٢١ وانە بۆ سەدەی بیست و یەکەم ١٤ … سێکولاریزم. وەرگێرانی: کەماڵ حەسەن‌پوور

١٤ …

سێکولاریزم.

وەرگێرانی: کەماڵ حەسەن‌پوور
ددان بە هەڵە و پەڵەی خۆتدا بێنە
سێکولار بوون مانای چییە؟ سێکولاریزم هێندێک جار وەک پێچەوانەی ئایین پێناسە دەکرێ و، لە بەر ئەو هۆیە خەڵکی سێکولار بە ئەوەی بڕوایان پێ نییە و دەیکەن پێناسە دەکرێن. بە گوێرەی ئەو پێناسە کردنە، خەڵکی سێکولار بڕوایان بە هیچ خودایەک یان فریشتەیەک نییە، ناچن بۆ هیچ کڵێسا و زیارتگەیەک و لە هیچ ڕێوڕەسم و بۆنەیەکی ئایینیدا بەشدار نابن. لەو ڕوانگەیەوە، دنیای سێکولار وێدەچێ کللۆر، نیهیلیستی و بێ ڕەوشت بێ، سندووقێکی بەتاڵ کە چاوەڕوانە بە شتێک پڕ بکرێتەوە.
کەم خەڵک شوناسێکی وەها نەرێنی وەخۆ دەگرن. ئەوانی خۆیان پێ سێکولارە، سێکولاریزم بە شێوەیەکی جیاواز دەبینن. بۆ ئەوان، سێکولاریزم جیهانبینییەکی گەلێک ئەرێنی و چالاک، بە تاقمێک بایەخی ئەقڵانی و بەیەکەوە پێوەندیدارە، نەوەک بە دژبەریی ئەم یان ئەو ئایینە پێناسەی بکەن. بەڕاستی، زۆر لە بایەخە سێکولارەکان لەگەڵ نەریتەکانی ئایینی جیاواز هاوبەشن. بە پێچەوانەی هێندێک ئایینزا کە لەسەر قۆرخکاریی سەرجەم ئەقڵ و چاکە پێداگرن، یەکێک لە خەسڵەتە سەرەکییەکانی خەڵکی سێکولار ئەوەیە کە ئەوان بانگەشەی ئەو جۆرە قۆرخکارییە ناکەن. ئەوان پێیان وا نییە کە ڕەوشتداریی و ئەقڵ لە ئاسمانەوە لە شوێن و کاتێکی دیاریکراودا هاتۆتە خوار. لە جیاتان، ڕەوشتداریی و ئەقڵ میراتی سرووشتیی سەرجەم مرۆڤانە. کە وابوو شتێکی ئاساییە کە چاوەڕوان بین لانی کەم هێندێک لە بایەخەکان لەناو کۆمەڵگای مرۆڤان لە هەموو شوێنێکی دنیا بدۆزرێنەوە و موسڵمان، کریستیان، هیندو و ئاتەئیستەکان تێیاندا هاوبەش بن.
ڕیبەرە ئایینییەکان زۆر جار بژارەی ناقۆڵای یان هەی یان نی پێشکەشی لایەنگرانیان دەکەن، یان موسڵمانی، یان موسڵمان نی. و ئەگەر موسڵمانی، دەبێ ڕێبازەکانی دیکە ڕەت بکەیەوە. بە پێچەوانە، خەڵکی سێکولار هیچ گیروگرفتێکیان لەگەڵ چەند شوناسی تێکەڵاو نییە. تا ئەو جێیەی کە پێوەندی بە سێکولاریزمەوە هەیە، تۆ دەتوانی درێژە بە خۆ پێناسە کردنی خۆت وەک موسڵمان بدەی و درێژە بە پاڕانەوە لە خودا بدەی، خواردەمەنی حەڵاڵ بخۆی و بۆ حەج بچی بۆ مەککە، لەگەڵ ئەوەشدا ئەندامێکی باشی کۆمەڵگەی سێکولار بی، بەو مەرجە لە کۆدی ڕەوشتیی سێکولار لا نەدەی. ئەو کۆدە ڕەوشتییە، کە بە ڕاستی لە لایەن میلیۆنان سێکولاری موسڵمان، کریستیان و هیندو و هەروەها ئاتەئیستەوە قبووڵ کراوە، ڕێز لە بایەخەکانی ڕاستیی، دلۆڤانیی، یەکسانیی، ئازادیی، بوێریی و بەرپرسیاریی دەگرێت. ئەو بناخەی دامەزراوە مودێڕنە زانستی و دێموکراتیکەکان پێکدێنێ.
وەک هەموو کۆدێکی ڕەوشتیی، کۆدی سێکولار ئایدیالێکە کە هەوڵی بۆ دەدەی نەوەک ڕاستییەکی کۆمەڵایەتی. وەک چۆن کۆمەڵگا کریستیانەکان و دامەزراوە کریستیانەکان زۆر جار لە ئادیالی کریستیانیی لادەدەن، هەروەها کۆمەڵگا و دامەزراوە سێکولارەکانیش زۆر جار لە جێبەجێ کردنی ئایدیالە سێکولارەکان ناسەرکەوتوو دەبن. فەڕانسەی سەدەکانی ناوەڕاست خۆی وەک پاشایەتییەکی کریستیان پێناسە دەکرد، بەڵام لە زۆر چالاکیی ناکریستیانیدا نوقـم ببوو (تەنیا لە جووتیارە سەرکوت کراوەکان بپرسە). فەڕانسەی مودێڕن خۆی وەک دەوڵەتێکی سێکولار پێناسە دەکات، بەڵام لە سەردەمی رۆبسپییەر بەولاوە سەرەڕۆیانە خودی پێناسەی ئازادیی پێشێل دەکردن (لە ژنان بپرسە). ئەوە بەو مانایە نییە کە خەڵکی سێکولار لە فەڕانسە یان شوێنی دیکە لە ڕێبازی ڕەوشت لایان داوە یان بەرپرسیارییەتی ڕەوشتیی وە ئەستۆ ناگرن. ئەوە تەنیا بەو مانایەیە کە زۆر دژوارە بە گوێرەی شتێکی ئایدیال بژی.
ئایدالی سێکولار
کە وابوو ئایدیالی سێکولار چییە؟ گرینگترین ئەرکداریی سێکولار، ڕاستییە، کە لە سەر بناخەی ڕوانین و بەڵگە دامەزراوە نەوەک بڕوای تەنیا. خەڵکی سێکولار هەوڵ دەدەن ڕاستی لەگەڵ بڕوا تێکەڵ نەکەن. ئەگەر تۆ بڕوای بەهێزت بە چیرۆکێک هەبێ، کە ڕەنگبێ زۆر شتی سەرنجڕاکێشمان لەبارەی دەروونناسیی تۆ، لەبارەی مناڵیی تۆدا و لە بارەی شێوەی پێکهاتەی مێشکی تۆدا پێ بڵێ، بەڵام ئەوە بەو مانایە نییە کە چیرۆکەکە ڕاستە. (زۆر جار، بڕوای بەهێز دەقاودەق کاتێک پێویستە کە چیرۆکەکە ڕاست نییە.)
بێجگە لەوە، سێکولارەکان هیچ تاقمێک، کەسێک یان کتێێک وەک ئەو و تەنیا ئەو خاوەنی تاقانەی ڕاستی بێ، بە پیرۆز نازانن. لە جیاتان، خەڵکی سێکولار ڕاستی بە شتێکی پیرۆز دەزانن، جا لە هەر شوێنێک خۆی دەرخات، لە ئێسقانی فۆسیلی کەونارادا، لە وێنەی کاکێشانێکی گەلێک دوور یان لە نووسراوەکانی نەریتە جیاوازەکانی مرۆڤان. ئەو ئەرکدارییە بەرانبەر بە ڕاستی لە زانستی سەردەم دا جەختی لەسەر دەکرێتەوە، کە توانایی دا بە مرۆڤ تا ئەتۆم بقەڵێشێ، جینۆم مانا بکاتەوە، شوێنپێی سوڕی گەشەکەردنی ژیان هەڵگرێ و لە مێژووی خودی مرۆڤایەتی تێبگا.
ئەرکدارییەکی گرینگی دیکەی خەڵکی سێکولار هاوسۆزییە. ڕەشتی سێکولار تەنیا پشت بە فەرمانی ئەم یان ئەو خواوەندە نابەستێ، بەڵام لە جیاتان پشت بە تێگەیشتنی قووڵ لە ئازار دەبەستێ. بۆ وێنە، خەڵکی سێکولار خۆیان لە کوشتن دەبوێرن نەوک لەبەر ئەوە کە کتێبێکی کەونارا ئەوەی قاچاخ کردووە، بەڵکو لەبەر ئەوە کە کوشتن ئازاری گەلێک بەرچاو بە بوونەوەری خاوەن هەست دەگەیێنێ. شتێکی گەلێک پەشؤکێنەر و ترسناکە کاتێک کەسێک تەنیا بۆیە خۆ لە کوشتن دەبوێرێ چونکە “خودا وا دەڵێ”. ئەو جۆرە مرۆڤانە هاندەرەکەیان ملکەچییە نەوەک سۆزداریی، چ دەکەن بێتوو بێنە سەر ئەو بڕوایە کە خودا فەرمانی کوشتنی کافر، جادووگەر، زیناکار و خەڵکی بیانیی داوە؟
بێگومان، لەبەر نەبوونی فەرمانی بێ ئەملاوئەولای خواوەندیی، ڕەوشتی سێکولار زۆر جار تووشی دووڕێیانی دژوار دەبێ. چ دەقەومێ کاتیك کردەوەیەک کە کەسێک ئازار دەدا، ببێتە هۆی یارمەتی یەکی دیکە؟ گەلۆ ڕەوشتییە باجی زۆر بخەیە سەر دەوڵەمەندان تا یارمەتی بە هەژاران بکەی؟ جەنگێکی خوێناوی بکەی تا دیکتاتۆڕێکی بێ بەزەیی لە دەسەڵات بخەی؟ ڕێگا بە ڕێژەیەکی بێ کۆتایی بە پەنابەران بدەی بێنە ناو وڵاتی تۆ؟ کاتێک خەڵکی سێکولار تووشی دووڕێیانی ئەوتۆ دەبن، ناپرسن “خودا چ فەرمانێک دەکات؟” لە جیاتان، ئەوان بە وردی هەستی هەموو لایەنەکان هەڵدەسەنگێنن، لێکۆڵینەوە لە تێڕوانین و ئەگەری جۆراجۆر دەکەن و لە ڕێگا چارەیەکی نێونجی دەگەڕێن کە کەمترین ئازار بگەیەنێت.
بۆ وێنە، بڕوانە هەڵوێست بەرانبەر بە هەوەسی سێکسیی. خەڵکی سێکولار چۆن بڕیار دەدەن لاقە کردن، هاوڕەگەزخوازیی، سێکس لەگەڵ ئاژەڵ و سێکس لەگەڵ ئەندامی خێزان (ئینسێست) پەسەند بکەن یان دژی بوەستنەوە؟ بە لێکۆڵینەوە لە هەستەکان. لاقە کردن بێگومان کارێکی ناڕەوشتییە، نەوەک لەبەر ئەوە کە دژی ئەرکدارییەکی پیرۆزە، بەڵکو لەبەر ئەوە کە ئازار بە خەڵک دەگەیێنێت. بە پێچەوانە، پێوەندییەکی خۆشەویستانە لە نێوان دوو پیاوان زەرەری بۆ کەس نییە، کەوابوو هیچ هۆیەک بۆ قاچاخ کردنی نییە.
ئەدی سێکس لەگەڵ ئاژەڵ؟ من لە زۆر گفتوگۆی تاکیی و گشتیدا لە بارەی هاوسەرگیریی لە نێوان هاوڕەگەزخوازندا بەشدار بووم و، زۆر جار کەسێکی خۆ بە ئاقڵزان دەپرسێ ‘ئەگەر هاوسەرگیریی لە نێوان دوو پیاو دا ڕێگە پێدراو بێ، بۆچی ڕێگا نادرێ پیاوێک لەگەڵ بزنێک هاوسەرگیریی بکات؟’ لە ڕوانگەی سێکولارییەوە وەڵامەکە ئاشکرایە. پێوەندیی تەندروست پێویستی بە قووڵاتی هەستیارانە، هۆشمەندانە و تەنانەت ڕووحیی هەیە. هاوسەرگیرییەک کە کەمایەسی ئەو قووڵاییەی هەبێ تۆ بێ هومێد، تەنیا و لە ڕوانگەی دەروونییەوە پاشکەوتوو دەکات. لە کاتێکدا کە دوو پیاو بێگومان دەتوانن پێداویستییە هەستیاریی، ڕووناکبیریی و ڕووحیی یەکتر دابین بکەن، بەڵام پێوەندی لەگەڵ بزن ناتوانێ. لەبەر ئەو هۆیە ئەگەر تۆ هاوسەرگیریی وەک دامەزراوەیەک بۆ بەختەوەریی مرۆڤ سەیر بکەی، وەک چۆن سێکولارەکان ئەوتۆی سەیر دەکەن، تەنانەت بیر لە پرسیارێکی وەها قۆڕ ناکەیەوە. تەنیا خەڵکێک کە هاوسەرگیریی وەک جۆرێک بۆنەی موعجیزەیی دەبینن ڕەنگبی ئەو کارە بکەن.
کە وابوو ئەدی پێوەندیی نێوان باوکێک و کچەکەی؟ هەدووکیان مرۆڤن، ئەوە کوێی هەڵەیە؟ باشە، ژمارەیەکی زۆر توێژینەوەی دەروونناسیی ئاشکرایان کردووە کە پێوەندییەکی ئەوتۆ زیانی گەلێک بەربڵاو و زۆر جار قەرەبوو نەکراو بە مناڵەکە دەگەیێنێت. بێجگە لەوە، ئەوە دەبێتە هۆی ڕەنگدانەوە و بەهێزتر کردنی مەیلی ڕووخێنەر لە بابەکەدا. سوڕی گەشە، دەروونی مرۆڤی وەها بار هێناوە کە پێوەندیی ڕۆمانسییانە لەگەڵ هەستی دایکانە/باوکانە بە باشی تێکەڵ نابن. بۆیە تۆ پێویستیت بە خودا یان ئینجیل نییە تا دژی پێوەندیی نێوان باوکێک و کچەکەی بوەستییەوە، تەنیا پێویستە توێژینەوە دەروونناسییە پێوەندیدارەکان بخوێنییەوە.
ئەوە هۆی سەرەکیی ڕێزی خەڵکی سێکولار بۆ ڕاستیی زانستییە. بۆ دامرکاندنی هەستی کونجۆڵیی خۆیان نییە، بەڵکو بۆ ئەوەیە بزانن چۆن بە باشترین شێوە دەتوانن ئازارەکانی دنیا کەم بکەنەوە. بێ ڕێوێنی لێکۆڵینەوەی زانستیی، زۆر جار هاوسۆزیی ئێمە کوێرە.
ئەرکدارییە دووانەکە بەرانبەر بە ڕاستی و سۆزداریی هەروەها دەبێتە هۆی ئەرکداریی بەرانبەر بە یەکسانی. ئەگەرچی بۆچوونەکان لەمەڕ پرسی یەکسانیی ئابووری و سیاسی جیاوازن، خەڵکی سێکولار لە بنەڕەتدا بەرانبەر بە سەرجەم هیرارشییە کۆنەکان بە گومانن. ئازار چێشتن ئازار چێشتنە، قەیدی نییە کێ ئەزموونی دەکات و زانیاریی زانیارییە، قەیدی نییە کێ دەی دۆزێتەوە. پێشترییەتیدان بە ئەزموونەکان یان دۆزینەوەکانی نەتەویەک، چینێک یان ڕەگەزێکی دیاریکراو وێدەچێ ئێمە بێهەست و نەزان بکات. خەڵکی سێکولار بێگومان شانازیی بە تاقانە بوونی نەتەوە، وڵات و کولتووری خۆیان دەکەن، بەڵام ئەوان ‘تاقانە بوون’یان لەگەڵ ‘باڵادەست بوون’ لێ تێک ناچێت. لەبەر ئەو هۆیە ئەگەرچی خەڵکی سێکولار ددان بە ئەرکە تایبەتییەکان بەرانبەر بە نەتەوەی خۆیان و وڵاتی خۆیان دادەنێن، بەڵام وا بیر ناکەنەوە کە ئەو ئەرکدارییانە تایبەتین و ئەوان هاوکات ددان بە ئەرکەکانیان بەرانبەر بە مرۆڤایەتیش بە گشتی دادەنێن.
ئێمە ناتوانین بێ ئازادایی بیر کردنەوە، لێکۆڵینەوە و ئەزموون کردن بەدوای ڕاستی و ڕێگایەک بۆ دەرباز بوون لە ئازار بگەڕێین. خەڵکی سێکولار ڕێز لە ئازادیی دەگرن و خۆیان لە پشتیوانی لە دەسەڵاتێکی هەرە سەرووی هیچ نووسراوەیەک، دامەزراوە یان ڕێبەرێک وەک داوەری کۆتایی لە بارەی چییەتی ڕاستی و دروستی دەبوێرن. مرۆڤ دەبێ هەمیشە دەرفەتی گومانی هەبێ، دیسان هەڵسەنگێنێ و گوێ لە بۆچوونی دیکەش بگرێ و هەوڵ بدا ڕێبازێکی دیکە بگرێتە بەر. خەڵکی سێکولار ڕێز لە گالیلەیۆ گالیلەی دەگرن، کەسێک کە وێرای پرسیار بکات گەلۆ بە ڕاستی هەرد بێ جووڵەیە و گەردوون بە دەورەیدا دەخولێتەوە؛ ئەوان ڕێز لەو جەماوەرە دەگرن کە لە ١٧٨٩ هێرشیان کردە سەر بەندیخانەی باستیل و ڕێژیمی ستەمکاری لویی شانزدەیەمیان ڕووخاند؛ ئەوان ڕێز لە رۆزا پارک دەگرن چونکە هێندە بوێر بوو کە لە سەر کورسی ئوتوبوسێک دانیشت کە تەنیا بۆ مسافیری سپی پێست تەرخان کرابوو.
بەربەرەکانی لەگەڵ پێشداوەریی و ڕێژیمە سەرکوتکارەکان بوێریی زۆری پێویستە، بەڵام تەنانەت بوێرییەکی زۆرتریش بۆ ددان پێدانان بە نەزانیی و هەنگاونان بەرەو شتی نەزانراو پێویستە. پەروەردەی سێکولار فێرمان دەکات کە بێتوو ئێمە شتێک نەزانین، نابێ لەوە بترسین ددان بە نەزانیی خۆمان دابنێین و بەدوای بەڵگەی نوێدا بگەڕێین. تەنانەت کاتێک کە لامان وایە شتێک دەزانین، نابێ لە گومان لە بۆچوونی خۆمان و چاو پێداخشاندنەوەی خۆمان بترسین. زۆر کەس لە شتی نەزانراو دەترسن و لە وەڵامی ساکار و ئاشکرا بۆ هەموو پرسیارێک دەگەڕێن. ترس لە ئەوەی نەزانراوە ئێمە لە هەر ستەمکارێک زیاتر لە پەلوپۆ دەخات. بە درێژایی مێژوو خەڵک مەترسی ئەوەی هەبووە کە بێتوو ئێمە هەموو بڕوای خۆمان نەخەینە خزمەت وەڵامی بێ ئەملاوئەولا، کۆمەڵگای مرۆڤایەتی لێک هەڵدەتەکێ. لە ڕاستیدا، مێژووی مودێڕن نیشانی داوە کە کۆمەڵگایەکی خەڵکی بوێر کە بیانهەوێ ددان بە نەزانیی خۆیان دابنێن و پرسیاری دژوار بپرسن، زۆر جار نە تەنیا گەشە دەکات بەڵکو لەو کۆمەڵگایانە کە لەویدا هەموو کەس ناچارن بێمەرج تاکە وڵامێک قبووڵ بکەن، ئاشتیخوازترە. خەڵکێک کە لە لەکیسدانی بڕوای خۆی بترسێ، مەیلی زۆری بۆ توندوتیژیی هەیە تا ئەو خەڵکەی کە زۆرتر ڕاهاتوون لە چەند ڕوانگەی جیاوازەوە بڕواننە دنیا. ئەو پرسیارانەی تۆ جوابەکانیان نازانی لەو وەڵامانەی کە ناتوانی بیانهێنییە ژێر پرسیار زۆر باشترن بۆ تۆ.
لە کۆتاییدا، خەڵکی سێکولار ڕێز لە بەرپرسیارەتی دەگرن. ئەوانە بڕوایان بە هیچ دەسەڵاتێکی سەروو نییە کە ئاگای لە دنیایە، گوناهباران سزا دەدات، دادپەروەریی خەڵات دەکات و لە بەرانبەر برسییەتی، پەتا و جەنگ پارێزگاری لە ئێمە دەکات. ئێمەی مرۆڤی ئاساییش دەبێ بەرپرسیاریی تەواوی کارەکانمان بگرینە ئەستۆ، یان ڕەنگبێ نەیکەین. ئەگەر دنیا پڕە لە ناخۆشی، ئەوە ئەرکی ئێمەیە کە ڕێگاچارەکان بدۆزینەوە. خەڵکی سێکولار شانازی بە دەستکەوتە بەرچاوەکانی زانستی مودێڕن دەکەن، وەک چارەسەری پەتاکان، تێر کردنی برسییەکان و هێنانی ئاشتی بۆ بەشێکی زۆر لە دنیا. پێویست ناکا ئێمە شانازی ئەو دەستکەوتانە بدەینە پاڵ پارێزەریکی خواوەندیی، ئەوان ئاکامی گەشە کردنی زانیاریی و هاوسۆزیی خودی مرۆڤانن. لەگەڵ ئەوەشدا دەقاودەق لەبەر ئەو هۆیەیە کە ئێمە پێویستیمان بە وەئەستۆگرتنی بەرپرسیارەتیی تەواوی تاوانکاریی و شکستەکانی مودێڕنیتەش هەیە، لە کۆمەڵکوژیی و سەقەت کردنی ژینگە. لە جیات پاڕانەوە بۆ موعجیزە، پێویستیمان بەوەیە بپرسین گەلۆ چیمان بۆ یارمەتی لەدەست دێت.
ئەوانە بایەخە سەرەکییەکانی دنیای سێکولارن. وەک پێشدا ئاماژەی پێکرا، هیچکام لەو بایەخانە تەنیا هی سێکولاران نین. جوولەکە ڕاستی بەرز دەنرخێنن، کریستیان هاوسۆزیی بەرز دەنرخێنن، موسڵمانان یەکسانیی بەرز دەنرخێنن، هیندو بەرپرسیاریی بەرز دەنرخێنن و تاد. کۆمەڵگا و دامەزراوە سێکولارەکان دڵخۆشن کە ددان بەو پێوەندییانە دابنێن و باوەش بۆ جوولەکە، کریستیان، موسڵمان و هیندوی بڕوادار ئاواڵا بکەن، بەو مەرجە کاتێک بایەخە سێکولارەکان لەگەڵ ڕێبازە ئایینییەکان ناتەبا بێ، ئەوی دواتر مل بدا. بۆ وێنە، بۆ وەرگیران لە کۆمەڵگای سێکواردا، جوولەکەی ئۆرتۆدۆکس چاوەڕوانی ئەوەیان لێدەکرێت کە خەڵکی نا جوولەکە وک هاوشانی خۆیان قبووڵ بکەن. کریستیانەکان دەبێ خۆ لە سووتاندنی گوناهباران لە ئاگردا ببوێرن، موسڵمانان دەبێ ڕێز لە ئازادیی ڕا دەربڕین بگرن و هیندو پێویستە لە هاڵاواردنی چینایەتی واز بێنن.
بە پێچەوانە، هیچ چاوەڕوانییەک لە خەڵکی ئایینی ناکرێ کە حاشا لە بوونی خودا بکەن یان واز لە بۆنە و ڕیوڕەسمە نەریتییەکان بێنن. دنیای سێکولار بە گوێرەی ئاکاری خەڵک بڕیاریان لەسەر دەدا نەوەک جلوبەرگ و ڕیوڕەسمی دڵخوازی ئەوان. کەسێک دەتوانێ جلوبەرگێکی خێڵەکی سیروسەمەرە لەبەر بکات و سەیرترین ڕێوڕەسمی ئایینی بەڕێوە بەرێت، لەگەڵ ئەوەشدا ئەرکدارییەکی قووڵی بۆ بایەخە سێکولارەکان هەبێت. ڕێژەیەکی زۆر زانستوانی جوولەکە، ژینگەپارێزی کریستیان، فێمینیستی موسڵمان و چالاکی هیندوی مافەکانی مرۆڤ هەن. ئەگەر ئەوان بە ڕاستییە زانستییەکان، سۆزداریی، یەکسانیی و ئازادیی وەفادار بن، دەتوانن ئەندامی بێ کەموکوڕیی دنیای سێکولار بن و بە ڕاستی هیچ هۆیەک نییە کە داوایان لێ بکرێ کڵاوۆکە، خاچ، حیجاب یان تیلاکاکەیان لێ بکەنەوە.
لەبەر ئەو هۆیەش، پەروەردەی سێکولار بە مانای مێشک شۆردنەوەی نەرێنی نییە کە مناڵان فێری ئەوە بکات بڕوایان بە خودا نەبێ و لە هیچ ڕێوڕەسمێکی ئایینیدا بەشدار نەبن. لەجیاتان، پەروەردەی سێکولار مناڵان فێر دەکات ڕاستی و بڕوا لێک جیا بکەنەوە؛ هەستی سۆزداریی خۆیان بۆ سەرجەم بوونەوەرێک کە ئازار دەبینێ گەشە پێ بدەن؛ ڕێز لە ئەقڵ و ئەزموونی سەرجەم حەشیمەتی سەر هەردی بگرن؛ ئازادانە بیر بکەنەوە بێ ئەوەی لە نەزانراو بترسن و، بەرپرسیارەتی کرداری خۆیان و هەموو دنیا بگرنە ئەستۆ.
گەلۆ ستالین سێکولار بوو؟
لەبەر ئەو هۆیە ڕەخنە گرتن لە سێکولاریزم بۆ نەبوونی ئەرکداریی ڕەوشتیی یان بەرپرسیاریی کۆمەڵایەتی شتێکی بێ بناخەیە. بە ڕاستی، گیروگرفتی سەرەکیی سێکولاریزم بە پێچەوانەیە. ئەو ڕەنگبێ چاوەڕوانییە ڕەوشتییەکەی گەلێک بەرز بێ. زۆربەی خەڵک ناتوانن لە ئاستی ئەو چاوەڕوانییە بەرزە دابن و، کۆمەڵگای مەزن ناتوانن لە سەر بناخەی هەوڵی بێ کۆتایی بۆ ڕاستی و هاوسۆزیی بەڕێوە بچن. بە تایبەتی لە کاتی تەنگاوییدا، وەک کاتی جەنگ یان قەیرانی ئابووری، کۆمەڵگاکان دەبێ خێرا و بە هێزەوە بجووڵێنەوە، تەنانەت ئەگەر دڵنیاش نەبن ڕاستی چییە و کام کار سۆزدارانەترینە. ئەوان پێویستییان بە ڕێنوێنیی ڕوون، دروشمی پێکەر و هاواری ئیلهامدەری کاتی جەنگ هەیە. چونکە ناردنی سەربازان بۆ جەنگ و سەپاندنی چاکسازیی بنەڕەتیی ئابووری بە ناوی گۆترەکاریی جێگای گومان دژوارن، بۆیە جووڵانەوە سێکولارەکان دبنە ئایینی ویشکەبروا.
بۆ وێنە، کارل مارکس بەو ئیددیعایە دەستی پێکرد کە هەموو ئایینەکان ساختەکارییەکی سەرکوتکارن و لایەنگرانی هان دەدا بۆخۆیان لە سرووشتی نەزمی جیهانیی بکۆڵنەوە. لە دەیەکانی دواتر زەختی شۆڕش و شەڕ، مارکسیزمی خاراند و لە سەردەمی ستالین دا هەڵوێستی فەرمیی حیزبی کۆمۆنیستی سۆڤیەت ئەوە بوو کە نەزمی جیهانیی لە ڕادەبەدەر پێچەڵپێچە بۆ ئەوەی خەڵکی ئاسایی لێی تێبگەن، بۆیە باشترین کار ئەوەیە کە هەموو کاتێک متمانە بە ژیریی حیزب بکرێ و ئەو هەرچی پێی گوتن بە قسەی بکەن، تەنانەت کاتێک کە زیندانی کردن و لەناو بردنی دەیان میلیۆن مرۆڤی بێ تاوانی ڕێکخست. ڕەنگبێ ئەوە ناشیرین بێتە بەرچاو، بەڵام هەر وەک تیۆریسیەنەکانی حیزب قەت لەبیریان نەدەکرد شی بکەنەوە، شۆڕش سەیران نییە و، بێتوو بتهەوێ ئۆملێت دروست بکەی پێویستە چەند هێلکە بشکێنی.
بۆیە لەمەڕ ئەو پرسیارە کە ئاخۆ مرۆڤ ستالین وەک ڕێبەرێکی سێکولار سەیر بکات، دەگەڕێتەوە بۆ ئەوە کە سێکولاریزم چۆن پێناسە بکەین. ئەگەر ئێمە کەڵک لە پێناسەی نەرێنی وەرگرین، ‘خەڵکی سێکولار بڕوایان بە خودا نییە’، کە وابوو ستالین بێگومان سێکولار بوو. بەڵام ئەگەر کەڵک لە پێناسەی ئەرێنی وەرگرین، ‘خەڵکی سێکولار ویشکەبڕوایی نازانستیی ڕەت دەکەنەوە و خۆیان بە ئەرکداری ڕاستی، سۆزداریی و ئازادیی دەزانن، ئەوسا مارکس ڕۆشنبیرێکی سێکولار بوو، بەڵام ستالین هەموو شتێک بوو بێجگە لەوە. ئەو پێغەمبەری ئایینی بێ خودای لە ڕادەبەدەر ویشکە بڕوای ستالینیزم بوو.
ستالینیزم تەنیا نموونەیەکی تاقانە نییە. لە لایەکەی دیکەی شەبەنگی سیاسییەوە، سەرمایەدارییش دەستی کرد بە تیۆرییەکی گەلێک بیرئاواڵای زانستیی، بەڵام وردە وردە لە ویشکەبڕواییەکدا قەتیس مایەوە. رێژەیەکی زۆر لە سەرمایەداران بەردەوام وتەی بازاڕی ئازاد و گەشەی ئابووری دووپات دەکەنەوە، بی گوێدان بە ڕاستییەکانی مەیدانیی. بێ لەبەر چاو گرتنی ئاسەوارە گەلێک خراپەکانی جاروباری هاوچەرخیی کردن، بە پیشەسازیی کردن و خستنە دەستی کەرتی تایبەت، بڕوادارانی ڕاستەقینەی سەرمایەداریی ئەو ئاسەوارانە وەک ‘ئازاری گەشە’ کردن ڕەت دەکەنەوە و بەڵێنی دەدەن کە هەموو شتێک بە هێندێک گەشە کردن چاک دەبێ.
لیبڕاڵ دێموکڕاتە میانرەوەکان زۆرتر بە هەوڵەکانی سێکولار بۆ دەستەبەر کردنی ڕاستی و سۆزداریی وەفادار ماون، بەڵام تەنانەت ئەوانیش هێندێک جار ئەوانە بە قازانجی ویشکەبڕوایی ئارامبەخش وەلا دەنێن. بۆیە کاتێک بەرەوڕووی ئاسەوارە خراپەکانی سەرەڕۆیی و دەوڵەتە فەشەلەکان دەبنەوە، لیبڕاڵەکان زۆر جار بڕوای تەواوی خۆیان بە ڕێوڕەسمی شکۆداری هەڵبژاردنی گشتی دووپات دەکەنەوە. ئەوان جەنگ بەڕێوە دەبەن و بە میلیارد لە شوێنی وەک عێراق، ئەفغانستان و کۆنگۆ بەو بڕوا پتەوە خەرج دەکەن کە بەڕێوە بردنی هەڵبژاردنی گشتی بە شێوەیەکی سێحراوی ئەو شوێنانە دەکەنە جۆرێکی هەتاویتر لە دانمارک. ئەوە سەرەڕای شکستی بەردەوام و سەرەڕای ئەو ڕاستییە کە تەنانەت لەو شوێنانەی کە نەریتی هەڵبژاردنی گشتی شتێکی باون، ئەو ڕێوڕەسمانە هێندێک جار دەبنە هۆی هێنانە سەرکاری پۆپۆلیستی سەرەڕۆ و نابنە هۆی شتێک جگە لە دیکتاتۆریی زۆرینە. بێتوو هەوڵ بدەی ژیریی هەڵبژاردنی گشتیی بێنیە ژێر پرسیار، ناتنێرن بۆ گولاگ [ئۆردوگای کاری زۆرەملیی سەردەمی ستالین لە سیبری. و.]، بەڵام وێدەچێ ڕێژنەیەکی بێڕێزیی ویشکەبڕوایانەت ئاراستە بکرێت.
بێگومان، هەموو ویشکە بڕواییەک وەک یەک زەرەر ناگەیەنن. هەروەک چۆن هێندێک بڕوای ئایینی سوودیان لە مرۆڤایەتی وەرگرتووە، هەروەها هێندێک لە ویشکە بڕواکانی سێکولاریش ئەو کارەیان کردووە. ئەوە بە تایبەتی لە پێوەندی لەگەل دۆکترینی مافەکانی مرۆڤ ڕاستە. تەنیا شوێنێک کە مافەکان تێیدا بوونیان هەیە ئەو چیرۆکانەن کە مرۆڤ داهێنەریان بووە و بۆ یەکتری دەگێڕنەوە. ئەو چیرۆکانە لە کاتی خەبات دژی بیرتەسکیی ئایینی و دەوڵەتە سەرەڕۆکان وەک ویشکە بڕواییەکی بەڵگەنەویست پلەی پیرۆز بوونیان پێ درا. ئەگەرچی ئەوە ڕاست نییە کە مرۆڤ خاوەنی مافی سرووشتیی ژیان و ئازادییە، بڕوا بەو چیرۆکانە دەسەڵاتی ڕێژیمە سەرەڕۆیەکانی سنووردار کرد، پارێزگاریی لە کەمینەکان کرد تا زەرەریان پێ نەگا و میلیاردان خەڵکی لە خراپترین ئاسەوارەکانی هەژاریی و توندوتیژیی پاراست. ئەو بەو شێوەیە ڕەنگبێ زیاتر لە هەر ڕێبازێکی دیکە لە مێژوودا یارمەتیدەری بەختەوەریی و خۆشبژیویی مرۆڤایەتی کردووە.
لەگەڵ ئەوەشدا ئەوە هێشتا ویشکە بڕواییە. بۆیە لە بڕگەی ١٩ی جاڕنامەی مافەکانی نەتەوە یەکگرتووەکاندا دەڵێ ‘ هەموو کەس مافی ئازادیی بیر و بۆچوون و دەربڕینی هەیە’. بێتوو ئێمە لەو داوا سیاسییە تێبگەین (‘ هەموو کەس مافی ئازادیی بیر و بۆچوون و دەربڕینی هەیە’)، ئەوە بەتەواوی شتێکی ماقووڵە. بەڵام ئەگەر پێمان وابێ کە هەموو تاکە مرۆڤێک بە شێوەی سرووشتی ‘مافی ئازادیی بۆچوونی’ی پێ بڕاوە و، لەبەر ئەو هۆیە سانسۆڕ کردن یاسای سرووشت پێشێل دەکات، ئێمە لە ڕاستیی مرۆڤایەتی تێنەگەیشتووین. تا ئەو جێیەی تۆ خۆت وەک ‘تاکێکی خاوەن مافی سرووشتیی لێ دانەماڵراو’ پێناسە دەکەی، نازانی بەڕاستی کێی ولە هێزە مێژووییەکانی داڕێژەری کۆمەڵگا و بۆچوونی خۆت تێ ناگەی (لە ناویاندا بڕوای خۆت بە ‘مافە سرووشتییەکان’).
ڕەنگبێ ئەو نەزانییە لە سەدەی بیستەمدا زۆر گرینگ نەبووبێ، کاتێک خەڵک سەرقاڵی شەڕ لەگەڵ هیتلەر و ستالین بوو. بەڵام ڕەنگبێ لە سەدەی بیست و یەکەمدا کوشندە بێ، چونکە بایۆتەکنەلۆژی و ژیریی دەستکرد ئێستا لە هەوڵی ئەوە دان خودی واتای مرۆڤایەتی بگۆڕن. بێتوو ئێمە بڕوامان بە مافی ژیان هەبێ، گەلۆ ئەوە بەو مانایەیە کە ئێمە کەڵک لە بایۆتەکنەلۆژی وەرگرین تا بەسەر مردندا زاڵ بین؟ ئەگەر ئێمە ئەرکداری پاراستنی مافی ئازادیین، گەلۆ شیاوە دەسەڵات بدەین بە ئەلگۆریتمان تا حەزە شاراوەکانمان ئاشکرا و جێبەجێ بکەن؟ ئەگەر هەموو مرۆڤێک کەڵک لە مافەکانی مرۆڤ وەرگرێ، سەروومرۆڤەکان [ئەوانی کە بە یارمەتی بایۆتەکنەلۆژی و ژیریی دەستکرد خاوەنی توانایی سەرووتر لە مرۆڤی ئاسایین. و.] بۆیان هەیە کەڵک لە سەرووماف وەرگرن؟ خەڵکی سێکولار بۆیان دژوارە تا ئەو کاتەی خۆیان بە ئەرکداری ویشکە بڕوایانەی بۆچوونی ‘مافەکانی مرۆڤ’ دەزانن، خۆ لە قەرەی ئەو جۆرە پرسیارانە بدەن.
ویشکە بڕوای مافەکانی مرۆڤ لە سەدەکانی پێشتر وەک چەکێک دژی ئینکویزیسیۆن [لێکۆڵینەوە لە بیروبۆچوونی خەڵک لە لایەن كڵێسا لە سەدەکانی ناوەڕاست. و.]، ڕێژیمە کۆنەکان، ئاڵمانی نازی و کو کلوس کلان [جووڵانەوەیەکی ڕەگەزپەرستانە لە ناو بەشێک لە سپی پێستانی باشووری وڵاتە یەکگرتووەکان. و.] دروست کرا. ئەو بۆ هەڵسوکەوت لەگەڵ سەروومرۆڤەکان، سایبۆرگەکان و کامپیوتێری فرە ژیر دروست نەکراوە. لە کاتێکدا کە جووڵانەوەکانی مافەکانی مرۆڤ بەڵگە و دەلیل و پارێزگاریی سەرنجڕاکێشیان دژی پێشداوەریی ئایینی و مرۆڤە دیکتاتۆڕەکان گەشە پێداون، ئەو چەکوچۆڵانە ناتوانن ئێمە لە بەرانبەر سەرفکاریی زێدەڕۆیانە و یووتۆپیا (بەهەشت خەیاڵیی) تەکنەلۆژیکەکان بپارێزن.
ددان پێدانان بە هەڵە و پەڵە
سێکولاریزم نابێ هاوشانی ویشکەبڕوایی ستالینیستی یان بەرهەمی تاڵی ئیمپریالیزمی خۆراوایی و پردەباز بەرەو پیشەسازیی سەیر بکرێت. لەگەڵ ئەوەشدا ناتوانێ خۆی لە بەرپرسیاریی لەوانیش بدزێتەوە. جووڵانەوە سێکولارەکان و دامەزراوە زانستییەکان سەرنجی میلیاردان مرۆڤیان بە بەڵێنی مرۆڤایەتی بێخەوش و کەڵک وەرگرتن لە بەرهەمەکانی دنیا بە قازانجی مرۆڤی جۆری ئێمە ڕاکێشاوە. ئەو بەڵێنییانە تەنیا نەبوونە هۆی سەرکەوتن بەسەر پەتا و برسێتیدا، بەڵام لە هەمان کاتدا گولاگ [بەندیخانەی جیابیران لە سیبەری لە سەردەمی یەکێتی سۆڤیەت. و.] و توانەوەی کڵاوکی سەهۆڵی جەمسەرەکانیشی لێ کەوتۆتەوە. تۆ ڕەنگبێ بڵێی ئەوە هەموو تاوانی تێنەگەیشتن و گۆڕینی بیرۆکە سەرەکییەکانی سێکولار و بەڵگە ڕاستەقینەکانی زانست لە لایەن خەڵکە. تو بە تەواوی ڕاست دەکەی. بەڵام ئەوە گیروگرفتی هاوبەشی سەرجەم جووڵانەوە بەدەسەڵاتەکانە.
بۆ وێنە، ئایینی کریستیان بەرپرسی مەزنترین تاوانەکانی وەک ئینکویزیسیۆن، جەنگی خاچپەرستان، سەرکوتی کولتوورە هەرێمییە ڕەسەنەکانی دنیا و بێ دەسەڵات کردنی ژنان بووە. کەسێکی کریستیان ڕەنگبێ ئەوە وەک بێڕێزیی سەیر بکات و وەڵام بداتەوە کە هەموو ئەو تاوانانە هۆەیەکەی تێنەگەشتنی بێ ئە ملا و ئەولا لە ئایینی کریستیانە. عیسای مەسیح خوتبەی خۆشەویستیی دەگوتەوە و ئینکویزیسیۆن پشتئەستوور بە گوڕینی ترسناکی ئەو خوتبانە بوو. ئێمە دەتوانین هاوسۆزیمان بۆ وەها بۆچوونێک هەبێ، بەڵام ئەوە هەڵەیە کە ڕێگا بدەین ئایینی کریستیان وەها بە هاسانی دەرباز بێ. کریستیانەکانی دژی ئینکویزیسیۆن و جەنگی خاچپەرستانە ناتوانن هەر ئاوا بەرپرسیاریی ئەو تاوانانە لە ئەستۆی خۆیان داماڵن، لەجیاتان ئەوان دەبێ هێندێک پرسیاری گەلێک دژوار لە خۆیان بکەن. دەقاودەق چۆن بوو ‘ئایینی خۆشەویستیی’ ئەوان ڕێگای بەخۆی دا تا ئەو ڕادەیە بگۆڕدرێت، ئەویش نەتەنیا جارێک، بەڵکو چەند جار؟ ئەو پرۆتێستانانەی کە هەوڵ دەدەن هەموو تاوانەکە بخەنە پاڵ توندئاژۆیی کاتۆلیکان، داوایان لێ دەکرێ کتێبی هەڵسوکەوتی کۆلۆنیالیستە پرۆتێستانەکان لە ئیرلەند و باکووری ئەمریکا بخوێننەوە. بە هەمان شێوە، مارکسیستەکان دەبێ لە خۆیان بپرسن کام وانەی مارکسیستی بوو کە ڕێگای بۆ گولاگ خۆش کرد، زانستوانان دەبێ بیر لەوە بکەنەوە چۆن بوو پرۆژەی زانستی، ئاوا سووک و هاسان بە قەرز درا بۆ ناسەقامگیر کردنی سیستەمی ژینگەیی جیهانیی و، پسۆڕانی ناسینی جینەکان بە تایبەتی لە شێوەی ڕفاندنی تیۆرییە داروینییەکان لە لایەن نازیستانەوە هۆشداریی وەرگرن.
هەموو ئایین، ئایدیۆلۆژی و ئایینزایەک هەڵە و پەڵەی خۆی هەیە و، قەیدی نییە تۆ وەدوای کام ئایینزا کەوتووی، دەبێ ددان بە تاوانی خۆتدا بنێی و خۆ لەو دڵنیا کردنەوە ساویلکانەیەی ‘ئەوە لە ئێمە ناقەومێ’ ببوێری. زانستی سێکولار لانی کەم لایەنێکی باشی لە بەراورد لەگەڵ زۆربەی ئایینە نەریتییەکان هەیە، واتە ئەوە کە لە سێبەری خۆی ناترسێ و بە گوێرەی پرەسنیپ ئامادەیە ددان بە هەڵە و پەڵەکانی خۆی دا بنێ. ئەگەر تۆ بڕوات بە ڕاستییەکی تەواوە کە لە لایەن دەسەڵاتێکی سەرئاساوە ئاشکرا کراوە، ناتوانی ڕێگا بە خۆت بدەی ددان بە هیچ هەڵەیەک دابنێی، چونکە ئەوە سەرجەم چیرۆکەکە پووچەڵ دەکاتەوە. بەڵام ئەگەر بڕوات بە گەڕان بەدوای ڕاستیی لە لایەن مرۆڤی خەتاکار هەبێ، ددان پێدانان بە هەڵە بەشێکی خۆڕسکی کایەکەیە.
ئەوە بۆیە جووڵانەوە ناویشکەبڕواکانی سیكولار هەوڵ دەدەن تا ڕادەیەک بەڵێنی میانڕەوانە بدەن. بە ئاگاداریی لە خەوشدارییەکە، ئەوان هیوادارن ئاڵوگۆڕی بچووکی وردە وردە پێک بێنن، نزمترین ئاستی مووچە بە چەند دۆلار بەرز بکەنەوە یان ڕێژەی مردنی ساوایان چەند سەدیی کەم بکەنەوە. ئەوە پێناسەی ئایدیۆلۆژیی ویشکەبڕوایانەیە کە بە هۆی بڕوا بەخۆیی زێدە ڕۆیانە بەردەوام بەڵێنی شتی نامومکین دەدات. ڕێبەرەکانیان زۆر ئازادانە باسی ‘تا هەتایی’، ‘بێخەوشیی’ و ‘قەرەبوو کردنەوە’ دەکەن، وەک بە پەسند کردنی هێندێک یاسا، دروست کردنی هێندێک پەرستگە یان داگیر کردنی بەشێک لە خاک بتوانن سەرجەم دنیا بە تاکە هەڵوێستێک ڕزگار بکەن.
لەگەڵ ئەوەدا کە ئێمە لە سەرو بەندی گرینگترین بڕیاری مێژووی ژیانین، من وەک خۆم زۆرتر متمانە بەو کەسانە دەکەم کە ددان بە نەزانیی خۆیان دادەنێن تا ئەو کەسانەی ئیددیعای بێ هەڵە بوون دەکەن. ئەگەر دەتهەوێ ئایینی تۆ، ئایدیۆلۆژی تۆ و جیهانبینیی تۆ ڕێبەری دنیا بێ، یەکەم پرسیاری من لە تۆ ئەوەیە: ‘مەزنترین هەڵەی ئایینی تۆ، ئایدیۆلۆژی تۆ یان جیهانبینیی تۆ کامە بوو؟ کام کاری هەڵە بوو؟’ ئەگەر تۆ وەڵامێکی جیددیت نەبێ، من وەک خۆم متمانەت پێ ناکەم.