس ڕۆژی جیهانیی ژن یەکێک لەو ڕۆژە گرینگانەی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتییە کە دژ بە چەوسانەوەی نیوەی کۆمەڵ و بۆ یەکسانیی هەر دوو ڕەگەزی ژن و پیاو دیاری‌کراوە. دیاری کردنی ئەو ڕۆژە وەک ڕۆژی جیهانیی ژن، نە کۆمەڵگە پێی بەخشیون و نە هیچ یاسایەک پێشەنگی ئەم یەکسانخوازییە بووە، بەڵکوو ئەوە ژنان خۆیان بوون کە دژ بە چەوسانەوە و ناعەداڵەتی ڕاپەڕین و هاتنە مەیدان و لەم ڕۆژەدا بانگی ئازادی و ئازادیخوازی و یەکسانیخوازییان دا و چیتر زوڵم و ستەمیان قبووڵ نەکرد. بەو بۆنەوە ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران پیرۆزبایی ئەو رۆژە لە ژنانی سەرانسەری جیهان بە گشتی وژنانی کوردستان بە تایبەتی دەکا و لەهەمان کاتدا لە کار وبەرنامەکانی خۆی دا پشتیوانی خەباتی ژنان دەبێ بۆ ئەوە لە دوارۆژ کۆمەڵگایەکی بەختەوەر کە لەودا یەکسانی ژن وپیاوی تێدا بێتەدی.
ئەگەر لە کۆمەڵگەی جیهانییدا ڕۆژ و بۆنەی جۆراوجۆر هەن و هەر نەتەوەیەک بە جۆرێک لە جۆرەکان یادیان دەکاتەوە، بەڵام هەشتی مارس یەکێک لەو ڕۆژە مێژووییانەیە کە مافی مرۆڤ و کەرامەتی ئینسانیی ژن تێیدا بەرجەستە کراوە. ساڵانە لە سەرانسەری جیهاندا و بە تایبەت لە وڵاتانی پێشکەوتوو و خاوەن ئازادی و دێموکراسی ڕێز لەو ڕۆژە دەگیرێ و ژنان لە هەوڵی هەرچی زیاتری دەستەبەرکردنی ماف و ئازادییەکانیان‌دان. بەڵام لە هەمان کاتدا بەداخەوە لە زۆر وڵاتی دواکەوتوو و خاوەن دەسەڵاتی کۆنەپەرستانە ژنان هەر لەژێر نیری چەوسانەوە‌‌دان و لە لایەن دەسەڵات و بەشێک لە کۆمەڵگە مافە ڕەواکانیان پێشێل دەکرێن، بەڵام لە زۆرێک لەو وڵاتانە ژنان بێدەنگ دانەنیشتوون و دەستیان لەسەر دەست دانەناوە، ئەوان لە هەر دەرفەتێکی گونجاودا داوای مافەکانیان کردوە و دژ بە ناعەدالەتی هاتوونەتە مەیدان و بە کردەوە ڕوبەڕووی زولم و ستەم بوونەتەوە.
لەنێو وڵاتە دیکتاتۆرلێدراوەکاندا ئێران بە بوونی دەسەڵاتداری کۆماری ئیسلامی یەکێک لەو وڵاتانەیە کە بە یاسا مافەکانی ژنانی پێشێل کردووە و هیچ مافێکیان پێ‌ڕەوا نابینێ. لەژێر دەسەڵات و یاسایەکی دواکەوتوانەدا ژنان بوونەتە قوربانی و بەشێوەی جۆراوجۆر سەرکوت دەکرێن و دەخزینرێنە کونجی ماڵ و پێشگیری لە پێشکەوتن وو بەرەوپێشچوونیان دەکرێ. یاسا بەرکارەکانی کۆماری ئیسلامی هەردەم ڕێگە خۆشکەر بووە بۆ ئەوەی کۆمەڵگە بە چاوێکی کەم سەیری ژن بکا و لەژێر سێبەری ئەو یاسایانەدا ژنان بچەوسێندرێنەوە، بکوژرین و مافەکانیان پێشێل بکرێن. توندوتیژی یەکێک لەو دیاردانەیە کە ئاماری لە بەرزبوونەوە دایە و ڕۆژانە بە بەرچاوی دەسەڵاتەوە بێڕێزی بە کەرامەتی ژن دەکرێ و دەکوژرێ. خۆکوشتن، خووگری بە مادەهۆشبەرەکان، تێکچوونی شیرازەی بنەماڵە، توندوتیژی و… لەو دیاردانەن کە لەژێر سایەی یاسای دژە ژنی کۆماری ئیسلامیدا لە بەرزبوونەوە‌دان.
دەسەڵاتی ئێران نەک هەر هیچ مافێک بۆ ژن قایل نییە بەڵکوو ژنان لەسەر داواکردنی مافەکانیان ڕۆژانە ڕووبەڕووی گرتن و زیندان و ئەشکەنجە و ئێعدام دەبنەوە، بەندیخانەکان و دادگاکانی ئێران بوونەتە دیارترین شوێنی زوڵم و ناعەدالەتی بەرانبەر بە ژنان، بەڵام لەگەڵ ئەو هەموو توندوتیژی و چەوسانەوەیە ژنانی ئێرانی هەردەم بەگژ دەسەڵات و یاسا کۆنەپەرەستانەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا چوونەتەوە و وێرای داوای مافە کۆمەڵایەتییەکانیان شان بە شانی پیاوان بۆ وەدەست هێنانی ئازادییەکانی دیکەی کۆمەڵگە هەر لە مەیدان دابوون، ئازایانە هاتوونەتە مەیدانی سیاسەت و خۆڕاگرانە ئەشکەنجەگاکانیان کردۆتە قوتابخانەی بوێری و بەرخۆدان و لە هەڕەشە و سەرکوت نەپرینگاونەوە. تەنانەت لە رەوتی خەبات بۆ ئازدی وپاراستنی مافەکانی مرۆڤ ژنان داواکارییەکانیان وێرای پیاوان خەتی سووری نیزامی تێپەراند و لە چەند راگەێندراودا هاوشان لە گەڵ پیاوان داوایان ئەوە بوو کە هەم یاسای بنەرەتیی کۆماری ئیسلامی بگوردرێ هەم کاربەدەستانی باڵای نیزامی کۆماری ئیسلامی دەست لەکار بکێشێتەوە کە لەو پێناوەشدا کەوتنە زیندان و ئازار و ئەشکەنجە دران. ئێستاش دەبینین کە بەندیخانەکانی ڕێژیم کۆمەڵێک لە ژنانی ئازادیخوازیی لە سەرانسەری ئێران تێدا بەند کراوە. لە خۆپشاندانەکاندا هەردەم پێشەنگن و لە هەر کۆر کۆمەڵ و کۆبوونەوەیەکدا دژ بە دیکتاتۆری و دەسەڵاتی دەیان ساڵەی کۆماری ئیسلامی دەنگ و ئازایەتیی ژنان لەرزەی خستۆتە کۆشکی دیکتاتۆر و لە وەدیهینانی مافەکانیان بەردەوامن و شەقام و بەندیخانەکانی ئێران نموونەی زیندووی ئەم بوێری و ئازایەتییەن.
لەگەڵ ئەوەی کە لەژێر دەسەڵاتی دواکەوتوانەی کۆماری ئیسلامیدا بە یاسا مافەکانی ژنان لە هەموو بەشەکانی وڵات پێشێل دەکرێ، بەڵام لە رؤژهەڵاتی کوردستان ژنانی کورد وێڕای پێشیلکردنی مافە ڕەگەزییەکانیان لە باری نەتەوایەتیشەوە مافیان پێشێل کراوە، لە خویندنی زمانی دایکیی بێبەشن، لە پۆشینی جلوبەرگی کوردی و پەرپێدانی فەرهەنگ و کەلتووری کوردی و زۆر مافی دیکەی ئینسانی بێبەش کراون. “زارا” مامۆستای قوتابخانە و…. کەیکاوسی لەو ژنانەن کە لەسەر داواکارییە ئینسانی و نەتەوایەتییەکانیان کەوتوونەتە زیندان.
ژنانی کورد لە دێر زەمانەوە بە جیهانیان سەلماندووە کە زوڵم و زۆری داگیرکەرانی نیشتمانیان قبووڵ نەکردوە. لە هەمانکاتدا کە شان بە شانی پیاوان لە کاری ڕۆژانەدا هاوکاری پیاوان بوون لە مەیدانی خەباتی نەتەوایەتی ومافخوازانەدا لەقوربانیدانیدان لە پیاوان جێ نەماون و لە خەباتی شار و خەباتی چەکداری و پێشمەرگانەشدا هەردەم لە مەیداندا بوون و تا پلەی سەرکردە چوونە پێشێ و کەسانی دیار و بە ناوبانگیان لێ‌هەلکەوتوە و بوونەتە ڕەمزی ئازایەتی و فیداکاری.
ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران، وێرای پیرۆز بایی هەشتی مارس رۆژی جیهانی ژنان لە سەرجەم ژنانی ئێران وکوردستان، ڕێز لە خەبات و ماندوویەتییان بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانیان دەگرین وخۆمان وەک هەمیشە نەک هەر وەک پشتێوان، بەلکوو بە بەشیک لە داکۆکیکاران وهەلسسوراوانی بۆ وەدی هاتنی بە پشتیوانی داوا رەواکانیان دەزانین و لە هەمانکاتدا هیوادارین کە لە خەبات دژی زوڵم و زۆر و ناعەدالەتی بەردەوام بن و هەروەک تا ئێستا نیشانیان داوە لەمەودواش زیاتر لە پێشوو لە هەوڵی گۆڕینی یاسا دواکەوتوەکان و یاساکانی دژە ژن بن و وێرای هەوڵدان بۆ وەدیهێنانی مافە پێشێلکراوەکانیان شانبەشانی پیاوان بۆ گەیشتن بە ماف و ئازادییە نەتەوایەتییەکان بەگوڕتر لە جاران لە مەیدان دا بن.
ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران
١٧ی ڕەشەمەی ١٤٠٠ی هەتاوی
٨ی مارسی ٢٠٢٢ی زایینی