کورته چیرۆک: وه‌فا. نووسینی: که‌ریم تاقانه
هه‌ر ئافره‌تێکت هێنابا هۆتێل، کار‌و باری چایخانه‌که‌ت به‌یه‌کجاری بیر ده‌چۆوه‌و ڕاسته‌وخۆ خۆت ده‌گه‌یانده لام.. هه‌ر له دووره‌وه‌و به هه‌ناسه‌بڕکێ ده‌تگوت:
ـ یه‌کێکم هێناوه، ئه‌ڵمانییه، ئه‌ڵمانی!
ئه‌منیش، نه‌ک ته‌نیا قایل نه‌ده‌بووم له گه‌ڵت بێم، به‌ڵکوو سه‌رکۆنه و به‌رگیریم لێ ده‌کردی و جاروباریش وه‌ها لێت تووڕه ده‌بووم، ده‌مگوت جارێکی دیکه به لام دا نایه‌یته‌وه؛ به‌ڵام، به‌پێچه‌وانه‌وه، که یه‌کێکی دیکه‌ت ده‌هێنا، وه‌ک نه بات دیبێ و نه باران، ئاورت تێ به‌ر ده‌بووو.. فڵانه که‌س بگره هاتم!..
پاش ناسینی وه‌فا، به‌ته‌واوی گیرۆده بووی..
وه‌فا، ئافره‌تێکی شۆخ و شه‌نگ بوو.. ته‌مه‌نی له بیست و پێنج ساڵ
تێ نه‌ده‌په‌ڕی.. که پرچی درێژی ڕه‌هـا ده‌کردو.. به سه‌ر شان و ملیدا شۆڕ ده‌بۆوه، شۆختر ده‌ینواندو زیاتر به دڵدا ده‌چوو..
له‌مێژ بوو دایکی مردبوو.. له‌گه‌ڵ بابی و دوو برایدا ده‌ژیا.. براکانی، پیاوێکی دڵخوازی خۆیانیان بۆ دۆزیبۆوه و ده‌یانویست به زۆریش بێ، به وی بده‌ن؛ بۆیه، له چنگیان هه‌ڵاتبووو له شارێکی دیکه، لای کۆنه دۆستێکی باوکی‌دا، گیرسابووه‌وه …
هۆتێله‌که ببووه ژوانگه‌تان و هه‌موو ئێوارانێکی پێنجشه‌ممه پێکه‌وه ڕاتان ده‌بوارد.. ئه‌مه به‌رنامه‌یه‌ک بوو به‌ڕێک و پێکی به‌ڕێوه ده‌چوو..
هه‌ر کاتێ که پێم ده‌گه‌یشتی، له باسی وه‌فا به‌ولاوه، قسه‌ی دیکه مانای نه‌بوو. چاوی وایه.. لێوی وایه.. به‌ژن و باڵای به‌م شێوه‌یه.. ئیدی ئه‌وه‌نده هاتیه شوێنم و.. ئه‌وه‌نده له‌م باسانه‌ت بۆ کردم، له ئاکامدا، ناچار بووم به‌ڵێنی هاتنت وێ بده‌م…
ئه‌و ئێواره‌یه‌ی له ده‌رگای ژووره‌که‌تانم دا، سفره‌تان ڕازاندبۆوه و یه‌ک، دوو په‌یکیشتان هه‌ڵدابوو..
به وه‌فات ناساندم.. وه‌فا به شه‌رمه‌وه به خێر هاتنی کردم.. که له ڕوومه‌ت و له‌ش و لاری نیوه‌ڕووتی ورد بوومه‌وه، زمانم له گۆ که‌وت و ئه‌و ڕستانه‌م بیر چوونه‌وه که پێشتر ئاماده‌م کردبوون.. به‌ڵام فره‌ی نه‌برد هاتمه‌وه سه‌رخۆو له گه‌ڵتان دانیشتم.. ده‌ستمان دایه خواردنه‌وه و وتووێژ..
وه‌فا په‌یتا، په‌یتا ده‌یخوارده‌وه.. سه‌رم سوڕما.. بۆیه لێم پرسی:
ـ له که‌یه‌وه ده‌خۆیه‌وه؟
– له‌مێژه..
دانیشتنه‌که‌مان درێژه‌ی کێشا.. وه‌فا ژیان و به‌سه‌رهاتی خۆی ده‌گێڕایه‌وه و.. ئه‌منیش هه‌ر گوێیه‌کم کردبووه دوو گوێ! له قسه‌کردن بووه.. یه‌ک، دوو دڵۆپ فرمێسک له ژێر چاوه ڕه‌شه‌کانیدا له‌نگه‌ریان خستبوو.. به نێو له‌پ پاکی کردنه‌وه و.. ده‌ستی بۆ پاکه‌ته جگه‌ره‌که‌ی به‌رده‌ممان ڕاکێشا. سه‌رنجی ده‌ست و په‌نجه و لێوی ناسکیم دا.. دیار بوو له‌گه‌ڵ جگه‌ره و دووکه‌ڵی جگه‌ره ئاشنا نین.
ـ له مێژه جگه‌ره ده‌خۆی..؟
ـ نا. که بخۆمه‌وه، جگه‌ره‌ش ده‌خۆم..
له‌سه‌رخۆ جگه‌ره‌که‌ی داگیرساند، مفێکی قووڵی لـێ دا‌و گوتی:
ـ من یه‌کێکم له ئافره‌ته کڵۆڵه‌کانی ئه‌م زه‌مانه.. ئای له‌و ئازارانه‌ی چه‌شتوومن!.. وای
که نازانم چاره‌نووس تووشی چ ڕۆژگارێکی ڕه‌شترم ده‌کا!..
ـ باشه ئێستاش براکانت به دواتدا ده‌گه‌ڕێن..؟
ـ به‌رده‌وام..
ـ ئه‌ی ئه‌گه‌ر بتدۆزنه‌وه..؟
به سه‌رسوڕمانه‌وه گوتی:
ـ بمدۆزنه‌وه؟!
ـ به‌ڵـێ…
نه‌ختێ بێده‌نگ بوو، پاشان سه‌ری داخست و له‌ژێر لێوه‌وه گوتی:
ـ ئه‌وه ئیدی ئاشکرایه..
له‌م کاته‌دا، وه‌فا له پڕمه‌ی گریانی دا.. گریانه‌که‌ی جه‌رگی کون، کون ده‌کردم.. نه‌متوانی چیدی خۆ ڕاگرم؛ دوا په‌رداخم به سه‌ره‌وه ناو.. خوا حافیزیم کرد.. پاشان به لاره، لار‌و لۆژه، لۆژ له هۆتێله‌که دابه‌زیم و.. به‌ره‌و ماڵ شۆڕ بوومه‌وه…
وه‌فا به ته‌واوی که‌وتبووه داوی ئه‌وینته‌وه و گشت ڕۆژێ له به‌رده‌م چایخانه‌که‌دا قیت ده‌بۆوه.. جاری واش هه‌بوو، لای جێ نه‌ده‌هێشتی و یه‌ک شه‌وو دوو شه‌و ده‌مایه‌وه..
ئه‌و له دڵه‌وه تۆی خۆش ده‌ویست و.. هه‌زاران نه‌خشه‌ی جۆراوجۆری بۆ پێکه‌وه ژیان له مێشک دا ده‌کێشا.. خه‌ونی ده‌بینی، خه‌ونی سه‌وزو ڕه‌نگاوڕه‌نگی پێته‌وه ده‌بینی..
ئـه‌ی تـۆ..؟!
به‌ڵام تۆ هه‌رچی زیاتر بیرت لـێ ده‌کرده‌وه، فره‌تر تووشی خه‌م و ئازار ده‌بووی. \”وه‌فــا! ئــاخ!.. خۆزگه نه‌م ناسیبای.. خۆزگه هه‌ر نه‌م دیبای.. ده‌بێ چ بکه‌م؟! من و تۆ، مه‌حاڵه.. نا، نابێ.. من له کوێ و تۆ له کوێ! منی کوردی ئاواره.. منی له دایکبووی دێ چووکه‌یه‌کی ده‌شتی زه‌هاو..! ئاخر بڵێ چیم داوه له کچه عه‌ره‌بێکی به‌غدایی..! کێ ده‌توانێ ئه‌م که‌ره له‌م قوڕه ده‌ر بێنێ..؟! وه‌فا! چاره چییه؟ ئه‌ی ڕابردووت چ لـێ بکه‌م..؟! ڕابردوو؟ قه‌یناکا.. له ڕابردوو گه‌ڕێ.. ئه‌وه زۆر گرینگ نییه.. به‌ڵام براکانت؟!.. ئه‌ی براکانت چ لـێ بکه‌م..؟ کوره من به ئاگر یاری ده‌که‌م!.. هه‌رگیز شتی وا نابێ.. نا…\”
هه‌رچی سه‌رت ده‌هێناو ده‌برد، هیوا بڕاو ده‌مایته‌وه. سه‌ره‌نجام، به‌و ئاکامه گه‌یشتی که ده‌بێ ده‌ستی لـێ بشۆی و.. هه‌ر که‌سه‌و به لایه‌ک دا…
ئه‌و به‌یانییه‌ی له به‌رده‌م چایخانه‌که‌دا دیتت، تیشکی هه‌تاو قژی شاری به‌ته‌واوی دانه‌هێنابوو. پاش ئه‌وه‌ی که پیاڵه‌یه‌ک چاییت وێ دا، بوێرانه و ڕاست و ڕه‌وان بڕیاره‌که‌ی خۆت پێ ڕاگه‌یاند.
به‌ته‌واوی شڵه‌ژا.. زمانی له گۆ که‌وت.. پیاڵه‌که‌ی دانایه‌وه‌و پچڕ، پچڕ پرسیی:
ـ ئـ.. ئـ.. ئـاخر.. ئـاخر.. بۆ؟!
ـ وه‌ک گوتم.. من و تۆ… نابێ.. مه‌حاڵه..
ـ له‌به‌ر چـی..؟
بێده‌نگ بووی. نه‌تده‌زانی چۆن وه‌ڵام بده‌یه‌وه. وه‌فا هه‌ناسه‌یه‌کی هه‌ڵکێشاو فیلسووفانه گوتی: به‌ڵـێ.. تۆ هه‌وه‌ڵ که‌س نـی.. پیاو، به درێژاییی مێژوو، یان ژنی چه‌وساندۆته‌وه و سه‌ره‌مڕ زوڵمی لـێ کردووه، یان درۆی له‌گه‌ڵ کردووه و به‌رامبه‌ری بێ وه‌فا بووه..
ـ من و تۆ بۆ یه‌ک نابین..
ـ بۆ..؟
ـ وه‌ک گوتم..
ـ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی تۆ کوردی و ئه‌منیش…
ـ به‌ڵێ.. ئه‌وه هۆیه‌کیانه..
ـ به‌ڵام من فبووڵم کردووه..
ـ ئه‌من ناتوانم قبووڵی بکه‌م..
ـ ئاخر بۆ ده‌بێ نه‌توانی؟.. خۆ تۆ خۆت ده‌تگوت: خۆشه‌ویستی سنوور ناناسێ..
به ده‌نگێکی به‌رز هاوارت کرد:
ـ ناتوانم.. نا.. تکایه واز له قسه‌ی قۆڕ بێنه!..
وه‌فا ئه‌و به‌یانییه هه‌وڵی زۆری له‌گه‌ڵ دای و زۆریش پاڕایه‌وه.. به‌ڵام تکاو نزای دادیان نه‌دا.. له ئاکام دا، هه‌ستایه سه‌ر پێ، بۆ چه‌ند ساتێ چاوی بڕییه چاوت و پاشان له ژێر لێوه‌وه گوتی: مــاڵئــاوا…
وه‌فا چوو.. له دواوه سه‌یریت کرد تا له پێچی کۆڵانه‌که‌دا لای دا‌و له چاو ون بوو.. گریان قوڕگی گرتبووی.. هه‌ستت ده‌کرد دڵڕه‌قترین و زاڵمترین مرۆڤ تۆی.. خه‌م و ئازار چه‌شنی شاره زه‌رده‌واڵه هورووژمیان بۆ هێنای.. وات ده‌زانی کۆستێکی گه‌وره‌ت که‌وتووه..
چه‌ند مانگ به‌سه‌ر ئه‌و ڕۆژه‌دا تێ په‌ڕی.. وه‌فات ورده، ورده له بیر ده‌کردو و.. زامی دڵت ساڕ‌ێژ ده‌بۆوه.. خووت دابۆوه کارکردن. ڕۆژێکیان هه‌واڵی وه‌فایان هێناو.. ئه‌م زامه گه‌وره‌یه کولایه‌وه!
وه‌فا، که‌وتبووه چنگی براکانی و له ژێر ئه‌شکه‌نجه‌و ئازاری ئه‌واندا گیانی له ده‌ست دابوو!..
ئه‌وان ویستبوویان بزانن له‌م ماوه‌یه‌دا له ماڵی کێ بووه و له‌گه‌ڵ چ که‌سانێ پێوه‌ندی هه‌بووه؛ بۆیه به زه‌بری ئه‌شکه‌نجه و لێدان چه‌ند ناو‌و نیشانێکیان لـێ وه‌رگرتبوو.. به‌ڵام.. وه‌فا.. قه‌ت ناو‌و نیشانی تۆی به زمان دا نه‌هاتبوو!…