ڕۆژی ٨ مارس، هەوڵدانی بەردەوامە بۆ یەکسانی و بەرابەری. نووسینی: حەمەڕەسووڵ کەریمی

ڕۆژی ٨ مارس، هەوڵدانی بەردەوامە بۆ یەکسانی و بەرابەری. نووسینی: حەمەڕەسووڵ کەریمی
یەک سەدە لە ئینترناسیونالی ژنان لە کۆپێنهاگ تێپەر دەبێ، لە زۆربەی وڵاتانی پێشکەوتوو و دێموکراتدا جێگە و پێگەی ژنان لە کار و باری سیاسەت و دەسەڵاتدا، ئاڵوگۆڕی زۆری بەسەردا هاتووە. بەشداریی دیار و ئاشکرای ژنان لە سیاسەت و دەسەڵاتداریدا، بۆتە دیاردەیەکی سرووشتی و پێشکەتوو و سەردەمیانە، لە بەشێکی بەرچاو لە وڵاتانی جیهاندا، ژنان بوونە کەسی یەکەمی دەسەڵات و بەردەوامیش ئەم ڕەوتە زیاتر گەشە بەخۆیەوە دەبینێ.

ڕۆژی ٨ مارس، ڕۆژی جیهانی ژنان، وەبیرهێنەرەوەی بزووتنەوەیەکی گشتگیری سیاسی و کۆمەڵایەتی‌یە، بزووتنەوەیەک کە بناغەکەی لە نیوەی دووهەمی سەدەی نۆزدە دامەزرا و لەگەڵ دامەزرانی ئینترناسیۆنالی ژنان لە دەستپێکی سەدەی بیستەم دا بوو بە بزووتنەوەیەکی گەورەیی نێونەتەوەیی.

پشتگویخستنی پەیامی دیار و ڕوونی ڕۆژی جیهانی ژنان و ئینکارکردن لەو ڕۆژە و لەو پەیامە گرینگەی یەکسانیخوازی، بە درێژایی مێژوو و بە شێوەی جۆراوجۆر لە کۆمەڵگەکانی جیهانیدا بیندراوە و دەبیندرێ، کۆمەڵگە داخراوەکان بۆ ئەوەی لە پەیامی ئەو ڕۆژە کەم بکەنەوە زۆرجار ڕۆژی ٨ مارس ڕۆژی جیهانی ژن بە ڕۆژی ئاشقان، ڕۆژی خۆشەویستی و ڕۆژی دایک باس دەکەن.

هەوڵدان بۆ کەمڕەنگ کردنەوە و نەهێشتنی پەیامی دیار و ڕوونی یەکسانیخوازی و بەرابەری ژنان لە کۆمەلگەدا، بەشێک بووە لە هەوڵی دەسەڵاتداران و حکوومەتە داخراو و دیکتاتۆرەکان، ئەوان مافی وەک یەک و بەرابەری ژن و پیاو بە دژی ئایین دەبینن و خواستی ژنان بە هێندیک یاسای کۆن و پیاوسالاری و شەرع و ئایین و تەنانەت بە ڕەگەز و هێز و توانا دەبەستنەوە، ئەم ڕوانگەیە و ئەم بیرو بۆچوونە دواکەوتووانەیە، بەشێکی زۆر و دیاری جیهانی سێهەم و حکوومەتە خۆسەپێن و دیکتاتۆرەکانی گرتۆتەوە و ئێرانیش یەکێکە لەو وڵاتانەی کە هیچ جۆرە مافێکی ئینسانی بۆ ڕەگەزی ژن وەک بەرابەری لەبەرچاو ناگرێ و ساڵانە بە هەزاران ژن لە سەر مافی ڕەوای ئینسانی خۆیان بە توندترین شێوە سزا دەدرێن و ڕەوانەی گرتووخانەکان دەکرێن و سزای توند و ئەشکەنجەی ڕوح و ڕەوان و جەستەیان دەکرێ و زیندانی درێژخایەنیان بەسەردا دەسەپێنن.

لە بەشێک لە دەوڵاتانی جیهاندا، حکوومەت و دەسەڵات و کۆمەڵگە، ژن وەک کاڵا و کۆیلەی ماڵەوە سەیر دەکەن و لە باشترین حاڵەتدا وەک دایکی منداڵان دەڕواننە ژن.

کۆماری ئیسلامی ئێران یەکێک لەو حکوومەتانەیە کە لە ماوەی ٤٢ ساڵی ڕابردوودا هەوڵی داوە کە بە گەورە کردنەوەی کەسایەتییە ئایینیەکان و درووست کردنی هێمای ئیسلامی لە پەیامی ڕۆژی ٨ مارس کە بەرابەری و یەکسانییە، کەم بکاتەوە و لە هەمان کاتدا، لە جیاتی باس لە ژن و لە مافەکانی ژنان بکا، زۆرتر باس لە گەورەیی دایک دەکا و بەگشتی لەژێر گەورەیی ناوی دایکدا خواستی ژنان و مافی ژنان پشتگوێ دەخا و بەم شێوەیە دەیهەوێ پەیامی سیاسی و ڕوونی ژنان، بکاتە پەیامی شەرعی و ئیسلامی و بە ئاماژە کردن بە حەدیس و نووسراوەکانی دیکە، ژن تەنیا وەک دەستەمۆ و هاوسەری پیاو لە کۆمەڵگە دا ببینێ و ماف و خواستەکانی ژنان و عەداڵەتی کۆمەڵایەتی لەژێر عەبای ئیسلام و یاسای کۆن و دواکەوتووانەدا بشارێتەوە.

بە پێچەوانەی حکوومەتە داخراوەکان، ڕۆژی ٨ی مارس، ڕۆژێک نییە کە تایبەت بە ڕۆژی ئاشقان و ڕۆژی دایک و ڕۆژی خۆشەویستی بێ، بەڵکوو ڕۆژێکی تەواو سیاسییە کە باس لە مافی وەک یەک، مووچەی وەک یەک، دەسەڵاتی وەک یەک، کار و ئەرک و بەڕێوەبەری وەک یەک لە کۆمەڵگە و لە حکوومەت و دەسەڵاتدا دەکا.

لەم ڕۆژەدا پێویستە کە ژنان بە گشتی و پیاوانی یەکسانیخواز بە تایبەتی بەیەکەوە، دەنگی خۆیان بەرزتر لە پێشوو بە دژی هەموو جۆرە ناعەداڵەتی و هەموو جۆرە نایەکسانییەک لە کۆمەڵگەدا بکەنەوە و شان بە شانی یەک ڕەوڕەوی چەرخی یەکسانی بەرەو پێش بەرن و بە یەکگرتوویی خۆیان پاڵ بە گڵۆڵەی سەرەو لێژی حکوومەتی ئیسلامی ئێرانەوە بنێن و ببنە دەنگی دلێری هەموو ئازادیخوازنی ئێران و کوردستان.

بزووتنەوەیەکی جیهانی، بزووتنەوەیەکە کە تایبەت بە یەک نەتەوە و یا وڵات و پەنتایەکی تایبەت نییە، هەر بۆیەش بزووتنەوەی ژنان و ڕۆژی ٨ مارس ڕۆژی نێونەتەوەیی و جیهانییە و پێویستە هەموو لایەکمان بە ڕۆژی بەگژ دا چوونەوەی ناعەداڵەتی و نابەرابەری و هەڵاواردن چاوی لێ بکەین و خەبات بە دژی هەموو ئەو حکوومەت و دەسەڵاتانە بکەین کە دەیانهەوێ لە پەیامی سیاسیی ئەو ڕۆژە کەم بکەنەوە.