ڕاگەیەندراوی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بە بۆنەی ناڕەزایەتییەکانی مامۆستایان لە ئێران و کوردستان

ڕاگەیەندراوی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بە بۆنەی ناڕەزایەتییەکانی مامۆستایان لە ئێران و کوردستان
هاونیشتمانیانی بەڕێز
خەڵکی خۆڕاگری کوردستان
کۆڕ و کۆمەڵە نێودەوڵەتییەکان
بەپێی هەواڵی گەیشتوو، ڕۆژی پێنجشەممە ٢٠ی خەزەڵوەر، مامۆستایان لە ٥٠ شاری کوردستان و ئێران لە هەمبەر پەسەندنەکرانی پرۆژە یاسای پلەبەندی لە مەجلیسی ڕێژیم و بۆ هێنانەگۆڕی داواکارییەکانی دیکەی پێوەندیدار بە کەموکۆڕییەکانی سیستمی پەروەردە و کەرامەت و بژیوی ژیانیان کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد.
لەو چالاکییە ئیعترازییەدا مامۆستایان لە بەردەم ئیدارەی پەروەردە و فێرکردنی شارەکانی ”کرماشان، سەقز، مەریوان، هەمەدان، خوڕەماوا، ئیسفەهان، تاران، تەورێز و…” کۆ بوونەوە.
لە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان وەکوو سەقز و مەریوان مامۆستایان ڕایانگەیاندووە کە پەروەردەی بەخۆڕایی و ستاندارد مافی هەموو منداڵان و ئەرکێکی بێ ئەملاوئەولای حکوومەتە، هەروەها مامۆستایان لەسەر فێربوون بە زمانی دایکی وەکوو یەکێک لە مافە سەرەتاییەکانی مرۆڤ جەختیان کردۆتەوە.
بێگومان لە سەردەمی ئەمڕۆدا سیستمی پەروەردە و فێرکردنی مرۆڤتەوەرانە، بنچینەییترین پێداویستیی بەڕێوەبردن و ڕێنوێنیکردنی کۆمەڵگا بەرەو پێشکەوتن و دابینکردنی ژیانی بەختەوەرانە و تەژی لە کەرامەتی مرۆیی بۆ تاک و کۆمەڵگایە.
لەم نێوانەدا مامۆستایان وەکوو بزوێنەری سەرەکیی ڕەوتی پەروەردە، ئەرکێکی زۆر گرینگیان لەسەر شانە کە بۆ ڕاپەڕاندنی ئەو ئەرکە پیرۆزە پێویستە لە پێش هەموو شتێکدا کەرامەت و ژیانی شایستەی مرۆیی بۆ خۆیان پارێزراو بێت کە ئەوە تەنیا لە سیستمێکی دێموکراتیک و مرۆڤتەوەر دەوەشێتەوە کە بناغەی پەروەردەی خۆی بۆ خزمەت بە مرۆڤ دامەزراندبێت نەک بۆ خزمەت بە ئیدئۆلۆژی و هێژمۆنخوازی و خۆسەپاندن و سڕینەوە.
بۆ هەموان ئاشکرایە کە مەبەست لە بنیاتنانی سیستمی پەروەردەی ئێران لە سەرەتاشەوە پێگەیاندنی مرۆڤی بەختەوەر و ئازاد و شایی بەخۆ نەبووە، بەڵکوو ئەرکی سەرەکیی ئەو سیستمە یەکچەشنکردن و تواندنەوە و سڕینەوەی شوناسە جیاوازەکان و سەپاندنی شوناسێکی فەرمی بە سەر هەمواندا بوو و ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی وەک درێژەدەری ئەو سیستمە، تایبەتمەندیی بناژۆخوازیی ئایینیشی بە ئەرکە پێسپێردراوەکانی سیستمی پەروەردە زیاد کردووە کە تێیدا نە مامۆستا و نە قوتابی خاوەنی پێگە و مافی خۆیان نین.
ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران وێڕای پاڵپشتی لە داواکارییە ڕەوا و دێموکراتیکەکانی مامۆستایان، جەخت لەسەر ئەو ڕاستییە دەکاتەوە کە سیستمی پەروەردە و فێرکردن دەبێ لە ژێر ڕکێفی کولتووری شۆڤینیستی و کۆنەپەرەستی و توتالیتاریزمی دەسەڵاتدار لە ئێران دەربهێنرێ و ببێتە بناغەی گەشەی تواناکان و پەرەپێدانی کولتوور و شوناسی نەتەوەکان و پێکهاتە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵگای ئێران. ئاشکرایە کە وەها پێشکەوتنێک بە بوونی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ڕوو نادات و تەنیا لە سێبەری سیستمێکی دێموکراتیک و گەیشتنی گەلانی ئێران بە مافە ڕەواکانیاندایە کە دەکرێ لە دابینبوونی داواکاری و مافە ڕەواکانی مامۆستایان و پێگەیاندنی ڕۆڵەکانی وڵات بۆ بنیاتنانی داهاتوویەکی ڕوون دڵنیا بین.
ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران
٢١ی خەزەڵوەری ١٤٠٠ی هەتاوی